نوچه‌نێت: تایبه‌ت
عەرەفات کەرەم، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له چاوپێكه‌وتنێكی تایبەت له گه‌ڵ نوچه‌نێت، سەبارەت بە مەترسییەکانی حەشدی شەعبی بۆسەر عیراق دەڵێت، بە دەنگدان بۆ یاسای حەشدی شەعبی، هیوای دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەن لە عیراق کۆتایی هات. هەروەها رایگه‌یاند، تا ئێستا مەرجەعیەتی سیستانی، هه‌ر پێیان دەڵێ متەتەوەعین، نەک حەشدی شەعبی، حەشدی شەعبی “موستەڵەحێکە” بە سیاسی کراوە و بە ئامانجی سیاسی، بەکاردەهێنرێت.
نوچه‌نێت: سەرەتا چۆن حەشدی شەعبی دروستکرا؟ چ فەتوایهكی بۆ ده‌ركرا؟ كێ بوون ئه‌وانه‌ی چوونه ریزی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه؟
عەرەفات کەرەم: کاتێک داعش شاره‌كانی موسڵ و ئه‌نبار و چهندشارێكی دیكه‌ی كه‌وته ده‌ست و خه‌ریك بوو نزیك به‌غدا ببێت. بەتەما بوو بەغدا بگرێت، سیستانی فەتوای کیفایی (هەندێک هەستن و بەرگری لە وڵات بکەن) دەرکرد. ئەوان پێیان وابوو داعش تەنیا ناوچە سوننەکان دەگرێت، بەڵام کاتێک مەترسی کەوتە سەر خۆیان، ئەو کاتە فەتوایان دەرکرد و مەبەستیان ئەوە بەرگری لە بەغدا بکەن. فەتوا لە مەزهەبی شیعە موقەدەسە و دەبێ پابەند بن. هەتا ئێستاش مەرجەعیەتی سیستانی، بە حەشدی شەعبی دەڵێ “متەتەوەعین، نەک حەشدی شەعبی، حەشدی شەعبی موستەڵەحێکە بە ئامانجی سیاسی بەکار هێنراوە. دوای ئەوەی، کە فەتواکە درا هەندێک پابەندبوون و هەندێک نەبوون، فەقیر و بێ موچە و بێکار بوون، بەگشتی خەڵکێکی زۆر بەشدار بوو لەو بەرگرییە. دوای ئەوەی مەترسی لە سەر بەغدا نەما، ئەم فەتوایە نیگەرانی لای مەرجەعەکانی سوننە دروستکرد، لەوانە کوبەیسی، هەروەها زۆر زانای سوننە گوتیان، مەبەست لەو فەتوایە کوشتنی سوننەیە.
نوچه‌نێت: سەرەتا چۆن کار لەسەر بە یاسایی کردنی حەشدی شەعبی کرا؟ رۆڵی ئێران له‌سه‌ر دروستكردن و به یاسایی كردنی ملیشیاكان چی بوو؟ له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵوێستی سیستانی چی بوو؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: دوای ئەوەی مه‌رجه‌عه ئایینیه‌كان، زانیان مەترسی داعشیان لەسەر نەما گوتیان، دەبێ حەشد بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام سیاسییەکان هەوڵیاندا بمێنێتەوە و بەتایبەتی ئێرانیش لەسەر خەت بوو، کە ئەم هێزە وەک لوبنان و یەمەن، هێزێکی مەزهەبی لەگەڵ سوپا بمێنێتەوە و بەرگری لەم دەسەڵاتە بکەن. تاهەتایە لەژێر دەستیان بمێنێتەوە.
ئێران پێشتر هەوڵیدەدا هێزێکی لەم جۆرە دروست بکات، بەڵام نەیدەزانی چۆن و دروستی بکات، کە فەتواکە درا، هەلیان بۆ رەخسا. دواتر ئێران هاتەسەر خەت و فشارێکی زۆری دروستکرد بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بکرێتە یاسایی و هەڵنەوەشێتەوە، سیستانی مەبەستی ئەوە بوو، كه دوای شەڕ هەرکەس بچێتەوە ماڵی خۆی. واتە هەڵوەشێنرێتەوە و یان خانەنشین بکرێن یان بچێتە نێو سوپا.
