فەرهاد جیهان میهەن: لەسلێمانی لەبواری پەروەردەی تایبەتدا گەندەڵی بەشێوەیەك هەیە كە مروڤ نازانێت چۆن باسی بكات

0

فەرهاد جیهان میهەن: لەسلێمانی لەبواری پەروەردەی تایبەتدا گەندەڵی بەشێوەیەك هەیە كە مروڤ نازانێت چۆن باسی بكات

نوچەنێت گۆڤاری سڤیل

رزگار رەزا چوچانی ــ سوید

فەرهاد جیهان میهەن لەساڵی 1989ەوە لەسوید دەژی، ئێستا لەزانكۆی Södertön لەستۆكهۆڵم لەبەشی پەروەردە مامۆستایە، چەندین جار بەپرۆژەی پەروەردەییەوە گەڕاوەتەوە كوردستان، بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبووەو بەكۆمەڵێك رەخنەوە دەگەڕێتەوە سوید، ئەو مامۆستا كوردە بۆ (سڤیل) باسی دواین سەفەرەكانی بۆ كوردستان و پێویستی هەبوونی پەروەردەی تایبەت لەكوردستان دەكات.
لەسەفەری یەكەمیدا، فەرهاد جیهان میهەن، لەگەڵ چەند سویدیەك سەردانی كوردستانیان كرد، بەمەبەستی رێككەوتنێك لەگەڵ زانكۆی سلێمانی، بەڵام دواتر بێ ئەنجام گەڕانەوە، جیهان میهەن لەبارەی سەردانەكەی بۆ (سڤیل) دەڵێت “مەبەستی ئێمە خزمەتكردن بەكوردستان بوو، ویستمان لەگەڵ زانكۆی سلێمانی رێككەوین بۆ هەندێك كاری هاوبەش، وەك كاركردن لەبواری پەروەردەی تایبەت، چونكە لەهیچ زانكۆیەكی كوردستان، بەشی پەروەردەی تایبەتی نییە. ئێمە دەمانویست بەشێك بۆ پەروەردەی تایبەت و بەشێك بۆ بارهینانی بەرێوەبەرایەتی قوتابخانەكانی كوردستان بكرێتەوە، بەڵام ئەم پروژەیە سەری نەگرت”. ئەو مامۆستا كوردە لەسوید سەرسوڕمانی خۆی رادەگەیەنێت بەوەی لەكوردستان مامۆستای پەروەردەی تایبەت هەیەو دەڵێت “چۆن مامۆستا دەبێت بەمامۆستای پەروەردەی تایبەت كاتێك كە خوێندن بۆ ئەم بەشە نە لەزانكۆدا هەیەو نە لەكۆلیژی مامۆستایان؟. نازانم ئەو كەسانە چۆن دەبن بەماموستای پەروەردەی تایبەت، ئێمە مەبەستمان بوو ئەو گرفتە لەكوردستان چارەسەر بكرێت، بەڵام نەكرا، لەماوەی سەفەرەكەمان تەنها توانیمان لەسلێمانی سیمنیار و ۆركشۆپ بۆ بەرێوەبەرانی قوتابخانە و مامۆستایان و بەرپرسانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەسەر چۆنیەتی بەرێوەبەرایەتی سازبكەین”.
جیهان میهەن لەبارەی تێڕوانینی ئەو سویدییانەی كە لەگەڵ ئەودا سەردانی كوردستانیان كردووە، بۆ (سڤیل) ئاشكرای دەكات، كە سویدییەكان هەست بەكێشەی پەروەردە دەكەن لەكوردستان، بەڵام “زۆر سەرسام بوون بە ئەو هەموو گەشەی كە لەكوردستان روویداوە، چ لەبواری ئابوری و چ لەبواری ئەمنیەتەوە. بەڵام هەستیان كرد كە سیستمی پەروەردەی كوردستان كێشەی زۆرە و پێویستە گۆڕانكاری بنەڕەتی بكرێت، بۆ نمونە لەقوتابخانەكانی كوردستان ٣ دەوامی هەیە، ئەوەش زەرەری بۆ خوێندكاران هەیە. قوتابخانەكان زۆر كۆنن و ژینگەیەكی ناسالمە بو پەروەردە و خوێندن، لە هەمانكاتدا خوێندنی ئێوارانیان بۆ گەورەساڵان و ئەو كەسانەی خوێندەوارییان نییە زۆر پێ باش بوو”.
مامۆستا فەرهاد بۆ سڤیل زیاتر قسە لەپەروەردەی تایبەت و مەبەست لەپەروەردەی تایبەت دەكات و دەڵێت “بەپێی لێكۆڵینەوەكان پەروەردەی تایبەت كاتێ بەكار دهێنرێت كە پەروەردەی گشتی و مامۆستاكان نەتوانن زانست و كێشەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەپۆلدا چارەسەر بكەن و یەكسانی و بەرانبەری لەنێوان خوێندكاراندا بە دەستبێنن. بەداخەوە لەكوردستان وشەی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەجێگای كەمئەندام بەكاردێنن و چەمكی مندالانی خاوەن پێداویستی تایبەت، كە چەمكێكی پەروەردەییە بەڵام لەجێگای ئەوەی كە ئەم چەمكە وەزارەتی پەروەردە بەكاری بێنێت