كاروان ساڵح، بۆمبێك بە رووی (گۆڕان) دەتەقێنێتەوە: بە لیست پێمە كێ پارە وەردەگرێت لەو دەسەڵاتەی كە پێیشی دەڵێت گەندەڵە

0

karwanكاروان ساڵح، بۆمبێك بە رووی (گۆڕان) دەتەقێنێتەوە!

بە لیست پێمە كێ پارە وەردەگرێت لەو دەسەڵاتەی كە پێیشی دەڵێت گەندەڵە

بە هیوام كاك سەفینی مەلا قەرە ئەو قسانەی نەکردبێت چونكە ئێمەش قسەمان زۆرە و دەیهێڵینەوە بۆ كاتێكی تر

هیچ كەس و لایەنێك دەنگی خۆی ناهێنێتەوە، بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان

پارتی لایەنێكە رێكخەری سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی دەكات و پەیوەندیان هەیە حەرام نییە بۆ خەڵكی تریش حەرام نییە پارتی حیزبێكی خاوەن خەبات و تێكۆشەرە

خێڵان بەختیار

نوچەنێت . شەقام
پەرلەمانتار كاروان ساڵح كە پێشتر لە فراكسیۆنی گۆڕان بوو، ئێستا لەدەرەوی ئەو فراكسیۆنەیە، لەو دیدارەی گۆڤاری (شەقام)دا تیشكدەخاتە سەر كێشەكانی ناو بزوتنەوەو فراكسیۆنی گۆڕان، باس لە ململانێ و كوتلەكانی ناو ئەو بزوتنەوەیە دەكات، لەبەشێكی دیكەی قسەكانیشدا دەڵێت “گۆڕان زۆرێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان بە پەرلەمانتار نازانێت، بە تایبەت برا توركمان و برا مەسیحییەكان”.
خێڵان بەختیار: پەیوەندی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات چۆن دەبینن، ئایا گیانی یەكتر قبوڵكردنیان هەیە؟
كاروان ساڵح: سەرەتا درووستبوونی ئۆپۆزسیۆن كە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، هاوكات لە ئێستاشدا سێ لیستی ئۆپۆزسیۆن هەیە، زۆر توندوتیژ بوون و گەیشتبووە ئاستی یەكتر قبوڵ نەكردن، بەڵام لە ئێستادا لە جاران باشترە، هەماهەنگی هەیە، یەكتر قبوڵكردن هەیە، جار و بار توندی لە نێوان لیستەكاندا درووستدەبێت، بەڵام ئەوەی كە ئێستا دەگوزەرێت، جۆرێكە لە تێكەڵەیەك، كە 14 فراكسیۆن لە نێو پەرلەماندا بوونیان هەیە و زۆرجاریش لە هەندێ بواردا یەكانگیر دەبن، یان بە رێككەوتن كار لەسەر پڕۆژەكان دەكرێت، ئێستا بە یەكەوە پڕۆژە دادەندرێت، بە یەكەوە كار دەكرێت بۆ گێڕانەوەی ئەو پڕۆژانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە، بۆ مەسەلەی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ كۆبوونەوەی لیستەكان هەیە، لە ئێستادا وەك وتم قۆناغی یەكتر قبوڵكردن درووستبووە.
خێڵان بەختیار: وەك خۆت لە كام بەرەوە نزیكی؟
كاروان ساڵح: یەك بەرە كە لێی جیانابمەوە، بەرەی نیشتیمان و گەلە، هەموو ئەو پرسانەی لە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان بێت چ دەسەڵات بێت، یان ئۆپۆزسیۆن، لە ئێستادا خۆمان بەرەیەكی سەربەخۆمان لە ناو پەرلەماندا درووستكردووە، دوای 21 ساڵ ئێمە بووین كە بەرەیەكی سەربەخۆمان لەناو پەرلەمانی كوردستان درووستكرد، سەلماندووشمانە كە سەربەخۆین، لە هەندێ پڕۆژەدا چووینەتە پاڵ ئۆپۆزسیۆن، لەهەندێ پڕۆژەش چووینەتە پاڵ دەسەڵات، بە گشتی فراكسیۆنی ئێمە لە بەرژەوەندی گەل كارمان كردووە، لە كەسیشمان قبوڵنەكردووە رای خۆی فەرز بكات لەسەرماندا، جیا لەوەی نوێنەرایەتی گەل بە گشتی دەكەین، هاوكات نوێنەرایەتی ئەو خەڵكانەش دەكەین كە سەربەخۆ و بێلایەنن و كەس نییە داكۆكیان لێبكات، بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندەش ئەو گروپەی ئێمە بەردەوامی دەبێت، خەڵكێكی یەجگار زۆریش بۆ داهاتوو دێنە ناو پەرلەمان و باشتر لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات داكۆكی لە خەڵكی ستەمدیدە دەكەن.
