یەکێتی و پارتی تەئکید لە رێککەوتنی ستراتیژی دەکەنەوەو لەسەر هەڵبژاردنەکان رێکنەکەوتن

0

pdKیەکێتی و پارتی تەئکید لە رێککەوتنی ستراتیژی دەکەنەوەو لەسەر هەڵبژاردنەکان رێکنەکەوتن

نوچەنێت

لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو لەکۆبونەوەی ئەمرۆی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی, رێککەوتن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکرێت، بەڵام لە راگەیاندراوی کۆبونەوەکەدا، وێڕای تەئکید کردنەوە “له‌ پێویستی پاراستنی رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوانمان و بره‌ودان به‌ كاری هاوبه‌ش” پارتی و یەکێتی رایدەگەیەنن، لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە رێكنەکەوتون لەسەر بڕیارێکی هاوبەش و لە راگەیاندنەکەیاندا هاتووە” بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆكردن”

ده‌قی راگه‌یاندراوی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوخۆی كوردستان، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانیان گفتوگۆیان له‌ سه‌ر كرا، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆكردن، هه‌روه‌كو جه‌خت كرایه‌وه‌ له‌ پێویستی پاراستنی رێككه‌وتنی ستراتیجی نێوانمان و بره‌ودان به‌ كاری هاوبه‌ش بۆ خزمه‌تی كوردستان و حكومه‌ت پێویسته‌ به‌رده‌وام بێ‌ له‌راپه‌ڕاندنی زۆرتری ئه‌ركه‌كانی.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا باس له‌ رووداو و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌و چ ئه‌وانه‌ی به‌گشتی په‌یوه‌ندیان به‌ عێراق هه‌یه‌ و چ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ مافی نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌یه‌، له‌م رووه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوولامان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كارێكی باشه‌ بۆ هه‌بوونی هه‌ڵوێستێكی گونجاو كه‌ له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌ییمان بێت.

له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ زۆربه‌یان ده‌توانرا رێیان لێ‌ بگیرێ‌، به‌وردی كرا، به‌ تایبه‌تی هه‌وڵی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ سه‌پاندنی خۆیان له‌ حوكم و به‌ لاڕێدابردنی ره‌وتی حكومڕانی به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ پێكهاته‌كانی سه‌ره‌كی په‌راوێز بخرێن، كۆبوونه‌وه‌ ئه‌م ره‌فتاره‌ به‌لادان له‌سازانی نیشتمانی و بنیاتنانه‌وه‌ی عیراق به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌ عیراقی سه‌رده‌می رژێمی رووخاو نازانێ چونكه‌ ئامانجی هه‌موولایه‌ك، ئه‌وه‌بوو كه‌ چیتر خه‌ڵكی عیراق توشی ناخۆشی و كاره‌سات نه‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستورو رێككه‌وتنه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسی دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌وڵی به‌رچاو ده‌بینرێ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ دژایه‌تی ماف و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.

په‌یوه‌ند به‌م كێشانه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ پێیوایه‌ كه‌ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ به‌بێ‌ رێسای ته‌وافوق، هه‌ڵهاتن بوو له‌و رێگه‌ چاره‌سه‌رانه‌ی خۆمان ‌و دۆستانمان گه‌یاندبویانه‌ راده‌ی سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان بۆ به‌غدا، سه‌ره‌نجام كێشه‌ی بودجه‌ش له‌سه‌ر كێشه‌كانی تر كه‌ڵه‌كه‌ كرا.

بۆ بابه‌تی هه‌ڵبژاردن و وروژاندنی شه‌قام له‌ دژی كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ وڵاتێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌و ئایین و مه‌زهه‌ب، كۆبوونه‌وه‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خولقاندنی قه‌یران و په‌راوێزنه‌خستنی پێكهاته‌كان به‌ پێوه‌ر ده‌زانێت بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌گه‌ر لایه‌ك بیه‌وێ له‌سه‌ر حسابی دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌ ده‌ستوری و رێككه‌وتنه‌كان ته‌عبئه‌ی شه‌قام بكات چ واتایه‌ك بۆ چه‌مكی هاوپه‌یمانیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان ده‌هێڵێته‌وه‌، تاكه‌ رێگا بۆ ده‌ربازبوون له‌م بارودۆخه‌ قه‌یراناویه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستورو شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و رێككه‌وتنه‌كان و ئه‌مه‌ش ئه‌ركی نیشتمانی و سیاسی و هاوپه‌یمانی نیشتمانیه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا باس له‌ گرنگی ته‌بایی نێو ماڵی كوردستانی كرا بۆ زیاتر پێكه‌وه‌ كاركردن و پاڵپشتی كردنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ خزمه‌تی زیاتر و به‌رده‌وامی هه‌موو كوردستان و خولقاندنی كه‌ش و هه‌وای له‌بار بۆ پێشكه‌وتن به‌ هاوته‌ریبی پێشكه‌وتنه‌كانی جیهان و دابین كردنی ژیانی پڕ له‌ شادی و به‌خته‌وه‌ری له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی  یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

مه‌كته‌بی سیاسی  پارتی دیموكراتی كوردستان

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com