له هاوخه‌باتیه‌وه بۆ ته‌خوین
نه‌وشیروان مسته‌فا
له رۆژانی 29-31/10/2009 دا یه‌کێتیی نیشتمانی له هۆڵی ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی به ئاماده‌بونی 1600 که‌س چواره‌مین پلینۆمی به‌ست. هه‌ندێ که‌س، چاوه‌ڕێی ئه‌وه بون له‌م پلینۆمه‌دا پلانی چاککردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی حیزبه‌که‌یان له گه‌ڵ خه‌ڵک دابنێن، به‌ڵام ده‌رکه‌وت پلینۆمه‌که بۆ مه‌به‌ستێکی تر رێک خرا بو.
پێشتر قسه‌کانی “فه‌خامه‌تی سه‌رۆکی کۆماری عیراق و به‌ڕێز سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان” تاڵه‌بانی، كه له پلینۆم دا دژی من و هاوڕێكانم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دا كردبوی، به‌شێوه‌ی جیاواز به من گه‌یشتبو. هه‌ندێك له‌و قسانه له رۆژنامه‌كاندا بڵاوبونه‌وه و به‌ر گوێی زۆر كه‌س كه‌وت. به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی قسه‌كان به‌شێویه‌كی فه‌رمی بڵاونه‌كرانه‌وه، منیش وه‌ك شتێكی نه‌بو حسابم بۆ كردن و به توڕه‌بون و هه‌ڵچونێكی كاتیم له قه‌ڵه‌م دان كه پێویست نه‌كات وه‌ڵام بدرێنه‌وه. به‌ڵام ئێستا كه كۆی ئه‌و قسانه له هه‌مو ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیدا بڵاوكرانه‌وه ناچارم و به پێویستی ئه‌زانم وه‌ڵامی زۆری ئه‌و تۆمه‌تانه بده‌مه‌وه كه تاڵه‌بانی بۆ خودی خۆم و هاوڕێكانم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ریزی كردوه.
لێره‌دا به راشکاوی ئه‌ڵێم: پێم ناخۆشه ئاستی په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا گه‌یشتۆته ئه‌م ئاسته‌ی وتوێژ كه هه‌ر هه‌موی تۆمه‌تباركردن و “ته‌خوین” ه. پێم ناخۆشه پاش 40 ساڵ له ته‌مه‌نی هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چیتر له ژێر چه‌تری یه‌ک رێكخراودا پێکه‌وه كار ناكه‌ین، به “زمانی ته‌خوین” قسه له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ین.
من نه تاڵه‌بانی و نه هیچ سه‌ركرده و نه هیچ سیاسیه‌كی كوردم به خائین و دژی كوردستان و به “كلكگرێدان له‌گه‌ڵ جاش و به‌عسیه‌كاندا” تاوانبار نه‌کردوه وه‌ك ئێستا تاڵه‌بانی من و هاوڕێكانمی پێ تاوانبار ئه‌كات. ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه ئه‌وه‌یه سیاسه‌تی تاڵه‌بانیمان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزب و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات پێ راست نه‌بوه و پێ دروست نیه. بڕوامان وایه ئه‌م سیاسه‌ته نابێته هۆی به‌دیهێنانی ئه‌و دروشمه سه‌ره‌كیانه‌ی هه‌زاران رۆڵه‌ی كورد خۆیان له‌پێناویدا کرده قوربانی که ئه‌ویش: “دروستبونی وڵاتێكی دیموكرات و دادپه‌روه‌ر و ئازاد كه كه‌رامه‌تی هه‌مو هاوڵاتیانی تیا پارێزراو بێت.”
ئێمه سیاسه‌تی تاڵه‌بانیمان پێ راست نیه و چه‌وته. به‌ڵام نه به خائین و نه به دوژمنی خۆمان و نه به به‌كرێگیراو و نه به ده‌ستی ده‌ره‌كی ئه‌زانین. که‌چی ئه‌و ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند كورسیه‌كی په‌رله‌مانی به ئێمه دۆڕاندوه، پێ له 40 ساڵ هاوخه‌باتی و هاوسه‌نگه‌ری ئه‌نێت و وه‌ك دوژمن و ناحه‌زی كوردستان وه‌سفمان ئه‌كات. چونكه ئه‌و قسانه‌ی تاڵه‌بانی له پلینۆم دا له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی خۆم کردویه‌تی سنوره‌كانی ره‌خنه‌ی سیاسی به‌زاندوه و سه‌رئه‌كێشێ بۆ تۆمه‌تباركردنێكی سه‌رتاسه‌ری كه ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌كێكیشیان راست بێ، هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌كه و لایه‌نگرانی په‌لكێشی دادگا ئه‌كات و ره‌نگه روبه‌روی حوكمی له سێداره‌دانیشیان بكاته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه تاڵه‌بانی كه‌سێكی ئاسایی نیه و ناكرێت قسه‌كانی بێ وه‌ڵامدانه‌وه بڕۆن، ناچارم لێره‌دا وه‌ڵامی هێڵه گشتیه‌کانی ئه‌و تۆمه‌تانه بده‌مه‌وه كه له راپۆرته‌كه‌ی پلینۆم دا بۆ خۆم و هاورێكانمی هۆنیوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌رچی تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا روداوه‌کانی زیاتر له 30 ساڵی به تێکه‌ڵوپێکه‌ڵی گێڕاوه‌ته‌وه که وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لێدوانی زۆر زیاتری هه‌ڵئه‌گرت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه درێژتر نه‌بێ هه‌ڵم گرت بۆ کاتی خۆی.
ئه‌شی کوژێ و بۆیشی ئه‌گری
تاڵه‌بانی له‌راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
“له‌ناو خۆشمان‌دا، بێ ئاگادارى سكرتێرى گشتى و نیوه‌ى (م.س)و ناوه‌ندى كۆمه‌ڵه‌ش، بڕیارى كوشتنى خه‌ڵكى له‌شارو له‌لادێ ده‌رده‌كرد. ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆیه‌كى گه‌وره‌ى ناكۆكى ئێمه‌مانان له‌گه‌ل هێڵى نه‌وشیروان له‌ساڵى (1981)هوهلهناو كۆمه‌ڵه‌دا. تا كار گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ى هه‌ڕه‌شه‌مان كرد بهبهجێهێشتنى ولات ئه‌گه‌ر كوشتار له‌شارو له‌لادێ رانه‌وه‌ستێت، هه‌رچه‌نده، سه‌ره‌تا ئه‌نجامدانى ئه‌و تاوانانه‌و گه‌لـێ بڕیارى ترمان لـێ ده‌شاردرایه‌وه، به‌لام سه‌ره‌نجام، دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م، له‌رێگه‌ى به‌رپرسانى گه‌وره‌ى ناو شاره‌وه، راستیه‌كانمان هه‌موو زانى و چیكهفڕوفێل دادى نه‌ده‌دا. ئه‌م راستیانه‌ش واى لێكردین بتوانین دوا سنوور بۆ پاكتاوى جه‌سته‌یى ناڕه‌وا دابنێین! ئه‌مه یه‌كه‌مین ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى ناڕاسته‌وخۆى گرنگى نێومان بوو، له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وانى توندوتیژى.”
له سه‌ره‌تاوه ئه‌ڵێم: من وه‌کو هه‌ندێ که‌س نامه‌وێ پاکانه‌ی درۆ بکه‌م!
له‌ساڵی 1975 ه‌وه که، له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و ئه‌ندامانی تری ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتیی نیشتمانی، ده‌ستمان کرد به‌دانانی رێوشوێنی خه‌باتی سیاسی – چه‌کدار و، له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش دا هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی کورد، من وه‌کو یه‌کێ له به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه، له‌ساڵی 1975 ه‌وه تا ساڵی 1991 که به راپه‌ڕین کۆتایی هاتوه، به‌ئه‌ندازه‌ی مه‌سئولیه‌تی خۆم لهجوڵانهوهکهدا، ئۆباڵی ئه‌ده‌بی و ئه‌خلاقی و سیاسی هه‌مو روداوه‌کانی شۆڕشه‌که و، هه‌مو ئه‌وانه‌ی که له ئه‌نجامی ئه‌م شۆڕشه‌دا کوژراون یا زه‌ره‌رمه‌ند بون، له هه‌ر لایه‌ک بوبن، له ریزه‌کانی یه‌کێتی دا بوبن، یان له ریزه‌کانی لایه‌نه‌کانی تری شۆڕشی کوردا بوبن، یان هاوڵاتی ئاسایی بوبن، یان له ریزه‌کانی حکومه‌تی عیراق دا بوبن، هه‌ڵئه‌گرم و، له‌به‌رده‌م که‌سوکاری ئه‌وانه‌دا و، له‌به‌رده‌م دادگای مێژوی نه‌ته‌وه‌که‌م دا و، له‌به‌رده‌م دادگای خوای گه‌وره‌دا ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌م.
ئه‌بو هه‌ر که‌سێ ئه‌و قسه‌یه‌ی بکردایه تاڵه‌بانی قسه‌ی وای نه‌کردایه!
ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی من و چه‌ند که‌سێکی که تاوانبار بکات به کوشتنی چه‌ند که‌سێ له شار و له لادێکانی کوردستان دا، ئه‌ی کێ به‌رپرسه له کوشتنی سه‌دان هه‌زار کورد که به درێژایی ساڵانی 1961 – 1975 و 1975 – 1991 و 1991- 2001 کوژراون؟
کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه: کێ به‌رپرسه من یا سه‌دام؟
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
“له‌ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه سیاسى و فكرییهدا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى زۆرمان له‌گه‌ل سهدامییهكاندا هه‌بوو، به تایبه‌تى سیاسه‌تى سه‌دام له جه‌نگى عێراق- ئێران‌دا، سروشتى فاشیانه‌ى رژێم ئاشكرا ده‌ركه‌وتبوو، ده‌ریش كه‌وتبوو كه ئه‌م فاشیستانه له هیچ تاوانێك نهدهسڵهمینهوه، مفاوهزاتهكهشمان له‌گه‌ل رژێم ساڵێك بوو به‌هۆى شۆڤێنیه‌تى به‌عسى سه‌دامى و ته‌كنه‌لۆژیاى جه‌نگی و فشاره ئیقلیمیهكه، شكستى خواردبوو، ئه‌و هه‌موو راستیانهمان ده‌زانى، بۆیه ده‌بوو ژیرانه‌تر ههڵبسوڕێین و كه‌مترین پاساو بده‌ینه ده‌ست فاشیه‌كان، كه‌چى له‌و كاته‌دا، نه‌ك نه‌مانتوانى جیاوازیه‌كان و هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به سكرتێرى كۆمه‌ڵه كه‌مبكرێنه‌وه، به‌ڵكو ناوبراو ناكۆكیه‌كانى له مه‌یدانى سیاسهتو فكره‌وه، گه‌یانده ئاستێكى ترسناك، ئه‌ویش بوارى عه‌سكه‌رییه، بڕیارى ههرهمهترسیداریش له‌و كاته‌دا، ئه‌وه بوو به‌بێ ره‌زامه‌ندى سكرتێرى گشتى، كه فه‌رمانده‌ى گشتى هێزى (پ.م)ش بوو، به‌ڵكو به‌بێ ره‌زامه‌ندى زۆربه‌ى مه‌كته‌بى سیاسی و سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیش، فه‌رمانى عه‌سكه‌رى دابوو به فه‌رمانده‌و هه‌ڤالانى ده‌ڤه‌رى هه‌ڵه‌بجه، كه وه‌كو به‌شێك له هاوكێشه عهسكهرییهكانى جه‌نگى عێراق – ئێران هه‌وڵى رزگاركردنى هه‌ڵه‌بجه بده‌ن. گوایه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گوشار بوو بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تى كه رژێم په‌لامارى ده‌دا. ئه‌م بڕیاره‌ش به‌و شێوه‌یه، به‌بێ لێكدانه‌وه‌ى هه‌لومه‌رجى جهنگهكهو سروشتى فاشیانه‌ى سه‌دامیه‌كان له دوو ساڵى كۆتایى جه‌نگه‌كه‌دا، پاساوى دایه ده‌ست سه‌دام كه سروشته فاشیهكهى به‌رۆژى روناك، به‌بێ دوودڵیى له شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا جێبه‌جێ بكات. كه ئه‌گه‌ر هاتباو ئه‌م نه‌خشه‌یه له مه‌كته‌بى سیاسی و له‌گه‌ڵ سكرتێر‌و فه‌رمانده‌ى گشتی (پ.م)دا، باسكراباو تاوتوێ بكرایه، بێگومان رێگه نه‌ده‌درا رێگه‌ى وا بگیرێته به‌ر. به‌ڵكو هه‌ول ده‌درا نه‌خشه‌و تاكتیكى عه‌سكه‌رى گونجاوتر له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بگیرێته به‌ر. به تایبه‌تى حكومه‌ت پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ى بۆ ناردبوین كه هه‌ر په‌لامارێك له‌گه‌ل پاسداران بۆ سه‌ر هه‌ر شوێنێك، به به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى جوابى ده‌بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر شارى سلێمانیش بێت. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌م راستیانه‌ش، ئۆباڵى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رانسه‌رى كوردستان، له ئه‌ستۆى به‌عسى سهدامدایه.