نوچه‌نێت: ئایا پارتی بەشدار بوو لەدەنگدان بە حەشد؟ گەر بەشدار بوو، بۆچی بەشداربوو؟ یان گەر بەشدار نەبوو بۆچی؟ لەسەر چ بنەمایەک رەتیکردەوە؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: کاتێ یاسای حەشدی شەعبی هاتە پەرلەمان، سوننەکان بەگشتی دژی بوون و کوردەکانیش لە دژی بوون، به‌ڵام دوای ئەوەی یاساکە بە زۆرینە تێپەڕێنرا، ئەگەر کورد و سوننەش دەنگیان نەدابا هەر تێیاندەپەڕاند، چونکە فشارێکی ئێقلیمی لەسەر بوو. لە ناو پەرلەمان سەرکردەیەکی شیعە هەڕەشەی لە پەرلەمانتاران کرد.
هەندێک لە پارتییەکان دەیانگوت، دەنگ بە یاسای حەشدی شەعبی دەدەین، بۆ ئەوەی ئەوانیش دەنگ بە بودجە بدەن. ئەگەر هەموومان دەنگ نەدەین بەو یاسایە لەوانەیە ئەوانیش دەنگ نەدەن بە بودجە. بەڵام ئەوانەی دەنگیان بە یاساکە نەدا گوتیان، دەبێتە مەترسی ستراتیژی لەسەر دیموکراسییەت و مەدەنیەت.
نوچه‌نێت: له ده‌نگدان به یاسای حه‌شد به‌شدار بوون؟ ئه‌گه‌ر به‌شدار نه‌بوون چۆن رهتتانكردهوه و روانگه‌تان چی بوو له‌سه‌ر یاسای حه‌شدی شه‌عبی؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: شەخسی خۆم بەشداریم نەکرد و زۆر هاوڕێی دیکەش بەشدارییان نەکرد، چونکە پێمانوابوو ئەمە مەترسییە لەسەر کوردستان، هەروەها یەکەم کەس بووم، بەشاهیدی رۆژنامەنوسەکان گوتم، دوای داعش مەترسی ماعش دروست دەبێت، کە بینیمان ئێستا هاتەدی. دوای ئەوەی یاساکە پەسەند کرا، یەکەم لێدوانم بۆ رۆژنامەنووسان گوتم، دەوڵەتی مەدەنی لە عێراق کۆتایی هات، ئەوکاتە یەکێک لە سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا سەردانی کردم و پێی گوتم، لێدوانەکەت زۆر زۆر توندە. لەوەڵامیدا گوتم مەبەستم نییە دژایەتی حەشدی شەعبی بکەم، بەڵام ئەمە مەترسییە لە سەر دیموکراسیەت و مەدەنیەت.
بۆ ئاگاداریتان، تا ئێستا سێ بابه‌تم له‌سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی نوسیوه (یاسای حه‌شدی شه‌عبی، فه‌لسه‌فه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و فه‌لسه‌فه‌ی حه‌شدی سیاسی) مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو، كه به دیاری بخه‌م، چ مه‌ترسییه‌كه ئایندهی عێراق و ئێستاش به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌بینین، كه چ به‌رهه‌مێكی هه‌یه. ئه‌و مه‌ترسییه ده‌مێنێت تا حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه، عیراق ئیستقرار نابێت.
نوچه‌نێت: کام فراکسیۆنانەی کورد دەنگیان نەدا؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: بۆ مێژوو بڵێم “یەکگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به‌ته‌واوی و پارتیش زۆربەیان لە گەڵی نەبوون”.
