ئێران ئابوڵەقەی پارتی دەدات

0

PDKئێران ئابوڵەقەی پارتی دەدات

نوچەنێت

نوسەرو چاودێرێک کەخۆی بە هەڵگری بڕوای نەتەوەیی دەناسێنێت ونوسینەکانی بەو ئاراستەدایە، بە نوچەنێتی راگەیاند، ئێران ئابڵوقەی پارتی داوەو لە ئایندەشدا زیانی گەورە بە حکومەتی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە وەک ئەو وتی، پارتی بەرپرسە لە حکومەتی کوردستان، و دەشڵێت” ئێستا پارتی لەمەترسیدایە، و بەهۆی ئەویشەوە دۆخی باشوری کوردستان لە مەترسی گەورەدایە”. بەپێویستیشی دەزانێت، پارتی واز لەبوغزاندنی لایەنە نەتەوەییەکان و دوورەپەرێزی لە حزبەکوردیەکان بهێنێت.

ئەو نوسەرە نەتەوەییە، لەوەڵامی تەوەرێکی نوچەنێت، لەمەڕ پرسی کورد لەباکور و رۆڵی پارتی و یەکێتی لەو نێوانەدا، بۆ نوچەنێت دوا، بەڵام وەک خۆی وتی”ئامادەنیم بە ناوی خۆمەوە قسەیەک بکەم بچێتە قازانجی پارتییەوە، چونکە ئێستا هێلکەکانی پرسی نەتەوەیی کورد، لەسەبەتەکەی پارتیدایەو پارتیش هەڵگرانی بڕوای نەتەوەیی بە دوژمنی خۆی دەزانێت، رەنگە ئەوەش نەگبەتی کورد بێت کە پرسی نەتەوەیی کورد کەوتبێتە دەست لایەنێک کەهەڵگرانی بڕوای نەتەوەیی بەدوژمن سەیر بکات”. وتیشی “پرسی کورد لەباکور واتە پرس لەنێوان پەکەکە و تورکیا، چونکە پەکەکە تاکە لایەنی بڕیاردەرە لەناو کوردانی تورکیا و لەدەرەوەی خۆی رێگای نەداوە هیچ لایەنێک دروست ببێت کار بۆ ئەو پرسە بکات” ئەوەشی لا پەسەند بوو چونکە”ئەگەر لەپرسی نەتەوەیەکی کیشە چارەسەر نەبودا گروپ و حزبی زۆر دروست ببن، ئەوە پاشاگەردانی دروست دەبێت، و بازاڕی موزایەدات، بەپرسی نەتەوەیەکەوە گەرم دەبێت، وەک ئەوەی لەباشور هەیە”. ئەو پێی وابوو، “تورکیا ناچارە  پرسی کورد چارەسەر بکات، چونکە دۆخی ناوچەکە بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، رۆژئاواو رۆژ هەڵات دەمەزەردی کێشەکانی خۆیان کردۆتەوەو لەناوچەکەدا ململانێیەک خولقاوە کە هەمووکات ئەگەری گۆڕانکاری خەریتەی ناوچەکە لێی چاوەڕوانکراوە، هاوکات تورکیاش وازی لەخەونی بەرەو ئەورپابوون هێناوەو کار بۆ دروستکردنەوەی ناوچەی قەڵەمڕەویی عوسمانیەکان دەکات، لەمەدا تورکیا سەرکەوتوو بووە، ئەو وڵاتە ئیستا خاوەنی پیاوێکی بێوێنەیە لە پلانڕێژی کە ئەویش داود ئۆغڵووە، بەهۆی ئەوەوە، ئێستا تورکیا خاوەنی کاریگەری گەورەیە لەناو لیبیای پڕ لەفەوزاو دەوڵەمەند بەنەوت، خاوەنی کاریگەرییە لە میسر، بەڕوخان یان مانەوەی ئەسەد هەر خاوەنی کاریگەری دەبێت لەو وڵاتەدا، چونکە ئەگەر ئەسەد بڕوخێ، ئەوە بەرەی تورکیا دەسەڵات دەگرن، نەروخێ دەبێت هەر لەگەڵ بەرەی تورکیا رێکبکەوێت کەوایە تورکیا بێ کاریگەری نابێ، ماقول نابێ هەوڵی ئەم قەڵەمرەوییەش بدات و هەوڵی چارەکردنی کێشەکانی ناوخۆی نەدات، بۆیە ناچارە لەگەڵ پەکەکە رێکبکەوێت، دەشزانێ سەرکردە سەربازیەکانی پەکەکە زۆریان لەژێر کۆنترۆڵی ئێرانن ، بۆیە پەنا بۆ ئەو پیاوە دەبات کە بە تیرۆرست ناساندبووی و زیندانی کردبوو ئەویش ئۆجئالانە، کە پیاوێکی پڕ کاریگەرییەو وەک سەرکردە قبوڵکراوە لەناو کورداندا”.

