دكتۆر رێباز فه‌تاح بۆ نوچه‌نێت: لایه‌نگرانی گۆڕان كه به‌شێكن له خۆپیشانده‌ران ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی فشاری شه‌قامه‌وه داخوازییهكانییان به‌دی بهێنن
ئه‌و فشاره پۆلیسییه‌ی له هه‌ولێر هه‌یه، رێگره له ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌یتی هاووڵاتییان
نوچه‌نێت: هه‌ولێر
دكتۆر رێباز فه‌تاح ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان لة په‌رله‌مانی كوردستان له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت، تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و قه‌یرانه سیاسییه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، هاوكات باس له رۆڵی په‌له‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، كه به بڕوای ئه‌و، تا ئێستا نه‌یانتوانیوه به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان هه‌ستن.
نوچه‌نێت: ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا رووی له هه‌رێمی كوردستانه، كێ به‌رپرسیاری یهكهمییهتی؟
دكتۆر رێباز فه‌تاح: خۆپیشانده‌رانی كوردستان كۆمه‌ڵێك داواكاری ڕوونیان هه‌یه‌و به ڕوونیش دیاره، ئه‌و لایه‌نه‌ی داواكانی ئاراسته كراوه ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێمی كوردستان، كه ده‌بوایه بڵێین په‌رله‌مان و حكومه‌ت، به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانن كه ئه‌م دوو ده‌زگایه به درێژایی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، هه‌رجاره‌و به بیانوویه‌ك لاواز كراون و له شوێنی ئه‌وان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار بڕیارده‌ر بوون، بۆیه ئێستاش هه‌ر ئه‌وان به‌رپرسن له‌و بارودۆخه.
نوچه‌نێت: به بڕوای ئێوه بۆ خۆپیشاندانه‌كان ته‌نها له سنووری ئیداره‌ی یه‌كێتی ئه‌نجام ده‌درێن؟
دكتۆر رێباز فه‌تاح: نا‌توانیین نكوڵی له‌وه بكرێت، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو، تا ڕاده‌یه‌ك سنوری ئازادییه‌كان له ژێر ئیداره‌ی یه‌كێتی فراوانتر بوون و هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌رگای كردووه‌ته‌وه بۆ بوونی چه‌ندین كه‌ناڵی میدیای ئه‌هلی جیاواز، كه ڕۆڵییان هه‌بووه له هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و ئاگاداركردنیان له‌و نهێنییانه‌ی بێ ئاگاداری هاوڵاتیان ده‌گوزه‌رێت، ئه‌مه جگه له بوونی جموجوڵێكی ڕۆشنبیری فراوانتر له‌و ناوچه‌یه، له‌وانه‌شه كلتوری ئه‌م ناوچه‌یه‌ش بۆ خۆی یه‌كێكی دیكه بێت له‌و فاكته‌رانه، ئه‌گه‌ر له ڕووی مێژووییه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
هه‌ر ئێستاش ئه‌و فشاره پۆلیسیه گه‌وره‌یه‌ی له سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌ولێره، كه په‌یوه‌ندی به مامه‌ڵه‌و كاردانه‌وه‌ی لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه هه‌یه، تا ڕاده‌یه‌ك ڕێگره له ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه.
نوچه‌نێت: له كاتی درووستبوونی ئه‌و قه‌یرانه كه له هه‌رێمی كوردستاندایه، په‌رله‌مان تاچه‌ند توانیوییه‌تی رۆڵی خۆی ببینێت؟
دكتۆر رێباز فه‌تاح: به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڕیاری لاوازی و كه‌مته‌رخه‌می نواندنی په‌رله‌مان له ئاست ڕووداوه‌كاندا بده‌ین و پێشمان وابێت په‌رله‌مانیش تا ڕاده‌یه‌ك چووه‌ته ناو پلانی ده‌سه‌ڵات، بۆ گره‌وی به كات كۆتایی هێنان به خۆپیشاندان، له ئه‌نجامی بێزاربوونی خۆپیشانده‌ران و نه‌یتوانیوه حكومه‌ت ناچار بكات، له وه‌ستاندنی ته‌قه‌كردن وده‌ستگیر كردن و دادگایی كردنی تاوانباران. به‌ڵام له راستیدا ناكرێت هه‌موو كاره‌كان بێ ئه‌همیه‌ت سه‌یر بكه‌ین و ئه‌وه‌ش له به‌رچاو ده‌گرین، كه ئه‌گه‌ر بۆ ڕووكه‌شیش بێت سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ لێپێچینه‌وه هێنراوه‌ته په‌رله‌مان و په‌رله‌مان له‌م ماوه‌یه دوو بڕیاری گرنگی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ركردووه، هه‌رچه‌نده كه‌مته‌رخه‌مه له ئاست به دواداچوون له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان.
