نوچەنێت: تایبەت
دوای ساڵانێک لە سارد و سڕی و جۆرێک لە پەرتەوازی لە هەڵوێست لە نێوان حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر رووداوەکانی ئێران و کوردستان، چەند مانگێکە پێنج لایەنی سیاسی ناوەندی هاوکاری حزبەکانی رۆژهەڵاتیان دامەزراندووە و چەندین راگەیاندن و کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. لە دیمانەیەکدا لە گەڵ ئارام مودەڕسی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە گەڵ نوچەنێت، دەڵێت ” ئەو یەک دوو چالاکییەی پەکەکە (کۆدار-پژاک) لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە زیانبار و گوماناوی دەبینین”.
نوچەنێت: هاوکاری و لێکتێگەیشتنەکانتان لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، گەیشتووەتە چ ئاستێک و چۆنی دەبینن؟
ئارام مودەڕیسی: ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پاش قۆناغێکی دوورودرێژ لە دابران و پەرتەوازەیی، ئێستا لە ئاستێکی باش لە پێوەندی و هاوکاری داین. بەڵام ئەگەر لەگەڵ خۆمان راستگۆ بین، ئەم ئاستە لە هاوکاری و پێوەندی، لە چاو رووداوەکان و بە پێی چاوەڕوانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران شیاو و پەسند نییە.
دەکرا ئێمە لەو ماوەیەدا قۆناغێکی زۆر زیاترمان بڕیبا و پانتایەکی فروانترمان بەدەستەوە بوایە. بەداخەوە لەبەر هێندێک هۆکار و ئاستەنگ ئێمەش لە ریزی رەخنەگرانی خۆمانداین. بەڵام سەرەرای هەموو ئەوانە ناوەندی هاوکاری حیزبەکان، دەستکەوتێکی بەنرخ و بە بڕوای ئێمە شوێندانەرە لە پاکێجی “هاوکاری” کردندا و دڵنیام هەر پێنج لایەنی بەشدار، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ راگرتن و بەهێزکردن و فراوانترکردنی ئەو ناوەندە.
نوچەنێت: ئەو ئامانجەی، کە لە پێناویدا کۆدەبنەوە، پێتانوایە لێوە نزیکن یان پێی دەگەن؟
ئارام مودەڕیسی: زۆر ئاساییە مشتومڕ و دیالۆگ لەو ناوەندەدا قورسایی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە ئێمە پێنج لایەنی سیاسی جیاوازین بە ئایدیا و ستراتیژ و بیروباوەری جیاوازەوە؛ بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، هەر لە سەرەتاوە پێمانوابووە و هەوڵمانداوە، کە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا، ئامانجی ستراتێژیکی ناوەند بێ، بەڵام سەرەڕای ئەوەی، کە ئەم ئامانجە بۆ هەموو لایەکمان لە ئەولەوییەت دایە، بەڵام هێشتا هەموارکردنی رێگایەکی دژوارمان لەبەرە.
نوچەنێت: لە کۆتا کۆبوونەوەتان هەڵوێستی کۆدارتان لەبارەی شەڕی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەتکردۆتەوە لە بەرچی؟
ئارام مودەڕیسی: من لەو بابەتەوە ناتوانم بە ناوی ناوەندەوە قسە بکەم، بەڵام پێمانوایە شانتاژکردن بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، کارێکی ناڕەوا و مەحکومە. بە تایبەت، کە خزمەت بکات بە وەدیهاتن یان ئاسانکاری بۆ چەسپاندن و بەکردەوە دەرهاتنی سیاسەتێکی دیاریکروی دامودەزگای سەرکوتکاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی.
ئێمە پێمانوایە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەزموونێکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی هەیە لە بابەت خەبات و بەرەنگاری چەکدارانە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی؛ لەو بابەتەوە زۆر بە هەڵوێست و بە دەروست بووە و هەیە.
هەرگیز خەبات و بەرەنگاریی چەکدارانە لە کوردستانی ئێران، نەک زیانی بە خەباتی مەدەنی و گوتاری گەلی کورد بەرامبەر بە داگیرکەر نەگەیاندووە، بەڵکوو پاڵپشت و تەواوکەری ئەو رەوتە بووە. بۆیە بە پشت بەستن بەو ئەزموونە و بە ناسینی دەقیقی پوتانسیلەکان و تواناییەکانی خەباتی مەدەنی لە ناوەوە و هێز و لێهاتوویەکانی خەباتی پێشمەرگانەی خۆمان، ئەو “یەک دوو چالاکییەی پەکەکە (کۆدار-پژاک) بە زیانبار و گوماناوی دەبینین”.
نوچەنێت: هەڵوێستی فەرمی یان نافەرمی ئەو پێنج لایەنە لەسەر پژاک و کۆدار چییە؟
ئارام مودەڕیسی: بێگوومان بەلەبەر چاوگرتنی وەڵامی پێشوو زۆر ئاساییە تێبینی خۆمان لە بابەت پژاکەوە هەبێ، کە بێگومان لە کاتی خۆیدا و لە شوێنی خۆی رایدەگەیەنین، وەک چۆن هەتا ئێستا لەو بابەتەوە لەگەڵ خۆیان دواوین و رەخنە و تێبینیەکانی خۆمان پێ راگەیاندوون؛ هەڵوێستمان نەگۆڕە. بەڵام پێشنیارمان بۆیان ئەوەیە، کە بە قبوڵکردنی پێڕەوی ناخۆ و ئامانجە گشتییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیران، بێنە ژێر پرەنسیپی کاری هاوبەش و هاوکاریی دیار و رۆشن، لە بزووتنەوی رزگاریخوازی گەلەکەماندا لە کوردستانی رۆژهەڵات.
ناوهندی هاوکاری حزبهکانی کوردستانی ئێران بهمهبهستی هاوکاری و ههماههنگی زیاتر له نێوانیاندا له رۆژی ٢٠-١-٢٠١٨، له بارهگهی کۆمهڵهی زهحمهتکێشانی کوردستان دامهزرا.
ئەم ناوەندە به بهشداری پێنج حزب (کۆمهلهی زهحمهتکێشانی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمهلهی شۆڕشگێڕی زهحمهتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، سازمانی خهباتی کوردستانی ئێران) دامهزرا و ئهم ناوهنده بەشێوەی دهورهی بهڕێوهدهچێت.
هەروەها رۆژی ٧-٨-٢٠١٨، هەشتەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو، کە دەکاتە دوایین کۆبوونەوەیان، هەر کۆبوونەوەیەک، لایەنێکیان سەرپەرشتی دەکات.