بەڵام ئەوەشی لەبەرچاوگرت کە” ئێران بێ کاریگەری نابێ لەو پرسەدا و بۆ هەرکات پیلان و بەرنامەی خۆیی هەیە، ئێران هێزێکە کەنابێ بەچاوێکی کەم لێی بڕوانرێت، وڵاتێکی بەهێزە لە دەستخستنە ناو وڵاتان و پیتاندنی گەراکانی خۆی، بروانە عێراق، دوای ئەوەی ئەمریکا سەدامی روخاند ئاماژەکان وابوون، کە نۆبەی ئێرانە، بەڵام ئێران هێندە بەهێز گەرای چاند لە عێراقدا نەک نۆبەی نەهات بەڵکو تەواو پێچەوانە بووە نۆبەی روخاندنی ئەمریکا لەعێراق هات”.

زیاتریش وتی”لەو نێوانەدا بۆ دەستختنە ناو کاروباری تورکیا و یان لێدان لەبەرژەوەندیەکانی ئێران لەسوریا، پرسی کورد گونجاترین کارتە بەدەست هەردولاوە، چانسی گەورە لەو نێوانەدا لای ئێرانە، چونکە پەکەکە بەهاوکاری ئێران دەستی داوەتە خەبات و لایەنی بەهێزی کوردیش لە رۆژئاوا هەر پەکەکەن کە بەکاریگەری ئێران هاوپەیمانە بەهێزەکەی ئەسەدن، کەوایە پرۆسەی ئاشتەوایی تورکیا بێ کاریگەری ئێران نابێ، هەر ئاڵوگۆڕێکیش لە سوریادا، گەراکانی ئێران کۆتا ناهێنێت، ئێستا ئەگەر خەتەر لەسەر دەسەڵاتی ئەسەدیش دروست بووە، ئێران بەهاوکاری ئەسەد خەریکی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کوردە، خەریکی دروستکردنی هێزێکە کە هەم لەدژی تورکیایەو هەمیش نزیک لەئێرانەو لەئەگەری روخانی ئەسەدیش لەجێیەکی ستراتیژدا دەسەڵات و بونی دەبێت”.

بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی کە پرۆسەی ئاشتەوایی لەتورکیادا هۆشیاری لەگەڵ نەبێ “بەزیانی کورد تەواو دەبێت، ئێستا دەرفەتی گەورەی کوردە، هەموولایەنەکان پێویستیان بەو کارتەیە کەپێی دەوترێ کورد، بۆیە گرەو لە سەر نزیکبونەوەی دەکەن، ئەگەر کورد هۆشیار نەبێ لەو نێوانەدا مافەکانی دەبێتە قوربانی، دەبێ ئەوەندە ئاگای هەبێ ئەو گرەو لەسەر ئەو نزیک بونەوەی ئەوان بکات”.

