د. ڕێدار محەمەد ئەمین، پسپۆڕى نەخۆشیە دەروونیەکان
ئەگەر لە سادەترین پێناسەى سەرکردەدا ، ئەو کەسە بێت ، کە تواناى سەرکردایەتیکردنى کۆمەڵێک خەڵکى هەیە ، ئەوا لە هەناویدا چەند ئاڕاستە و چەمکى جیاواز لەخۆ دەگرێت ، کەوا چەندین خوێندنەوەى سایکۆلۆژى ، سۆسیۆلۆژى ، مۆراڵى ، ئابوورى … هتد پێویستە.
ئەو پرسیارانەى لە بەرامبەر هەڵبژاردنى سەرکردە دەوروژێنن ئەمانەن .
کێن ئەوانەى دەبنە سەرکردە ؟ جەماوەر تا چەند ڕۆڵى هەیە لە هەڵبژاردنى سەرکردە ؟
ئەو پێوەرانە چین سەرکردەى سەرکەوتوو دیاردەکەن ؟ ئەو پێوەرانە چین ، پێویستە لە جەماوەردا هەبن ، بۆ هەڵبژاردنى سەرکردەى سەرکەوتوو .
«سەرکردەیەک بۆ هەمیشە»
ئەمە تێڕوانینى گەلى عێراقە بە گشتى بۆ کەسی سەرکردە ، لە وڵاتانى ئێمەدا جەماوەر ئامادەگیەکى خۆڕسکى هەیە بۆ قبوڵکردنى هەتاهەتایى سەرکردە ، لەمەش زیاتر پیرۆز کردن و بەکاریزما کردنى ، ئێمە حەز دەکەین سەرکردەیەکمان هەبێت ، دارعەساى پێغەمبەر (موسا) و پزیشکى پێغەمبەر (عیسا) و سامانى پێغەمبەر (سولەیمان) و تەمەنى پێغەمبەر (نوح) و دانایى و چاکسازى پێغەمبەر موحەمەد ( سەلامى خوایان لێ بێت ) هەبێت . هەمیشە حەز دەکەین وا لە سەرکردە بڕوانین . کەسێکە هەڵە ناکات ، گوناە ناکات ، ناعەدالەتى ناکات ، هەمیشە دادپەروەرە … هتد ، هەر قسەیەکیش ئەو بیکات ، پێشبینى دواڕۆژە و پێویستە بە ئاوەزێڕ بنووسرێتەوە ، ئەگەر لەو دیوى نەستەوە ( لاوعی ) سەیر بکەین ، ئەم تێڕوانینەى ئێمە بۆ سەرکردە لەوە سەرهەڵدەدات ، کە هەموومان لە ناخماندا حەز دەکەین ببین بە سەرکردە ! هەر ئەم حەزەشمان بۆ سەرکردە وامان لێ دەکات ، لە هەموو کەموکوڕى و نەنگیەکانى ببورین !
خەڵک نایانەوێت هەڵوێستى خراپ بەرامبەر کەسێک بنوێنن ، ڕۆژێک بە ئاواتى ئەوەن لە جێگەى ئەو بن! ئەمەش ئەو هەڵوێستە سەلبیەى خەڵکە وا دەکات دیکتاتۆر لەدایک بێت ، بۆیە دەکرێ بڵێین لەناو جەرگەى هەڵبژاردن دیکتاتۆر لەدایک دەبێت ! جگە لەمە ئەم خوێندنە هەڵەیەى خەڵک بۆ سەرکردە ، واى لێ دەکات ، وا هەست بکات ئەو تاکە سوارو تاکە ڕۆشنبیر و تاکە دانا و شایستەیە حوکمى وڵات بکات،و کەسێکیش وەک ئەو نیە و نابێت ، ئەو تاکە کەسە دۆزەخ و بەهەشتى سەر دونیا دیارى دەکات و لەناوچوونى ئەو قیامەتێکى گەورەیە ، بۆیە ئامادە نیە لە غەیرى ڕەنگى خۆى ، لە غەیرى دەنگى خۆى هیچ ڕەنگێک و دەنگێک قبولڕ بکات . ئەمانە فاکتەرى دروستکردنى سەرکردەى دیکتاتۆرێکن ، ئەو دیکتاتۆرەى کە هەموو ئاواتى ئەوەیە خۆى وەک دیموکراتخواز پیشان بدات !
