ئالان عومەر : لە راگەیاندنیش کار بۆ هونەر دەکەم نەک بوارەکانی تر
زانا گەڵاڵی
بەمەبەستی بەسەرکردنەوەو ئاسنابوون بە ژیانی ئیستای هونەرمەند ئالان عومەر، دیمانەیەکی تایبەت و کراوەمان لەگەل ناوبراو سازدا کە تیایدا باس لەجەند لایەنیکی هونەری و ئیستای ژیانی دەکات .
لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکەمان بەپرسیاری کەمبوونەوەی کارە هونەرییەکانی و دەستکردن بە کاری ڕۆژنامگەری دەستمان پێکرد و ئەو وتی: بەرلەوەی بێمە ناوکاری هونەری و خزمەتی هونەر بکەم کاری راگەیاندنم کردووە، لەراگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و لە راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ کارم دەکرد و بەرنامەی تەلەفزیۆنیم پێشکەشدەکرد، دواتر بەرنامەی هونەریم لە تیڤیەکان پێشکەش دەکرد لە تەلەفزیۆنی هەرێم بەرنامەم هەبووەو دواتریش لە تیڤی نەورۆز، کەوایە کاری راگەیاندن بۆ من بەر لەهونەرکردن بووە، دواتر کە دەستم بەکاری هونەریش کرد دیسان لەیەک چوونم بینیووە لە هەردوو بوارەکە لە هونەرو راگەیاندن، هونەر بەشێکە لە راگەیاندن و راگەیاندنیش هونەرە، چونکە هەر کارێکی هونەری دەیەوێ پەیامێک بگەیەنێت ناوەرۆکی بەرهەمەکە دەبێتە پەیامێک و هونەرمەند بەدەنگی خۆی رایدەگەینێت، بۆیە لەیەک نزیکی لەنێوانیاندا هەیە، کارکردنیشم لە راگەیاندن دیسان درێژە دانە بەو کارەی کە لەمنداڵیمەوە خولیام بۆی هەبووە بەر لەهونەر کارم تێدا کردووەو تا ئێستا کەم تا زۆر هاوشانی هونەرەکەم کاری بۆ دەکەم، بەڵام ئێستا لە راگەیاندنیش کار بۆ هونەر دەکەم نەک بوارەکانی تر.
وتیشی : هۆکاری کەمبونەوەی بەرهەمە هونەرییەکان چەند لایەنەیە وەک نەبوونی هاوکاری بەرهەمهێنان کە بەرهەم هێنانی هەموو کارێک لە ئەستۆی خۆم دەبێت، هەروەها من هاتوومەتە ئەوروپا ژیانێکی ترم دەستپێکردووە تا جارێکی تر جێی خۆم دەگرم کاتی دەوێ و خۆ گونجاندن لەگەڵ وڵاتی تازە و ژینگەی تازەو زمانی تازە لە سەرەتاوە کاتی زۆرت دەبات، بەڵام بێ بەرهەمیش نیم لەم نزیکانە بەرهەمێکی نوێم بڵاو دەبێتەوە کەکاری تۆمارکردنی تەواو بووە کلیپێکم بەهاوکاری کۆمپانیای رایکوالێتی کردووەو کار بۆ چەند بەرهەمێکی تریش دەکەم .
ئالان لەقسەکانی بەردەوام بوو باسی لە خۆ بینینەوەی لەم دوو بوارەدا کردو وتی: راگەیاندن و هونەر ئەگەر بەوردی شییان بکەیتەوە هەردووکیان زۆر لەیەکتر نزیکن. راگەیاندن ئەرکی گەیاندنی شتێکە هونەریش دیسان ئەرکی گەیاندنە. بۆیە تەواو لەیەک نزیکن منیش لەهەردوو بوارەکە کارم کردووە راستە زیاتر لەبواری هونەر خۆم دەبینمەوە ئەولەویەتم بۆ ئەو داناوە، بەڵام کاتێک هەست دەکەم کە لە راگەیاندنیش دەتوانم کار بکەم پێم گوناحە گوێ بەو توانایە نەدەم ئەگەر شتێکی کەمیش بێت ئەگەر توانایەکی کەمم هەبێت لەراگەیاندن وەک دەبینن لەم کاتەدا ئەویشم خستۆتە خزمەتی هونەر، چونکە من هەنێکجار دیدار یان راپۆرتێکی رۆژنامەوانی کە بیکەم لەسەر هونەر دەیکەم ، کەوایە لێرەش دیسان خزمەتی هونەرم کردووە، بۆیە دەکرێ بۆ وەڵامەکە بڵێم زیاتر لە هونەر خۆم دەبینمەوە ئەولەویەتی کاریشم بۆ هونەرە.