نوچه‌نێت: تا چه‌ند له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌و رۆڵه‌ی ده‌یبینێت رازیت؟ ئایا له ئێستادا مانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ی هیچ مانایه‌كی ماوه؟
دكتۆر رێباز فه‌تاح: ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیانه بڕوانینه كاره‌كانی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن له ماوه‌ی ساڵ و نیوێكی كاركردنیاندا، به دڵنیاییه‌وه نه‌یانتوانیوه له ئاست داواكاری هاوڵاتیاناندا بن و لایه‌نی كه‌می ئه‌و خواستانه‌یان ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه.
ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی زۆرینه‌و له ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته زۆره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه، كه په‌یره‌و دیاریكردووه، بووه‌ته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان و به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه داڕیژراو ئه‌م ده‌زگا گرنگه لاواز ده‌كرێت، به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ باوه‌شی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حیزب و به مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌یه ئێستا به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنین.
له ڕووی چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنیشهوه، هه‌رچه‌نده ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بواری ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، كشتوكاڵ و پیشه‌سازی كه هه‌ر بوارێكیان به ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه ده‌ناڵێنێت، ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نجانیش به ده‌ست بێكاری و نه‌بوونی شوێنی نیشته‌جێ بوونه‌وه گیرۆده بوون و سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه گه‌نده‌ڵی له هه‌ردوو لایه‌نی ئابوری و كارگێرییه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه‌و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتیش ناڕسته‌وخۆ ده‌چێته خزمه‌تی ئه‌م بواره، نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی و كه‌سێك نه‌بینراوه له‌م ڕووه‌وه لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، تا ئێستا چه‌ك لای حیزبه‌كانه نه‌ك حكومه‌ت و به ئاشكراش خه‌ڵك شه‌هید ده‌كه‌ن، تا ئێستا دوو ئیداره‌یی بوونی هه‌یه‌و شتێك به ناوی حكومه‌ت بوونی نییه ، به‌ڵام په‌رله‌مان كه‌مته‌رخه‌مه، نه‌ك ئاماده نییه متمانه له‌و كابینه‌یه وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵكو پاساو بۆ بێ توانایییهكان و كه‌موكوڕییه‌كانی ده‌هێنێته‌وه.
نوچه‌نێت: باس له‌وه ده‌كرێت كه فراكسیۆنی گۆڕان كێشه‌ی تێدایه ئه‌مه تاچه‌ند راسته؟
دكتۆر رێباز فه‌تاح: هه‌موومان له دوو خولی پێشووی په‌رله‌مان ڕه‌خنه‌مان له‌وه بوو په‌رله‌مانتاران هه‌میشه به كۆی ده‌نگ بڕیار‌و یاساكان په‌سه‌ند ده‌كه‌ن، له سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان به گشتی و به تایبه‌تی تریش له ناو فراكسیۆنه‌كان هه‌موو یه‌ك ده‌نگن و ده‌نگێكی جیاواز نابینین، چونكه هه‌مووان جێبه‌جێكه‌ری بڕیاره‌كانی حیزبن، كه‌چی وا ئێستا ئه‌م یه‌كده‌نگییه بووه‌ته كلتور‌و خه‌ریكه ناچارمان ده‌كه‌ن ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڵێن حیزبه‌كه‌یان كێشه‌ی تێدایه ههموومتن ناچاری نه‌بوونی ده‌نگی جیاواز ده‌كه‌ن .