ئەگەر خەڵک ئامادەگیەکى سروشتى هەبێت بۆ پیرۆز و بە کاریزما کردنى سەرکردە ، ئەوا لە بەرامبەریشدا چاوەڕوانى زۆرى لێ دەکرێت ، تا ئەو ڕاددەیەى وەک سوپەرمان و فریادڕەس و تاکە پاڵەوان سەیرى دەکات ، بۆیە هیچ کات ئامادە نیە بیر لە سەرکردەیەکی تر بکاتەوە . لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ، کە زۆربەى جەماوەر کوێرانە و لە ژێر فشارى سۆز دەنگ بە سەرکردەکان دەدەن ، بەبێ هەوڵدان بۆ ناسینى کاراکتەرى سەرۆک ، کەچى پێویستە سەرۆک چەند کاراکتەر و پێوەرێکى هەبێت ، ئینجا بتوانێت خۆى بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێرێ ، لەوانەش :
یەکەم :- زیرەکى ، سادە و ساکارى ، تواناى کۆنتـرۆڵکردنى خود و دەوروبەر .
دووەم :- دەبێت سەرکردە خاوەن ئیرادەیەکى گەورە بێت و نابێت لە هەڵوێستە هەستیارەکان و چارەنووس سازەکان ، بە ئاسانى خۆ بەدەست بدات و بەچۆک دابێت .
بەڵکو نابێت ووشەى « نابێ لە فەرهەنگى سەرکردەدا هەبێت ».
سێیەم :- گوێگرێکى باش بێت بۆ گلەیى و گازاندەى خەڵک و بۆچوونەکانیان و بەهەندیان وەربگرێت ، نەک خۆى بە گەورە بزانێت و تەنها خۆى پێ ڕاست بێت .
چوارەم :- وردبین بێت و بەردەوام ڕێگەچارەى ئەلتەرناتیڤى بۆ کێشەکان هەبێت و بڕیارى بە پەلە و بێ لێکدانەوە دەرنەکات ، چونکە پاشگەز بوونەوە لە بڕیارەکان ماناى لەدەست دانى باوەڕى خەڵکە ، پێویستە جێگیر بێت لە قسەکانى و ئەمڕۆ قسەیەک نەکات بەیانى لێى پەشیمان بێتەوە .
پێنجەم :- کەسێکى واقیع بین و گەشبین بێت و هەمیشە بڕواى بە ئاییندە هەبێت .
شەشەم :- دەبێت دەست و داوێن پاک بێت ، ئینجا دەتوانێت داوا لە خەڵک بکات دەست و داوێن پاک بن .
هەفتەم :- هەموو دەسەڵاتەکان لە ئەستۆى خۆى نەگرێت و بوار بە خەڵکى تر بدات ، بەشدارى دەسەڵات بکەن .
ئەمانە چەند کاراکتەرێکى گرنگن پێویستە لە سەرکردەدا هەبن ، تاکو بتوانێت سەرکردایەتى بکات ، لە هەمان کاتیشدا ببێتەى جێگەى متمانەى جەماوەر پێویستە لەو کەسایەتیە نارسیستیەى خۆى دەرچێت،و شەقام و کوچە و کۆڵان و پەرتووک و دیوار بە وێنە و ووتەى خۆى پڕبکاتەوە،و ئەو بەهەشتەى لەسەر حسێبى خەڵک دروستى کردووە بیڕوخێنێ،و بەهەشتێکى فراوانتـر دروست بکات،کە هەموو میللەت بگرێتەوە ، میللەتیش پێویستە لە م فانتازیەى خۆى دەچێت بۆ ئارەزوو بوون بە سەرکردە،و هەر کەسێک هەوڵبدات لە شوێنى خۆى سەرکردە بێت ، سەرکردەیەک بەو مانایەى خۆبەخشى و فیداکارى و هەست بە لێپرسراوى کردن .