ئێمە گۆرانیان پێشکەش دەکەین
پاشان باسی لە هۆکاری وتنی گۆرانییەک بە زمانی عەرەبی و ئەگەری دووبارە کردنەوەی بەرهەمی هاوشێوە کردو وتی: ئێمە لە وڵاتێک دەژین کەناوی کوردستانە دراوسێکەمان عەرەبە، یان ئەگەر بەهۆی داگیرکاریشیان بێت تێکەڵمان بوون و لە وڵاتەکەمان رێژەیەکی کەمیش بێت هاوڵاتی عەرەبمان هەیە، بۆیە من بەهیوام بتوانم بەشێکی کەم لە بەرهەمەکانم بۆ ئەو نەتەوەو زمانانەی تر بێت کە لەکوردستان هەن، چونکە ئەوانیش هاوڵاتی ئێمەن زۆر مەبەستم بوو ئەو گۆرانییە پێشکەشی هاوڵاتییە عەرەبەکانم بکەم بۆ ئەوەی بزانن کاتێک لەهەندێ شوێن کە هاو زمانەکانی ئەوان تا ئێستاش بڕوایان بە زمانی ئاگرو ئاسن هەیە لە ئاستی ئێمە لەجێی ئەوە ئێمە گۆرانیان پێشکەش دەکەین وەک پەیامێکی مرۆڤایەتی، رەنگە لە ئایندەدا بەشێوەیەکی بەرفراوانتر هەوڵ بدەم نەک تەنها زمانی عەرەبی بەزمانەکانی دیکەش بەرهەمم هەبێت، بێگومان زمانی عەرەبیش زمانێکی گەورەی ناوچەکەیە.
وتیشی وەکو خۆم بەرهەمەکەم بۆ هیچ کەناڵێکی عەرەبی نەناردووە ئەگەر لای کەناڵێکیش هەبێت لەڕێی خۆیانەوە دەستیان کەوتووە، مەبەستمە بۆ هەموو هاوڵاتیەکانی تریش کە لەکوردستان دەژین هونەر بکەم و رەنگە
لە ئایندە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر هەوڵ بدەم نەک تەنها زمانی عەرەبی بەزمانەکانی دیکەش بەرهەمم هەبێت.
ناوچەگەری بەکەناڵەکانەوە دیارە
ئالان لەبارەی بوونی ناوچەگەرێتی لە ڕاگەیاندن دەڵێت: ناوچەگەری بەکەناڵەکانەوە دیارە راستە کەناڵەکانمان بوون بە ئاسمانی، بەڵام کەم تازۆر ناوچەگەری بەکارەکانیانەوە دیارە، رەنگە لای بەڕێوەبەرانی کەناڵەکان ئەوە کارێکی بێ مەبەست بێت یان بەهۆی ئەوە بێت کە نوسینگەی سەرەکی کەناڵەکانیان لەناوچەیەک بێت و وەک پێویست نەرژێنە سەر ناوچەکانی تر تا کاری بۆ بکەن و گرنگی پێ بدەن، بەڵام لەئەنجام ئەوە کاریگەری بەسەر شاشەکەیانەوە هەیە بەهیوام لە داهاتوو لەو بارەوە وردتر کار بکەن و خۆشیان هەست بەوە بکەن، من وای بۆ دەچم کە ئەوە شتێکی بێ مەبەست بێت. چونکە کەناڵە کوردییەکان هەریەکەو کەناڵی لایەنێکەوە لەبەر لایەنەکەی خۆشیان بێت حەز دەکەن بەهەموو ناوچەیەک بگەن و گرنگی پێ بدەن، بەڵام ئەگەر ناوچەگەریش نەبێت بێ گومان میزاجی شەخسی لەپەخش کردنی بەرهەمە هونەرییەکان بەدی دەکرێت لەهەموو کەناڵەکاندا.
میزاجی شەخسی لە کەناڵەکان بوونی هەیە
لەم دواییانە هونەرمەندان گرنگییەکی زۆر بە پێگە ئەلکترۆنییەکان دەدەن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵە هونەرییەکانیان، ئالان ئەمە دەگەڕێنیتەوە بۆ زیاد بوونی ڕێژەی بەکارهێنەری هێلەکانی ئینتەرنێت لە کوردستاندا کە لەو ڕێگایەوە دەتوانن بە ئاسانی بەرهەمەکانیان ئازادتر و بێ سانسۆری شەخسی بگەیەننە هەموو شوێنێک و هەموو ماڵێک، وتیشی: بەهەر هۆیەک بێ خەریکە شێوەیەک لەناوچەگەری دەردەکەوێ لەکەناڵەکان هەروەها میزاجی شەخسیش بونی هەیە، بەداخەوە کەناڵی تایبەت بەهونەریش تاکو ئێستا بونی نییە لەهەموو کەناڵەکان هونەر لەپاشکۆی کارەکانەوە کاتی بۆ دانراوە و لەو کەناڵانەش کە ناویان ناون کەناڵی هونەری ئەولەویەت لایان تەرفیهاتە دواتر کاری هونەری، بەڵام لەڕێگای ئینتەرنێتەوە ئەم سانسۆرانە نین و نابن و رێگایەکی خێراتریشە بۆ گەیاندن بۆیە هونەرمەندان سود لەورێگایە وەردەگرن.
