بەهرە حەمەرەش
چەمکی عەلمانیەت ــ Secularism سستمێکی کۆمەڵایەتی سیاسییە، هەموو جۆرە تێکەڵاوکردنێکی ئایین و کاروباری دنیا رەتدەکاتەوە. یەکەمجار عەلمانیەت لە لایەن نوسەری بەریتانی (جۆرج هۆلیۆد/ ١٨٥١) پەیدابوو، بەڵام لە قەوارەیەکی تایبەتدا مایەوە، تاکو شۆڕشی فەرەنسا/ ١٧٨٩ شێوەیەکی بەرفراوانی وەرگرت و دوای ململانێیەکی درێژ و خوێناوی لە نێوان خەڵکی ئازادیخواز و دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی و کەنیسە، لە رۆژئاوا بڵاوبۆوە.
راستە عەلمانیەت بەرهەمی مۆدێرنیزمە، بەڵام مێژووی مۆدێردنیزم لەم دەڤەرە هێشتا لە سەرەتادایە. بۆیە پێویستە وەک شۆڕشی “زانستی، فەلەکی، فیزیایی، ماتماتیکی و…” لێی بڕوانین. ئەم بەهەڵستکارییەی ئێستای ئیسلام دژی مۆدێرنیزم، مەسیحیەت بەر لە چوار سەد ساڵ کردی و دوای رژانی لافاوی خوێن سەرکەوتوو نەبوو. وەک چۆن ئێستا دەسەڵاتدارە ئاینییەکان خەڵکی مۆدێرن و نوسەر و بیرمەندان بە کافر لە قەڵەم دەدەن. ئەوانیش بیرمەند و فەیلەسوفانیان بە لادەر لە قەڵەم دەداو هەوڵی سڕینەوەیان دەدان. بەهۆی دەسەڵاتی ئایینی لەو کاتەدا (دیکارت) نەیتوانیوە یەک بەرهەمی خۆی لە فەرەنسا چاپ بکات. کاتێک کەنیسە بەرامبەر پرسیارە زانستییەکان بێ وەڵام بوو، هەزاران بیرمەند و زانا سوتێنران و راوەدوونران، چونکە زانست لەگەڵ دەسەڵاتی کەنیسە ناکۆک بوو. کەواتە خەڵکی نویخواز بەرامبەر دەسەڵاتی کەنیسە و دەرەبەگایەتی شۆڕشیان بەرپاکرد. شۆڕشی فەرەنسی دەرئەنجامی خەباتی دورودرێژی بیرمەند و فەیلەسوفانی رۆژئاوایە. وەک سوتاندنی(برۆنۆ) زیندانیکردنی (گالیلۆ) و دەربەدەرکردنی (دیکارت و سپینۆزا). تا ساڵی ١٩٠٥ دەوڵەت عەلمانی لە فەرەنسا بەفەرمی راگەێندرا.
سەرەڕای هەبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەڵام و هەوڵ و تێکۆشانی گروپ و بزووتنەوەی ئیسلامی بەردەوام بوو، تا لە ساڵی ١٧٤٧ وەهابیەت لە سعودیە دامەزرا. هەروەها دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە ٣/٣/ ١٩٢٤ ئەتاتورک، کۆتایی بە خەلافەت هێنا، بەرامبەر بەم خەباتە لە ساڵی ١٩٢٨ ئیخوان موسلمین/ حەسەن بەننا لە میسر دامەزرا. هەروەها گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن خومەینییەوە/ ١٩٧٩، بەرەی ئیسلامی/ شیعە بە هێزتر بوو.
بەرەی ئیسلامی، لەدوای ئەم شۆڕش و ریفۆرمە ئاینییەی ئەوروپاوە هەستیان بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی ئاینی کرد، لەرێگەی ئیخوان و وەهابیەت و پابەندییان لە سەر ئایەت و قورئانی مەدینە کرد. هاوکات بۆ چەسپاندن و دژایەتی ئەم بیرە نوێیە، هێز و ترس و تۆقینیان بەکارهێنا. ئایەتێکی قورئانیان بەکارهێنا کە دەڵێت: {وَمَنْ لَمْ يَحْكُمْ بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْكَافِرُونَ} المائدة٤٤.
لە دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلام/ ٦٣٢، کاربەدەست و پیاوانی ئیسلامی هەڵپەی دەسەڵاتیان بوو. لەسەردەمی خولەفای راشدین هەریەک لە هاوەڵانی خۆیان بە شایستەتر بۆ جێگرتنەوەی دەزانی. بۆ گەیشتن بە تەختی خەلیفە و وەرگرتنی نازناوی ئەمیری موسوڵمانان، شەڕ و کوشتاری زۆر روویدا، دواتر کوشتنی خەلیفەکان عومەر، عوسمان و عەلی، لێکەوتەوە. بە ناوبانگترین شەڕی ئەو سەردەمە کە لەنێوان کە لەنێوان سوپای عایشە و موعاویە و عەلی کوڕی ئەبو تالیب روویدا. شەڕی(سفین)ە.
بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، دروستبوونی هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعە لەسەر بنەمای ناکۆکی تەختی خەلافەت هاتەئارا، کە دوای کوشتنی عومەر و عوسمان، سەری هەڵدا. دەڵێن، عومەر و عەلی تا لە ژیاندا بوون، هیچ ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نەبووە، بەڵام دواتر میراتگر و شوێنکەوتەکانیان لە هەڵپەی دەسەڵات ئەم ناکۆکییەکان داتاشی و هەرلایەک ئایەت و فەرمودەی وەکو پاساو بۆ کارەکەی دەهێنایەوە. کە تا ئێستا دوژمنایەتی لە نێوان شوێنکەتانی ئەم دوو مەزهەبە بەردەوامە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا هەمان عەقڵی دژایەتی بە کەرەستەی نوێوە بەردەوامە، دەسەڵاتخوازەکان، بیروباوەڕی ئیسلامی دەکەنە پەیژەی گەیشتن بەدەسەڵات. بێ گومان بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمەڵێک خەڵکی باوەڕدار بەم ئایدۆلۆژیایە دەبنە سوتەمەنی و هۆکاری گەیشتنی ئەوان بەم ئامانجە.
دژایەتیکردنی چەمکە نوێکان، یەک لەم ئامرازانەیە، کە لە ئێستادا کراوەتە داردەستی دەسەڵاتخوازان و بێ تێگەیشتن و گەڕانەوە بۆ پاشخانیان، بازاڕی خوتبە و گوتارە توندەکانیانی پێ گەرم دەکەن. هەندێ مەلا قسە لە سەر چەمکە نوێکان دەکەن، کە هەر لە بنەمادا زانیاری ئەوتۆیان لە سەری نییە.
کێشەی گەورەی ئیسلامییەکان تا ئەمرۆش ئەوەیە، کە جیاوازی لە نێوان کۆمۆنیست و عەلمانیەت، هەروەها جۆرەکانیان ناکەن. ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی سستمی عەلمانیەت دەکەن، بەپێی تێگەیشتن و دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیان وەریانگرت. ئەمریکا و پۆلۆنیا نموونەی سستمی عەلمانیەتی نەرم و فەرەنسای نمونەی عەلمانیەتی توندە. بۆیە ناکرێ بەیەک دید بڕوانینە عەلمانیەتی وڵاتان. وێرای ئەوەی کە هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی مەزهەب و ئایین دەتوانن لەژێر سایەی ئەم سستمە بژین. لەم وڵاتانە پەرستگا و کڵێسا و مزگەوتی تایبەت بە شوێنی خواپەرستی ئایینە جیاوازەکان هەیە. پێچەوانەی دەسەڵاتە ئیسلامییەکان کە دەستوەردەدەنە هەموو وردەکارییەکانی ژیانی هاوڵاتیان و بەو مەرجە دەتوانن بژین، کە موسوڵمانێک بن بە ویستی ئەوان. داعش و تاڵیبان نمونەی ئەم دەسەڵاتەن.
هەموو ئاینەکان بۆ گونجان لەگەڵ سستم و سەردەمی نوێ، ریفۆرمی ئاینیان کرد، جگە لە ئیسلام، کە تا ئێستا لە گەڵ سەرجەم بەرنامە و سستمە نوێکان ناکۆکە، ئەمەش بەردەوام جیهانی ئیسلامی بەرەو دواوە گەڕاندۆتەوە و ئەو وڵاتانەی، کە دەسەڵاتی ئاینی تێدا پەیڕەو دەکرێت، بە جیهانی سێیەم ناودەبرێ. هێشتا لە ژیانی کۆمەڵگەی چاولێکەری دەرباز نەبوون. لە گەڵ ئەوەی زۆربەی شارەزا و باوەڕدارانی ئیسلام، ژیان و سستمی بەڕێوەبردنی ئەوروپا و ئەمریکا رەت دەکەنەوە و بە کافر لەقەڵەمیان دەدەن، بەڵام زۆرینەیان بە رێگای قاجاخ روویانکردۆتە ئەم کیشوەرانە و بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسودە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.