كه كاره‌ساته‌كه روویداو حوكمى دیكتاتۆرى هه‌ڵه‌بجه‌ى دایه به‌ر چه‌كى كیمیاوى، ناڕه‌زایى له‌سه‌ر سه‌پاندنى بڕیاره‌كه، كه به‌بێ ره‌زامه‌ندى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌ركرابوو، له‌لایه‌ن چه‌ندین هه‌ڤاڵه‌وه به‌رزبۆوه. به‌لام تازه كار له كار ترازابوو.”
له‌مێژه وتویانه سه‌ركه‌وتن هه‌زار باوكی هه‌یه به‌ڵام شكان هه‌تیوه.
تاڵه‌بانی له‌مێژ بو گه‌یشتبوه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی رژێمی به‌عس له عێراق ئه‌وه‌نده به‌هێز بوه كه موعاره‌زه‌ی عیراقی، به کورد و بهئهویشهوه، له توانایدا نیه بیرۆخێنێ. باوه‌ڕی وابو روخانی رژێمی سه‌دام به “عامیلی خاریجی” و به “هێزی ده‌ره‌کی” ئه‌كرێت. هه‌ر بۆیه بایه‌خێكی تایبه‌تی ئه‌دا به سوریا‌و لیبیا به هیوای سازدانی ئینقیلابی عه‌سکه‌ری. كه له‌وان بێ ئومێد بو په‌نای برده به‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران كه ئه‌و کاته له‌گه‌ڵ جه‌یشی عێراق، له جه‌نگێكی خوێناویه‌وه گلا بو، به‌شکو به هاوكاری جه‌نگی و سیاسی ئیران، عێراق بروخێ.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م ستراتیجیه‌دا هێشتا مفاوه‌زاتی یه‌کیتی به ته‌واوی له‌گه‌ڵ عێراق کۆتایی نه‌ها تبو، له هه‌وڵی دامه‌زراندنی پێوه‌ندی دا بو له‌گه‌ڵ ئێران.
دوای چه‌ندین هاتوچوی نوێنه‌رانی هه‌ردولا و، دوای چه‌ندین هه‌ڵکشان و داکشان له دانوستانه‌کانی نوێنه‌رانی هه‌ردولادا زه‌مینه‌ی پێکهاتن ساز بو. تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ شاندێکی یه‌کێتی که پێک هات بو له فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، دکتۆر که‌مال خۆشناو، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، شێردڵ حه‌وێزی… چوه تاران.
له‌مانگی 10 ی 1986 دا له‌تاران، به نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی له لایه‌ن تاڵه‌بانی و به نوێنه‌رایه‌تی ئێران له لایه‌ن محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در (فه‌رمانده‌ی ئه‌وسای قه‌رارگای ره‌مه‌زان) رێککه‌وتنێکی جه‌نگی و سیاسی و لۆجستی بۆ هاوکاری و هاوئاهه‌نگی هێزه‌کانی هه‌ردولا دژی جه‌یشی عێراق له هه‌مو بواره‌کان دا ئیمزا كرا.
به پێی ئه‌م رێكه‌وتنه ئه‌بو هێزه‌كانی یه‌كێتی له هه‌مو بوارێكی جه‌نگی دا، هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران بكا و، تا روخانی سه‌دام درێژه به شه‌ڕ بدا و بێ ئاگادرای ئێران و ره‌زامه‌ندی ئه‌و هیچ مفاوه‌زه‌و ئاشتیه‌ک له‌گه‌ڵ عیراق نه‌کا.
دوای ئه‌م رێککه‌وتنه زنجیره‌یه‌ک عه‌مه‌لیاتی عه‌سکه‌ری هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی و لایه‌نه‌کانی تر له‌گه‌ڵ سپای پاسداران به ئاشکرا له ژێر ناوه‌کانی “فه‌تح” و “نه‌صر” و “فه‌جر” … ده‌ستی پێ کرد‌و به‌دوی ئه‌ویش دا ده‌یان عه‌مه‌لیاتی تر ئه‌نجام درا، که‌یه‌کێکیان “داستانی رزگاری” بو له ناوچه‌ی چوارتا نزیک باره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، که له ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی خودی تاڵه‌بانی دا بو، به هاوکاری و هاوئاهه‌نگی راسته‌وخۆ له گه‌ڵ محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در، دواتر سه‌رۆکی ستادی سپای پاسداران، و عه‌لی شه‌مه‌خانی، دواتر فه‌رمانده‌ی نیروی ده‌ریایی ئینجا وه‌زیری دیفاع.
هه‌ر هاوكاری‌و هاوئاهه‌نگیه‌ك له نێوان من یان هه‌ر سه‌ركرده یان فه‌رمانده یا پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئیران كرابێ، به پێی ئه‌م رێكه‌وتنه بوه، كه ئاغای تاڵه‌بانی ئیمزای كرد بو. پاکانه به بیانوی بێئاگاییه‌وه له‌م عه‌مه‌لیاته، له لێپرسراوێتی سیاسی و قانونی ئه‌و که‌م ناکاته‌وه، هیشتا سه‌دان که‌س له ئاگاداره‌کانی ئه‌و په‌یوه‌ندی و هاوکارییانه شایه‌تی زیندون و، پاکانه‌ش بۆ سه‌دام و رژێمی به‌عس، به بیانوی ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی پێشه‌کییان لێ کردوه، هیچ له لێپرسراوێتی سه‌دام و هاوڕێکانی که‌م ناکاته‌وه، ئه‌وه دادگای تاوانه‌کان له به‌غداد خه‌ریکی لێپرسینه‌وه‌یه.
پێش هه‌ڵه‌بجه له چه‌ندین مه‌یدانی جه‌نگیدا له پارێزگاكانی سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ولێر، دیاله… كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران كرابو،ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه كه به وێرانكردنی هه‌ڵه‌بجه و قڕکردنی خه‌ڵکه‌که‌ی ته‌واو بو به‌شێك بو له نه‌خشه‌یه‌كی جه‌نگیی فراوان بۆ ئازادكردنی ناوچه‌کانی هه‌ڵه‌بجه، قه‌ڵادزه، رانیه، دوكان‌و چوارتا… كاتێك كه ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه له ئه‌نجامی كیمیابارن دا بو به كاره‌سات، واز له جێبه‌جێكردنی ته‌واوی نه‌خشه‌كه هێنرا.
پێش هه‌ڵه‌بجه حكومه‌تی به‌عس که‌م جێگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه هه‌بو کیمیابارانی نه‌کردبێ، چه‌ندین ناوچه‌ی له خۆشناوه‌تی، بیتوێن، پشده‌ر، به‌ری مه‌رگه، دۆڵی جافه‌تی، به‌ری قه‌ره‌داغ، بادینان، ده‌شتی كۆیه، ده‌شتی كه‌ركوك… كیمیاباران كردبو. حكومه‌تی به‌عس ته‌نیا به ته‌سلیمبون و کۆتاییهێنان به شۆڕش ده‌ستی له كیمیاباران هه‌ڵئه‌گرت، به تایبه‌تی له سایه‌ی بێده‌نگی ئهمهریكاو زلهێزه‌كانی دنیادا.
ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی تاڵه‌بانی باسی ئه‌كات ئه‌گه‌ر به‌و گه‌یشتبێت، به من نه‌گه‌یشتوه، چونکه ئه‌و زه‌مانه به‌عس هیچ رێگه په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ من نه‌بو تا ئه‌و هه‌واڵه‌م پێ بگه‌یه‌نێ، ئاغای تاڵه‌بانیش شتی وای به ئێمه نهوتبو.. ئۆباڵی گوێنه‌دان به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه، ئه‌گه‌ر راست بێ، له ئه‌ستۆی ئه‌ودایه.
پێویست ناكات له سه‌ر كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه درێژه‌ی پێ بده‌م، چونكه خوالێخۆشبو شه‌وكه‌تی حاجی موشیر كتێبێكی له ژێر سه‌رناوی “کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه – به‌هاری 1988″ له سه‌ر نوسیوه و ساڵی 1998 له‌سه‌ر ئه‌ركی تاڵه‌بانی له سلێمانی چاپی كردوه.
هه‌ركه‌س ئه‌و كتێبه بخوێنێته‌وه ئه‌زانی كه:
فه‌رمانده‌ی عه‌سکه‌ری عه‌مه‌لیاته‌كه شه‌وكه‌تی حاجی مشیر بوه و،
لێپرسراوی سیاسی عه‌مه‌لیاته‌که دكتۆر فوئاد مه‌عسوم و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بون و،
لێپرسراوی لۆجستی عه‌مه‌لیاته‌که ساڵح محه‌مه‌د ئه‌مین بوه.
یه‌کێ له‌و به‌ڵگانه‌ی له‌م کتێبه‌دا بڵاو کراوه‌ته‌وه وێنه‌ی نامه‌یه‌کی فوئاد مه‌عسومه بۆ شه‌وکه‌ت که تیا نوسیوه: “هومێدی سه‌رکه‌وتنت بۆ ده‌که‌م له کاره پیرۆزه‌که” دا که ناڕاستیی هه‌مو قسه‌کانی تاڵه‌بانی ئه‌سه‌لمێنێ.
ئه‌و زه‌مانه مه‌كته‌بی سیاسی پێكهاتبو له 5 ئه‌ندام: سكرتێری گشتی، دو نوێنه‌ری شۆڕشگێران – كه فوئاد مه‌عسوم و نازم عومه‌ر بون و، دو نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه – كه یه‌كێكیان من‌و ئه‌ویتریان فه‌ره‌یدون بو.