نوچهنت: بەشداری نەکردنی فراكسیۆنی پارتی به تێكڕا، لەو دەنگدانە، بڕیاری ناوه‌ندی بوو یان ھەر پەرلەمانتارێك ئازاد بوو دەنگ بدات یان نا؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: نه‌خێر بڕیارێكی ناوه‌ند نه‌بووه بۆ ده‌نگدان له پرۆسەی یاسای حه‌شدی شه‌عبی، چونكه پارتی له‌و خولە بڕیاری داوه ده‌سه‌ڵات بداته فراكسیۆن، تا فراكسیۆن خۆی بڕیار بدات. من ئه‌و كات سه‌رۆك فراكسیۆن نه‌بووم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رۆك فراكسیۆن بوایه‌م، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مده‌هێشت یه‌ك په‌رله‌مانتاری پارتی ده‌نگ بدات. هه‌ر ئه‌و كات به كاك خه‌سرۆم گوت، با ده‌نگ نه‌دەین، له وه‌ڵامدا گوتی راسته، به‌ڵام با هه‌ندێك ده‌نگ بده‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌ده‌ین به یاسای حەشدی شەعبی، له‌وانه‌یه وهوانیش ده‌نگ نه‌ده‌نه ١٧% بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه دابه‌شبووین و ئازادییه‌ك هه‌بوو له ناو پارتی.
نوچه‌نێت: کام له فراکسیۆنهكان بە تایبەت جددی بوو لە دەنگدان و کام فراکسیۆن جددی بوون لە رەتکردنەوەی؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، به‌ته‌واوی ره‌تیان كرده‌وه. فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌گه‌ر به ته‌واوه‌تی ده‌نگیان نه‌دابێ وای ده‌بینم زۆربه‌یان ده‌نگیان پێدابێ، پارتیش زۆرینه‌ی ده‌نگی نه‌دا. به دروستی نازانرێت كێ ده‌نگی داوه به‌و یاسایه، به‌ڵام دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌ندێك كه‌س دێنه سه‌ر شاشه و ده‌ڵێن ده‌نگم نه‌داوه، به‌ڵام من بۆ مێژوو ده‌ڵێم یه‌كه‌م لێدوان لێدوانی من بوو، كه له هه‌موو كه‌ناڵی كوردی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزیش بڵاوكرایه‌وه و گوتیان، په‌رله‌مانتارێكی پارتی ده‌ڵێت “به ده‌نگدان له‌سه یاسای حه‌شدی شه‌عبی، كۆتایی به ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی هات”، ئه‌مه زۆر گه‌وره كرا.
نوچه‌نێت: ھیچ رێگایەک ھەیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حەشد لە رێگه‌ی پەرلەمانی عێراقەوە؟
پێموایه حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، ئه‌مڕۆ نه‌بێ سبه‌ی، چونكه سه‌ر به لایه‌نێكی مه‌زهه‌بی دیاریكراوه و بۆ كاتێكی دیاریكراو دروستكراوه، به‌ڵام ئێستا شه‌ڕی داعش نه‌ماوه و ده‌بێ هه‌موو هێزه‌كان بچنه ناو سوپا یان بچنه‌وه ماڵەوه و خانه‌نشین بكرێن و چ ئمتیازێك پێویسته بیانگرێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌مریكا، رۆژئاوا به‌گشتی، وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان و سوننه و به‌تایبه‌ت له‌ناو خودی شیعه‌شدا (ره‌وتی سه‌در) له گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبین.