له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا له فراكسیۆنی گۆڕان ده‌گوزه‌رێت، ته‌نها ئه‌و كه‌شه جوانه‌ی جیاوازی بیركردنه‌وه‌یه نه‌وه‌ك بوونی كێشه له نێوانماندا، كه بۆ خۆم به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی لێ ده‌كه‌م به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه بزانن ئێمه دواجار كۆمه‌ڵێك ئامانجی یه‌كسان كۆی كردوینه‌ته‌وه و كه‌سیشمان سازش له‌و ئامانجانه ناكات، به‌ڵام له‌وانه‌یه هه‌ركه‌سێك شێوازێك به باشتر بزانێت بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه.
نوچه‌نێت: ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی داوای له په‌رله‌مانتاره ئۆپۆزسیۆنه‌كان كرد، ئه‌ندامێتییان له په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌سێرن، ئێوه چۆن پێشیوازی له‌و داوایه ده‌كه‌ن؟
دكتۆر رێباز فه‌تاح: هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن له سه‌ره‌تاوه بڕیارمان داوه، كه پاڵپشتی داواكانیانیین و كاری زۆر جدیشمان له‌سه‌ر كردووه و تا ئێستا دوو بڕیاری په‌رله‌مانیمان ده‌ركردووه له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ش ڕه‌خنه‌مان هه‌یه له كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت له جێبه‌جێ كردنی ئه‌و داوایانه، ئێستاش ئێمه پاڵپشتی خۆمان بۆ ئه‌و داوایه‌ی له ئۆپۆزسیۆن كراوه دووپاتكردوه‌ته‌وه و ئاماده‌شین داواكه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام یه‌ك ڕاستی هه‌یه كه ده‌بێت ئه‌وانیش له به‌رچاوی بگرن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌وان بڕیار دهركهر نین و ئێمه‌ش ته‌نها جێبه‌جێی بكه‌ین، ئه‌ركی ئه‌وانیشه پێش ده‌ركردنی داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه، ڕاوێژیان له‌گه‌ڵ ئێمه بكردایه، كه هیوادارم له داهاتوودا به‌و شێوه‌یه بێت.
نوچه‌نێت: ئایا ئه‌و داوایه‌ی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی، یه‌كێك نیه له‌و سیناریۆیانه‌ی كه پێشتر سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باسی كرد؟
دكتۆر رێباز فه‌تاح: هه‌موومان ئه‌و ڕاستییه ده‌زانین ئه‌و ئه‌نجومه‌نه یه‌ك دوو كه‌سێكیان تێدایه كه لایه‌نگیریان بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ناتوانێت ته‌واوی ئه‌نجومه‌نه‌كه بكاته گۆڕان و به لایه‌نگری ئه‌ویان دابنێت، یاخوود به فه‌رمانی گۆڕان ده‌جووڵێنه‌وه، له‌مه‌شدا پێش هه‌موو كه‌س پێموایه ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه ئه‌م قسه‌یه قبوڵ ناكه‌ن.
به‌ڵام هیچ دوو دڵییه‌كی ناوێت كه لایه‌نگرانی گۆڕان به‌شدارن له‌و خۆپیشاندانانه، له ئه‌نجامی بێ هیوا بوونیان له چاكسازی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و له ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه، بۆیه ده‌یانه‌وێت به فشاری شه‌قام ئه‌و داخوازییانه به‌دی بێنن و له ڕووی میدیایشه‌وه وه‌ك هه‌واڵێك و وه‌ك كرده‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌ی هاوڵاتیان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ر لایه‌نێكه ئیدیعای نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكات، له ڕێگه‌ی فراكسیۆنهكانیشییهوه له كوردستان و به‌غداد، دیسان وه‌ك ئه‌ركێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات و پاڵپشتی داواكاری ئه‌و هاوڵاتیانه ده‌كات، كه خۆی به نوێنه‌ریان ده‌زانێت.
وێكهاتنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی گۆڕان یا هه‌ر لایه‌نێكی دیكه، له‌گه‌ڵ داوای خه‌ڵك، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر واقیعی بوون و ڕاستگۆییی له په‌یامه سیاسه‌كانی ئه‌و لایه‌نه، نه‌ك هه‌ر وێكچونێك به موئامه‌ره‌و ده‌ست له پشت بوون له قه‌ڵه‌م بدرێت، به جۆرێك سه‌رجه‌می كۆمه‌ڵگا له هه‌ر جووڵه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بكرێته خیانه‌تكار له نیشتمان.