عه‌مه‌لیاتی وا گه‌وره كه سه‌دان فه‌رمانده و بهرپرسو چه‌ندین لایه‌نی سیاسی كوردستانی‌و عێراقی (پارتی، سوشیالیست، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، فه‌یله‌قی به‌در) ی تێدا به‌شدار بێت، باره‌گای چه‌ندین لایه‌نی سیاسی ئێرانی (له‌وانه دیموكرات‌و كۆمه‌ڵه) بکه‌وێته به‌ر مه‌ترسی، نه‌ئه‌كرا بێ ئاگاداری‌و ره‌زامه‌ندی سه‌ركردایه‌تی یهكێتیو به تایبه‌تی شه‌خسی تاڵه‌بانی ئه‌نجام بدرێت. خۆ بێئاگاكردنی ئاغای تاڵه‌بانی له‌و مه‌سه‌له‌یه چه‌واشه‌كاریه‌كی ئاشكرایه له‌به‌رده‌م ته‌وژمی روداوه‌كاندا خۆی ناگرێت.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه ئێمه به دڵی شکاو و ده‌رونی برینداره‌وه باسی ئه‌وه‌مان ئه‌كرد چۆن هه‌وڵی ”ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه” بو به “كاره‌ساتێكی ئینسانی”، ئاغای تاڵه‌بانی بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ئه‌یوت: “کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه مه‌سه‌له‌ی كوردی برده ناو مه‌یدانی ناودهوڵهتیهوه… ئاخ بۆ دووسێ هه‌ڵه‌بجه‌ی تر”.
بوشی باوک: رزگاری بۆ کوه‌یت و فیدرالی بۆ کوردستان!
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
“ئه‌مریكیه‌كان به سكرتێرى گشتى ى.ن.ك یان راگه‌یاند، كه ئه‌گه‌ر بێت و هاوكارى هێزى هاوپه‌یمانان بۆ رزگاركردنى كوێت بكه‌ن، ئه‌وا هه‌م یارمه‌تییه‌كى باشى چه‌ك و ماددى ده‌ده‌ن بهكوردو هه‌م پاشان فیدرالیهتیشى له عیراقدا بۆ ده‌سه‌لمێنن و ده‌سه‌پێنن. سكرتێرى گشتیش، داواى له نه‌وشیروان كرد، كه له‌گه‌ل هه‌ڤالانى سه‌ركردایه‌تى و پارتیش دراسه‌ى بكه‌ن و وهلامى بده‌نه‌وه. ئه‌ویش وا وهلامى سكرتێرى گشتى دایه‌وه: كه ئه‌وه په‌سه‌ند نییه، چونكه سه‌دام هه‌ر به خۆشى له كوێت ده‌كشێته‌وه‌و شه‌ڕه‌كه‌ش تووشى ئێمه ده‌بێت. به‌م هه‌ڵوێسته هه‌ڵه‌یه هه‌ڵێكى مێژوویى له كیس كورد دا، ئه‌گینا دواى رزگارى كوێت، به‌تایبه‌تى كه‌زۆربه‌ى زۆرى كوردستان‌مان رزگاركردبوو، فیدراڵمان بۆ ده‌چه‌سپا.”
تاڵه‌بانی له‌پێش ده‌ست پێكردنی عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفاله‌وه به 3 مانگ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی كردبو، له كاتی راوه‌ستانی شه‌ڕی عێراق‌و ئێران‌دا ئه‌و چه‌ند مانگ بو خۆی له‌ده‌ره‌وه ئهگنخاند، هه‌میشه بیانوی ناڕاستی دائه‌تاشی بۆ مانه‌وه‌ی هه‌رچی درێژتری له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
تاڵه‌بانی له کاتی هێرشی جه‌یشی عیراق دا بۆ سه‌ر کوه‌یت له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بو. له‌دوای داگیركردنی كوه‌یت سه‌فه‌ری ئه‌مه‌ریكای كرد. به بروسكه ره‌ئی منیشی پرسی، که له‌وێ داوای چی بکا. من سهفهرهكهیم پێ باش بو. پێشنیارم بۆ كرد هه‌رچیه‌كی پێ ئه‌كرێت بۆ دژایه‌تی رژێمی به‌عس و بۆ روخاندنی بیكات، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆری میلله‌ته‌که‌مان له ئۆردوگاکان دا وه‌کو دیلی جه‌نگ کۆکراونه‌ته‌وه و چه‌ندین هاوڕێمان له زیندانه‌کانی به‌عس دان، خۆی له “ته‌سریحاتی رۆژنامه‌وانیی ئیستیفزازی” بپارێزێ. هه‌رچیش به ئێمه ئه‌كرێت بیكه‌ین. له‌و کاته‌دا ئێمه، له قاسمه‌ڕه‌ش، به‌وپه‌ڕی جدیه‌ته‌وه، خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردن بوین بۆ راپه‌ڕین. ورده‌کاری نه‌خشه‌ی کاره‌کانی خۆمان بۆ سازدانی پێشمه‌رگه و راپه‌ڕاندنی خه‌ڵک له شاره‌کان، به نوسین و به‌درێژی، به ده‌ستی، به دانای ئه‌حمه‌د مه‌جیدا، که ئه‌وسا نوێنه‌ری یه‌کێتی بو له کرماشان، بۆ ناردبو بۆ دیمه‌شق، ئه‌ویش سوریه‌كانی لێ ئاگادار کرد بو.
ئیداره‌ی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکی بوشی باوك، له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا، ئاماده نه‌بو نه تاڵه‌بانی و نه هیچ كه‌سێكی تری موعاره‌زه‌ی عیراقی ببینێ، چونكه ئامانجی ئه‌مه‌ریكا له‌و شه‌ڕه‌دا ته‌نیا ده‌ركردنی جه‌یشی عێراقی بو له كوهیتو رزگاركردنی كوه‌یت بو له داگیركردنی عێراق. روخانی رژێمی بهعسو لابردنی سه‌دام له‌به‌رنامه‌ی ئه‌مه‌ریكادا نه‌بو، چونكه ئه‌مه هاوسه‌نگی هێزه‌کانی نێوان ئێران- عێراق و ئێران- خلیجی تێك ئه‌دا.
وتاره‌کانی بوشی باوك و وته‌بێژه‌كانی كۆشكی سپی و پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رۆژانی كۆڕه‌ودا، كه رای گشتی جیهانی وروژا بو داوای ده‌ستێوه‌ردانی جیهانییان ئه‌کرد، ئه‌م راستیه ده‌رئه‌خه‌ن. ئه‌وان به ئاشكرا ئامانجی خۆیان رونكرده‌وه. هه‌ركه‌س بیه‌وێ له‌راستی ئه‌مه بكوڵێته‌وه ئه‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئارشیفی قسه‌كانی ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆك بوش كه وتی: “من ئاماده نیم یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی بنێرم بۆ ناو زه‌لكاوی عێراق”.
تاڵه‌بانی لهسهفهرهكهی ئه‌مه‌ریكادا ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی زۆری داب‌و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی ببینێ، ته‌نانه‌ت بۆ خۆنزیككردنه‌وه له كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی، به‌رتیلێکی سیاسی خۆڕایی دابونێ. ته‌سریحێكی ئاگرینی دا كه له “واشنتۆن پۆست” دا بڵاوكرابوه‌وه وتبوی: “ئه‌گه‌ر سه‌رۆك بوش رازی بێ 10 هه‌زارکه‌س له پیاوه‌كانم ئه‌نێرم بۆ کوه‌یت شان به شانی سپای ئه‌مه‌ریكی شه‌ڕی جه‌یشی عێراق بكه‌ن…”
تاڵه‌بانی به هۆی چه‌ند رۆژنامه‌نوسێكی ناسراوه‌وه وه‌ك جوناسان راندال كارمه‌ندێكی بچوكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی له‌چایخانه‌یه‌ك دا بینی بو، ئه‌ویش به ئاشكرا و، بێ هێچ پێچوپه‌نایه‌ک، پێی وتبو: “ئه‌مه‌ریکا له‌و کاته‌دا ئاماده نیه له‌گه‌ڵ موعارزه‌ی عێراق په‌یوه‌ندی دروست بكا”.
مه‌سه‌له‌ی ئه‌م به‌ڵێنه‌ی كه به‌و دراوه حیكایه‌تێكه خۆی دروستی كردوه، به‌مه گه‌ره‌کێتی سۆزی هاوڵاتیانی كوردستان بۆ سودی خۆی و سه‌لماندنی گرنگیی سه‌فه‌ره بێهوده‌کانی به کار بهێنێ، وا له خه‌ڵک بگه‌یه‌نێت كه ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریكاش – وه‌ك ئیداره‌ی سیاسی سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیه‌كی خۆی ـ بێ سه‌روبه‌ره‌و ئه‌ویش بێ ره‌زامه‌ندی ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کانی كۆنگرێس و سێنات و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و وه‌زاره‌ته‌كانی بهرگریو ده‌ره‌وه، ئه‌توانێ به‌ڵینی درۆ به‌م و ئه‌و بدات.
نه ئه‌و سه‌رده‌مه، سه‌رۆك بوشی باوك و، نه دوای ئه‌ویش سه‌رۆك كلینتۆن و، نه‌دوای ئه‌وانیش سه‌رۆك بوشی كوڕ و، نه ئێستاش سه‌رۆك ئۆباما، هیچكامیان به‌ڵینی له‌و بابه‌ته‌یان به تاڵه‌بانی و به هیچ كوردیكی تر نه‌داوه.
سه‌رۆك بوشی باوک و كاربه‌ده‌سته باڵاكانی سه‌رده‌می ئه‌و هه‌مویان زیندون. ئه‌گه‌ر بشمرن ئارشیفی به‌ڵگه‌كانیان له‌ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان دا ئه‌مێنێ. لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌وانێكی وریا ئه‌توانێ بچێته بنجوبناوانی ئه‌م قسه‌یه‌ی تاڵه‌بانی و ده‌رئه‌كه‌وێ كه شوبهاندنی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی له به‌خشینی بهڵینو پاره‌و چه‌ك و پشتیوانی، كه له ئه‌مه‌ریکا، به پرۆسه‌یه‌كی قانونی درێژدا تێ ئه‌په‌ڕێ و، شوبهاندنی به ئیداره‌ی كوردی كه به ئاره‌زوی خۆی ئه‌توانێ ئه‌و شتانه بێ پرۆسه‌ی قانونی و په‌رله‌مانی تێپه‌ڕێنێ، درۆیه‌كی چه‌ند زله بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتی كوردی.
خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی به‌ڵێنی وه‌های پێ درا بو ئه‌بو ئاگاداری سه‌رکردایه‌تی “به‌ره‌ی کوردستان” ی بکردایه و، به پێشنیارێکی فه‌رمی ره‌وانه‌ی سهرکردیاتی به‌ره‌ی کوردستانی بکرایه، بۆ ئه‌وه‌ی تاوتوێی بکات و بڕیاری لێ بدات. چونکه سه‌رکردایه‌تی به‌ره پێکهاتبون له سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ک به ته‌نیا بڕیاری کاری چاره‌نوسساز نه‌دا، به تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌سعود بارزانی به‌رپرسی یه‌که‌می کاروباری به‌ره بو له کوردستان و تاڵه‌بانی به‌رپرسی کاروباری هه‌نده‌ران بو. من به‌شبه‌حاڵی خۆم له‌م راپۆرته‌دا ئه‌و حیکایه‌ته‌م خوێندۆته‌وه. بۆ خۆشبه‌ختی سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانی هه‌مویان زیندون ئه‌توانن راستی و ناڕاستی ئه‌م حیکایه‌ته ساخ بکه‌نه‌وه.