نوچه‌نێت: بۆچوونی سه‌درییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ملیشیاكان چییه؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: دیدارێكم هه‌بوو له گه‌ڵ سه‌در، چوومه نه‌جه‌ف له گه‌ڵی دانیشتم، له راستیدا ئه‌وان جددین له‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵوه‌شێته‌وه و ده‌ڵێن، پێویستمان به‌و ملیشیایانه نییه، به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتین و پێویسته هه‌موو شتێك له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا بێت. بۆیه حه‌شدی شه‌عبی مه‌ترسییه له سه‌ر داهاتووی سیاسی عیراق، كه ئێمه ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسی بێت. مانه‌وه‌ی حه‌شد، كه هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن هه‌ر به ئاشكرا و به شانازییه‌وه ده‌ڵێن، ئێمه سه‌ر به ئێرانین. هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی داوی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و پێش ئه‌وه‌ش روویداوه، به‌تایبه‌تی له سنوری كه‌ركوك و خورماتوو حه‌شدی شه‌عبی دروستی كردوون. نوچه‌نێت: به‌بۆچوونی ئێوه ئه‌وه‌ی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌كڕێت چییه؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: ئه‌وان به ئاشكرا هاتن ئه‌و مادده‌یه‌ی (١٤٠) هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عریب نه‌مێنێ، به‌ڵام ئێستا ده‌بێ مادده‌یه‌ك هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شیوع نه‌مێنێ، (به شیعه كردن)، مه‌سه‌له‌ی بەشیەکردن مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌ترسییه، چونكه په‌یوه‌ندی به قه‌ناعه‌تی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه و ناكرێت مه‌زهه‌بێك به‌سه‌ر خه‌ڵكدا فه‌رز بكه‌ی. به گوێره‌ی ده‌ستوریش ده‌بێ رێز له مه‌زهه‌به جیاجیاكان بگیردرێت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌كرێت پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام بێت، بێگومان ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌داویدا دێت.
نوچه‌نێت: بە رای ئێوە کاتێ ئەمریکا و رۆژئاواش داوا دەکەن، ڕێی تێدەچێت حەشد ھەڵبوەشێتەوە؟ مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكا چین بۆ عه‌بادی؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: كاتێك عه‌بادی چووه ئه‌مریكا به روونی پێیان گوتووه، هه‌روه‌ها ئه‌وكاته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق گوتی، حه‌شد هه‌ڵناوه‌شێته‌وه و به‌شێكه له هێزه عێراقیه‌كان، تیله‌رسۆن (وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا) دوای ئه‌و لێدوانه‌ی عه‌بادی به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراوه گه‌یشته به‌غدا و پێی راگه‌یاند، ده‌بێ حه‌شدی شه‌عبی نه‌مێنێت. ئه‌مه كێشه‌ی عه‌بادییه و ده‌بێ كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات.
هاوكاری و یارمه‌تیدانی رۆژئاوا و ئه‌مریكا بۆ عه‌بادی بریتییه له، یه‌كه‌م، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی. دووه‌م، نه‌هشتنی هه‌ژمونی ئێران له عێراق. سێیه‌م، كێشه‌كانی كورد به‌پێی ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكات. چواره‌م، ده‌بێ وڵاتێكی ده‌ستوری و فیدڕاڵی و پێكه‌وه ژیان هه‌بێ، ئه‌گه‌رنا هاوكارییه‌كان راده‌گیرێت (سه‌حب ده‌كرێته‌وه).
كه‌واته چاو لێده‌كه‌ن به‌دیلێكی دیكه بدۆزنه‌وه. بێ گومان ئەمریکا بۆ ٢٠١٨ پلانی خۆی ده‌گۆڕێت، چونكه ئه‌وه‌ی ویستیان، عه‌بادی ئه‌نجامی نه‌داوه. راسته عه‌بادی ده‌ڵێت، له هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چم پاشان ئه‌و كارانه ئه‌نجام ده‌دەم، به‌ڵام ده‌بێ پێش هه‌ڵبژاردن مه‌سه‌له‌ی حه‌شدی شه‌عبی یه‌كلا ببێته‌وه، چونكه ئێستا ٢٠٤ حزب به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌بن، حه‌شدی شه‌عبیشی تێدایه.
