دیدێک له‌باره‌ی پرۆژه‌ یاسای خانه‌نشینی

0

نوسینی: د. سه‌ڵاح عه‌زیز

وه‌رگێرانی: کنێر عه‌بدوڵڵا

پاش خوێندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای پێداچوونه‌وه‌ رێکخستنه‌وه‌ی خانه‌نشینی شارستانی و سه‌ربازی، که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ کاری بۆکراوه‌و بۆ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌نێرێت، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆو به‌یاساییکردنی. ئامانج له‌ یاساکه‌ چاکسازیکردنی ئه‌و بڕیارانه‌یه‌ که‌ پێشتر لێی دراوه‌ به‌ خانه‌نشینکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری سه‌رکردایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان، به‌ پله‌ی باڵای وه‌ک وه‌زیر و جێگری وه‌زیر و راوێژکارو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یان به‌ مووچه‌ی سه‌ربازی جیاواز. که‌ له‌ ئێستادا ئه‌و بڕیارانه‌ بۆته‌ قورساییه‌کی دارایی له‌ئه‌ستۆی حکومه‌تدا و ناتوانێت جێبه‌جێی بکات؛ بۆیه‌ پڕۆژه‌ نوێیه‌که‌ ده‌بێته‌ زنجیره‌یه‌کی بچووک،  به‌ڵام گرنگ له‌ زنجیره‌کانی  چاکسازی کارگێڕی و دارایی بۆ حکومه‌ت و پێویستی به‌ پشتیوانی و وه‌ستانه‌وه‌ هه‌یه‌، دژ به‌و که‌سانه‌ی کارده‌که‌ن له‌ رێگریکردنی ده‌رچوونی یاساکه‌ یان جێبه‌جێکردنی به‌شێوه‌یه‌کی که‌م وکورت.‌

که‌ناڵه‌کانی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، چه‌ندین لیستیان بڵاوکرده‌وه به‌ ناوی خانه‌نشینکردنی سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی حزبه‌ جۆربه‌جۆره‌کان و که‌سانی نزیک لێیان، به‌پێی پله وه‌زیفی و مووچه‌ی مانگانه‌ی تایبه‌‌تکراو بۆ هه‌ر توێژێک. له‌ لاپه‌ڕه‌ و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی خراپ زۆریان له‌باره‌وه‌ نوسرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا حکومه‌ت نه‌جوڵایه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌ستان و ره‌تکردنه‌وه‌ی سسته‌می خانه‌نشینی؛ وێڕای هه‌ڵه‌که‌ی له‌ رووی کارگێڕییه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای  پێنه‌دانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌گشتی و وه‌ستانی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان به‌ پاساوی که‌موکوڕی دارایی، وا ده‌کات به‌رده‌وامی له‌ پێدانی خانه‌نشینی ئه‌وانه‌ کارێکی قورس بێت که‌ حکومه‌ت ناتوانێت داکۆکی لێ بکات، یان ئه‌و پاره‌یه‌ دابین بکات له‌ روانگه‌ی قه‌به‌یی بڕه‌که‌یه‌‌وه. ‌  بۆ زانینی بڕه‌که‌ی گریمانه‌ی بوونی هه‌زار که‌سی خانه‌نشینی دابنێین به‌و مووچه‌ و وه‌زیفانه‌،  که‌ هه‌ریه‌که‌یان مانگانه‌ یه‌ک ملیۆن دینار  وه‌ربگرن، ده‌رئه‌نجام  کۆی گشتییه‌که‌ی مانگانه‌ ده‌گاته‌ یه‌ک ملیار دینار !

مه‌به‌ستی بابه‌ته‌که‌ی من تێگه‌یشتنه‌ له‌وه‌ی دژ به‌ خانه‌نشینکردنی ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ نیم، به‌ڵکو دژ به‌ میکانیزمی وه‌رگرتنی پاره‌که‌م که‌ وه‌رگرتنی ئه‌و مووچانه‌یه‌ له‌ پاره‌ی گشتی، راستتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ پاداشته‌کانیان له‌ حزبه‌ سیاسییه‌کانی خۆیان وه‌ربگرن؛ له‌و روانگه‌یه‌ی ده‌ستکه‌وته‌ حزبییه‌کانی ئێستا ده‌رئه‌نجامی  قوربانییه‌کانی ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌یه‌،  چونکه‌ پێدانی خانه‌نشینی یان پاداشت له‌ پاره‌ی گشتی بۆ ئه‌ندامانی حزبه‌ سیاسییه‌کان ( به‌تایبه‌ت گه‌ر حزبه‌که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت) ده‌رفه‌ت واڵا ده‌کات له‌ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌ سیاسییه‌کان و بێبه‌شبونی  خه‌ڵکانی ترو حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان  له‌ هه‌مان ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌.  هه‌روه‌ها ده‌بێت جیاکاری بکرێت له‌ نێوان ئه‌و کادره‌ حزبییه‌ی که‌ ده‌بێت پاداشت بکرێت له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌ و نێوان ئه‌و که‌سه‌ی له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت؛ بۆئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی بکات له‌ په‌رله‌مان یان له‌ حکومه‌تدا خزمه‌تی بکات . مافی خانه‌نشینی له‌ پاره‌ی گشتی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ که‌ مه‌رجه‌کانیان تێدایه‌  ده‌رئه‌نجامی ساڵانی کارکردنی بۆ خزمه‌تی کۆمه‌ڵ؛ نه‌ک حزبی سیاسی.

به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی قورسه؛‌ له‌و روانگه‌یه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆری ئه‌و خانه‌نشینکراوانه‌ خاوه‌ن ده‌ستکه‌وت و ده‌سه‌ڵاتی  گه‌وره‌ن له‌ حکومه‌ت و کۆمه‌ڵدا و خاوه‌ن هێزی کاریگه‌رن له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ له‌ په‌رله‌مان یان له‌کاتی جێبه‌جێکردنیدا؛ به‌شێوه‌یه‌ک ده‌ستکه‌وته‌کانیان بپارێزن یان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی سزاکه‌ دژ به‌ بڕی مووچه‌کانیان چ له‌ناو حزبه‌کانیانه‌وه‌ بێت یان له‌ حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی پشتگیرن له‌ پرۆژه‌ یاساکه‌دا ؛ بۆیه‌ ده‌بێت کۆمه‌ڵ له‌ ڕێی که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌، پاڵپشت بن له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی یاساکه‌و جێبه‌جێکردنی به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ که‌ ماف و دارایی کۆمه‌ڵگه‌ بپارێزێت. هه‌روه‌ها  له‌سه‌ر راگه‌یاندنه‌کان پێویسته ‌که‌ هانده‌ری سوودمه‌ندان بن له‌ دۆخی ئێستادا بۆ پشتگیریکردنی یاساکه‌ له‌و روانگه‌یه‌ی ئه‌وه‌ که‌رامه‌تیان ده‌پارێزێت له‌به‌رده‌م رای گشتیدا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com