فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن: شێوازی تر ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ پشتیوانی خۆپیشانده‌ران

0

فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن: شێوازی تر ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ پشتیوانی خۆپیشانده‌ران

نوچه‌نێت: هه‌ولێر

له‌ وه‌ڵامی داواكاری خۆپیشانده‌رانی سلێمانی، كه‌ داوایان له‌لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان كردبوو، بایكۆتی ئه‌ندامێتی خۆیان بكه‌ن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌رسی فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن وه‌ڵامی ئه‌و داواكاییه‌یان دایه‌وه‌، له‌و وه‌ڵامه‌دا رایانگه‌یاند، كه‌ شێوازی تر ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ پشتیوانی له‌داواكاری خۆپیشانده‌ران.

 

ده‌قی وه‌ڵامی فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن

سه‌باره‌ت به‌په‌یامی جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر كه‌ڕۆژی 26/3/2011 ئاراسته‌ی فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كراوه‌ ، هه‌رسێ‌ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م رونكردنه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند:

ئێمه‌ هه‌رسێ‌ فراكسیۆنی گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ له‌ڕۆژانی یه‌كه‌می خۆپیشاندانه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ پشتگیری خۆمان بۆ داوا ڕه‌واكانیان ڕاگه‌یاندووه‌ و، له‌كۆبونه‌وه‌ نائاسایی یه‌كانی په‌رله‌ماندا داكۆكی جیددیمان لێ‌ كردن و ، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆمان هه‌بوو له‌داڕشتنی 17 خاڵه‌كه‌ی بڕیاری ڕۆژی 23/2/2011 و ، ڕاپۆرته‌ هه‌شت خاڵیه‌كه‌ی ڕۆژی 17/3/2011 ی په‌رله‌مان و، به‌ئاماده‌ بوون و به‌شداریی ڕاسته‌وخۆش له‌ناوخۆپیشانده‌راندا جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وپشتیوانی یه‌ كرده‌وه‌ .

به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌مانگێك به‌سه‌ر ده‌رچواندنی ئه‌وبریارانه‌ دا تائێستا هیچ هه‌نگاوێكی جیددی نه‌نراوه‌ بۆجێبه‌جێكردنیان، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن رایده‌گه‌ینین كه‌ چیتر چاوه‌ڕێی زیاتر وه‌لانان و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی ئه‌وبڕیارانه‌ ناكه‌ین، كه‌پێشێل كردن و خه‌مساردی له‌جێبه‌جێكردنیاندا واتای ڕێزنه‌گرتنه‌ له‌دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و، شه‌رعیه‌تی په‌رله‌مان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌دانیشتنی ئه‌مڕَۆوه‌ 29/3/2011 هه‌ڵوێسته‌كانمان ڕاده‌گه‌یه‌نین سه‌ره‌تا به‌بایكۆتكردنی دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر پشتگوێخستنی داواكاریه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی خۆپیشانده‌ران و، ئۆپۆزسیۆن به‌ شێوازی جیاوازتر هه‌ڵوێسته‌كانمان بۆپشتیوانی داواكاریه‌كانی جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ری هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌ینین .

له‌هه‌مان كاتدا خوازیارین و داواكارین كه‌ هاوپیشه‌كانمان له‌فراكسیۆنه‌كانی تر له‌ناوپه‌رله‌مانی كوردستاندا هاو هه‌ڵوێست بن له‌گه‌ڵماندا، به‌مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له‌بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان و ،به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی داواكاریی خۆپیشانده‌ران كه‌ئێمه‌ به‌جیاوازیی فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوی ئه‌وانین.

فراكسیۆنی گۆڕان           فراكسیۆنی یه‌كگرتوو             فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ

29/3/2011

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com