بەشى دووەم / ڕۆڵى جەماوەر لە هەڵبژاردندا
لە هەر هەڵبژاردنێکى دیموکراسى و بێ خەوشدا جەماوەر کارایەکى کاریگەر و یەکلاکەرەوەیە،و چارەنووسى سەرکردە و حیزبەکان دیاریدەکات ، لە ڕوانگەى دەروونناسیەوە ڕاوەرگرتنى هەموو مرۆڤێک ، بیروڕاى ئەو کەسە بە خودى خۆى زیاتر دەکات ، بۆیە دەروونناسان ڕادەربڕینى سەربەستانە ، بە نیشانەیەکى کەسایەتى دروست دادەنێن ، کەوا ڕۆڵى دەبێت لە گۆڕانکاریەکانى ناو کۆمەڵگادا ، ئەگەرچى جەماوەر فاکتەرى سەرەکى سەرکەوتنى هەڵبژاردنە ، بەڵام زۆر جاران ڕۆڵى سەلبى دەگێڕێت لە پڕۆسەیەدا ، گۆستاف لۆبۆن ، خاوەنى کتێبى ( سایکۆلۆژیاى جەماوەر ) جەماوەر وەک ڕۆبۆتێک وەسف دەکات ، کەوا بۆچوونەکان هەموو وەردەگرێت ، یان ڕەتیان دەکاتەوە ، بەبێ ئەوەى بیریان لێ بکاتەوە ، یان گفتوگۆیان لەسەر بکات ، ئەم بە ڕۆبۆت بوونەى جەماوەر واى لێ دەکات وەلائى بۆ کەس نەبێت ، بەڵکو هەریەکێک بێتە سەر تەختى دەسەڵات چەپڵەى بۆ لێدەدات و ئاهەنگى بۆ سازدەکات ، تف و لەعنەتیش لەویتـر دەکات ، ئەمە مێژوویەکى بەردەوامى گەلى عێراقە ئەگەرى زۆرى هەیە لە داهاتوودا دووبارە بێتەوە .
سپینۆزاش بە چاوێکى ڕەشـبینانەوە سەیرى دیموکراسیەت دەکات،و پێى وایە یەکێک لە لایەنە خراپەکانى دیموکراسیەت ، هەوڵدانیەتى بۆ دانانى خەڵکى ڕاستالڕ ( عەوام ) لە دەسەڵاتدا ، زۆر جاران جەماوەر پووچتـرین و کەساسیتـرین خەڵک هەڵدەبژێرێ بۆ گەورەترین پۆستى دەسەڵات ، گۆستاف لۆبۆنیش لە هەمان کتێبى ( سایکۆلۆژیاى جەماوەر ) جەماوەر بە یەکەیەکى ناجێگیر وەسف دەکات و بەم پێیەش ناکرێ بڕیارێکى ئاوا هەستیار و چارەنووسساز بخرێتە بەر دەستى کەسانێک ، کەوا ژێردەستەى چەند ئارەزوو و سۆز و بڕیارى کاتین ، بۆیە دەڵێن ( ئەگەر جەماوەر بەرپرسى یەکەمى لەدایک بوونى جەماوەر بێت ، ئەوا باشتـرە ئەم هەڵبژاردنە بۆ کەسانى تر لێبگەڕێت )
جەماوەر هەموو شتێکى لە یەک چرکەدا دەوێت ، هەربۆیە بە ئاسانى لەلایەن ئەو کەسانەوە کۆنتـڕۆڵ دەکرێت ، کەوا دەزانن یارى بە هەست و سۆزەکانى بکەن ، یاخود لەگەڵ ئارەزووەکانى خۆیان دەیگونجێنن ، بەم پێیە جەماوەر دووربینانە سەیرى گۆڕەپانى سیاسى ناکات ، ئەو دەیەوێت ئێستا کەسێک هەبێت ئارەزووەکانى یاخود گیروگرفتەکانى چارەسەر بکات ، سبەى چى دەبێت با ببێت ، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار حیزبى دەسەڵات ، جەماوەر بە هەندێک مەسەلەى چارەنووسساز دەترسێنێ ، کە واى تێدەگەنێت ئەم مەترسیانە هەڕەشەى بوونى نیشتیمان دەکەن ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم مەترسیانە لەناوچوونى حیزبن نەک نیشتیمان ! گرفتى جەماوەر ئەوەیە شت زوو لەیاد دەکات،و فێڵى حیزبى سیاسیش ئەوەیە پێداویستیە بەپەلەکانى ڕۆژانەى خەڵک دابین بکات ! حیزبى دەسەڵات هەموو دەم هەوڵى داوە کۆنتـرۆڵى هەست و ویژدانى جەماوەر بکات ، هەموو دەم ترسى ئەوەى لا دروست کردووە ، کەوا هێزێکى ناوەکى یان دەرەکى هەیە و مەترسیە لەسەر بوونى ئەوان ، هەر بۆ هەمان مەبەستیش حیزبى دەسەڵات هەموو دەنگێکى ئۆپۆزۆسیۆن لە ناوەوە لەناو دەبات یان بێدەنگیان دەکات ، بە بیانووى مەترسى نەتەوەیى یان تابوورى پێنجەم و بەر لە هەڵبژاردن زیندانیەکانیان لێ پڕدەکاتەوە .
