“یەکێتی لەنەورۆزدا کوردانی سوید پەرتەوازە دەکات”

0

naworoz“یەکێتی لەنەورۆزدا کوردانی سوید پەرتەوازە دەکات”

رزگار رەزا چوچانی . سوید

چالاکوانێکی کورد لە سوید، رەخنە لە یەکێتی دەگرێت، کە لەرێگای سەنتەری کلتوری کوردستانەوە”بۆنەی نەرورۆزیان لەناو کوردانی ستۆکهۆڵم دابەشکرد”، بەرپرسی سەنتەرەکەش دەڵێت، “ئێمە نامانەوێ بێینە خوارەوە بۆ ئەو ئاستە، باسی دوو بەرەکی بکەین”، بەرپرسێکی یەکێتیش وەک پیشەی هەمیشەی کادرانی ئەو حزبە لەسوید، ئامۆژگاری نوچەنێت دەکات، کە خۆیان بەکاری سودبەخشەوە خەریک بکەن.

کوردێکی چالاکوان و بەرپرس لەیەکێک لەکۆمەڵە کوردیەکانی سوید، لەنامەیەکدا بۆ نوچەنێت، رەخنە لە یەکێتی دەگرێت لەسوید و دەنوسێت” “یەکێتی لەنەورۆزدا کوردانی سوید پەرتەوازە دەکات” بەڵام وەک خۆی دەڵێت” نامەوێ ناوم بنوسن تەنها ئەو مەسەلە بوروژێنن و بیخەنە بەرچاو، چونکە من کاری کۆمەڵەیەکی کوردی دەکەم و دوور نییە وتنی ئەم راستیەش نەبێتە هۆی خوێندنەوەیەکی هەڵە”.

ئەو کوردە چالاکوانە بۆ نوچەنێت دەڵێت” لەوڵاتێکی وەکو سویددا، تەنها بۆنە کەکوردانی لەم وڵاتە لەدەوری یەک کۆبکاتەوە بێ جیاوازی، بۆنەی نەرۆز و کردنەوەی ئاگری نەورۆز بوو لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لەرێگای فیدراسیۆنی کۆمەڵەکوردیەکانەوە، تا ساڵێک لەمەبەر لەکاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا، خەڵک رویی لەیەک جێگا دەکرد و پێکەوە ئەو یادەیان دەکردەوە، ئەوەش گرنگی و مانای زۆری هەبوو، چونکە لەوڵاتێکی بێگانە و لەپێش چاوی بێگانەدا کورد خەریکی گێڕانی جەژنی نەتەوەیی خۆی بوو بێ جیاوازی، لەکاتێکدا لە هەرچی بۆنەی ترە، بەهۆی بەرزکردنی وێنەی سەرۆکەکانیان و ئاڵای حزبەکان، ئەگەر بۆنەی نەتەوەییش بونایە، خەڵکی بێ لایەنی و دوور لەکێشە رووی تێنەدەکرد، بەڵام نەورۆز جیاواز لەبۆنەکانی تر خەڵک رووی تێدەکرد و زۆرکەس مناڵەکانیشیان دەبرد، تا لەرێی کردنەوەی ئاگر لەیەک جێگادا پێیان بڵێن ئێمەش جەژنێکی نەتەوەییمان هەیە، بەگشتی کورد لەسوید تەنها لەبۆنەی نەرۆزدا برواحزبیەکانیان وەلا دەنا، بەڵام یەکێتی ئەوەشی نەهێشت”. زیاتریش لەبارەی رەخنەکەیەوە دەڵێت” هەموو ساڵێک فیدراسیۆنی کۆمەڵەکوردیەکان لەجێیەکی شاری ستۆکهۆڵم ئاگریان دەکردەوە، دوو ساڵە یەکێتی لەرێی سەنتەرێکەوە بەناوی سەنتەری کلتوری کوردستان لەستۆکهۆڵم، کە لەلایەن کادرەکانی یەکێتی بەڕێوە دەبرێت، لەجێیەکی تری ستۆکهۆڵم ئاگری نەورۆز دەکەنەوە، لە راگەیاندنەکانی خۆیان رێکلامی دەکەن، لەلایەکی ترەوە کۆمەڵەکوردیەکانیش لەهەمان جێگای خۆیان ئاگر دەکەنەوە رێکلامی بۆ دەکەن، خەڵکیش سەرشێواوە نازانێ بچێتە کام لا، لەکوێ دروستە؟ کوێ حزبی نییە”.

بۆ وەرگرتنی وەڵامی سەنتەری کلتوری کوردستان لە ستۆکهۆڵم، کە بەقسەی ئەو چالاکوانەی کورد، “لەلایەن کادرەکانی یەکێتی یەوە بەڕێوە دەبرێت”، نوچەنێت پەیوەندی بە خەبات جەمال رەفعەت بەرپرسی سەنتەرەکەوەکرد، بەڵام لەوڵامدا تەنها ئەوەندەی وت”نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەییە، موڵکی هەموو میللەتی کوردە، لەهەرجێگایەک بکرێت، جیاوازی نییە، ئێمە نامانەوێ بێینە خوارەوە بۆ ئەو ئاستە، باسی دوو بەرەکی بکەین، ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە لەناوکورد”، بەرپرسی سەنتەری کلتوری کوردستان لە ستۆکهۆڵم، ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەبارەی گومانی ئەو چالاکوانە کوردە بکات، کەگومانی وابوو” بە رێنمایی رێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتی ئەو کارە بکەن” مەرجی قسەکردنی لەسەر ئەو پرسانە ئەوە بوو، کە دەبێت نوچەنێت ناوی ئەو چالاکوانەی بۆ ئاشکرا بکات، کە نەیویستووە، ناوی خۆی بڵێ “ئەگەرنا گومان دەکەن ئەو قسانە قسەی پەیامنێری نوچەنێت بێت لە سوید”.