خێڵان بەختیار: لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان پەیوەندیت چۆنە؟
كاروان ساڵح: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو هەموو خوشك و برا بەڕێزانە زۆر باشە، پێكەوە كارمان كردووە و تا ئێستاش پەیوەندیم زۆر توندوتۆڵەو هەوڵیش دەدەم ئەو پەیوەندییە بمێنێت، ئەوەش جێی شانازییە ئەوانیش بۆ من بەو شێوەن.
خێڵان بەختیار: بۆچی لە واژۆكردنتان بۆ دابینكردنی شوققە پەشیمان نەبوونەوە؟
كاروان ساڵح: یەكەم شت ئێمە داوای شوققەمان نەكردووە، داوامانكرد ئەو پەرلەمانەی لە زەمەنی رژێمی بەعسەوە جێگەی ئەنجومەنە كارتۆنییەكە بووە، بگوازرێتەوە، ئەو سەروەت و سامانەی پەرلەمان هەیەتی، وەك بوونی 57 خانوو لە گوندی ئیتاڵی، شوققەیەكی یەك بینایەی 13 نهۆمی ناز سیتی، لە دەوری پەرلەمانیش دەیان دۆنم موڵكی پەرلەمانە، لە خوولی دووەمی پەرلەمانیش كاتی خۆی دیزاینێك كراوە، كە كۆمەڵگەیەكی پەرلەمانی لە دەرەوەی شار دروستبكرێت، وەك چۆن هەمان دیزاین بۆ هەر یەك لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتیش كراوە، ئێمە دوامانكردووە ئەو دیزاینە جێبەجێبكرێت، كەچی بە داخەوە خرایە قاڵبی ترەوە، ئەو داخوازییە سێ بڕگە بوو، كەچی هەندێ لە رمووزەكانی گردەكە كاریان تەنها بۆ تێكشاندنی من لەسەر یەك بڕگە كرد، تەشهیر بە كەسایەتی و كارەكانمان كرا، خەڵكیش چاوی هەیە، بینویانە، ئەوەی كەس نەیدەوێرا بیڵێت وتمان، ئەوەی نەیدەوێرا بیكات، كردمان، بە داخەوە ململانێكانی ناو گردەكە بووە هۆكار، ئاساییشە، ئەوانەی كە ناو دەردەكەن و لە ناو خەڵكدا خۆشەویست دەبن، هەوڵی تێكشاندنیان دەدرێت، ئێمە داكۆكیمان لە خۆشمانكرد و تێكیش نەشكاین، ئەوەی ئێمە و رابردوومان بناسێت، دەزانێت بە تەمەنی خەباتی خۆمان هەر لە سەنگەری گەلدا بووین، دژ بەو كەس و لایەنانەی قوتی خەڵكی دەبڕن و زوڵمیان لێدەكەن.