نوچه‌نێت: ئه‌گه‌ری پێكدادان له نێوان لایه‌نه شیعه‌كان هه‌یه؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: ئه‌گه‌ر داعش نه‌بوایه له‌مێژ ساڵه شه‌ڕی ناوخۆی خوێناوی له‌ناو شیعه دروست ده‌بوو، به‌ڵام به هۆی داعشه‌وه هه‌موویانی (موحد) كرد، دوای نه‌مانی داعش و كێشه ناوخۆییه‌كانیان و ئه‌و ململانێیەی نێوانیان: مالیكی و عه‌بادی، مالیكی و سه‌در، هه‌روه‌ها به‌دریش له‌گه‌ڵ ئه‌وان، چونكه (سیراعیان) له‌سه‌ر خوتەیە بۆ نمونه ئێستا نوری مالیكی، حه‌یده‌ر عه‌بادی و هادی عامری خۆیان ئاماده كردووه، بۆ سه‌رۆكوه‌زیران، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی حیكمه‌ی عه‌مار حه‌كیم-یش خۆی ئاماده‌كردووه، ره‌وتی سه‌دریش ده‌یهه‌وێت پشتیوانی لایه‌نێك بكات له‌و لایه‌نانه، ئه‌گه‌ر ئه‌م (سیراعانه) چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، له‌وانه‌یه شه‌ڕێكی خوێناوی رووبدات، چونكه ئه‌مه هۆكارێكه و هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵی هۆكارێكی دیكه‌یه.
نوچه‌نێت: به رای ئێوه خۆپیشاندان و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ناوخۆی ئێران، چ كاریگه‌رییه‌كی له سه‌ر شیعه‌كان ده‌بێ له عیراق؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: پێموایه دوای ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی كه له ئێران روویداوه و ئێران سه‌رقاڵی كێشه‌ی ناوخۆیی خۆی بێت، ئه‌و كاته له عێراق ئه‌و شوێنانه‌ی، كه هه‌ژمونی ئێرانی تێدا به‌هێزه كێشه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. به‌گشتی له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ئێران ته‌ده‌خول نه‌كات توشی سه‌دان كێشه ده‌بن، بۆیه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش، كه هه‌یه و ٢٠٤ حزب تێیدا به‌شدارن، كه ئه‌گه‌ریش بكرێت، چونكه سوننه به هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نییه بكرێت و كورد-یش ئاماده نییه و كێشه‌ی زۆره، بۆیه ئه‌وانه‌ی جه‌خت له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نیا لایه‌نه شیعه‌كانن و سه‌ركه‌وتوون و ده‌یانه‌وێ له ناوچه سوننه‌كانیش ده‌نگی خۆیان زیاد بكه‌ن. بۆ نمونه له‌و شوێنانه‌ی وه‌ك موسڵ، ئه‌نبار و تكریت، كه حه‌شدی لێیه. هه‌ركه‌س هێزی خۆی لێبێت، ده‌نگ هی ئه‌وه. ئه‌مه‌ش مه‌ترسی هه‌یه.
نوچه‌نێت: ئایا پرەنسیپی زۆرینه‌ی سیاسی ده‌چه‌سپێندرێت؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: پێموایه زۆرینه‌ی سیاسی پرەنسیپێكی دیموكراسییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسی زۆرینه‌ی سیاسی ده‌كات، ده‌بێ بۆ خۆی باوه‌ڕی به دیموكراسیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌ت هه‌بێ، ناكرێت كه‌سێك باسی زۆرینه‌ی سیاسی بکات و خۆی تائیفی بێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك باسی بكات مه‌ده‌نی و دیموكراسی بێت و هیچ په‌یوه‌ندی به ئایین و تائیفییه‌وه نه‌بێت قبوڵه، ئه‌وه مه‌به‌ست له‌وه‌یه حكومه‌تی داهاتوو ئۆپۆزسیۆنی هه‌بێ، چونكه كێشه‌ی عیراق ئه‌وه‌یه ئۆپۆزسیۆنی نییه، كه نه‌بوو ناتوانی حكومه‌تێكی ئه‌كتیڤی هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئێستا باس ده‌كرێت زۆرینه‌ی شیعه‌یه، ده‌یانه‌وێت حكومه‌ت دابمه‌رزێنێت، هه‌رچی یاسایه له به‌رژه‌وه‌ندی شیعه‌دا تێپه‌ڕێنن و چه‌ند سوننه و كوردێك بێنن و وه‌كو حكومه‌ته‌كانی پێشوو (سه‌ددام) به‌س بڵێن ئه‌م حكومه‌ته، حكومه‌تێكی نیشتیمانییه، به‌ڵام به‌ڕای من ئه‌م زۆرینه سیاسییه سه‌ر ناگرێت.عێراق ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ته‌وافوقی سیاسی.