بووەتە چەمكی وەزارەتی كاروباری كومەڵایەتی، لەجێگای كەمئەندام بەكاری دێنن، ئەوەش زۆر زۆر هەڵەیە. چەمكی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت هیج پەیوەندی بەكێشەی كەمئەندامەوە نییە. منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت تەنیا ئەو منداڵانە دەگرێتەوە كە كێشەیان لەگەڵ فێربوون هەیە لەپۆلدا. منداڵانی كەمئەندام كێشەیان لەگەڵ فێربوون نییە، ئەگەر ژینگەی قوتابخانەكان گونجاو بێت و ئەو منداڵانەی كە كێشەی فێربوونیان لەپۆلدا هەیە، لەرێگای پەروەردەی تایبەتەوە كەرەستەی تایبەت یارمەتی دەدرێن. هەوڵ دەدەن لەڕێگای پەروەردەی تایبەتەوە بەهاوكاری بەڕێوەبەری قوتابخانەو مامۆستای پەروەردەی تایبەت، پلان بۆ ئەو قوتابی داڕێژن بۆ بەهێزكردنی ئەو وانانەی كە ئەم قوتابییە كێشەی لەگەڵیدا هەیە. واتە لەرێگای پەروەردەی تایبەت دەتوانین منداڵان لەمانەوە لەپولدا بەهۆی ئەوەی كە كێشەی لەگەڵ مادەكەی هەیە رزگار بكەن”.
لەدوای ئەو سەردانەیان بۆ كوردستان و نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك لەگەڵ زانكۆی سلێمانی، ئەم مامۆستا كوردە لەسوید جارێكی دیكە سەردانی كوردستان دەكاتەوە، بەڵام دیسان بەكۆمەڵێك رەخنەوە دەگەڕێتەوە سوید، لەم دیمانەی لەگەڵ سڤیل هۆكاری رەخنەكانی دەخاتە روو، پێی وایە كە “لەكوردستان شتێك نییە بەناوی پەروەردەی تایبەت، یان مامۆستای تایبەت، هۆكەشی ئەوەیە كە ئەم وانەیە لەزانكۆكانی كوردستان وەكو خوێندن نییە. تۆ بۆ ئەوەی ببی بەمامۆستای تایبەت یان مامۆستای پەروەردەی تایبەت، پێویستە دوای كۆلیژی مامۆستایی، ٩٠ خال لەزانكودا بخوێنی بۆئەوەی بتوانی ببی بەمامۆستای تایبەت، یان مامۆستای پەروەردەی تایبەت، جیاوازی لەنێوان ئەم دوو چەمكەش دا هەن.
مامۆستای تایبەت، دەبێت بەمامۆستای تایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی كە كێشەی (زمان فێربوون، كێشەی نوسین و خوێندن، كێشەی بیركاری و یان كێشەی كۆمەڵایەتیان)هەیە، بەڵام مامۆستای پەروەردەی تایبەت، زیاتر وەكو راوێژكاری مامۆستاكان لەپۆلدا ئیش دەكەن، راوێژكاری مامۆستا دەبن كە چۆن وانە بڵێنەوە، چۆن مامۆستا بتوانی یارمەتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدات، لەكاتی وانەوتنەوەكەیدا، یان چ شێوە میتۆدێك یان چ پرۆگرامێك بەكار بێنێت بۆئەوەی كە یارمەتیدەر بێت، بۆ هەموو قوتابیان لەپۆلدا. بەڵام بەداخەوە لەكوردستان تێكەڵاویەكی زۆر سەقەت و ناسالم كراوە، كە هیج یارمەتیدەرنیە بۆ منداڵانی خاوەن پێدوایستی تایبەت. چونكە ئەو منداڵانە تەنیا لەپۆلدا دادەنیشن نەك فێربوونی شتێك”.
فەرهاد جیهان میهەن لەماوەی سەردانەكەی بۆ كوردستان و بەتایبەت بۆ سلێمانی هەست بەگەندەڵی لەو بوارە دەكات و رایدەگەیەنێت “زۆر جار مامۆستا دەچێت بۆ دەوراتی دوو هەفتەیی. دوای ئەوە دەبێت بەمامۆستای پەروەردەی تایبەت ئەویش لەم وڵاتە عەرەبیانەدا كە سەقەتترین و ناتەندروستترین سیستمی پەروەردەیان هەیە. بڵێی ئەم مامۆستایانە بەم دوو هەفتەیە لەم وڵاتانەدا چی فێربن لەپەروەردەی تایبەت؟ لەسلێمانی لەبواری پەروەدەی تایبەت گەندەڵی بەشێوەیەك هەیە كە مروڤ نازانێت چۆن باسی بكات، بۆ نمونە قەرار بوو كە كۆرسی ٢٠ روژی بۆ ئەو مامۆستایانە بكەنەوە، كە لەو بوارە دەیانەوێ كار بكەن، بەڵام ئیستا كۆرسەكە بووەتە ٤ رۆژ بۆ ئەوەی كە پارەی ١٦ رۆژ هەڵگرن. ئەمە مانای نیە جیا لەوەی كە ناوی بنێین، دزیكردن لەمنداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت|”.