خێڵان بەختیار: بۆ دەبێت بزووتنەوەكەی خۆت هەوڵی تێكشكاندنت بدات؟
كاروان ساڵح: سەرەتا نەوشیروان مستەفا بەڕێزیان ئەو بابەتەی لا گرنگ نەبوو، لە سلێمانی ئەو شتە سەریهەڵدا، ململانێكانی ناو گۆڕان، وەك هەر حزبێكی تر بوونی هەیە، زۆرجاریش بە ئاقاری بێویژدانی و خراپدا دەڕوات، لە پێناو بەرژەوەندی هەندێ خەڵك لە سلێمانی گەورە كرا، بۆ ئەوەی بەكاربهێندرێین، بۆ راكێشانی سەرنجی خەڵكی تاوەكو بووترێت ئەها بزووتنەوەی گۆڕان نانی ئەندام و پەرلەمانتارەكانی خۆی دەبڕێت لە پێناو خەڵكی، ئەوەش فەشەلی پێهات، خۆشیان نەیانتوانی بە ئەنجامێك بگەن، منیش ئامادە نەبووم مێژووی جوانی خۆم بخەمە ناو سەبەتەی بەرژەوەندیەكانی هیچ كەس و لایەنێك، خۆ ئەگەر ئەوان باس لە بەرژەوەندی من بكەن، ئەوا منیش ناوی سەدان كەسی گۆڕان بە رمووزەكانیشیانەوە دەهێنم كە بەرژەوەندی زۆر گەورەیان لە دوای راپەڕینەوە هەبووە، هەر لە زەوی هەزار مەتری، خانەنیشینی بە پلەی وەزیر، پلەی تایبەت، خانوو و موڵك و ماڵی خەڵك و حكومەتیان لەسەر خۆیان تاپۆ كردووە، زۆرن ئەوانەی كە نامانەوێت ناویان بێنین، چ لە ناو فراكسیۆنی گۆڕان، چ لە ناو بزووتنەوەكەش، خۆم پێمخۆش نییە بچمە ناو ئەو مەوزوعە، بە لیست پێمە كێ پارە وەردەگرێت لەو دەسەڵاتەی كە پێیشی دەڵێت گەندەڵە، هەر لە بزووتنەوەكە تا دەگاتە هەڵسوڕاو و پەرلەمانتارەكانیشیان، كێن و چیان نییە و سودمەندیش نەبوون، بەشدار بوون لە مێژووی ململانێكانی یەكێتی و پارتی، بەشدار بوون لە شەڕ و ئاشتی و دەسكەوتەكان، كە ئێستا خۆیان تانەی لێدەدەن، تەنها ئێمە بووین كە هیچمان بە دەستنەهێناوە، لە كاتێكدا 30 ساڵە هاوڕێ و هاوخەباتی كاك نەوشیروانین، نەبووینە خاوەنی جوتێ تایە، نە فایلمان هەیە، نە پڕۆژە و كۆمپانیاشمان هەیە، دیارە كێش ئەو شتانەی هەیە و دیارن كێن، ئەوان دەیانەوێت خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك، چۆن تێكمان بشكێنن، گەر بە شتێكی وانەبێت، ئەوان حەواڵەی خودا و ویژدانی خەڵك دەكەم، زۆر لایەنی پێش ئەوان دەیانوت گەر لەگەڵم نەبیت دوژمنمیت، سەركەوتووش نەبوون.
خێڵان بەختیار: واتە بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمان سیاسەتی یەكێتی و پارتی پیادە دەكات؟
كاروان ساڵح: بزووتنەوەی گۆڕان فۆتۆكۆپییەكی زۆر خراپی لێ دەرچوو، بە داخەوە دەڵێم كە دەیان شۆڕشگێر و خەڵكی چاك لە دەووری ئەو پەیامە كۆبوونەتەوە و خۆڵ دەكرێتە چاویان، پرس و راوێژیان پێ ناكرێت، كۆنگرە نابەستن، شەرعییەت نادەن بە خۆیان، زۆر ناوچە لەم كوردستانە هەیە حیسابیان بۆ نەكردووە، فەرق و جیاوازییەكی یەكجار زۆر هەیە، دید و نەمەتی ناوچەگەرێتی بوونی هەیە، هەندێ كەس خراپیش بكات لای رمووزەكانی گۆڕان هەر خۆشەویستە، هەندێ كەس هیچیشی پێ نەبێت هەر لە دەووری خۆیانە و دەنگیشی زوڵاڵە، هەندێ كەسیش قوربانی دەدا و شەقی هەردوو لایەن دەخوا كەچی لە سلێمانییەوە كۆمەڵی مەشاكیلی بۆ درووست دەكرێت، ئەوان دەیانەوێت ئەوەی گردەكە دەیەوێت بیكەیت، لە دەرەوەی ئەوە ناكرێت، نە حیساب بۆ خۆت و رمووزەكانی شارەكەت ناكرێت، ئەوەش كارەساتی گەورەیە، بۆیە ئەو فۆتۆكۆپیە زۆر خراپ بوو، ئەوانیش درێژە پێدەری ململانێكانی یەكێتی و پارتین، مەزاج پێوەر و حاكمە، هەر بەو شێوەش مامەڵە كراوە، تا ئێمە نەهاتینە ناو پەرلەمان بزووتنەوەی گۆڕان درووست نەبوو، ئێمە بودجەمان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بڕییەوە، ئێمە نان بڕاوانی گۆڕانمان گێڕایەوە، ئێمە لە هەوڵە دیبلۆماسییەكانمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت لە كابینەی شەش و حەوت، لەگەڵ لیست و كاربەدەستانی پارتی و یەكێتی ئەو زوڵم و زۆرە لەسەر برادەرانی گۆڕان هەڵگیرێت، بەڵام دواجار دەریشكەوت بزووتنەوەی گۆڕان خۆیشی بەشێك بووە لەو زوڵم و زۆرە، هەر لە كوردستان و ئەوروپاش زوڵمیان كردووە لە خەڵكی خۆیان، نەك پارتی و یەكێتی، خۆی وایكردووە قسە نەكات و پرسی پێنەكات، ئەوان تا ئێستا كۆنگرەشیان نەبەستووە و هەر لە خۆیانەوە ئەم لادەبەن و ئەو دادەنێن، ئەم شەعییەتە لە كوێ هات؟.
خێڵان بەختیار: واتە نیازت نییە جارێكی تر بگەڕێنەوە ناو بزووتنەوەی گۆڕان؟
كاروان ساڵح: ئەوەی بڕوامان پێبووە كە چووینەتە ناو بزووتنەوەی گۆڕان، هەر بەو بڕوایە كار دەكەین، هەمیشە داكۆكی لە مافی گەل دەكەین، بەڵام چاوەڕێی ئەوەش نین كەس خێرمان پێ بكات و دەرگامان لێبكاتەوە، ئێمەش لەناو ئەو بزووتنەوەیە نەهاتووینەتە دەر و ئیستیقالەشمان نەداوە، بە دوای ئەو شتەی روویدا، جەبەڕوت و تاكڕەوی چەند رموزێكی گۆڕان ئەو بڕیارەیان داوە، ئێمە ئێستاش لە خەڵك دوور نەكەوتووینەتەوە، بێ ئەوەی حیساب بۆ هیچ كەس و لایەنێك بكەین.
خێڵان بەختیار: بەڵام دەوترێت ئێوە لە پارتییەوە نزیكن؟