دابەشکردنی جیهان بەسەر “دار الحرب” و “دار السلام”، لە مێژووی ئیسلامدا، تێگەیشتنی رەش و سپی بۆ دنیابینی دروستکردووە، کە بواری بۆ دیالۆگ نەهێشتۆتەوە. بۆیە بۆ کۆتاییهێنان بە رەوشی شەڕ و کوشتار لەم دەڤەرە، دەبێ دەسەڵاتخوازە ئیسلامییەکان، بگەنە خاڵێك، کە فێڕی دانیشتن لە سەر مێزی گفتوگۆبن. لەوە تێبگەن، کە لەم سەردەمەدا مرۆڤایەتی ناتوانێ بەبێ بەرهەمەکانی عەلمانیەت بژی، هەموو شێخ و پایەدارە ئاینییەکان لە هەرکەس زیاتر بەکاربەری ئەم بەرهەمانەن.
بەهۆی نەگونجاندنی ئەم ئایینە لە گەڵ پێشکەوتنەکانی دنیا، زۆرینەی کێشەکانی دنیا لە جوگرافیای ئیسلامدایە. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە، ئایین تێکەڵی کاروباری دەوڵەت و حوکمڕانی کراوە، نا ئارامە و مافی هەموانی تێدا دەستەبەر نییە، عیراق و ئێران و تورکیا، نموونەی بەرچاوی دەسەڵاتی ئیسلامی ئەم سەردەمەن، کە مرۆڤەکان لە سەر بنەمای ئایین، مەزهەب و نەتەوە دەچەوسێنرێنەوەو زۆرترین شەڕ و کوشتاریان تێدا دەکرێت.
بۆیە گۆڕێنی کۆمەڵگە لە ئەهلییەوە بۆ شارستانی، بەر لە هەرشتێ پێویستی بە سڕینەوەی دەسەڵاتی ئاین و مەزهەبییە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئەهلیدا، جیاوازییەکان لە سەربنەمای جێندەر، رەگەز، ئاین و مەزهەب، ناهێڵێت عەقڵیەت و بیرکردنەوە بجوڵێت و بەرنامە و ئایدۆلۆژیاکان بخاتە خزمەتی مرۆڤەوە. وەک ئەمڕۆ لە بەر پێشکەوتنی خێرای گلۆباڵ و سیستەمی لیبرالیزم، هزر و بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە پاشەکشەیەکی گەورەدان. هەر بۆیە پیاوانی سودمەند لەم ئایدۆلۆژیایە کەوتوونە جۆرەها بەربەرەکانێ و دژایەتی کوێرانە.
تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەت، بوونە هۆکاری ناکۆکی و ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە زۆر بەنەزانی رۆڵەکان تێکەڵکراون. ئیسلامی سیاسی، خوڵقێنەری ئاژاوەیە لەم ناوچەیە. بۆیە تەنیا چارەی رزگاربوون لەم ئاڵۆزی و ئاژاوەیە جیاکردنەوە ئایین لە بواری “سیاسەت، دەوڵەت، حکومەت و ژیانی گشتی”، چونکە جیهانی مۆدێرن وێنەی جیهانێکی عەقڵانییە، لەم جیهانەدا دەبێ ئایین لەگەڵ عەقڵانیەت هەڵبکات. پرەنسیپ و بەهای مۆدێرن لەسەر پرەنسیپی ئازادی و مافی تاک و عەقڵانیەت دەستەبەردەبێت. بەپێچەوانەوە تێگەیشتن و دەسەڵات ویستی رەها لەگەڵ دنیای رێژەیی عەقڵانیەت هەڵ ناکات.
ئەوروپا هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەسەڵاتی ئایینیان تاقیکردەوە، کە ئەزمونێکی سەرنەکەوتووی خوێناوی بوو. بەهۆی شەڕ و کوشتاری ئەم دەسەڵاتە لە مێژوودا بە چەرخی تاریک “کەوتنی رۆما/٤٧٦ و کوستەنتنیە/١٤٥٣” ناودەبرێ. کەچی دوای هەزار ساڵ لە شکستی ئەم ئەزمونە لە رۆژئاوا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێ تازە دوای ئەو هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە، دووبارە دەسەڵاتی ئایینی تاقی بکەنەوە.
لە کۆتای دا دەبێت ئاین وەک بیر و باوەڕی کەسی مامەڵە لە گەڵ بکرێت، هەروەها دەبێت سیاسەت و دەوڵەت/ حکومڕانی وەک کارێکی گشتی پرۆسێسە بکرێت. بنەماکانی ئایین لە ئەخلاق و بەها مرۆییەکان هەڵبهێنجرێت، نەک بە پێچەوانەوە. ئەوکاتە ئەو ئایینە دەتوانێ لە شەڕ و کوشتار دووربکەوێتەوە و لە گەڵ عەقڵیەتی سەردەم هەڵبکات و بخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتی.