رزگار رەزا چوچانی: کۆمەڵی ئیسلامی و بزرکردنی رێگاکە دوای دۆزینەوەی، خۆبچوکردنەوەی دوای گەورەبوونی

0

Komalکۆمەڵی ئیسلامی و بزرکردنی رێگاکە دوای دۆزینەوەی، خۆبچوکردنەوەی دوای گەورەبوونی

رزگار رەزا چوچانی . سوید

لەهەر هاوپەیمانییەكی سیاسی لەوڵاتانی دیموكرات و دیكتاتۆریش، شێوەیەك لەبازرگانی رەچاو دەكرێت، وەك ئەوەی من ئەوە بدەم چی وەردەگرم، یان چ قازانجێكی هاوبەش بەیەكیان دەگەیەنێت، هیچ لایەك ناچێتە ناو هاوپەیمانیەك، ئەگەر شتێك لەقازانجی سیاسی خۆی بەدی نەكات.
لەكوردستاندا پارتی و یەكێتی هاوپەیمانیان دروستكردووە، بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، بۆ ئیدارەدانی وڵات، پارتی پشتیوانی لەپرۆژەی یەكێتی دەكات و یەكێتی لەهی ئەو، یان بەرلەوەی بچێتە پەڕلەمان پرۆژەی هەرلایەكیان بەڕاوێژ لەگەڵ لایەنەكەی دیكە دەوڵەمەندتر دەكرێت و دەكرێتە پرۆژەی هاوبەش، بۆیە هەردوولاش لەپەڕلەمان دەنگی پێدەدەن و پشتیوانی لەیەك دەكەن، وەك ئەو پرۆژانەی بێ ئامادەیی ئۆپۆزسیۆن هەردوولا بەمافی زۆرینەبوون تێیانپەڕاندو داكۆكیان لەیەكتر كرد.
لەبەرانبەر ئەوان بەرەیەك هەیە پێی دەگوترێ بەرەی ئۆپۆزسیۆن، ئەوەی لەوبەرەیەدا بەدی دەكرێت، هەتا ئەمڕۆ زاڵبوونی پرۆژەی لایەنێكە بەسەر لایەنەكانی دیكەدا، بڕیاردان لای ئەو بەدواداهاتنی ئەوانی دیكەیە، لەو نێوانەشدا ئەوەی بۆ من جێی سەرنجە، خۆبچووككردنەوەی كۆمەڵی ئیسلامییە، دوای گەشەكردنی، بزركردنی رێگای گەورەبوونیەتی، دوای دۆزینەوەی.
لەوماوەی لەدەرەوەم و ئەوماوەش كە لەكوردستان بووم، بەوردی چاودێری جوڵە و گەشەی حزبە ئیسلامییەكانم كردووە، لەبەرانبەردا بینەری بچوكبوونەوەی حزبە سیاسییەكانی دیكەیش بووم، لەو ماوەیەی كە هەموو حزبەكان لەشەڕی ناخۆوە گلا بوون، ببوون بەبەشێك لەتوندتیژی و ململانێ، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، رێگایەكی عاقڵانەی هەڵبژارد، كە دوورەپەرێزی لەشەڕ و سەرمایەگوزاری كۆكردنەوەی جەماوەری بێزار لەشەڕو توندوتیژی بوو لەدەوری خۆی، هەر ئەوەش وایكرد، بێ شەرعیەتی باوی شۆرشگێڕی لەو وڵاتە، یەكگرتوو بووە رەقەمێكی دیار.
كۆمەڵی ئیسلامی كاتێك لەبزوتنەوە جیابووەوە، هێزی چەكداری هەبوو، سیمایەكی توندڕەوانەی هەبوو، خەڵك وەكو حزبێكی جیهادی سەیریان دەكرد، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن ئەمریكاوە هێرشكرایە سەریان، ئەمیرەكەیان دەستگیركرا، سیمای كۆمەڵ بەرەو ناڕوونی چوو، كەس نەیدەتوانی لەزهنی خۆیدا سیمایەك بۆ ئایندەی كۆمەڵ داتاشێ، جیهادی دەبێ، یان دەبێتە حزبێكی میانڕەو، زۆر لەچاوەڕوانییەكان كە بەخۆشحاڵیەوە پوچەڵ بوون ئەوە بوو، دوای یەكلابوونەوەی دۆخی ئەمیرەكەیان، كۆمەڵی ئیسلامی بەرەو حزبێكی توندوتیژ و چەكدار هەنگاو هەڵدەگرێتەوە، ویستی تۆڵەكردنەوەش دەبێتە رێڕەوێكی دیاری خەبات و تێكۆشانیان.
بەڵام لەئازادبوونی ئەمیرەكەیان هەموو شتەكان گۆڕا، لەوێوە كۆمەڵی ئیسلامی كەوتە سەر رێگای عاقڵانی و زەرور بۆ دۆخی كوردستان، ئەمیرەكەیان لەجێی فتوای تۆڵەكردنەوە، بانگەشەی ئارامی و هێمنیكرد، لەوێ رۆژەوە كۆمەڵی ئیسلامی كەوتە سەر سكەی خەباتی میانڕەوانە، ئەو رێگایەی كە یەكگرتووی ئیسلامی پێیدا رۆشت و كردییە هێزێكی دیار، ئەم رێگای كۆمەڵی ئیسلامی بووە جێی سەرنجی خەڵكی دەرەوەی كۆمەڵی ئیسلامیش، میانڕەوی ئەم حزبەو ئەمیرەكەیان كە پێشتر پێشمەرگەو سەركردەی حزبێكی جیهادی بووە، گەیشتە ئەوەی كە هەوڵ بدات، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی حزبەكانی دیكەیش، وەك نێوانگیری بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا، لەكاتی سەرهەڵدانی كێشەكانی نێوان یەكگرتوو و پارتی، هەوڵی ئاساییكردنەوەی نێوانیان، هەر لەلایەن خودی ئەمیری كۆمەڵ و حزبەكەیەوە بوو.