كاروان ساڵح:  پارتی زۆر رێزی هەیە بۆ ئێمە، پارتی لایەنێكە رێكخەری سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی دەكات و پەیوەندیان هەیە، نامە دەگۆڕنەوە، لەسەر زۆر شت رێكدەكەون حەرام نییە بۆ خەڵكی تریش كە پەیوەندی هەبێت، پارتی حیزبێكی خاوەن خەبات و تێكۆشەرە، حەقم بەسەر كاری هەندێ بەرپرس و كادیرییەوە نییە، كاردانەوەی دەكەوێتە ئەستۆی خۆیان، بمانەوێت مەرحەبای گۆڕان بكەین، بۆ هی یەكێتی نەكەین، پارتی نەكەین، سۆسیالیت و لایەنەكانی تریش نەكەین، ئێمە موڵكی خۆمانین و سەربەخۆین، سەربەخۆشین لە بڕیاردان، ئەوان وا بیردەكەنەوە، ئەوەی لەگەڵیان نەبێت، یان پارتییە، یا یەكێتی، پێشان ئەوەی یەكێتی نەبوایە پارتی بوو، ئەوەی پارتی نەبوایە یەكێتی بوو، بۆ دەبێت ئێستا ئەوەی گۆڕان نەبێت، پارتی بێت، یان یەكێتی، ئەمە زوڵم نییە، ئایا هەر كۆنە دەمارگیرییەكەی جاران نییە ئێستا گۆڕان پیادەی دەكات، شەرمە ئەوەی لەگەڵ تۆ نەبێت بە دوژمنی بزانی، بەڵێ ئێمە لەگەڵ ئەوان نین، لەگەڵ ئەوانی تریش نین، لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا پەرلەمان پڕ دەبێت لە دەنگی سەربەخۆ و لیستی سەربەخۆ، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات پێیان خۆش بێت، یا نا، دەنگی ئەوانیش بۆ لیستی سەربەخۆ دێت، چونكە خەڵك ئەوانیشی تاقیكردەووە, خۆ عەیب نییە خەڵكی بێزار بێت لە هەردوو لایان، مەبەستیشمان ئەوە نییە خۆمان هەڵبژێرینەوە، بەڵام شانازی دەكەین داهێنانێكمان كرد كە یەكەمجارە لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا لیست دروست ببێت، بڵێت، لاشرقیە لاغربیە، لەگەڵ هیچ لایەك نەبێت و نوێنەرایەتی خەڵكی بێلایەن بكات، ئەو خەڵكانەش زۆرن، چونكە هەموو لایەنەكان ململانێ لەسەر ئەو خەڵكە دەكەن كە هی خۆیان نین.
خێڵان بەختیار: واتە پێتوایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بزووتنەوەی گۆڕان ئەو دەنگانە ناهێنێتەوە؟
كاروان ساڵح: هیچ كەس و لایەنێك دەنگی خۆی ناهێنێتەوە، بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان، وەكو باسمكرد كۆمەڵێك لیست و كەسایەتی سەربەخۆ و نوێ و هەڵقوڵاوی ناو ئێش و ئازارەكانی ئەم گەلە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشدار دەبن.
خێڵان بەختیار: تۆ خۆت كاندید دەكەیتەوە؟
كاروان ساڵح: هێشتا بڕیارم نەداوە، بەڵام پشتیوانی ئەو كەس و لایەنە سەربەخۆیانە دەكەم بەشدار بن.
خێڵان بەختیار: سەفینی مەلا قەرە دەڵێت گەر كاروان ساڵح پێیوایە ئەو دەنگانەی هێناویەتی هی خۆی بووە هەڵەیە، با لە خولێكی تر خۆی هەڵبژێرێت بزانە دەنگ دەهێنێت، چونكە دەنگەكان هی بزووتنەوەكە بووە؟
كاروان ساڵح: ئەگەر كاك سەفین ئەو قسەی كردبێت زوڵمی لە خۆی كردووە، لەبەر ئەوەی من خەڵكی ئەم شارەم، زۆر پێش كاك سەفین تێكۆشانم هەبووەو قوربانیمداوە، رەنگە ئەو سودمەند بووبێت بووەتە سەركردایەتی، بەرژەوەندی هەبووە، حەقییەتی وا بڵێت، گەر قسە لەسەر كاروان ساڵح بكات خوا دەیگرێت، ناشمەوێ قسەی لەسەر بكەم، حەزیش دەكەم حورمەتی خۆیان بگرن، كەسێك خۆی ماڵی لە شووشە بێت بەردیش نەهاوێتە ماڵی كەس، زۆر رمووز و كەسایەتی لە هەولێردا هەبوون گۆڕانیان درووستكرد، گەر ویژدانیان هەبێت دەگەڕێنەوە بۆ ئەو كەسانە، بەڵام كوان؟ لە كوێن؟، ئەوانەی یەكەم شانە بوون لە هەولێر هەر لە بەڕێز كاك نەوشیروانەوە تا هەموو رمووزەكانی گۆڕان باش دەزانن كێ بوون، بە هیوام ئەو قسەی كاك سەفین وانەبێت، چونكە ئێمەش قسەمان زۆرە و دەیهێڵینەوە بۆ كاتێكی تر.
