د.ڕێدار محەمەد ئەمین
پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان
گرنگە هەموو دایبابێک بیخوێنێتەوە
لەو ساڵانەی دوایی منداڵێکی زۆر بەهۆی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان،زمانیان دواکەوتووە،تا ئەو ڕادەیەی زۆر لە دایبابان سەخڵەتبوونە،ئایا مناڵەکەیان ئۆتیزمی هەیە یان نا؟
چوونکە ئەم حالەتە هەمان نیشانەکانی ئۆتیزمی منداڵ نیشان دەدات،لە قسەنەکردن(یان بە زەحمەت قسەکردن)،یاریکردن بە تەنها،گوێنەدانە دەوروبەر،بەڵام ئەوەی جودای دەکاتەوە،کەوا زۆرینەی ئەومنداڵانە ئاستی زیرەکیان ئاساییە،و بەئاسانی شت فێر دەبن،مانای ئەوەش نیە،هەموو منداڵەکانی ئۆتیزم کەم زیرەکن
لێرەدا بەپێویستی دەزانین هۆکارەکانی دواکەوتنی زمان بخەینە ڕوو،تاکو هەموو دایبابێک هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەیان بکەن و لەم کیشەیە ڕزگاری بێت
سەرەتای گەشەی زمانەوانی
منداڵ لەساتی هاتنە دونیاوە،هەموو ڕۆژێک هەوڵدەدات زانیاری نوێ
فێربێت،بۆیە دەبینین لە مانگەکانی سەرەتایی زۆر تێڕامان دەکات،ئەم تێڕامانە بۆ ناسینی ڕووخسارو دەنگە ئاشناکانە.
دایکی بەڕیز!
ئایا سەرنجت نەداوە،کاتێک قسەلەگەل منداڵەکەت دەکەیت،زۆر تێڕامان دەکات؟بەشیک لەوتێرامانە بۆ ئەوەیە کە بزانێت تۆ چۆن هەستەکانت دەردەبڕی،هەربۆیەش چەندە لەگەڵی پێبکەنی،میزاجی خۆشتر دەبێت،بەشیکی تری بۆ ئەوەیە کەبزانێت ئەو دەنگانە لەکوێوە دێن!، لە چاوت،لوتت یان دەمت؟پاشان سەرنجی زیاتر دەدات بزانێت پیتەکان چۆن لە دەمت دێنە دەر،چۆن لێوەکانت دەجولێنیت.
ئایا قۆناغی هەستیاری زمان کەی دەسی پێدەکات؟
هەورەک ئاماژەمان پێکرد،هەر لەسەرەتاوە منداڵ هەوڵدەدات فێری ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بێت،بەڵام قۆناغی هەستیاریش لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی یەکەم دەستپێدەکات،ئەوکاتە منداڵ پیتەکان لەیەک دەدات،و وشە دروست دەکات،بۆیە ئەگەر منداڵ نەدوێندرێت وبەتەنها جێبهێڵدرێت،ئەوا ئەگەری زۆر هەیە زمانی دوابکەوێت.
ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان وتەلەفزیۆن چی پێشکەشی منداڵ دەکەن؟
زۆر لە دایبابان بەهۆی سەرقاڵیان بەئیشوکارەکان کاتی پێویستیان بۆ منداڵەکانیان نیە،باشترین جیگرەوە، تەلەفزیۆن و تابلێت و مۆبایلن،بەهۆی دەنگ و ڕەنگی سەرنجڕاکێشیکیش،منداڵ خولیایدەبێت و دەبێتە بەشیک لەئەو!
مەگەر باش نیە،منداڵ ئاوا خەریکی مۆبایل بێت،کەسێکی ئارام و بێدەنگی لێدەردەچێت؟
کێشەکە لێرە دەست پێدەکات، کاتێک دایباب وادەزانن منداڵی بێدەنگ و کڕ نیشانەی هۆشمەندیتی،بەڵام مەرگەساتەکە لێرە دەست پێدەکات.
چۆن؟
لەتەفزیۆندا وێنەکان خێرا دەجولێن،بەجۆرێک کەوا منداڵ ناتوانێت چاوی لەگەڵیاندا بەردەوام بێت،بۆیە مێشکی تووشی شێواوی دەبێت،ڕەنگە بۆ تۆ ئاسایی بێت،بەڵام بۆ ئەو سەختە، بۆ ئەوەی تێبگەیت مەبەستمان چیە،بێنە بەرچاوت تۆ لەژوورێکدا دانیشتوویت و ژووەرەکە بەدەورتدا دەخولێتەوە!
گرفتی دووەم کەوا ئامێرەکان درووستی دەکەن،کیشەی زمانە:
تۆ کاتێک قسە لەگەڵ منداڵ دەکەیت، وشەیەک یان دووان بەکار دەهێنیت ،چونکە دەزانێت منداڵ ناتوانێت لە ڕستەیەک بگات،بۆ نموونە پێ دەڵییت،لال بکە(بخەوە)،شیر(واتە شیر بخۆوە)….بەڵام لە فلیمەکانی کارتۆن ڕستەیەک بەخێرایی دەگوترێت و دووبارەبوونەوەی نیە،ئەمەش دیسان شێواویەک لە مێشکی منداڵ دروستدەکات،بۆیە زۆرجار سەرنج دەدین منداڵ رستەیەک قسە دەکات،بەڵام هیچیشی لێتێناگەین،لە مێشکی خۆی هاوشێوەی تەلەفزیۆنەکە،قسەیەکی دروستی کردووە!
هەندێک دایباب تێبینی ئەوە دەکەن منداڵەکانیان زۆر لە پیت و ڕەنگەکان دەناسن، ئەمەش چوونکە ئەم ڕەنگ و پیتانەچەندینجار و بەشیوەی تاک تاک دووبارە دەبنەوە،خۆ ئەگەر تەلەفزیۆن تنها وێنەی نەجولاو پیت و ژمارە نیشانبدات، ئەوا ئەم کێشانە ئاسانتر دەبن!
گرفتی سێیەم،بریتیە لەچۆنیەتی دەربڕینی وشەکان:
لە فلیمەکانی کارتۆن دا جولەی لێو و دەربڕینی پێت لەیەک دوورن،بۆ نموونە کاتێک دەڵێت (مم)ئەوا لێوەکانی لەیەک دوورن،بەڵام هەورەک باسمان کرد، لە مانگەکانی منداڵ سەرەتادا سەرنجی جوولەی لێوی دایباب دەدات،
لێرەشدا دیسان شێواوی لە مێشکی دروست دەبێت.
گرفتی چوارەم :منداڵ لەگەڵ تەلەفزیۆندا، فاکتەرێکی ناچالاکە، واتە تنها سەیر دەکات و قسە ناکات، ئەمەش وا دەکات،جولەی ماسولکەی زمان و دەمی کەم بێت و کەمتر بتوانێت، قسە بکات
جگە لەمانەش،بەهۆی ئەم ئامێرانەوە،منداڵ باکی بەوە نیە گۆشەگیربێت و بەجیهانی تایبەتی خۆیەوە سەرقاڵە..
وەک کەسێکە لە جەنگڵستانێکدابژیێت!
بۆیە
یەکەم:بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەلەفزیۆن و تابلێت و مۆبایل سنووردار بکە
دووەم:کاتی زیاتری لەگەڵ بەسەر ببە،زیاتری بدوێنە
سێیەم:تێکەڵی منداڵانی تری بکە