مه‌لا كامه‌ران تیرۆرستە یان خۆپیشانده‌ر؟ ئەو پرسیارەی مەیدانی ئازادی و ئاسایش دروستیان کرد

0

كه‌یسی مه‌لا كامه‌ران له‌ نێوان تیرۆر و ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌راندا

نوچه‌نێت: سلێمانی

ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی، داوای ئازاد كردنی مه‌لا كامه‌ران ده‌كه‌ن، ئاسایشی گشتی (سلێمانی)یش رایده‌گه‌یه‌نێت، مادده‌ی دووی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر رووبه‌ڕووی مه‌لا كامه‌ران ده‌كرێـته‌وه‌.
مه‌لا كامه‌ران عه‌لی، كه‌سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانه‌، له‌ هه‌ینی یه‌كه‌می خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی رایگه‌یاند، به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی جیهاده‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی رووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن شاره‌زایانی ئاینییه‌وه‌، چونكه‌ شاره‌زایان پێیانوابوو، مه‌لا كامه‌ران له‌ رێگه‌ی ئاینه‌وه‌ خه‌ڵكی بۆ توندوتیژی هانداوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر كه‌سێك په‌نا بۆ كاری له‌و شێوه‌یه‌ ببات، به‌ یاسای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر دادگایی ده‌كرێت.
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌یدانی ئازادی رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وان له‌ كاتێكدا چاوه‌ڕوانی ده‌ستگیركردنی بكوژانی رووداوه‌ی 17ی شوبات و رۆژانی دواترییان كردووه‌، “به‌ڵام ده‌سه‌ڵات و میلیشیاكانییان رۆژ به‌ رۆژ ده‌كه‌ونه‌ وێزه‌ی گیانی هاونیتشتیمانییان و خۆپیشانده‌رانی كوردستان، به‌بێ‌ ره‌چاو كردنی یاسا و پره‌سیپه‌ دیموكراسی و مه‌ده‌نییه‌كان، ده‌ستگیرییان ده‌كه‌ن و ده‌یانخه‌نه‌ گۆشه‌ تاریكه‌كانی زیندانه‌وه‌”.
هه‌ر وه‌ها هاتووه‌ “له‌دواین هه‌وڵی نه‌زۆكیشیاندا میلیشیاكانی ده‌سه‌ڵات به‌فه‌رمانی ئه‌و داداگایه‌ی كه‌ تائیستاش فه‌رمانه‌كانی له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ پیشێل ده‌كرێن بۆجاری دووه‌م مامۆستا” كه‌مه‌ران عه‌لی” زانای ئاینی و به‌شداربوونی دیاری خۆپیشاندانه‌كانی مه‌یدانی ئازادیان بۆماوه‌ی سێ‌ ڕۆژه‌ ده‌ستگیر كردووه‌ و له‌وه‌ش سه‌یرتر ناوبرا و به‌پێێ‌ یاسای خۆپیشاندان ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام ڕاده‌ستی هێزی دژه‌ تیرۆری یه‌كێـتی كراوه‌ به‌پێی یاسای دژه‌ تیرۆر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا ئه‌م هێزه‌ی یه‌كێتی نایاساییه‌ و هیچ شه‌رعیه‌تێكی یاسای له‌هه‌رێمی كوردستاندا نیه‌، ده‌ستگیركردنی مامۆستا كه‌مه‌ران به‌هۆی به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌ی مانگێكه‌ سه‌رۆكی داواكاری گشتی سلێمانی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی به‌رپرسی لقی 4 پارتی ده‌كردوه‌ و به‌ڵام حیزب له‌بری به‌ده‌سته‌وه‌دانیپارێزگاری لێكردنیه‌وه‌ له‌ حكومی یاسا شاردراوه‌ته‌وه‌”.
هه‌روها له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی مه‌یدانی ئازادیدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، ئه‌وان سورن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانییان “ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی جگه‌ له‌وه‌ی به‌توندی ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی مامۆستا كامه‌ران عه‌لی ده‌كه‌ین، هاوكات سورین له‌سه‌ر داواكاری ده‌ستگریكردنی بكوژانی خۆپیشانده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن ملیشیاكانی یه‌كێتی و پارتیه‌وه‌ شه‌هیدكران”.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا، ئاسایشی گشتی (سلێمانی) كه‌ كۆپییه‌كی به‌ نوچه‌نێت دراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ مه‌لا كامه‌ران عه‌لی، خه‌ڵكی بۆ جیهاد هانداوه‌، بۆیه‌ وه‌ك ئاسایشی گشتی (سلێمانی) رایده‌گه‌یه‌نێت، “مادده‌ی دووی یاسایی به‌ره‌نگاربونه‌ی تیرۆری رووبه‌روو كراوه‌ته‌وه‌”.
له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایشدا هاتووه‌ “له‌ هه‌ندێك رۆژنامه‌و سایتی ئه‌له‌كترۆنیدا هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی ( مه‌لا – كامه‌ران عه‌لی ) وابڵاوكراوته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ناوبراو له‌ لایه‌ن ده‌زگای دژه‌ تیرۆره‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، ئێمه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی به‌ هه‌مولایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ سه‌ره‌تا (مه‌لا – كامه‌ران عه‌لی) له‌لایه‌ن كه‌رتی پۆلیسی سه‌راوه‌ به‌پێی مادده‌ی (10/خۆپیشاندان) ده‌ستگیركرا، پاشان له‌لایه‌ن دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌م ماده‌یه‌ گۆڕا بۆ مادده‌ی (2) ی تیرۆر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوبراو داوایكردوه‌ كه‌ (جیهاد) بكرێت.
به‌پێی ئه‌م ماده‌یه‌ش كه‌سی گیراو ره‌وانه‌ی لای ئێمه‌ كراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌پێی بڕیاری دادوه‌ری لێكۆلێنه‌وه‌ لای ئیمه‌ راگیراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و كێشانه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمانه‌وه‌ . بۆ ئاگاداریتان”.
چاودێرێكی سیاسی پێیوایه‌، مه‌لا كامه‌ران یه‌كێكه‌ له‌و مه‌لایانه‌ی كه‌سه‌ر به‌ ره‌وته‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئازادبوونی په‌یوسته‌ به‌ بارودۆخه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و وتی “مه‌لا كامه‌ران كه‌سێكی بێلایه‌ن نیه‌ له‌ رووداوه‌كان، بۆیه‌ ده‌ستگیركردنیشی په‌یوه‌سته‌ به‌و بارودۆخه‌ی كه‌ ئێستا درووست بووه‌ و تێیدا په‌یوه‌ندی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی به‌ره‌و ئاڵۆزی بردووه‌”، ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ پێیوایه‌ ئیسلامی سیاسی به‌كشێكن له‌و رووداوانه‌، بۆیه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “ئیسلامی سیاسی له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی ئاینه‌وه‌ هه‌وڵی نانه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌ده‌ن”.
ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، “ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ كه‌ناگیركردن یان په‌راوێزخستنی كۆمه‌ڵ، چونكه‌ تا ئێستا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی جدی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌كراوه‌ و هه‌وڵه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئیهمالییه‌كی پێوه‌ دیاره‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ یه‌كێـتی كه‌یسی مه‌لا كامه‌ران تێكه‌ڵ به‌و ململانێ سیاسییانه‌ بكات”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com