نوچەنێت
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان، پشتیوانی لە بڕیاری چاکسازی حکومەتی هەرێم دەکات و بە کارێکی باش وەسفی دەکات.
رۆژی شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٧، پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) کە لە ٢٠ ماددە پێکهاتووە، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پەسەندکرا، و ئاراستەی پەڕلەمانی کوردستان کراوە.
بەپێی ئەو یاسایە، خانەنشینی نایاسایی و بەخشینەوەی پلەو ناونیشانی نایاسایی بەخەڵکی ناشایستە ناھێڵدرێت و عەدالەت لەو بوارەدا پەیڕەو دەکرێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، بەپێی بڕیارەکە، کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستانی لەسەرە، لە ٩٠ رۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دا دەبێت ئەو یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان لە نوسینێکدا بە ناونیشانی “بوون به عه‌مید له گه‌نده‌ڵستاندا” پشتگیری لە پڕۆژەیاساکەی حکومەتی هەرێم دەکات و نوسیویەتی “پێداچوونه‌وه به موچه‌ی خانه‌نشیناندا به یه‌كێك له بڕیار‌و كاره باشه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ده‌زانم و بۆ یه‌كه‌م جارە بڵێم، كه هه‌م پشتیوانی هه‌م ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م”.