فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: پارتی و یه‌كێتی یه‌ك تێڕوانین و یه‌ك بۆچوون و یه‌ك بڕیاریان هه‌یه‌

0

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: پارتی و یه‌كێتی یه‌ك تێڕوانین و یه‌ك بۆچوون و یه‌ك بڕیاریان هه‌یه‌

نوچه‌نێت: سلێمانی

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، كه‌ هاوكات سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی كوردستانیشه‌، له‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ره‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پێیوایه‌ ئێستا قه‌یرانێكی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئێستا پارتی و یه‌كێتی یه‌ك تێڕوانین و یه‌ك بڕیاریان هه‌یه‌، بۆ پرسه‌ سیاسییه‌كان.

نوچه‌نێت: وا بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ له‌ سلێمانی هه‌ینی توڕه‌یی بێت، به‌ بڕوای ئێوه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات چۆن مامه‌ڵه‌ بكات؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: من پێموانیه‌ هه‌ینی داهاتوو هیچ شتێكی جیاوازتر روو بدات له‌ هه‌ینییه‌كانی پێشوو، به‌س ته‌نها ناوه‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌، چونكه‌ هه‌ر هه‌ینییه‌ك ناوێكی بۆ داده‌نێن، ئه‌مجاره‌ ناوی توڕه‌ییان بۆ هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام پێموایه‌ ئه‌و ناوه‌ گوزارشت له‌ ناوه‌رۆكه‌ی خۆی ناكات، هه‌ر وه‌ك دیاره‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و نوێژ ده‌كه‌ن و بڵاوه‌ی لێ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ بڕوا ناكه‌م شتێكی تازه‌ روو بدات.

نوچه‌نێت: ئاینده‌ی كوردستان له‌ ناو ئه‌م كێشانه‌دا چۆن ده‌بینیت؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ قه‌یرانێكی سیاسییه‌، ئه‌م قه‌یرانه‌ش به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌شتووه‌، هه‌موو لاكان له‌ مه‌یدان ماونه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ ده‌چێت قه‌یرانه‌كه‌ درێژه‌ بكێشێت، ئه‌م قه‌یرانه‌ وه‌ك هه‌موو قه‌یرانێك هه‌موو رێگه‌یه‌كی له‌به‌رده‌مدایه‌، ئه‌م قه‌یرانه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی نیه‌، هه‌موو رێساكانی ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌ شوێنێكدا رانه‌وه‌ستاوه‌، رێگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌مدایه‌ كه‌ به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ بچێت، به‌ مه‌رجێك لایه‌نه‌كان بتوانن لێك تێگه‌شتنێك له‌گه‌ڵ یه‌كتردا پێك بهێنن، هه‌روه‌ها رێگه‌ی ئه‌وه‌شی له‌ به‌رده‌مدایه‌ كه‌ توندتر بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و لێك تێگه‌شتنه‌ نه‌هاته‌ كایه‌وه‌، بۆیه‌ تا ئێستا چاره‌نووسی ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه‌ له‌ ئارادایه‌ دیار نیه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان بتوانن به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش و خاڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتردا درووست بكه‌ن، من پێموایه‌ ده‌رفه‌تێكی زۆر گونجاو بۆ خاو كردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ پێك دێت، ئه‌گه‌ر نه‌توانن دیاره‌ به‌ره‌و خراپی ده‌چێت.

نوچه‌نێت: به‌ بڕوای جه‌نابت لایه‌نه‌كان ده‌توانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن له‌ ئێستادا؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئیراده‌وه‌ هه‌یه‌، من پێموایه‌ ئه‌و ئیراده‌یه‌ش زۆرتر ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌و ده‌توانێت بابه‌ته‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكه‌ داوای شت له‌و ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و رازی بێت به‌ جێبه‌جێ‌ كردنی، لانی كه‌م لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری رێك ده‌كه‌ون و ده‌رفه‌تێك هه‌یه‌، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وه‌كو وتوێژی جارانی كورده‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، كورد ئاماده‌یی تێدابوو بۆ رێككه‌وتن، به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌كی له‌ بابه‌ته‌كه‌ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی به‌غدا بوو، كه‌ ئایا ئه‌و ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا هه‌یه‌، كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كڕینی ئاشتی، به‌شێك له‌ داواكان بداته‌ داواكاران، ئه‌مه‌ش رێك وایه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئاشتی و ته‌بایی ده‌وێت، ده‌بێت نرخی بدات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێكه‌وه‌ بژین.

نوچه‌نێت: یه‌كێـتی نیشتیمانی لایه‌نێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ ناو ده‌سه‌ڵات، ئایا له‌ ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌و ئیراده‌یه‌ هه‌یه‌، كه‌ هه‌نگاو بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بنێت؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: تا ئێستا ئیراده‌ی تاك لایه‌نه‌ نیه‌، من بۆیه‌ وشه‌ی ده‌سه‌ڵاتم به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌ی یه‌كێتی و پارتی به‌كار نه‌هێنم، تانه‌ت من نه‌مویست وشه‌ی حكومه‌تیش به‌كار بهێنم، چونكه‌ كه‌ باسی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین، حكومه‌تیش ده‌گرێته‌وه‌، تا ئێستا تێڕوانینی پارتی جیاوازی نیه‌ له‌ تێروانینی یه‌كێتی، واته‌ ئێستا پارتی و یه‌كێتی یه‌ك تێڕوانیان و یه‌ك بۆچوون و یه‌ك بڕیاریان هه‌یه‌، بۆیه‌ كاتێك وشه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌كارده‌هێنین، وه‌ك ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشانده‌ره‌كان به‌كاری ناهێنین، به‌ڵام به‌و مانایه‌ دێت كه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌و گرووپانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ بریتین له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێـی نیشتیمانی كوردستان، كه‌ له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ توانیویانه‌ زۆرینه‌ پێكبهێنن و حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌و ئیراده‌یه‌ی هه‌بێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك ده‌بێت، من پێموایه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداری دوا لێدوانی سه‌رۆكی هه‌رێم بم، له‌ كاتی یاد كردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا، ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و رایگه‌یاند، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئیراده‌یه‌ك هه‌یه‌، به‌ڵام پێموایه‌ ئه‌و ئیراده‌یه‌، پێویستی به‌ به‌هێز كردن هه‌یه‌.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com