هێشتا پێویستم بە خۆ دروستکردن و شارەزا کردن هەیە
لە درێژەی قسەکانیدا ئالان وتی: بۆ کار کردن لەسەر دەنگ یەکێک لە سەرەکی ترین ئەو لایەنانەیەی کە هونەرمەند دەبێ کاری لەسەر بکات مەقاماتە و دەبێت خۆی شارەزا بکات لە چۆنیەتی مەقامەکان و ناسینەوەیان، لەو بارەوە کەمتەرخەمی لەزۆربەی هونەرمەندەکان هەیە بەمنیشەوە.
من دەتوانم بڵێم شارەزایم لە مەقامەکان هەیەو دەتوانم ناسینەوەم بۆ جۆرەکانی مەقامات هەبێت و وەک دەنگیش کاریان لەسەر بکەم، بەڵام هێشتا پێویستم بە خۆ دروستکردن و خۆ شارەزا کردن هەیە بەشێوەیەکی زانستی، چونکە لەباری زانستی یەوە کارم لەسەر نەکردوون، ئەوەش دیارە هۆکارەکەی ئەوەیە کە لەکوردستان ئەوکات جێگەیەکی وەها نەبوو بەوشێوە زانستییە کار لەسەر مەقامەکان بکات و هونەرمەندان بتوانن سودی لێ ببینن لەدەرەوەی پەیمانگاو کۆلیژە هونەرییەکان، رەنگە ئەم کێشەیە تاکو ئێستاش هۆکاری ئەوە بێت کە گەنجەکان شارەزاییان لەو بارەوە نەبێت و نەتوانن کاری لەسەر بکەن ، راستە چەند بەڕێوەبەرایەتی و بنکەیەک ئێستا هەن بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام مەبەستم جێگای پەروەردەکردنی هونەرمەندە لەسەر مەقامەکان کە تاکو ئەمرۆش من بزانم شتێکی لەو شێوە نییە.
هاتنی ئەو خۆشبەختیم پێ دەدات
ئاڵان باسی لە دووری کچەکەی کردو دەڵیت: دوری دایک لە مناڵەکەی ئاسان نییە بەڵام ژیانیش وایە زۆر کات دەخوازێ دووریەکی نەخوازراو دروست بکات، بۆیە دەتوانم بڵێم دوری من وکچەکەشم خوازراو نەبوو ناچاری بوو دەبوو وابێت بۆیە کاتێکی سەخت و دژوارم بەرێ کردوە، بەم نزکانە لەلای من دەبێت بە هاتنی ئەویش یەک دنیا ئارامی و خۆشبەختیم پێ دەدات.
سوپاسی راستگۆییان دەکات
لەکۆتاییدا لێـمان پرسی هونەرمەندانی دونیا کە ئاشق دەبن ئامادەن بۆ مێدیاکان ئاشکرایبکەن ، ئەگەر ئەو ئاشق بێت تاچەند ئامادەیە بۆ مێدیاکان بیدرکێنێت، دەڵیت: ئاخر ئەگەر هونەرمەندانی دنیا باسی عاشق بوونی خۆیان دەکەن خەڵکی وڵاتەکەشیان ئاسایی لێیان وەردەگرێت و سوپاسی راستگۆییان دەکات، بەڵام ئایا لای خۆمان وایە؟ ئایا خەڵکی ئێمە چۆن ئەو باسەت لێوەدەگرن؟ بۆیە ئەوە پەیوەندی بە ئاستی تێگەشتنی کۆمەڵگاکەوە هەیە لەلێدوان و قسەکردن لەسەر هەرپرسێک تێگەشتنی کۆمەڵگا دەبێت رەچاو بکەین، شتێکی جوان لەکۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە کە رەنگە هەندێ کەس بەداخراوی لێی بڕوانن، بەڵام لای من ئەوە لایەنێکی جوانە کە دەبێت بەگرنگییەوە لێی بڕوانرێت ئەویش ئەوەیە کە تایبەتمەندی بۆ ئینسانەکان دەهێڵێتەوە لایەنی سۆزداری ئینسان شتێکی تایبەت بەخودی خۆیەتی پێویستە لای خۆی پارێزراو بێت، دەکرێت بە گشتی باسی عەشق بکرێت، بەڵام زەرور نیە باسی ژیانی تایبەتی بکرێت