پاشهاته‌کانی ئه‌نفال: گلان و هه‌ڵسانه‌وه
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
“ناكۆكیه‌كى تر‌ى سه‌ره‌كى له‌نێوانماندا، لهسهروبهرى راوه‌ستانى شه‌ڕى ئێران- عیراق بوو، له‌وساته‌دا سكرتێرى كۆمه‌ڵه باوه‌ڕى به‌شۆڕش نه‌مابوو، له‌دواى شه‌ڕى سه‌ركردایه‌تى وره‌ى به‌ردابوو، بهپهلهپروزه ناوچه‌كه‌ى به‌جێهێشت به‌سه‌ر هه‌ڤالانى سه‌ركردایه‌تیدا بێ ئه‌وه‌ى پرس و راوێژیان پێ بكات. به‌تایبه‌تى له‌دواى ئه‌نفاله‌كان. كه سه‌دان خێزان و هه‌زاران كه‌س له‌گه‌ل یه‌كێتى له‌پاشه‌كشه‌دا كه‌وتبوون و پێویستیان بههاوكارىو رێنوێنى هه‌بوو، به‌لام سكرتێرى كۆمه‌ڵه به‌ئاره‌زووى خۆى بڕیارى ده‌داو سه‌ره‌نجام سه‌ربه‌خۆ كه‌وته بلاوهپێكردنى شۆڕش‌و ده‌ستى كرد بهناردنه ده‌ره‌وه‌ى كادیره‌كانى نزیك له‌خۆى و هاندانى پێشمه‌رگه‌ش بۆ چونه ماڵى خۆیان یان بۆ ئێران. بهكهڵكوهرگرتن له‌ده‌سه‌لاتى جێگرى سكرتێرى گشتى له‌غیابى سكرتێرى گشتیدا، خه‌ریك بوو شۆڕشه‌كه بلاوه پێ بكات. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستى هه‌ڤالان كاك كۆسرهتو هه‌ڤال جه‌بار فه‌رمان و چه‌ند هه‌ڤاڵێكى شۆڕشگێڕیان نه‌با، بهرهسمى بڕیارى بلاوهپێكردنى شۆڕشى ده‌دا. سه‌ره‌نجامى ئه‌م سیاسه‌ته‌و ئه‌م باوه‌ڕه‌ى كه‌وته هه‌ڵگرتنى دروشمى گفتوگۆ له‌گه‌ل سه‌دام و پروپاگه‌نده بۆ نه‌مانى تواناى درێژه‌دان به شۆڕش. بۆ رازیكردنى سكرتێرى گشتیش، كه له‌سوریه بوو، هه‌ڤال عومه‌ر عه‌بدوڵلا یان نارده لاى. به‌لام سكرتێرى گشتى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى په‌سه‌ند نهكردو به‌قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ى وهلامى دانه‌وه، كه خه‌بات درێژه پێده‌ده‌ین تا سه‌دام هه‌ر ده‌ڕوخێنین.
لێره‌وه ناكۆكى نێوان سكرتێرى گشتى و جێگره‌كه‌ى زۆر توند‌و قول بوو. هه‌ر به‌وه خاوكرایه‌وه كه پاشان (م.س) بڕیارى دا شۆڕش به‌شێوه‌ى شه‌ڕى پارتیزانى درێژه‌ى هه‌بێت و خه‌بات شان به‌شانى موعاره‌زه‌ى عیراقیش دژى دیكتاتۆریه‌ت درێژه‌ى هه‌بێت، خۆشمان ده‌ست بكه‌ین به دروستكردنى ده‌سته‌ى چه‌كدار له‌شاره‌كان و ئۆردوگاكان بۆ رۆژى خۆى. چونكه ئێمه پێمان وابوو، كه سه‌دام كه‌تنێك له‌گه‌ل كوێت، هه‌ر ده‌كات، ئهمریكاو ئه‌وروپاش هه‌ر لێى ده‌ده‌ن. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش له‌گه‌ل نه‌وشیروان ناكۆك بووین، چونكه ئه‌و پێى وابوو كه له‌سه‌دام نادرێت، ته‌نانه‌ت دواى په‌لاماردانى كوێتیش پێى وابو سه‌دام ده‌كشێته‌وه، بۆیه داواى گفتوگۆى له‌گه‌ل سه‌دام ده‌كرد. ئه‌وه‌بوو، بێ پرسى ههڤالانیش، به‌تایبه‌تى سكرتێرى گشتى، كه‌وته نامه‌ناردن بۆ سه‌دام و هه‌وڵدانى لاواز بۆ رێكه‌وتنێكى لاواز به‌هیواى ئه‌وه‌ى سیاسه‌تى خۆى بباته‌سه‌ر. كه‌چى نه‌ك سه‌دام ئاماده‌نه‌بوو چاره‌سه‌رێكى لاوازیش بۆ كێشه‌كه بسه‌لمێنێ، به‌ڵكو شه‌خسى خۆى ئاماده نه‌بوو وهلامى یه‌ك نامه‌ى جێگرى سكرتێرى یه‌كێتیى بداته‌وه، ته‌نیا داواى زاره‌كى ئه‌وه‌بوو كه (یاخیبووه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ریزى نیشتمانى) ئه‌مه‌ش هه‌ر بیروبۆچونه‌كانى هێڵى روخاندنى سه‌دامى سه‌لمانده‌وه، كه رژێم شۆڤێنى و فاشییهو مافى دیمو‌كراتى هه‌رگیز نادات.”
هه‌ركه‌س باسی ئه‌نفال و پاشهاته‌كانی ئه‌نفالی بكردایه، ئه‌بو تاڵه‌بانی خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و باسه نه‌دایه. چونكه ئه‌و ئه‌یزانی گه‌وره‌ترین هێرشی ئه‌و جه‌یشه زه‌به‌لاحه‌ی سه‌دام بۆ شه‌ڕی ئێرانی دروست كردبو، به‌ڕێوه‌یه بۆ سه‌ر كوردستان. که‌چی بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌و ئاگره سوره دور رابگرێت، سه‌فه‌رێكی بۆ ئێران رێكخست‌و له‌وێوه فڕی بۆ ده‌ره‌وه و تا سه‌ركه‌وتنی كورد له راپه‌ڕیندا و تا ئازادكردنی هه‌مو كوردستانی عێراق نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان. له گه‌ڕانه‌وه‌شی دا كه توشی شكان‌و كۆڕه‌و بوین، له‌باتی به‌رگریكردن و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و هه‌له‌ی كۆڕه‌و له ئاستی ناوده‌وڵه‌تی دا بۆ كوردی ره‌خساند، به هه‌ڵه‌داوان چوه به‌غدا و به جۆرێكی شه‌رمهێنه‌ری ئه‌وتۆ ئه‌ملاوئه‌ولای سه‌دامی ماچ كرد، بوه هه‌واڵی یه‌كه‌می ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له سه‌رانسه‌ری دنیادا.
تاڵه‌بانی و هه‌ندێ له هاوبیره‌کانی پێیان وا بو: له دوای ئه‌نفال ئیتر ئیشمان به پێشمه‌رگه نه‌ماوه، بۆیه ئه‌و دیسان سوریای كرده‌وه به باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی و، بۆئه‌وه‌ی باری سوك بێ و ئیلتزاماتی مادی كه‌م بێ، ئه‌یویست جگه له ئه‌ندامانی سهركردایهتیو ژماره‌یه‌كی كه‌می كادری سیاسی و ئیعلامی و پێشمه‌رگه‌یی، ئه‌وه‌ی تری “ره‌شایی له‌شكر” به هه‌ر جۆرێ بێ له كۆڵی بێته‌وه.
له سوریا بایه‌خی زۆری به‌كاری راگهیاندنو چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌یی ئه‌دا، بۆیه كه به‌ره‌ی كوردستانی دامه‌زرا ئه‌و خۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد كه به‌رپرسی چالاكیه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی بێ له هه‌نده‌ران. به‌ڵام که سه‌دام گه‌وجێتیه گه‌وره‌که‌ی كرد و كوه‌یتی داگیر كرد، ئینجا كه‌وته‌وه جۆش و خرۆش بۆ سازدان‌و كۆكردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه.
ئه‌گه‌رچی هه‌میشه باوه‌ڕم به‌وه هه‌بوه که شان به شانی کاری چه‌کدار و ململانێی توندوتیژ ئه‌شێ گفتوگۆی ژیرانه و دانوسه‌ندنی سیاسی رێگه‌یه‌کی تر بێ بۆ به لادا خستنی کێشه‌ی سیاسی و دواخستنی ململانێی خوێناوی، به‌ڵام به درێژایی ژیانم، نه ئه‌و كاته‌و نه پێش ئه‌وكاته‌و نه دوای ئه‌و كاته، هه‌رگیز نامه‌م بۆ سه‌دام حسێن و بۆ هیچ كام له كاربه‌ده‌ستانی به‌عس نه‌نوسیوه. له كاتێكدا ره‌نگه ئاغای تاڵه‌بانی ده‌یان نامه‌ی به خه‌تی خۆی و به ئیمزای خۆی بو سه‌دام حسێن‌و به‌رزانی برای‌و سه‌بعاوی برای و بۆ عیزه‌ت دوری و كاربه‌ده‌ستانی تری به‌عس نوسی بێ و، دوای روخانی به‌عس و به تاڵان چونی به‌ڵگه‌کانی عێراق، وێنه‌ی هه‌ندێکیان که‌وتۆته ده‌س ده‌زگا و ده‌وڵه‌تی جیاواز و، رۆژێ دێ روناکی ببینن.
له‌دوای ئه‌نفال زیاتر له بیست مانگ من له سه‌ر سنور له قاسمه‌ڕه‌ش، نۆكان و شێنێ، بوم. ئه‌متوانی منیش وه‌کو ئاغای تاڵه‌بانی بچم له یه‌کێ له پایته‌خته خۆشه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا پاڵی لێ بده‌مه‌وه له‌وێوه قسه‌ی زلی بێ گومرگ بکه‌م و قاره‌مانێتی به هاوڕێکانم بفرۆشمه‌وه، به‌ڵام من ئه‌وه‌م نه‌کرد، له گه‌ڵ هاوڕێکانم و له گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌ره‌کانم و له گه‌ڵ هاوڵاتیه لێقهوماوهکانم دا مامه‌وه. ته‌نیا شتیش که ئه‌وه‌ی پێ ئه‌کردم خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌که‌م بو، ئه‌گینا هه‌مو شاره‌زایه‌ک ئه‌زانێ ئه‌و زه‌مانه له‌و زه‌مینه‌دا هیچ خۆشیه‌کی دنیایی یا هیچ ده‌سکه‌وتێکی مادی نه‌بو که‌سێ به دیاریه‌وه دابنیشێ، به‌ڵام له‌وێ به هاوكاری‌و به یارمه‌تی هاوڕێكانم “له غیابی سکرتێری گشتی” دا، وه‌ک خۆی نوسیوێتی، “پایه‌كانی ستراتیجی قۆناغی نوێی كار” مان له‌سه‌ر 4 بناغه دانا:
1. كاری رێكخراوه‌یی – سیاسی
2. کاروباری راگه‌یاندن
3. كاری پێشمه‌رگه‌یی
4. كاری دیپلۆماسی
“له غیابی سكرتیری گشتی دا” له‌و ماوه‌یه‌دا “به‌ره‌ی كوردستانی” مان پێكهێنا و، بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوی شۆڕشه‌کانی کوردا بناغه‌ی دۆستایه‌تیه‌كی به‌هێزمان له‌گه‌ڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لایه‌نه كوردستانیه‌كان دامه‌زراند، که دواتر له راپه‌ڕین و کۆڕه‌و و مفاوه‌زات و دامه‌زراندنی یه‌که‌مین ته‌جروبه‌ی حوکمڕانی کوردا ره‌نگی دایه‌وه.