لەبارەی کاریگەری پارتی و یەکێتی لەکێشەی کورد لەباکوردا، ئەو نوسەرە بۆ نوچەنێت دەڵێت”دەبوو پارتی و یەکێتی ئەوەندە سیاسی بوونایە ئەوەندە لێهاتوو بونایە رابەرایەتی پرسی نەتەوەیی کوردیان بکردایە لەناوچەکەدا، دەستیان وەرنەدایەتە کاروباری ئەو وڵاتانە، بەڵام وەک مەرجەع بونایە لایەنەکوردیەکانیان پەنایان بۆ ببەن و لایەنەکانی تریش پەنایان بۆ ببەن، ئەوەش بێگومان بە شێوەیەک دەکرا کە ئەوان لەرێگای دەزگایەکی نەتەوەیی حکومەتی کاریان بۆ ئەو پرس و پەیوەندیانە بکردایە نەوەک هەر حزبەو لەرێی خۆیەوە، هەوڵ بدات، هەر حزبەی بووە بەداردەستێک بەدەست دوولایەنە کێبەرکێکارەکە کەتورکیاو ئێرانن، تورکیا دەیەوێ لەرێگای پارتیەوە پرسی کورد بگرێتە دەست، هاوشانی ئەو بەرژەوەندیە ئابوریانەی بۆی دروست بووە لەکوردستان، ئێرانیش هاوشانی هەمان ئەو بەرژەوەندیانەی خۆی لەرێگای یەکێتیەوە، بەڵام لەو نێوانەدا جیاوازی لەنێوان ئێران و تورکیادا هەیە، تورکیا کە لەرێگای پارتیەوە هەوڵ دەدات، لایەنی بەرانبەر بە پرسی کوردە لەوڵاتەکەی خۆیدا و پارتیش تازە دەبێت دەست بکات بەدروستکردنی پەیوەندیەکانی، بەڵام ئێران هەوڵ لەرێی یەکێتی یەوە نادات، بەڵکو دەیەوێ ئەولایەنانەی کە لەبەردەستی ئەودا کاریان کردووە، بخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە بە رابەرایەتی یەکێتی، ئەم هەوڵە ئاشکرا دەبینرێت، یەکێتی ئێستا واتە پەکەکە و پەیەدە، ئەوە لەقسەی رەسمی ئەو حزبەدا هەیەو سکرتێری مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بە ئاشکرا لە کۆنگرەی بەدەپە ئەو بانگەی دا، ئەمەش هەم بۆ لێدانە لە تورکیا، هەمیش بۆ تەوقکردنی پارتیە و بۆ ئابڵوقەدانیەتی، هۆشدارییەکی گەورەیە بە پارتی دەدات کە هۆشیار بێت و پاشەکشە لەبەرەی تورکیا بکات”.

زیاتریش لەبارەی ئابڵوقەدانی پارتی لەلایەن ئێرانەوە بەنوچەنێتی وت” با خوێنەر بڕوانێتە نەخشەکە، لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە هێزی یەکەم و باڵا دەستە، ئەوان پەکەکەن، هاوپەیمانی ئەسەدن، پەکەکەش بەهاوکاری ئێران بوونی هەبووە و لەژێرکاریگەری ئێراندایە، ئەسەدیش واتە ئێران، لە باکوری کوردستان پەکەکە باڵا دەستە، بە ئاشکرا دەبنیرێت، پەکەکەو ئەو رێکخراوانەی نزیکن لەپەکەکە لەگەڵ پارتی ساردوسڕی پەیوەندیان هەیە، لەگەڵ یەکێتی و ئێران نزیکن، لەسلێمانیەوە هاتە بن دەستی هەولێر یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەوانیش لە ململانێکاندا واتە ئێران، لە عێراقیشدا هێزی باڵا دەست واتە ئێران، کەوایە ئەگەر ببینی بازنەیەک بەدەوری پارتیدا هاتووە، کە پێی دەوترێ بازنەی ئێرانی، ئەمە تەوقکردنی پارتییە، دەتوانین سادەتر بڵێین، ئێران ئابڵوقەی پارتی داوەو لە ئایندەشدا زیانی گەورە بە حکومەتی کوردتان دەگەیەنێت، چونکە پارتی بەرپرسە لە حکومەتی کوردستان، بێگومان بچوکردنەوەی پارتیش لەسەر ئاستی ناخۆی کوردستاندا بەپێوەری ململانێی حزبی، لەقازانجی یەکێتی یەدا، بەپێوەی ململانێی هەرێمایەتیش لە قازانجی ئێراندایە، چونکە پارتی بە دۆستی تورکیا دەبینێت، بۆیە ئێران هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە کوردیەکانی نزیک لەخۆی لەدژی پارتی پێکهێناوە، بەپێوەری کوردایەتیش لەزیانی گشتی باشوری کوردستاندایە، چونکە لەوکات پرسی باشور دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی وڵاتێکی وەکو ئێران کە تروسکاییەک لە سیاسەتەکانیدا بەرانبەر بەکورد و بەرانبەر بە ئایندەی خۆیشی نابینرێت”.  بۆیە پێی وابوو” لەقازانجی خەڵکی کورددایە لەنزیک سیاسەتی پارتی و دورەپەرێزی لەئێران کۆببنەوە، لەقازانجی پارتیشدایە واز لەبوغزاندنی لایەنە نەتەوەییەکان و دوورەپەرێزی لە حزبەکوردیەکان بهێنێت و سیاسەت و بەرنامەیەکی باش دابڕێژێت، کە لەو دۆخە دەربازی بکات، چونکە ئێستا پارتی لەمەترسیدایە، و بەهۆی ئەویشەوە دۆخی باشوری کوردستان لە مەترسی گەورەدایە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com