هەر لەبارەی هۆکاری دابەشکردنی یادکردنەوەی نەورۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، پرشنگ توانا سکرتێری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید، قسەکانی ئەو چالاکوانەی پشت راست کردەوە و بۆ نوچەنێت وتی” راستە ساڵان تەنها لەیەک جێگا ئاگری نەورۆز دەکرایەوە، خەڵکی کورد بە هەموو بڕوا جیاوازەکانەوە دەهاتنە ئەو جێگایەو جەژنی نەرۆزیان دەکرد، بەڵام ئەوە دوو ساڵە سەنتەری کلتوری کوردستان لە ستۆکهۆڵم لەجێگایەکی تردا ئاگر دەکەنەوە”.

بەڵام پرشنگ توانا پێی وابوو، کردنەوەی ئەو ئاگرەو کۆکردنەوەی خەڵک لەجێیەکی تر” پەیوەندی بە حزبی بونەوە نییە و پێموانیە ئەوە مەسەلە ئەوە بێت برادەرانی یەکێتی بەو بەڕێزانەیان وتبێ، بۆنەکە بکەن بە حزبی و دابەشی بکەن، من ئەوە بەراست نازانم و شتی وانییە”، بەڵام ئاشکراشیکرد ” وەکو فیدراسیۆن پەیوەندیمان بەو سەنتەرەوە کردووە، لێمان پرسیون بۆچی لەجێگایەکی تر ئەو ئاگرە بکرێتەوە مەبەست چییە؟ ئەوانیش پێیان وتوین کە ستۆکهۆڵم جێگەیەکی گەورەیە ئێمە لەبەشێکی ئەو شارە ئاگرەکە دەکەینەوە و ئاسان نیە، بۆ خەڵکی بەشەکەی تری شار، بگەنە ئەو جێگایە، بۆیە بۆ ئاسانکاری بۆ خەڵکە ئەوانیش لەجێیەکی تر ئاگر دەکەنەوە، هۆکارەکەی ئەوان بەجێیە، رەنگە ئەو خەڵکە نەگەنە ئەو بەشەی تری ستۆکهۆڵم، ئەمە هۆکارەکە بووە، نەوەک بڕوای حزبی و دابەشکردن”.

لای خۆشیەوە، لەوەڵامی قسەکانی پرشنگ توانا چالاکوانە کوردەکە دەڵێت”ئەو قسانە ناچێتە عەقڵی کەس و رەنگە بەشێک بێ لەموجامەلاتی حزبی، چونکە پرشنگ خان کە سکرتێری فیدراسیۆنە، ئەندام ناوچە و کادری دیاری پارتیشە لەم وڵاتە، رەنگە دیسان ئەمەش رەچاوکردنی رێککەوتنەکەی کوردستان بێت، ئەگەرنا، راست نییە خەڵک لەشارەکانی تریشەوە دەهاتن بۆ کۆبونەوە لەبۆنەی کردنەوەی ئاگری نەورۆز، فەرمو با پرشنگ خان حاشا لەوە بکات کە خەڵکی شارەکانی تر نەهاتوون، هەروەها هەموشمان ئەوە دەزانین، کە هەر کەسێک لەناو ستۆکهۆڵم بژی، یان سەیارەی تایبەتی خۆی هەیە، یان کارتی هاتوچۆی پاس و تونێلبانە، قیتاری هەیە، و ئەو هێڵانەش تا درەنگانی شەو هاتوچۆ دەکەن، موستەحیلە خەڵک هەبێ یان سەیارە یان کارتی نەبێت، نەشی بێت ئەوەندە گران نییە، بۆیە ئەوانە پاساون و باش نییە داکۆکی لەو دابەشکردنە دەکات”.

نوچەنێت بۆ وەرگرتنی رای مەکتەبی رێکخراوەدیموکراتیەکانی یەکێتی لەسوید، کە لە بەدواداچونەکەدا ناویان هاتووە، پەیوەندی کرد بە شاکر سلێمان سۆلاڤ(کاردۆ)، لێپرسراوی ڕێکخراوه‌کانی سوید و کارگێڕی ناوه‌ندی ڕێکخراوه‌ دیموکراتیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی یەکێتی، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەی کادرانی یەکێتی لەسوید، جیگە لە ئامۆژگاریکردنی پەیامنێری نوچەنێت کە خۆی بەکاری سود بەخشەوە خەریک بکات، ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات، تەنها ئەوەندەی وت” من لێدوانم نیه‌ له‌سه‌ر شتێک که‌ وجودی نه‌بێ”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com