”له غیابی سكرتێری گشتی دا” لایه‌نی كه‌می ژیانی پێشمه‌رگه‌مان، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و بتوانێ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی داراییمان بۆ په‌یدا بکا، دابین كرد. نه‌مانهێشت جیاوازی چینایه‌تی له ژیانی كادر‌و تێكۆشهرو پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی دا دروست ببێ.
“له غیابی سكرتێری گشتی دا” نه‌مانهێشت ده‌زگای راگه‌یاندن له كار بكه‌وێت، رادیوی ده‌نگی گه‌لی كوردستان بوه سه‌رچاوه‌ی گه‌یاندنی راستی‌و هه‌واڵ‌و سازدان‌و رێكخستنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و شه‌راره‌ی عه‌ره‌بی و ریبازی نوێی کوردی مانگانه بڵاو ئه‌كرانه‌وه.
“له غیابی سكرتیری گشتی دا” هێزه چه‌كداره‌كانمان رێكخسته‌وه:
12 به‌تالیۆنی نیمچه نیزامی له سه‌ر سنوره‌کان
520 پارتیزان له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان
120 كادری سرك له‌ناو شار‌و ئۆردوگاكان دا
7000 كه‌س له ریزی شانه چه‌كداره‌كانی شاڵاو و بروسك دا
چه‌ند هه‌زار كه‌س هێزی پشتگیری له‌ناو ئاواره‌كانی ئیران دا
له‌هه‌ر چوار مه‌یدانه‌كه‌دا به سه‌ركه‌وتویی ئه‌ركه‌كانی “ستراتیجی قۆناغی نوێی کار” مان به‌جێ هێنا، له رۆژانی جه‌نگی دوهه‌می كه‌نداودا، “شكستی ئه‌نفال” مان گۆڕی به “سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕین”.
ئێمه “له غیابی سكرتێری گشتی دا” ئه‌مانه‌مان كردوه، ئه‌و چی کردوه؟
كورد – عه‌ره‌ب: برایه‌تیه‌کی لاسه‌نگ یا په‌یوه‌ندیه‌کی هاوتا؟
تاڵه‌بانی بۆ هاندانی هێزه عه‌ره‌بیه‌كان له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی خۆم وای پیشان ئه‌دات من دژی عه‌ره‌بم و گاڵته‌م به برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب دێت. ماوه‌یه‌كیشه سیاسه‌تێكی دوفاقی دزێویان دژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرتۆته به‌ر. لای هێزه عه‌ره‌بیه عێراقیه‌كان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی توندڕه‌وی كوردی وێنامان ئه‌كه‌ن كه بڕوای به پێكه‌وه ژیان نیه‌و كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌كات ، و لای خه‌ڵكی كوردیش وه‌ك هێزێك كه دژی كوردستان و ئازادی كوردستانه و كار بۆ پارچه پارچه بونی ئه‌كه‌ن. هه‌ندێكجار وه‌ك ناحه‌زی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ندیكجار وه‌ك ناحه‌زی ئێران.. هه‌ندێكجار وه‌ك ناحه‌زی پارتی و لایه‌نگری شه‌ڕی ناوخۆ، و لای هه‌ندێكیش وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی فاشی دژ به هه‌مو شتێكی غه‌یره كوردی. له كوێ چیان پێ كرا بێت دژی ئێمه کردویانه و له‌كوێش هه‌ستیان كردبێت تۆمه‌تێك هه‌یه وا له لایه‌نێك ئه‌كات دژمان بۆستێته‌وه وتویانه. ئه‌م قسانه‌ش كه ئێستا له پلینۆم‌دا دژی خۆم و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌یكات، هه‌ر له‌پێناو ئه‌م ئامانجه‌دایه.
سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی برایه‌تی كورد و عه‌ره‌بیش ئه‌بێ بڵێین هیچ كه‌س به‌قه‌د ئێمه بڕوای به هاوكاری‌و دۆستایه‌تی و پێكه‌وه‌كاركردنی نه‌ته‌وه و ئه‌تنیه جیاوازه‌كان نیه. بگره یه‌كێك له ره‌خنه سه‌ره‌كیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی خۆم له سیاسه‌تی حیزبه كوردیه‌كان ئه‌وه بوه كه نه‌یتوانیوه به‌شێویه‌كی دیموكراتیانه و دور له ده‌مارگیری حیزبایه‌تی و خیڵایه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فره نه‌ته‌وه‌یی كوردستان و عێراقدا بكات.
به‌ڵام هاوكاری‌و دۆستایه‌تی و مامه‌ڵه‌ی یه‌كسان شتێكه‌و خۆ به‌بچوك زانی شتێكی تر. ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌وساو ئێستاش دژایه‌تیمان كردوه هه‌ستی خۆ به بچوكزانی و خۆ بچوككردنه‌وه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا. زۆرێك له سیاسیه‌كانی كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بوه‌و ته‌نها بزوتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری هه‌بوه كه له روی هێزو ژماره و قه‌باره‌وه له ناحه‌ز و نه‌یاره‌كانی لاوازتر بوه، به گرێی هه‌ستی خۆ بهبچوكزانی و خۆ سوككردنه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسیه‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌دا كردوه كه به‌هێز و قهبارهگهورهتر بون. ئه‌مه تا ئێستاش به‌رده‌وامه هه‌ركه‌س چاودێری هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌رانی كورد بكا له‌گه‌ڵ كار به‌ده‌ستانی عه‌ره‌ب چ له عێراق‌و چ له جیهانی عه‌ره‌بدا، له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئێرانی‌و توركیدا، له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی‌و ئینگلیزی‌دا به ئاشكرا ئه‌م دیارده‌یه ئه‌بینرێت و ئه‌م فه‌رهه‌نگه ئه‌خوێنیته‌وه.
له قۆناغێكی سیاسی كوردستانیشدا بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی به‌م هه‌ستی خۆ به بچوكزانینه بدرێت، دروشمی درۆزنانه‌ی برایه‌تیان هێناوه‌ته پێشێ. برایه‌تیه‌ك كه برایه‌تی نه‌بوه، به‌ڵكو كۆیله‌یه‌تی و خۆ به بچوكزانی و به‌سوك ته‌ماشاكردن بوه. سیاسیه‌كانی كورد له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ك نوێنه‌ری میله‌تێك و به هێز و وره وه‌رگرتن له‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌وه، به هه‌ستێكی هاوشان و چونیهكهوه بچنه وتوێژ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسیه‌كانی گه‌لانی تردا، به هه‌ستی خۆ به بچوكزانیهوه مامه‌ڵه‌یان كردوه و زۆرجار به‌مه‌ش گه‌له‌كه‌ی خۆیان شه‌رمه‌زار كردوه.
سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی گه‌لانی دنیا، هێز و توانای خۆیان له گهلهكانیانهوه وه‌رئه‌گرن، نه‌ك له‌هێزی سه‌ربازی و قه‌باره‌ی سیاسی بچوكی ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه وه‌ك هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌یكه‌ن.
گه‌لان هیچیان خۆیان له‌وانی تر به كهمترو بچوكتر نازانن. هیچ گه‌لێك ئه‌گه‌ر به ژماره‌ش كه‌م بێت خۆی له گه‌لێكی تر ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به ژماره زۆریش بێ به بچوكتر نازانێ.
به‌ڵام زۆرێك له سیاسیه‌كانی كورد كه قه‌ت قه‌باره‌ی سه‌ربازی هێزه‌كانیان له‌ئاست قه‌باره‌ی سه‌ربازی دراوسێكانیاندا نه‌بوه، به رۆحێكی خۆ به بچوك زانی و برا بچوكیه‌وه ته‌ماشای گه‌له‌كانی تریان كردوه.
بڕوای پته‌وی ئێمه‌ش ئه‌وساو ئێستاش ئه‌وه‌یه كورد برابچوكی هیچ گه‌لێك نیه‌و هیچ شتێكی له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر كه‌متر نیه. هه‌ر جۆره برایه‌تی و هاوكاریهكیش باسی برا گه‌وره‌یی و بچوكی تیا كرا، برایه‌تی نیه‌و كوێله‌یه‌تی و سوكایه‌تی پێكردنه. له‌نێوان گه‌لانی دنیادا گه‌وه‌ر و بچوكی نیه، به‌ڵكو یه‌كسانی و هاوشانی و رێزگرتنی به‌رامبه‌ر و به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش هه‌یه. مرۆڤ ئاژه‌ڵ نیه و به لۆژیكی دارستان ناژی كه تیای دا ئه‌وه‌ی گه‌وره و به‌هێز بێت، مافی زیاتر و گه‌وره‌تری هه‌بێت. گه‌لان هه‌مو ئه‌بێت له‌پێگه‌یه‌كی یه‌كسان‌و چونیه‌ك و رێزی هاوبه‌شه‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ن، نه‌ك به پێی گه‌وره‌ی و بچوكی.
ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌وسا و ئێستاش دژایه‌تی ئه‌كه‌ین ئه‌وه‌یه سیاسی و سه‌ركرده‌كانی كورد به گرێی خۆ بهبچووكزانیهوه مامه‌ڵه نه‌كه‌ن‌و رێز و حورمه‌ت و كه‌رامه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه بگرن كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌كه‌ن. نه‌ته‌وه‌كه‌یان له‌به‌ر خۆ خۆشه‌ویستكردن لای بێگانه بچوك نه‌كه‌نه‌وه و به برا بچوكی له قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ن.. خه‌ڵكی ئێمه به‌وه په‌ره‌وه‌رده نه‌كه‌ن برابچوكی هیچ گه‌لێكی تر بێت و هیچ كه‌س له خۆی به گه‌وره‌تر نه‌زانێت. ئه‌وسا و ئێستاش بڕوامان وابوه ئه‌بێت گه‌له‌كه‌ی خۆمان فێری هاوكاری و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه و یه‌كسانی بكه‌ین، نه‌ك كۆیله‌یه‌تی و خۆ به بچوك زانی.
بێگومان برا گه‌وره‌یه‌تی و برا بچوكی وه‌كو به‌شێك له نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو خێزان‌و بنه‌ماڵه و تیره و هۆز و خێڵ شتێكی ئاساییه‌و ئه‌بێ په‌یڕه‌وه‌ی بكرێت، به‌ڵام براگه‌وره‌و برا بچوك له په‌یوه‌ندی سیاسی ناو ده‌وڵه‌تان و ناو گهلانو ناو نه‌ته‌وه‌كانی جیهاندا نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی یه‌كسان له‌سه‌ر بنچینه‌ی قازانجی هاوبه‌ش و رێزگرتنی یه‌كتری هه‌یه.