بەشى سێیەم / کاریگەرى پارتى سێیەم لە هەڵبژاردن و هەوڵى ئینتیما بوون :
پارتى سێیەم ، بەو پارتە دەوترێ کە لە دەرەوەى دەسەڵاتە و کۆشش دەکات بۆ دەسەڵات ، لەو وڵاتانەى کە پرۆسەى دیموکراسى و هەڵبژاردن تێیدا ئەنجام دەدرێت ، ڕۆڵى پارتى سێیەم لە ڕۆڵى جەماوەر کەمتـر نیە بۆ مانەوەى ئەو هێزانە لە دەسەڵات ، پڕۆفیسۆر دێڤید گلیپسى مامۆستا لە کۆلیژى پرستیارین لە کارۆلینیاى باشوور و نووسەرى بابەتى ( گەمەى سیاسى لە پەراوێزدا ) پێى وایە پارتى سێیەم شوێن پێى حکومەت قایمتـر دەکات ، ئەویش لە ڕێگەى هەناسەدان بەم کەسانە بەم دۆخەى ئێستا ڕازى نین ، ئەم پارتانە دەبنە سەکۆیەک بۆ ئۆپۆزۆسیۆنەکانى حکومەت ، تاکو لەوێوە گوزارشت لە غەم و مەینەتیەکانیان بکەن و ڕق و کینەى دڵیان هەڵڕێژن ، بەم جۆرەش پارتى سێیەم حیزبى دەسەڵات ڕزگار دەکات لەو توڕەییەى جەماوەر و شێوازى توندوتیژى زیاتر لە دژى حکومەتدا . گلیپس پێى وایە ئەوانەى لە پارتى سێیەمدا خۆیان هەڵبژێرن ، چانسى سەرکەوتنیان زۆر کەمە و دەکرێنە سێ گروپ .
یەکەمیان :- حیزبى ئایدۆلۆژى، ئەوەش حیزبە مارکسى و ئایینیەکان دەگرێتەوە ، ئەم حیزبانە چەندین ساڵ بەردەوام دەبن لە پڕۆسەى سیاسى،و هیچ هۆکارێکى لۆژیکیان نیە بۆ گەیشتن بە حوکم،و باوەڕیشیان نیە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەگەنە حوکم،و لایان زۆر گرنگ نیە ، تایبەتمەندى ئەم حیزبانە ئەوەیە ، دڵسۆزى بێ پایانیان هەیە بۆ بیروباوەڕەکانیان ، با ئەم بیروباوەڕە هى ڕێژەیەکى کەمى خەڵکیش بێت ، دڵسۆزى بۆ ئەم ڕێبازانە و بەردەوام بوون لەسەریان گرنگتـرە لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردن .
دووەم :- ئەو حیزبانەن ، کەوا پێیان وایە گرنگتـرین ڕۆڵیان بەشدارى کردنە لە بڕیارى سیاسى ، بەم جۆرەش دەتوانن گۆڕانکاریەک لە پڕۆگرامى حیزبى دەسەڵات دروست بکەن .
سێیەم :- ئەو پارتە لۆکاڵانەن ، کەوا لە شارێک یان چەند شارێک دروست دەبن و هیچ ڕۆڵێکیان نیە لەسەر ئاستى نەتەوە و نیشتمان .
