نوچەنێت:تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە یەکەم دانیشتنی لەساڵی نوێدا، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەی چاکسازی بکات.
پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەسەندکرا و لەئیستاشدا پڕۆژە یاساکە لەپەرلەمانی کووردستانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شوان شێخ ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی یاسایی، لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کاتی دانیشتنی پەرلەمان رایگەیاند”بڕیارە لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی کوردستان، یەکەم دانیشتنی خۆی لەساڵی نوێدا ئەنجامبدات، هەرکاتێک بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە دابنرێت دەردەکەوێت، کە پڕۆژەی یاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) ی تێدابێت، بۆئەوەی کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆبکرێت”.
شوان شێخ ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕیارە هەندێک پڕۆژە یاسا لەم هەفتەیەدا ئامادەبکرێت و خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت، لەوانەیە لەزمنی ئەوانەش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەی یاسای چاکسازی، لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە بکرێت.