جگه له‌و فه‌رهه‌نگه چه‌وته‌ی ماوه‌یه‌كی درێژه هه‌ندێك له‌سه‌رانی كورد و سیاسیه‌كانی، لاوه‌كانی كوردیان پێ رائههێنا: كه “كورد له عێراق دا برا بچوكی عه‌ره‌به”و “عه‌ره‌ب له عێراق دا برا گه‌وره‌ی كورده”.
له‌ساڵی 1975 ه‌وه خۆم و زۆرێک له هاورێکانم ویستومانه ئه‌م فه‌رهه‌نگه له بناغه‌وه ههڵتهكێنینو بیگۆڕین به‌وه‌ی تاكی كورد به‌تایبه‌تی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی په‌روه‌رده بكه‌ین به‌وه‌ی كوردیش وه‌كو هه‌مو نه‌ته‌وه‌كانی جیهان مافی چاره‌نوسی هه‌یه، مافی ده‌وڵه‌تی هه‌یه، برا بچوكی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر نیه، په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێ دا له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاوتاییو یه‌كسانی‌و قازانجی هاوبه‌ش دابمهزرێنینو، گرێی خۆبه‌كه‌مزانی‌و خۆ به بچوكزانی بگۆڕی به‌خۆ نازین و كورد له ئاستی هیچ بێگانه‌یه‌ك دا خۆی به كه‌متر و بچوكتر نه‌زانێت.
ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هه‌بن ئه‌مه به نوقسانی بۆ من له قه‌ڵه‌م بده‌ن، من به شانازی ئه‌زانم بۆ خۆم.
#
کێ فیدرالیزمی پارێزگاکانی داهێنا؟
تاڵه‌بانی له‌قسه‌كانیدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی به دژی فیدڕالیزم و هه‌رێمی كوردستان تاوانبار ئه‌كات و ئێمه به لایه‌نگری فیدراڵی پاریزگاكان ناو ئه‌هێنێ، گۆیا ئێمه دژی هاتنه‌وه‌ی كه‌ركوكین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. پێ ئه‌چێت تاڵه‌بانی وه‌ك چۆن زاكیره‌ی خۆی لاواز بوه له گێرانه‌وه‌ی روداوه‌كان دا، وابزانێت هه‌مو خه‌ڵكی كوردستانیش زاكیره‌یان لاوازه و ئه‌وه‌یان له بیر چۆته‌وه. خه‌ڵكی كوردستان هه‌مو له بیریانه:
یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س که به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پرسی فیدراڵی پارێزگاكانی سه‌لماند و به‌م سه‌لماندنه‌ش هه‌مو كوردی له‌به‌رده‌م هێزه عێراقیه‌كان‌و ئه‌مه‌ریكادا ئیحراج كرد خودی تاڵه‌بانی بو.
له‌و رێكه‌وتنه‌دا كه تاڵه‌بانی به‌ناوی سه‌رۆكی مه‌جلیسی حوكم و بریمه‌ر به‌ناوی حاكمی مه‌ده‌نی عیراقه‌وه ئیمزایان كردوهخاڵێکی سه‌ره‌کی رێكه‌وتنه‌كه‌یان ئه‌وه بو كه عیراق ببێته 18 پارێزگای فیدرالی، ئه‌مه‌شی بۆ هه‌مو عێراق قه‌بوڵ كردبو، له‌وانه هه‌رێمی كوردستان. دوای ئه‌وه‌ی سیاسیه‌كانی عهرهبو له كوردستانیش هه‌ندێك لایه‌ن لێیان كرد به‌هه‌را، ئینجا لێی بێده‌نگ بو.
دوه‌م، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بۆ ماده‌ی 140 دروستكرد و بو به هۆی هێنانه ئارای پرۆژه‌یه‌كی قانونی جیاواز له ماده‌ی 140 له کاتی دانانی قانونی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان دا، خودی تاڵه‌بانی بو.
تاڵه‌بانی له سه‌ردانه‌كه‌ی دا بۆ كه‌ركوك و له كۆبونه‌وه‌ی دا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك داوای لێ كردن “ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كه‌ركوك به رێژه‌ی %32 له نێوان توركمان‌و عهرهبو كوردا دابه‌ش بكرێت و كه‌ركوك ببیته هه‌رێمێكی فیدراڵی جیاواز له هه‌رێمی كوردستان.” ئه‌م قسه‌یه‌ی له كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ توركمان‌و عه‌ره‌ب دوپات كردۆته‌وه.
ئه‌م که‌تنه بوه هۆی هاندانی عه‌ره‌ب و تورکمان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه ببه‌نه په‌رله‌مانی عێراق و بیکه‌ن به یاسا‌و له ده‌نگدانی رۆژی 22 ته‌موزدا بیسه‌پێنن و کێشه‌یه‌کی سیاسی و یاسایی دژواری ئه‌وتۆی خوڵقاند که به بایکۆتی ئه‌ندامانی کوردی په‌رله‌مانی عێراق وله ئه‌نجامی ئه‌م بایکۆته‌دا و له ژێر فشاری رای گشتی دا ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ناچار به ڤیتۆ کرا، به‌ڵام وه‌کو کێشه‌یه‌کی هه‌ڵواسراو مایه‌وه دوا خرا بۆ کاتێکی دیارینه‌کراو.
سێیه‌م، له كاتی خۆی دا که ئێمه به‌م كهتنهمان زانی بۆ هه‌ڕه‌شه و ناچارکردنی به پاشگه‌زبونه‌وه له‌و بیره، به تاڵه‌بانیمان وت: “ئه‌گه‌ر ئه‌و باوه‌ڕی وایه عهرهبو توركمان‌و كورد له پارێزگای كه‌ركوك ببن به هه‌رێمێكی جیاواز، ئه‌وا باشتر وایه سلیمانی‌و هه‌ولێر و دهۆكیش هه‌ریه‌كه‌یان ببێ به هه‌رێمێكی فیدرالی، ئه‌وسا هه‌ر 4 هه‌رێمی فیدراڵی پێکه‌وه ئه‌توانن ده‌زگایه‌کی هاوبه‌شی کوردستانی پێک بهێنن. ئه‌وسا که‌رکوکیش نابێته حاڵه‌تێکی جیاواز له پارێزگاکانی تری کوردستان.”
له گۆڕانێكی وه‌هادا تاڵه‌بانی خۆی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ئه‌ما، نه له كوردستان و نه له پارێزگای سلیمانی، بۆیه له به‌رده‌م ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی کوردی دا په‌شیمان بوه‌وه، وتی: “من سوێندم خواردوه پارێزگاری ده‌ستور بکه‌م، ماده‌ی 140 یش ماده‌یه‌کی ده‌ستوریه”.
تاڵه‌بانی هه‌تا ئێستاش له سه‌ر که‌رکوک به دو جۆر ئه‌دوێ:
له‌كۆبونه‌وه تایبه‌تیه‌كانی دا له‌گه‌ڵ توركمانی كه‌ركوك‌و له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی تورك پشتگیری له‌وه ئه‌کات که‌رکوک ببێته هه‌رێمێکی فیدڕاڵی.
له کۆبونه گشتیه‌کانی كوردستانیش دا باسی ماده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك ئه‌كا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
له ناو تورکمان و کورد و عه‌ره‌ب دا هه‌ن که فیدڕاڵیه‌تی که‌رکوک به چاره‌سه‌رێکی گونجاو ئه‌زانن بۆ کێشه هه‌ڵواسراوه‌کانی که‌رکوک، خۆ ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی له‌م بڕوایه‌دایه پێویست به‌وه ناکات نیازی راسته‌قینه‌ی خۆی بشارێته‌وه‌و به‌و دو جۆره جیاوازه بدوێت.
ئێمه بیروبۆچونی خۆمان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌کان به گشتی و له سه‌ر جۆری چاره‌سه‌رکردنی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی کوردستان دا، به ئاشکرا له ده‌یان وتار و گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی و رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنی دا بڵاو کردۆته‌وه. له‌م باره‌یه‌وه هه‌ر قسه‌یه‌ک بکه‌ن ئه‌چێته خانه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی بێ بایه‌خه‌وه، ره‌نگه هه‌بن له دۆڕاندنی هه‌ندێ ناوچه‌ی کوردستان دا قازانجی سیاسی بکه‌ن، به‌ڵام ئێمه هیچ ده‌سکه‌وتێکی سیاسی یا مادی له دۆڕاندنی مه‌ترێکی سه‌رزه‌مینی کوردستان دا به ده‌س ناهێنین.
چواره‌م، ئێمه پێمان وایه سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم له گه‌ڵ پێویستیهکانیپێشکهوتنی گه‌لی کوردستاندا ناسازه:
حیزب و حکومه‌ت تێکه‌ڵاوه.
حیزب ده‌س وه‌ر ئه‌داته ده‌سه‌ڵاته‌کانی ته‌نفیزی، ته‌شریعی، قه‌زائی.
حیزب ده‌س وه‌ر ئه‌داته زانکۆ، په‌یمانگا، رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای شارستانی.
حیزب ده‌س وه‌ر ئه‌داته بازاڕ و بازرگانی.
ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه بێلایه‌ن نین.
بودجه رون نیه و، به جۆرێکی ناعادلانه سه‌رف ئه‌کرێ.
گه‌نده‌ڵی به هه‌مو شێوه‌کانی کارگێڕی، دارایی، سیاسی، له داووده‌زگاکان دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
ئه‌مانه بیروبۆچونه‌کانی ئێمه‌ن، نه‌مان شاردۆته‌وه. به ئاشکرا له وتار و په‌یام و گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی دا دوباره‌مان کردۆته‌وه و، ئالتهرنهتیڤمان پێشنیار کردوه.
پێنجه‌م، له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هاوچه‌رخ دا له دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌ناوه‌ندێتی کارگێڕی بۆته بنه‌مایه‌کی باوی کاری حکومه‌ت و فه‌رمانگه‌کانی، که‌چی ئه‌وه به دژایه‌تی فیدرالیزم دائه‌نێ، له کاتێک دا ئه‌مه به‌شێکه له چاکسازی کارگێڕی هه‌رێمی فیدرالی کوردستان. ئێمه پێمان وایه پێویسته چاكسازی له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان دا بكرێ. پێویسته:
ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كه خۆی ئه‌نوێنێت له سه‌رۆكایه‌تی ههرێمو ئه‌نجومه‌نی وهزیرانو هێزه چه‌كداره‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش‌و پۆلیس، پێویسته یه‌كگرتو بن له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم دا.
ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی كه بریتیه له په‌رله‌مانی كوردستان پێویسته یه‌كگرتو بێ‌و قانون بۆ هه‌مو هه‌رێم دابنێ.
ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی كه بریتیه له ئه‌نجومه‌نی قه‌زاو ده‌زگاكانی سیسته‌می قه‌زائی پێویسته یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی له هه‌مو هه‌رێم دا حوكمڕان بێ و به قانونه‌كانی په‌رله‌مان كار بكا.
به‌ڵام ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕیی ههرێمو ده‌سه‌ڵاتی پارێزگادا دابه‌ش بکرێ، كه ئه‌ویان خۆی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌میان خۆی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دا ئه‌نوێنێ، واته په‌یڕه‌وی بنه‌ماكانی نه‌ناوه‌ندێتی بكرێت.