ئەو مامۆستا كوردە كە دوای هەموو هەوڵەكانی لەگواستنەوەی ئەزموونی پێشكەوتووی سوید بۆ كوردستان، هەست بەماندووبوون دەكات، لەگرنگینەدانی دەسەڵاتی كوردستان بەو بوارانەی ئەو كاری بۆ دەكات، بۆ (سڤیل) هۆكار و گرنگی و پێویستی پەروەردەی تایبەت بۆ كوردستان، وا باس دەكات كە “كوردستانیش وەكو هەموو وڵاتی دنیا منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی لێیە، واتە ئەو منداڵانەی كە كێشەیان لەگەڵ فێربوون هەیە، دیارە هۆكارەكان گەلێك زۆرن. بۆیە پەروەردەی تایبەت دەتوانێ زۆر گروپێك لەقوتابیان بگرێتەوە، كە كێشەیەكی تایبەتیان هەبێ. رەنگە كێشەی قوتابیان كورت یان درێژخایان بێ، كە بۆ هەر یەكیش لەوانە هۆكار هەیە. هەندێك لەو هۆكارانە بریتین لە:
* كێشەی بنەماڵەیی، وەكو توندوتیژی لەماڵەوە (توندوتیژی وەكو شەر و لێدان، توندوتیژی سێكسی.
* كیشەی خواردنەوە و مادەسڕكەرەكان.
* هەڵوەشانەوەی بنەماڵە.
* ئەو بنەماڵانەی كە لەوڵاتەكانیان، شەڕ و كوشتن هەبووە.
* كێشەی دیسیلیكسی (كێشەی نوسین و خوێندن هۆكاری بۆماوەیی).
* كیشەی دیسكالكیلی(واتە كێشەی بیركاری).
* كێشەی نوسین و خوێندن (هۆكاری كومەڵایەتی)
ئەو مناڵانەی لەم بنەماڵانە دا دەژین، كێشەی تایبەتیان هەیە، لە رێگای پەروردەی تایبەت، دەتوانرێت یارمەتیان بدرێت، لەقوتابخانەكان و لەپۆلدا، چونكە كوردستانیش وەكو هەموو وڵاتی دونیا ئەم كیشانەی هەیە، پێویستە بەزووترین كات وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئەركی خۆیان هەستن، بەشی پەروەردەی تایبەت لەزانكۆكانی كوردستان بكەنەوە، بۆئەوەی مامۆستاكان بتوانن یارمەتیدەر بن، بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، و بەمیتۆدیی پەروەردەی تایبەت و كەرەستەی تایبەت یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن كە كێشەیان لەگەڵ فێربوون هەیە لەپۆلدا.
جیهان میهەن رەچاونەكردنی دۆخی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەكێشەی گەورە بۆ ئایندەی كوردستان ناو دەبات و دەڵێت “خوێندكاری خاوەن پێداویستی تایبەت لەكوردستان هیچ سودێك لەخوێندن وەرناگرن و مامۆستاكان هیچ زانیاری و ئەزمونێكیان نییە بۆ یارمەتیدانیان، بە واتەیكی دیكە، ئەو منداڵانە تەنیا بە لەش لەپولدان، نەك بۆ فێربوون و زانست بەدەستهێنان. مامۆستاكان بەچاوی بەزەیی سەیری منداڵانی خاوەن پیداویستی تایبەت دەكەن. چونكە ئەو مامۆستایانە نازانن بە چ شێوەیەكی وانە گوتنەوە وانەكان بگونجێنن لەگەڵ ئەو مناڵانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، تا بتوانن كەڵك لەچونە مەكتەب وەرگرن، یان وەكو هەموو مناڵانی دیكە بتوانن لەخوێندندا سەركەوتووبن، رەچاونەكردن و چارەنەكردنی ئەو دۆخەش بەدڵنیایی لەقازانجی ئایندەی كوردستاندا نییە، تا ئەو چارەسەرییەش داواكەوێت، زیانەكان گەورەتر دەبن”.
مامۆستا فەرهاد رەخنەی لەوەش هەیە كە لەو هەموو جارەی سەردانی بۆ كوردستان و بردنەوەی ئەو هەموو پرۆژە گرنگە بۆ ئەو بوارە تاكو ئێستا “نەمتوانیوە لە نزیكەوە كاربەدەستانی كوردستان ببینم، بەداخەوە من تەنیا لە ریگای میدیاكانەوە رەخنەی خوم گرتووە، دیارە ئەوانیش گوێیان بەو رەخنانە نەداوە، بەڵام تەنها ئەو جارەی كە لەگەڵ وەفدەسویدیەكە رۆشتین وەزیری خوێندنی باڵام بینی، من پێویستی هەبوونی بەشی پەروەردەی تایبەتم لەگەڵ باس كرد. ئەویش رای وا بوو كە لەكوردستان و زانكۆكاندا پێوستە ئەم بەشە هەبێت. بەڵام هەتا ئیستا هیچ نەكراوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com