حیزبى سێیەم ، لە بەرنامە و هەوڵەکانى بۆ هەڵبژاردن لەسەر بنەماى چاکسازى و گۆڕانکارى کاردەکات ، ئەم گۆڕانکاریەى کەوا ئەمڕۆ لە کوردستان بۆتە ناوى لیستێک دەبێت بەرنامەى هەمووان بێت ، بەڵام ئەوەى گرێى دەروونى لاى دەنگدەرى کورد و حیزبەکان بە گشتى دروست کردووە ، کە گۆڕان ماناى دۆڕان بێت ! لە کاتێکدا چەقبەستوویى هەر حیزبێک سەرەتاى ماڵئاواییەتى لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردن ، لە وڵاتانى جیهان زۆر ئاساییە مرۆڤێک لە دوو خول یان زیاترى هەڵبژاردن دەنگە بە قەوارەى جیاجیا بدات ، کەچى لاى ئێمە گۆڕان لە هەڵوێست مۆرکێکە و بە خیانەتى حیزب حسێب دەکرێ ، لە وڵاتێکى وەک تورکیا کاتێک بوڵاند ئەجەوید کەوا سەرۆکى پارتێکى چەپڕەوى سۆسیالیستە و بە زۆرینەى دەنگ دێتە سەر حوکم ، هەر چوار سالڕ دواى ئەوە ئەردۆگان کەوا سەرۆکى پارتێکى ئیسلامیە بە زۆرینەى دەنگ دێتە سەر حوکم ، دەنگدەرى تورکى شەرم لەوە ناکات لەسەر بنەماى ئایدۆلۆژى دەنگ بە کێ دەدات ، بەڵکو شەرم لەوە دەکات دەنگ بە حیزبێک بدات خزمەتى نەکات ، جگە لەوەش لاى تاکى کورد دۆڕان لە هەڵبژاردن شکستێکى گەورەیە و بردنەوەش سەرکەوتنێکى مەزنە ، بۆیە هەوڵدەدات هەمیشە براوە بێت ، ئەوە دەباتەوە هەوڵدەدات بە هەر شێوازێک بێت ، جارێکى تر تووشى شکستى دۆڕان نەبێتەوە ، ئەوەشى دۆڕاوە دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت ئەمجارە بباتەوە ، واتە مەسەلەکە تەنها بردنەوە و دۆڕان نیە ، بەڵکو شکست و سەرکەوتنە ، ئەم بۆچوونانەش وادەکەن ، ئەستەم بێت بتوانێت پیاوێک قەناعەت پێ بکەیت ، کە واز لە حیزبەکەى بهێنێت کەوا چەندین ساڵە لەناو دڵیدا ڕەگى داکوتاوە ، با حیزبەکەى گەندەلڕ و خراپتـرین حیزبیش بێت ، لێرەشدا کەسانى ڕۆشنبیر و خاوەن ئەزموون و بیرتیژ ، زیاتر بیر لە مەسەلەى چارەنووس دەکەنەوە ، وەک لەوەى لەسەر ڕاى پێشوویان بەردەوام بن .
زۆر جار لەم کێشمەى هەڵبژاردندا ، تاک هەست بە بوونى خۆى ناکات ، وەک ئەوەى ئەم هەڵبژاردنە هیچ پەیوەندیەکى بە ئەو یان چارەنووسى ئەو نەبێت ، ئەوەش جۆرێکە لە نامۆبوونى سیاسى یان بێ ئینتیمایى ، گەورەترین گرفتى سیاسى کورد ، نامۆبوونى جەماوەرە ، ئەم نامۆبوونەش شتێک نەبوو لەخۆڕاوە بێت ، بەڵکو لە ئەنجامى مێژوویەکى بەردەوامى دووبارە بوونەوەیە ، کاتێک دەسەڵاتدارانى حیزب بڕیاریاندا ئۆتۆمبێلەکانیان جام ڕەش بکەن ، تاکو چیتـر خەڵک سەیریان نەکات و ئەوانیش سیماى گرژى خەڵک نەبینن ، باڵاخانەکان ئەوەندە بڵند بکەن ، کەس نەتوانێت سەریان بۆ بەرز بکاتەوە و تیانڕامێنێ ، ئەم نامۆبوونەوە لەو ساتەوە بوو ، کاتێک حیزب بڕیاریدا وەک جێگرەوەى جەماوەر ڕۆڵى هەڵبژاردن ببینێت ، هەڵبژاردن لە پرۆسەیەکى جەماوەرى ببێتە پڕۆسەیەکى حیزبى ، حیزب هەموو کات بڕواى وایە ، جەماوەر لەو ئاستەدا نیە ، کە بتوانێت ئەو لایەنە هەڵبژێرى سوودمەندە بۆى ، بۆیە لە جیاتى ئەو پەنجە مۆر دەکات و فۆڕمەکات پڕدەکاتەوە ، ئیتـر چ پێویستە یەکێک خۆى ماندوو بکات و بچێتە مەڵبەندى دەنگدان ؟ حیزب تۆمەتى بێ ئینتیمایى دەخاتە پاڵ جەماوەر ، و خۆى هۆکارى ئەم بێ ئینتیماییەیە .
لە کۆتاییشدا پێویستە ئەوە بڵێین، کەوا هەڵبژاردن لە کوردستان پڕۆسەیەکى نوێیە و هەڵسەنگاندنى زیاترى دەوێ ، بەهیواى ئەوەى تاکى کورد بتوانێت وەک پێویست شایستەى دەنگدان بێت و جەماوەر و حیزبەکانى تریش قبوڵى حیزب یان لایەنى براوە بکەن و ئەم پرۆسەیەش بە دیموکراسى بەردەوام بێت .