ئه‌وانه‌ی دژی “نه‌ناوه‌ندێتی” و ئه‌م پێشنیارانه رائه‌وه‌ستن ئه‌وانه‌ن که قازانجیان هه‌یه له مانه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم و جۆری سه‌رفکردنی و، دامه‌زراندنی کارمه‌ندانی پله و پایه جیاوازه‌کانی په‌یژه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، له تاریکی دا و، ئه‌وانه‌ن به جۆرێ له جۆره‌کان سودمه‌ندن له شێوه جیاوازه‌کانی گه‌نده‌ڵی.
ئێمه بیروبۆچونه‌کانی خۆمان له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته گرنگانه نه‌شاردۆته‌وه، هه‌م به نوسین و هه‌م له گفتوگۆی ته‌له‌فزێۆنی دا به ئاشكرا و بێ پێچوپه‌نا رونمان کردۆته‌وه. ئه‌مه نه‌ك به تاوان نازانین، به‌ڵكو به‌شێكه له پرۆژه‌ی چاكسازی كارگێڕیی هه‌رێمی كوردستان.
ده‌ستور: خه‌بات بۆ سه‌رۆکایه‌تی یان بۆ مافی کورد؟
تاڵه‌بانی له چه‌ند جێگه‌یه‌كی راپۆرته‌که‌ی دا شانازی ئه‌كا به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌وه كه له ده‌ستوری عێراق دا نوسراون، که‌سێ ئاگای له پرۆسه‌ی نوسینی نه‌بێ وائه‌زانێ ئه‌مه قاره‌مانی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وته ده‌ستوریه‌کان.
لێره‌دا پێویسته بۆ مێژو له‌م باره‌یه‌وه شایه‌تیی خۆم تۆمار بکه‌م. هه‌ر كه‌سیش ویستی ورده‌كاری زیاتری ئه‌م پرۆسه‌یه بزانێ، ئه‌توانێ بپرسێ. بۆ خۆشبه‌ختی مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئازاد به‌رواری و د رۆژ شاوه‌یس، ماون که به‌شداری راسته‌قینه‌ی پرۆسه‌كه بون. ئه‌مه جگه له ده‌یان كه‌سی تر كه به‌و بۆنه‌یه‌وه له‌به‌غدا رۆژانه له كۆبونهوهکان دا به‌شدار ئه‌بون.
من ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق نه‌بوم، له‌به‌رئه‌وه ئه‌ندامی لیژنه‌ی داڕشتنی ده‌ستوریش نه‌بوم، كاتێك كه خه‌ریك بو داڕشتنی ده‌ستوری عێراق بگاته دوایین قۆناغی، چه‌ند ره‌شنوسێك بڵاوكرایه‌وه كه مافه‌كانی كوردی به رونی تیا دیاری نه‌كرابو. مه‌سعود به‌رزانی بۆ به‌شداری له دواداڕشتنی دا چو بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ خۆی نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان و نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستانی برد، داوای له منیش كرد له گه‌ڵی بچم بۆ به‌غدا.
له ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكی دا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی نوسینی ده‌ستور به رێكوپێكی بڕوا و له‌كاتی دیاریكراودا ته‌واو ببێ‌و رابگه‌یه‌نرێ، ”مه‌تبه‌خێكی سیاسی” له نوێنه‌رانی هێزه سیاسیه سه‌ره‌كیه‌كانی عێراق و کوردستان پێكهێنرا بۆ تاوتوێكردنو ئاماده‌كردنی ماده‌كانی ده‌ستور. له‌و مه‌تبه‌خه‌دا تاڵه‌بانی و من نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی مان كرد.
ئه‌و ره‌شنوسه‌ی كه بۆ ده‌ستور نوسرابو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركۆماری سنوردار كردبو، پایه‌ی سه‌رکۆماری کرد بوه کارێکی ته‌شریفاتی. تاڵه‌بانی خۆی ئاماده‌كردبو ببێته سهركۆمار، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بۆ سهركۆمار، واته بۆ خۆی به كه‌م ئه‌زانی. ئه‌یویست ده‌سه‌ڵاته‌كانی فراوان بكات. لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌كان كه شاره‌زاتر بون له كورد، ئه‌یانویست سیسته‌می سیاسی عێراق په‌رله‌مانی بێ و بۆ ئه‌وه‌ی ته‌جروبه‌ی سه‌رده‌می سه‌دام دوباره نه‌بێته‌وه، سه‌رۆكی كۆمار پایه‌یه‌كی “ته‌شریفاتی و ئیحتیفالی” هه‌بێ. ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی نه‌بێ بتوانێ سیسته‌می سیاسی- په‌رله‌مانی بخاته مه‌ترسیه‌وه.
تاڵه‌بانی به‌مه رازی نه‌بو، له كۆبونه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كانی رۆژی یه‌كه‌م دا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی سهركۆمار دوانێكی توندوتیژی دا. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س نه‌بو به هاوده‌نگی به توڕه‌ییه‌وه كۆبونه‌وه‌كه‌ی بهجێهێشتو ئیتر هیچ به‌شداریه‌كی جدی و كاریگه‌ری له گفتوگۆكانی نوسینی ده‌ستوردا نه‌كرد، دو جار نه‌بێ که هه‌ردوك جاره‌که‌ش به زه‌ره‌ر بۆ كورد ته‌واو بو:
یه‌كێكیان، زوربه‌ی لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان رازی کرابون به‌وه‌ی كه له ده‌ستوری نوێی عێراق دا ئاماژه بۆ ئه‌وه نه‌كرێت “عێراق به‌شێکه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب” که ساڵه‌های ساڵ هۆی ناکۆکی کورد و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بوه. ئه‌م ماده‌یه له ده‌ستوری چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی دا هه‌یه‌و له ده‌ستوری چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی تردا نیه.
تاڵه‌بانی بۆ رازیكردنی عه‌ره‌ب پێشنیارێكی هێناو، وتی: “ئه‌مه هی عه‌مرۆ موسای ئه‌مینی عامی جامیعه‌ی عه‌ره‌بیه‌و منیش پێم باشه بیخه‌ینه ده‌ستوره‌وه”. پێشنیاره‌که‌ی بریتی بو له‌وه‌ی ئه‌م رسته‌یه: “وهو عضو مؤسس وفعال فی جامعه الدول العربیه وملتزم بمیثاقها” بخرێته ماده‌ی 3 ی ده‌ستوره‌وه. پێشنیاره‌که‌ی به خۆشیه‌وه وه‌رگیرا و خرایه ده‌ستوره‌وه، به‌وه‌ش ناوه‌رۆکی ماده‌ی 3 که دانی نابو به‌وه‌دا: “عیراق وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌ئاین و فرهمهزهب” ه لاواز بو.
دوهه‌میان، دوای ئه‌وه‌ی نوسینی ده‌ستور ته‌واو بو، ئیتر ئه‌بو بڵاوبكرێته‌وه‌و بخرێته به‌رده‌م ده‌نگده‌رانی عێراق بۆ قه‌بوڵكردن یان رهفزكردن، زالمای خه‌لیل زاد، سه‌فیری ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر داوای هه‌ندێ لایه‌نی عه‌ره‌بی سونی ویستی ماده‌یه‌كی تازه تێهه‌ڵكێشی ده‌ستوره‌که بكرێ، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتودا بێ ئه‌وه‌ی 8 ساڵ چاوه‌ڕوان بكه‌ن، ماده‌کانی ده‌ستور قابیلی ده‌ستكاری بێ‌و زۆری ئه‌و مادانه‌ش كه ئه‌یانویست ده‌ستكاری بكرێن، ئه‌و مادانه بون كه به قازانجی كورد‌و شیعه بون.
لایه‌نی شیعه به‌هیچ جۆرێ ئاماده نه‌بون ئه‌م ماده‌یه قه‌بوڵ بكه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای خه‌لیلزاد، تاڵه‌بانی لایه‌نی كوردی “ئیحراج” كرد قه‌بوڵی بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وان لایه‌نی شیعه‌شیان به‌م گۆڕینه رازی کرد، به تایبه‌تی سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم كه سه‌رۆكی ئیئتیلافی شیعه بو. پاش دوجار سه‌ردان و پێداگریه‌کی زۆر ئینجا ئه‌ویش له‌سه‌ر داوای كورد قه‌بولی كرد‌و بو به ماده‌ی 142.
له كاتێك دا نوێنه‌رایه‌تی كورد خۆی ده‌وری سه‌ره‌کی هه‌بوه له دانانی ماده‌ی 142 دا بۆ ته‌عدیلکردنی ده‌ستور، كه‌چی ئێستا خۆی به هه‌ڕه‌شه‌ی دائه‌نێ له ده‌ستكه‌وته ده‌ستوریه‌كانی.
عه‌ره‌ب ئه‌لێت “شر البلیه ما یضحك”!
جاران و ئیستا
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
“پێویسته ئه‌م راستیه بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه كه بۆچى: له سه‌رۆك جاشه بابه‌لباب خائینهكانهوه، تا سه‌ر مه‌لا كرێكار، تا سه‌ر جاشه هارهكانى خۆماڵى، تا سه‌ر كۆنه جاسوس و كۆنه به‌عسى، هه‌روه‌ها باڵى تۆرانى جه‌بهه‌ى توركمانى، به‌گه‌رمى ده‌نگیان بۆ دان؟ ئایا له‌دژى پارتى و ى.ن.ك و حكومه‌تى هه‌رێم و كوردایه‌تى نه‌بوو؟”
جاران یه‌کێ له هونه‌ره‌کانی تاڵه‌بانی دوان و نوسین بو.
پێ ئه‌چێ له ژێر کاریگه‌ری توڕه‌یی دۆڕاندنی هه‌ڵبژاردن دا ئه‌م هونهرهشی لاواز بوبێ. نوسینه‌کانی و وتاره‌کانی پڕن له قسه‌ی ناکۆک و رسته‌ی ناهاوسه‌نگ، ئه‌وه‌ی له شوێنێک دا ئه‌یڵێ له شوێنێکی تردا پێچه‌وانه‌که‌ی ئه‌ڵێ، له یه‌ک کات دا شتێک و پێچه‌وانه‌که‌شی دوباره ئه‌کاته‌وه. لیستی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆ من و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ریز کردوه پڕه له‌م جۆره شتانه.
له لایه‌ک پێم ئه‌ڵێ سلێمانچێتی ئه‌کا، که‌چی له شوێنێکی تردا ئه‌ڵێ 3 هه‌زار ملیۆن دۆلاری کۆریه‌کانی له کیس سلێمانی داوه چونکه له هه‌ولێر خه‌رجیان کردوه!
له لایه‌ک پێم ئه‌ڵێ دژی برایه‌تی کورد و گه‌لانه، که‌چی له شوێنێکی تردا ئه‌ڵێ هاوکار و دۆستی کۆنه به‌عسی و جاش و تۆرانیه!
له لایه‌ک پێم ئه‌ڵێ پیاوێکی توندوتیژه که‌س قبوڵ ناکا که‌چی له شوێنێکی تردا ئه‌ڵێ هاوڕێی مه‌لا کرێکاره، به واته‌یه‌کی تر دۆستی ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کانه!
لیستی تۆمه‌ته هه‌ڵبه‌ستراوه‌کانی هه‌مو سنوره‌کانی مه‌نتیقی تێپه‌ڕاندوه، له “ته‌خوین” ی ئیمه‌وه سه‌ر ئه‌کێشێ بۆ “ته‌خوین” ی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی ئه‌م نیشتمانه.
