مالیکی دەستلەکارکێشانەوەی عیساوی پەسەند ناکات
نوچەنێت . سبەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی رافیع عیساوی تەواو نەبێت، دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند ناکرێت.
پاش جەند سەعاتێک بەسەر راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی رافیع عیساوی لە پۆستەکەی، کەمێک لەمەوبەر کەناڵی عێراقییە لە هەواڵێکی بەپەلەیدا لەزاری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە رایگەیاند: نوری مالیکی دەستلەکارکێشانەوەی رافیع عیساوی وەزیری دارایی حکومەت پەسەند ناکات، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە سەرپێچییە یاسایی و داراییەکان تەواو دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی لە درێژەی خۆپیشاندانەکان دژی نوری مالیکی کە ماوەی زیاتر لە دو مانگە بەردەوامە، رافیع عیساوی، وەزیری دارایی عێراق لەبەردەم خۆپیشاندەرانی پارێزگای ئەنباردا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی وەک وەزیری دارایی راگەیاند.
ئەوەش لەکاتێکدابو، هەواڵی ئەوە بڵاوبویەوە، لەلایەن دادگایەکی عێراقەوە، بەتۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی و بهپێی مادهی چواری تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ رافیع عیساوی دەرکراوە.