نوچه‌نێت: به رای ئێوه له بارودۆخه‌ی ئێستای عێراق، هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا ده‌كرێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ كورد و سوننه چۆن ده‌بێ؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: له‌و بڕوایه‌دام هه‌ڵبژاردن ناكرێت و له مێژه باسم كردووه، كه هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام نادرێ، ئه‌گه‌ریش بكرێ خۆكوژییه بۆ سوننه و كورد و ته‌نها سه‌ركه‌وتن بۆ شیعه ده‌بێ، بۆیه ده‌بێ هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، ئه‌گه‌ر بکرێت ده‌بێ مقاتعه (بایكۆت) بكرێت و ته‌نها هه‌ڵبژاردنێك بكرێت، كه كێ ده‌بێته سه‌رۆكوه‌زیران، له ناوخۆیاندا (شیعه‌كان)، چونكه مادام رێككه‌وتن كراوه سه‌رۆكوه‌زیران هی شیعه بێ.
نوچه‌نێت: داواكاری سوننه‌كان چییه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن؟
داواكای سوننه ئه‌وه‌یه، پاره‌یه‌ك بۆ ئاواره‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كانیان ته‌رخان بكرێت، كه ته‌رخاننه‌كراوه. شه‌رمه‌زارییه، كه كه‌سێكی سوننه له بن خه‌یمه‌یه‌ك دا بێ و بچێت و پێی بڵێی ده‌نگ بده.
نوچه‌نێت: ئایا له هه‌ڵبژاردن ده‌نگی پارتی به‌رز ده‌بێته‌وه؟
له به‌رژه‌وه‌ندی پارتییه هه‌ڵبژاردن بكات، چونكه پارتی ده‌نگه‌كانی به‌رز ده‌بێته‌وه، لەبەرئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو دنیا دیار كه‌وت، حزبێكی نیشتمان په‌روه‌ره و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، بۆیه به بۆچوونی من ده‌نگی پارتی به‌رز ده‌بێته‌وه به‌ڵام زۆر نا. چۆنكه ده‌بێت كێشه‌و گرفت خه‌ڵك له‌به‌رچاو بگرین و له بیری نه‌كه‌ن مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه، له‌وانەیه خه‌ڵك هه‌ر به‌شدار نه‌بێ له هه‌ڵبژاردن.
نوچه‌نێت: له‌هه‌ڵبژاردن ده‌نگی پارتی و لایه‌نه‌كانی دیكه چۆن ده‌بینی؟ نیگه‌رانیتان چییه له‌و باره‌یه‌وه؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: پارتی ده‌نگی باش ده‌هێنێ، به‌ڵام یه‌كێتی و گۆڕان نا، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان ببنه یه‌ك، ئه‌وكاته ده‌بێته به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی و بۆیان باشه، به‌ڵام به جیا زه‌حمه‌ت ده‌بێ بۆیان. پارتیش ده‌نگی به‌رز ده‌بێته‌وه له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه، وه‌كو ئه‌وه‌ی كرا له كه‌ركوك و مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ته‌نیا له یه‌ك شت ده‌ترسم، كه ئه‌ویش ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به‌شدار نه‌بێت.
نوچه‌نێت: به بۆچوونی ئێوه، رێككه‌وتنه‌كان له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چۆن دەبن؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان له‌و رێككه‌وتنانه ده‌ربچێت و كێ زۆرینه‌ی هێنا با ئه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بێت. هه‌تا ئێستا به رێككه‌وتن ته‌نیا زه‌ره‌رمه‌ند بووه له‌و رێككه‌وتنه سیاسییه، به رازی كردنی لایه‌نه‌كان، پێموایه ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن له هه‌مووی باشتره، ده‌توانرێ حكومه‌تێكی به‌هێز دابمه‌زرێنرێ و ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێزیش هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به هێز بێ.
نوچه‌نێت: ئێوه چۆن ده‌ڕواننه په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا؟ پێتان باشه حكومه‌تی هه‌رێم له‌م قۆناغه‌دا چی بكات؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: وه‌ك ماوه‌یه‌ك پێشتر باسم كردووه؛ باشتره حكومه‌تی هه‌رێم ته‌ركیز نه‌خاته سه‌ر گفتوگۆ له گه‌ڵ به‌غدا، ٧٠ رۆژ رۆیشت گفتوگۆ نه‌بووه و ٧٠ رۆژیشی تریش باسی ئه‌جێندای گفتوگۆ ده‌كرێت ٧٠ رۆژی تریش ده‌ڵێن، رێككه‌وتن نه‌بووه و هه‌ڵبژاردن ده‌كرێ. بۆیه حكه‌مه‌تی هه‌رێم ده‌بێ پشت بەخۆی ببەستێت و ئه‌و گه‌نده‌ڵییه لابدات، وه‌كو بندیوار و…هتد. پێویسته هه‌موو لایه‌ك هاوكاربین ئه‌گه‌رنا حكومه‌ت به‌و شێوه‌یه ده‌ڕووخێت.
له‌م بارودۆخه باشتر وایه، مه‌سه‌له‌ی گفتوگۆ له گه‌ڵ به‌غدا كۆتایی پێ بهێنێت، تا به‌غدا بۆ خۆی دێته سه‌ر خه‌ت، چونكه چه‌ند به‌غدا گفتوگۆ دوابخات، دیپلۆماسیه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌بێته‌وه و خه‌ڵكی رۆژئاوا دێته سه‌رخه‌ت، وه‌ك سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا وگه‌یشتنی نامه‌ی سه‌رۆكی وڵاتانی رۆژئاوا زۆر گرنگن.
لهراپۆرتێك خوێندومه‌ته‌وه له واشنتۆن پۆست، كه نوسرابوو ئه‌مریكا خه‌ریكه ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی، كه كورد مافی خۆی بووه ریفراندۆم بكات، له‌به‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی، كه به‌غدا به‌رانبه‌ر كورد ده‌یكات.
نوچه‌نێت: به‌رای ئێوه ئایا پارتی رێگر نابێت له پڕۆژه‌یاسای چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێم، كه راگه‌یاندووه؟
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: پێموایه پارتی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی داوه به ده‌ست نێچیرڤان بارزانی، (جێگری سه‌رۆكی پارتی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان)، له‌وانه‌یه ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌و ده‌یدات، هه‌ندێك جه‌ماوه‌ری پارتیش پێی خۆش نه‌بێ، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و بڕیارانه بدات تا حكومه‌ت نه‌ڕوخێ. ده‌بێت لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هاوكار بن. هه‌روه‌ها جێگای دهاخه، كه گۆڕان و كۆمه‌ڵ له حكومه‌ت كشاونه‌ته‌وه، گۆڕان له‌وانه‌یه گله‌ییان هه‌بێ، به‌ڵام هه‌تا ئێستا تێناگه‌م كۆمه‌ڵ بۆ واده‌كات. هه‌روه‌ها حكومه‌ت ده‌بێ به چاكسازی ئه‌م قۆناغه تێبپه‌ڕێنێت، ئه‌گه‌رنا ده‌ڕوخێت.