خێڵان بەختیار: وازهێنانی سێ هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان دەرەنجامی ململانێكانە؟
كاروان ساڵح: ئێمە لە 26-1-2012 كە خۆمان سەربەخۆ كرد، ئیشارەمان بەوەدا كە ململانێكانی ناو گۆڕان زۆر لەوە گەورەترن كە تەوەقوع دەكرێت، زۆر واجیهەی شاراوەی تر ماون كە ئاشكرا ببن، بە دڵنییایەوە ململانێ هەیە، لە ناو فراكسیۆنەكە، لە ناو گردەكە، لە هەولێر، لە گەرمیان و دەرەوەی وڵاتیش هەیە، ئەگەر تۆ بە چوار ساڵ كۆنگرە نەبەستیت، وردە وردە ململانێكان دەتەقێتەوە، ناشتوانیت شەرعییەتێك وەربگریت، تاكو سەرپەرشتی كارەكان بكەیت، ئەو سێ كەسەش وازیان هێناوە، كەسانی شۆڕگێر و دیارن، كەسێك نییە قادری حاجی عەلی و سالار و عوسمانی حاجی مەحمود نەناسێت، قورسایی و سەنگ و جەماوەری ئەوانە هەست پێنەكات، بەڵێ ئەوانە گەر نیوەی گۆڕان نەبووبن، كەمتر نین.
خێڵان بەختیار: لێدوانەكانی جاران و ئێستات جیاوازی هەیە، جاران توند بووی، لێ ئێستا نەرمیت پێوە دیارە؟
كاروان ساڵح: من بە هەمان نەمەتی جاران كاردەكەم، گەر سەیری ئەو موشارەكە و موداخەلانەم بكەیت دەزانیت، بە تایبەت لەسەر بودجە و پێشی بودجەش، ئەو توندییەی خۆشم تەبعی خۆمە ناتوانم بیگۆڕم، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كەناڵێكی تەلەفزیۆنیم نییە چاوی لەسەرم بێت، وەك پێشتر كەی ئێن ئێن هەبوو، ئێن ئاڕ تی و سپێدە و پەیامیش هەبوون، بەڵام هەموو ئەوانەش ئێستا لەبەر خاتری ئامۆزایەتییان لەگەڵ گۆڕان، یا لە شەرمی گۆڕان چاوی كامێرایان لەسەرم لابردووە، ئێن ئاڕتی خۆی بە سەربەخۆ دەزانێت كەچی چاوی كامێرەی لەسەرم لاداوە، لە هیچ بەرنامەیەكی ئەو چەند كەناڵەش دەرناچم، تا ئێستا كە سێ ساڵ و نیوە سێ بەرنامەم لە تەلەفزیۆنی دەسەڵاتەوە كردووە، كەناڵی پەرلەمانمان هەیە لەگەڵ رێزم وەك ئەوە وایە هەر نەبێت، كێشە تەنها كەناڵە تیڤیەكانیش نییە، ئەو رۆژنامە و گۆڤار و سایت و رادیۆیانەی كە سەر بە گۆڕانن، یان سێبەرن، یا ژێر بە ژێر شتێكیان لەگەڵیاندا هەیە، ئەوانیش بە هەمان شێوە بایكۆتی كارەكانی منیان كردووە و تەختییەی ناكەن، گەرنا هەر بە نەمەتی جاران بەردەوامم، هەمیشە لە ناو پەرلەمان كێ گەرووی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش دەگرێت، ئەوە ئێمەین، كە لە هەموو كەس ئازادترین، ئەوە ئێمەین كە تەحەموولی زوڵمی هەموو لایەك دەكەین، گۆڕان بۆ پارتی و یەكێتی پێ قبوڵە، بەڵام ئێمەی پێ قبوڵ نییە، ئێستاش گۆڕان زۆرێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان بە پەرلەمانتار نازانێت، بە تایبەت برا توركمان و برا مەسیحییەكان، هەر ئێمەین ئەو هاوسەنگییەمان لەگەڵ برا توركمان و مەسیحیەكان راگرتووە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com