له هه‌ڵبژاردنی 25/7/2009 دا زیاتر له 445 هه‌زار که‌س له هاوڵاتیانی کوردستان ده‌نگیان به لیستی گۆڕان داوه… تۆ بڵێی ئه‌و هه‌مو خه‌ڵکه جاشی بابلباب و کۆنه به‌عسی و خائین بوبن؟ بۆچی ئه‌و کاته‌ی ئه‌م خه‌ڵکه پاکه ده‌نگی بۆ یه‌کێتی ئه‌دا تێکۆشه‌ر و دڵسۆز و هاوڵاتی پاک بون و ئیستاش که ده‌نگیان پێ نه‌داون کۆنه به‌عسی و جاشی بابلبابن؟ تۆ بڵێی هه‌مو ئه‌و خه‌ڵکه دژی حکومه‌تی هه‌رێم و کوردایه‌تی بن؟
له لایه‌کی تره‌وه هه‌مو که‌س ئه‌زانێ که‌رکوک به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان دا نه‌کرد، ئیتر ئه‌م باڵه تۆرانیهی “جه‌بهه‌ی تورکمانی” له کوێوه هاتن و چۆن ده‌نگیان به ئێمه دا؟ له‌مه‌ش بترازێ هه‌رکه‌سێ باسی تۆرانی و جه‌بهه‌ی تورکمانی بکات، هه‌ق نیه تاڵه‌بانی بیکات، چونکه ئه‌و بو ئیکلیلی گوڵی برده سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورک و هه‌ر له‌وێش رایگه‌یاند ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی شاعیرانه‌یه، نه‌ک من و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان.
ئایا هیچ لۆجیکێ له‌م قسانه‌دا هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه هه‌ر هه‌موی هه‌وڵێکی رێکخراو نه‌بێ بۆ په‌ڵپ گرتن و بیانو هێنانه‌وه دژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چ مه‌به‌ستێکی تره له دوایه؟
کاکڵه‌ی راپۆرته‌که‌ی تاڵه‌بانی و مه‌به‌ستی پلینۆم
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
“سیاسه‌تى راسته‌قینه‌ى گۆڕ‌انى گرده‌كه
گۆڕ‌انى گرده‌كه، كه ده‌كاته گۆڕ‌انى نه‌وشیروان، لهدهستپێكیهوه دژى ى.ن.ك كارده‌كات.
به‌لام سیاسه‌تى شاردراوه، یان نیمچه شاردراوه‌یان دژى كوردایه‌تى، دژى فیدراله، دژى یه‌كێتى خاكى كوردستانه، دژى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى كه‌ركوكه بۆ باوه‌شى هه‌رێم، دژى (هـ.پ.ك)و یه‌كێتیى خه‌ڵكى كوردستانه. چۆن؟
1- دژایه‌تیكردنى (ى.ن.ك) بۆ هه‌موو خه‌ڵك و خۆمان ئاشكرا‌و روونه، بۆیه پێویستى به‌باسكردن نییه.
2- دژى فیدرالى كوردستانن: گه‌ر بۆیان بكرێ سلێمانى له هه‌رێم جیاده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌رێم پارچه پارچه ده‌كه‌ن، هه‌ر پارێزگایه‌ك بۆ خۆى لامهركهزیهتێكى هه‌بێت.
3- دژایه‌تى كوردایهتین: به‌نه‌هێشتنى ئه‌و كیانه سیاسیه‌ى كوردستان دژى ههرێمو فیدرالیه‌تى كوردستانن.
4- دژى هاتنه‌وه‌ى كه‌ركوكن بۆ سه‌ر كوردستان: هه‌رده‌م بهگوتهیهك جارێكیان ده‌ڵێ وا چه‌مچه‌مال و كفرى و كه‌لار هاتۆته سه‌ر سلێمانى و زۆربه‌ى نه‌وت و غاز له‌وێیه: ئیتر ئێمه بۆ له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌را بكه‌ین؟ جارێكى تریان ده‌ڵێ: با كه‌ركوك پارێزگایه‌كى سه‌ربه‌خۆ بێت! له‌هه‌ردوو جاردا كه‌ركوك نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێم!
5- لاى هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت و هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى عیراقى ده‌ڵێ (هـ.پ.ك) زیاده‌یه‌و پێویستمان پێى نه‌ماوه.
6- هه‌ندێ جاریان نه‌وشیروان به‌ئاشكرا ده‌ڵێ بادینى كورد نین، كه‌ركوكى كه‌س نازانێ چین؟ هه‌ولێریش (قسه‌ى قێزه‌ون ده‌كات)، بۆیه هه‌ر سلێمانیمان به‌سه:
جا هه‌ڤاڵینه: ئێمه پێویسته كه له‌سه‌ر گۆڕ‌انى نه‌وشیروان ده‌نووسین، ئه‌م راستیانه بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه. نه‌ك شتى شه‌خسیه‌كانیان. پێویسته خه‌ته‌رى ئه‌و سیاسه‌ت چه‌وته‌یان ریسوا بكه‌ین.
هه‌روه‌ك پێویسته ئه‌م راستیه‌ش بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه، كه ئه‌و گۆڕانه پێویسته به نه‌وشیروان ناكرێت، به‌ڵكو به ى.ن.ك و پارتى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، كه ئه‌وان دژایه‌تیان ده‌كه‌ن.”
ئه‌مه کاکلهی راپۆرته‌که‌ی تاڵه‌بانی و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی پلینۆمهکهیهتی!
تاوانبارکردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و هه‌مو دوژمنایه‌تیه له گه‌ڵ کوردایه‌تی، فیدرالیزم، پێشمه‌رگه، که‌رکوک…. جگه له چه‌واشه‌کاری شتێکی تر نیه.
مه‌به‌ستی تاڵه‌بانی له پلینۆمه‌که‌ی نمایشی سیاسی، عه‌سکه‌ری، نه‌فسییه… بۆ سازدانی هه‌مو هێز و توانای خۆی و یه‌کیتی و داووده‌زگا حکومه‌تیه‌کان، دژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. له به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی سه‌رکۆماری عێراقه و له هه‌مان کات دا سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانی و فه‌رمانده‌ی گشتی پێشمه‌رگه‌کانی و به‌رپرسی یه‌که‌می ده‌زگاکانی زانیاری و هه‌واڵگری و ئاسایشه، حیزبه‌که‌شی هاوبه‌شی حکومه‌تی ناوه‌ندیی به‌غداد و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه، ئه‌بێ راپۆرته‌که‌ی به هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جدی وه‌ربگیرێ.
مرۆڤ ئه‌بێ بپرسێت:
ئایا ئه‌و لێشاوی تیرۆر و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌دوای پلینۆمه‌وه بۆ سه‌ر لایه‌نگران و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان ده‌ستی پێ كردوه، په‌یوه‌ندی به‌م قسه و تۆمه‌تانه‌وه نیه كه تاڵه‌بانی بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی هه‌ڵئه‌به‌ستێت؟
ئایا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی تاڵه‌بانی بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ریز ئه‌كات، هه‌ڵكردنی چرای سه‌وز نیه بۆ ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی له دوای پلینۆمه‌وه کراوه‌ته سه‌ر لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان؟
ناساندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ڵسوڕاوه‌کانی له لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه، به خه‌ته‌ر بۆ سه‌ر کوردایه‌تی، هه‌رێمی کوردستان، فیدرالیزم، دیمۆکراسی، پێشمه‌رگه، که‌رکوک و دانانی به دوژمنی یه‌کێتی و کورد و کوردستان خۆشکردنی زه‌مینه‌یه بۆ پاکتاوی جه‌سته‌یی بزوتنه‌وه‌که و هه‌ڵسوڕاوه‌کانی.
بۆیه له‌دوای ئه‌م راپۆرته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن راگه‌یاندنی یه‌كێتیه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئۆباڵی هه‌مو روداوێكی ناخۆش و قه‌وماوێکی نه‌ویستراو ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی تاڵه‌بانی و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئه‌وان به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی هه‌مو پاشهاته‌كانی ئه‌بن.
پاشکۆ
بۆ یه‌کێ بیه‌وێ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی خۆرێکخستنه‌وه‌ی دوای ئه‌نفال بخوێنێته‌وه ئه‌توانێ سه‌یری ئه‌م بابه‌تانه بکا:
- به یاننامه‌ی یه‌کێتی به بۆنه‌ی ئه‌نفاله‌وه
- پایه‌كانی ستراتیجی قۆناغی نوێی کار
- په‌یڕه‌وی ناوخۆی سرک
- كتێبی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه به‌هاری 1988، له‌نوسینی شه‌وكه‌تی حاجی مشیر، وێنه‌ی به‌رگی كتێب، لاپه‌ره 89 و لاپه‌ڕه 95.
بۆ یه‌کێ بیه‌وێ ئه‌و وتار و په‌یامانه بخوێنته‌وه که له سه‌ر که‌رکوک و ناوچه دابراوه‌کان بڵاومان کردۆته‌وه ئه‌توانێ سه‌یری:
رۆژنامه‌ی رۆژنامه:
- ژماره41 رۆژی2007/08/20 :كێبهرپرسه له جێبه‌جێ نه‌بونی ماده‌ی 140؟ئه‌مریكا، عه‌ره‌ب یان كورد؟لاپه‌ڕه10
له سبه‌ی:
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=80&AuthorID=36 - ژماره77رۆژی2007/10/09 :دیسانه‌وه ماده‌ی 140: هه‌ڵسه‌نگاندنێکی جیاواز. لاپه‌ڕه12
له سبه‌ی:
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=150&AuthorID=36 - ژماره270 رۆژی2008/07/28 :کورد نه‌یتوانی نمونه‌یه‌کی باش بدات به نه‌ته‌وه‌ی تورکمان و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له که‌رکوکدا. لاپه‌ڕه5-4
- ژماره329 رۆژی2008/10/22 :پرسی که‌رکوک: کورد له‌گه‌ڵ تورکمان چی بکات؟. لاپه‌ڕه3
له سبه‌ی:
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=873&AuthorID=36
سایتی سبه‌ی:
- نـه‌وشـیــروان مستـه‌فـا: كه‌ركوكمان نه‌دۆڕاندووه
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=123&cat=2&title=2
بۆ یه‌کێ بیه‌وێ ئه‌و وتار و په‌یامانه بخوێنته‌وه که له سهرفیدرالیزم و سیسته‌می به‌ڕێوبردن له کوردستان دا بڵاومان کردۆته‌وه ئه‌توانێ سه‌یری:
رۆژنامه‌ی رۆژنامه:
- ژماره514 رۆژی2009/07/19 ، پاشکۆی به‌ره‌و گۆڕان ژماره19:ئێمه له کۆنه‌وه لایه‌نگیری ئه‌وه بووین پارێزگاکانی هه‌ولێر، دهۆک، سلێمانی، چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و ئیداریی و داراییان هه‌بێت. لاپه‌ڕه5-4
سایتی سبه‌ی:
- نه‌وشیروان مسته‌فا: لایه‌نگری حوكمی لامه‌ركه‌زیم له كوردستاندا
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=325&cat=2&title=2
- نوینه‌رایه‌تی کورد له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عیراق دا: چی کردوه و ئه‌بو چی بکردایه؟
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=822&AuthorID=36