ئەو هەوڵانەی كۆمەڵ كاتێك بوو كە هەموو حزبەكان تێكەڵ بە ئاڵۆزییەكان ببوون، یان ببوونە تەماشاكار، دۆخی وڵاتیش ببووە هەمان دۆخی سەردەمی شەڕی ناوخۆ، كە هەموو لایەنەكانی دابەشكردبوو بەسەر دووبەرەدا، بەو هەوڵانەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەرفەتێكی زێڕین بۆ ئەو حزبە هاتە ئارا، كە خەباتكردن بوو لەسەر خەتی وەسەت، ئەو خەتەی هیچ لایەنێك لەسەری نییە ئێستا و دۆخی ئاڵۆزی كوردستان دەیخوازێت، كە هەرحزبێك لەسەری بڕوات، لەناو هەموو ئاڵۆزییەكاندا دەیكاتە بەحزبی خێر و خەڵكی ماندوو لەنائارامی هیوای لەسەر هەڵدەچنن، كۆمەڵ بۆ فەترەیەكی زەمەنی وەخت بوو پەی بەم رێگا دروست و عاقڵانە ببات بۆ خەبات، ئەو رێگایەی كە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان دەیخوازێت، ئەو رێگایەی كە ئەمڕۆ و ئایندەی كوردستانیش پێویستیەتی، ئەوە دۆزینەوەی هێڵێكی گرنگ بوو بۆ سیاسەت و خەبات، بەڵام كۆمەڵ نەك نەیتوانی لەسەری بڕوات، بەڵكو ئەوخەتەشی بزركرد و بووە بەشێك لەململانێ بارگاویەكان بە رقی كۆنی سیاسی.
ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی لەناو كێشەكانی كوردستاندا خۆی یەكلاكردۆتەوە، هاوپەیمانی و هاوڕایی یەكێك لەبەرەكانی هەڵبژاردووە كە ناوی ئۆپۆزسیۆنە، کە ئەو بەرەیە وەکو خۆی مامەڵە لەگەڵ قورسیەتی کۆمەڵی ئیسلامی ناکەن، دەكرێ ئەمەش كاریگەری بزركردنی رێگادروستەكەی خەبات بێ كە وەخت بوو كۆمەڵ بەرەو جێگایەكی دیكە بگوازێتەوە، چونكە دوولایەنەكەی دیكەی ئۆپۆزسیۆن هیچ پێزانینێكان نییە بۆ وجودی كۆمەڵی ئیسلامی لەڕیزەكانیان، لەخۆڕا نییە دەڵێم پێزانینیان نییە، بەڵكو فاكتای روون هەن، نزیكترینیان ئەوكاتی باس لەلێبوردنی گشتی كرا لەپەڕلەمانی كوردستاندا، كۆمەڵی ئیسلامی دونیایەك هەوڵیدا لێبوردن بەرفرەوانتر بكرێت و كادرە دەستگیركراوەكانی بگرێتەوە، بەڵام هیچ كام لەدوو حزبەكەی هاوپەیمانی پشتیان نەگرت، دەنگیان لەگەڵ دەنگی نەبوو، دواتر یاسای پاراستنی پیرۆزی ئاینی هاتە ئارا، كۆمەڵی ئیسلامی بەتوندی لەپشتیەوە بوو وەك پرۆژەی خۆی باسیدەكرد، دیسان دوو حزبە هاوپەیمانەكەی پشتیان نەگرت و دەنگیان نەخستە پەنای دەنگی.
ئاخر هەركام لەو دوو هەوڵەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەگەر بۆ من و بۆ كەسێكی دیكەیش گرنگ نەبێت، بۆ حزبێكی وەكو كۆمەڵی ئیسلامی گرنگ بوون، یەكەم پەیوەندی بەلایەنگران و كادرانیەوە هەبوو، دووەم پەیوەندی بەمەبدەئوبڕوایانەوە هەبوو، ئایا بەوە دەگوترێ هاوپەیمانی بكەویتە بەرەی دوولایەن، كە لە كارە هەرە گرنگەكانت لەگەڵت نەبن، پشتیوانیت نەكەن، بێگومان ئەمە ئەگەر هاوپەیمانیش بێ هاوپەیمانی تاك لایەنە و لەجیهانیشدا تەنها كۆمەڵی ئیسلامی داهێنەریەتی.
بۆیە ئەوەی ئێستا دەبینرێ، ئەم خۆ یەكلاكردنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی، لەیەكێك لەو دووبەرەدا كە وەختە ململانێی نێوانیان لەسكەی ململانێی دیموكراسی لا دەدات، بزركردن رێگاكەو ترازانیەتی لەسەر ئەو سكەی كە خەریك بوو كۆمەڵی ئیسلامی دەگوازتەوە بۆ ئایندەیەكی پڕ دڵنیاتر بۆخۆی، پشتیوانیشی لەكارو پرۆژەی ئەو حزبانەی كە تەنانەت لەپرۆژەیەك بۆ مەبدەئەكەشی پشتیوانی نەبوون، سەلمێنەری ئەوەیە، كە كۆمەڵی ئیسلامی دوای فەترەیەكی كەمی تاقیكردنەوەی رێگای عەقڵانی، بەشێوەیەك كەتۆتە ژێر كاریگەری شەپۆلەكانی رۆژ، كە ئایندە جگە لەخۆخنكاندنی سیاسی فڕێی ناداتە هیچ كەنارێكی ئارام.

ئەم بابەتە لە ژمارە 190 ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com