له‌ سلێمانی 50 كه‌س بریندار ده‌بێت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش سه‌رای ئازادی كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن

0

نوچه‌نێت: سلێمانی

له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مرۆی شاری سلێمانی، توندوتیژی درووست ده‌بێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نزیكه‌ی 50 كه‌س بریندار ده‌بن، هاوكات هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش سه‌رای ئازادی كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن.
خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مرۆی شاری سلێمانی، توندوتیژی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بریندار بوون، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دواتر توانییان سه‌رای ئازادی كۆنترۆڵ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای خۆپیشانده‌ران درووست كرد.
دوا به‌ دوای ته‌واو بوونی مه‌راسیمی نوێژی هه‌ینی توڕه‌یی له‌ سه‌رای ئازادی، خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و شه‌قامی ساڵم و مزگه‌وتی گه‌وره‌ به‌ڕێكه‌وتن و رووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوونه‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا نزیكه‌ی 50 كه‌س له‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بریندر بوون و سه‌رجه‌مییان به‌ به‌رد بریندار بوون و هیچ بریندارێكی تێدا نیه‌ كه‌ به‌ گولله‌ بریندار بووبێت.
له‌ لێدوانێكدا ناسك قادر وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رایگه‌یاند، خۆپیشاندانه‌كانی دوانیوه‌ڕۆی سلێمانی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادییه‌وه‌ نیه‌ و ئه‌وان به‌رپرسیار نین له‌و توندووتیژییانه‌ی كه‌ روویداوه‌، وتیشی “ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ هه‌ر رووداوێك كه‌ ئه‌مرۆ رووی داوه‌”.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی نوچه‌نێت، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستییان گرتووه‌ به‌سه‌ر مه‌یدانی ئازادیدا و كۆنترۆلییان كردووه‌ و چه‌ندین كه‌سیش له‌و مه‌یدانه‌دا ده‌ستگیر كراون، به‌ڵام ناسك قادر وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌و مه‌یدانه‌ موڵكی هاوڵاتییانه‌ و ده‌بێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چۆڵی بكه‌ن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com