د. ئالان فتووحی :
لە سوید دەبێت دکتۆر شێوازه‌کانی ده‌رمان بۆ نه‌خۆش شیبکاتەوە، نه‌خۆش بڕیار دەدات ده‌رمانی پێشنیاز کراوی دکتۆر به‌کاردەهێنێت یان ئەلتەرناتیڤێکی تر
نەخۆش هەرچەند دەرمانی پێویست بێت ساڵانە زیاتر لە 350 دۆلار بۆ کڕینی دەرمان خەرج ناکات، زیاتر لەوە دەبێت بەبەلاش پێی بدرێت
لەسوید ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن هه‌ستیاری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، له‌مه‌ر پرسی تەندروستی و ده‌رمان
ده‌ریایه‌ک خه‌ڵکی زانستوان و پسپۆڕ و لێهاتووی کورد، نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ پلانێکی تۆکمه لەلایەن کوردستانەوە نییه بۆ په‌یوه‌ندی گرتن و ئیستفاده کردن له‌و کانگا که‌م وێنه‌یه‌ی زانست
دەبێت لەکوردستان مافی کڕین و فرۆشتنی ده‌رمان بە نه‌ته‌وه‌یی بکرێ و بدرێ به ڕێکخراوه‌یه‌کی حوکمی، بۆ ئه‌وه‌ی و که‌س نه‌توانێ بازرگانی به سەلامه‌تی و گیانی خه‌ڵکەوە بکات
جاران پێوه‌ندی کوردی تاراوگه له‌گه‌ڵ نێوخۆی وڵات پێوه‌ندییه‌کی ڕۆمانتیکی و له سه‌ر بنه‌مای هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و ویستی له خۆبردوویی بۆ وڵات بوو، بەڵام ئێستا دەبێ ئەم پەیوەندییە بەسیستەم بکرێ
کۆنگرەی زانستی کورد پاره‌یه‌کی زۆری تێچوو، بەڵام کۆنگره به پێی به‌رنامه و په‌یڕه‌وی بڵاوکراوه‌ی خۆی بەڕێوەنەچوو، هه‌ڵسووکه‌وتی سه‌رۆکی کۆنگره شیاوی ئه‌م پله‌یه نه‌بوو
رزگار رەزا چوچانی . سوید
د. ئالان فتووحی له زانکۆی تاران بەشی پزشکی خوێندووه و مۆڵه‌تنامه‌ی له‌م بواره دا وه‌رگرتووه، دواتر له سوید مۆڵه‌تنامه‌ی پزیشکی سویدی وه‌رگرتۆته‌وه. ساڵی ۲۰۰۷ دوکتۆرای لێکۆڵینه‌وه (پی ئێچ دی) له بواری شێرپه‌نجه له زانکۆی کاڕۆلینسکای ستۆکهۆڵم بەدەستهێناوە. له به‌شی ده‌رمانناسی کلینیکی (کلینیکاڵ فارماکۆلۆجی) نه‌خۆشخانه‌ی کاڕۆلینسکا وه‌ک پزشک ئیشی کردووه و مۆڵه‌تنامه‌ی پسپۆڕی له‌و بواره دا وه‌رگرتووه. ئێستاش وه‌ک پزشک و لێکۆڵه‌وه‌ر کار دەکات و سەرقاڵی لێکۆڵینه‌وه‌یە له بواری ده‌رمانه‌کانی دژ به شێرپه‌نجه‌و سه‌رپه‌رشتی گروپێکی لێکۆڵینه‌وه‌ی لە ئهستۆیە و خوێندکاری دوکتۆڕای هه‌یه. وەک خۆی دەڵێت”به‌شێک له کاته‌کانیشم ته‌رخان کردووه بۆ وانه وتنه‌وه له نه‌خۆشخانه، هه‌روه‌ها له زانکۆی کاڕۆلینسکا له بواری ده‌رمانناسی کلینیکی دا”
د. فتووحی لەم دیمانەدا لەگەڵ گۆڤاری سڤیل، شێوازی بەکارهێنانی دەرمان و بازرگانی بەدەرمان و مافی نەخۆش لە کرینی دەرمان لەوڵاتی سوید دەخاتە بەرباس، تیشک دەخاتە سەر دۆخی دەرمان لەکوردستان و خەتەر لەسەر تەندروستی خەڵک دەبینێ بەوهۆیەوە، پێشنیار دەکات وەک زۆر وڵاتێکی تر حکومەتی کوردستان وەزارەتێکی تایبەتی هەبێ بۆ رێکخستنی کوردانی تاراوگە و سود وەرگرتن لەتوانا زانستیەکانیان، ئاشکرای دەکات لەسەردانی کوردستاندا پرۆژەو پێشنیاری هەبووە، بۆ باشتر کردنی دۆخی دەرمان، بەڵام تا ئێستا بەکردار وەڵام نەدراوتەوە، ئەوەش بۆ گۆڤاری سڤیل ئاشکرا دەکات، وێڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ کۆنگرەی زانستی کورد لەهەولێر، بەڵام کۆنگرەکە وەک پێویست بەڕێوەنەبراوە.
رزگار رەزا چوچانی: لە وڵاتی سوید چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرماندا دەکرێت، کێن ئەوانەی بازرگانی بەدەرمانەوە دەکەن، کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی کامیان کاریگەرن؟
د. ئالان فتووحی : له سوید چه‌ند رێکخراوه و ئیداره‌ی حکومی هه‌ن، که ته‌واو یان به‌شێک له کاره‌که‌یان پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه به بواری ده‌رمان، شه‌ریکه‌یه‌کی ده‌رمان که به نیازه ده‌رمانێک له سوید بفرۆشێ، ده‌بێ له کاناڵی تایبه‌تی خۆیه‌وه وه‌ژوور که‌وێ و مه‌رجه‌کان بێنێته جێ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی پێبدرێ بۆ ئه‌م کاره. له سوید ده‌ستگای چاوه‌دێریی به‌رهه‌می ده‌رمانی (لێکێمێدێلس ڤهرکێت) ئه‌رکی هه‌ڵسه‌نگاندنی داواکاریه‌کان بۆ په‌سند کردنی ده‌رمانی لە ئه‌ستۆدایە. دوای په‌سند بوون شه‌ریکه‌ی ده‌رمان ده‌توانێ داوا بکا له تێ ئێل ڤێ (ده‌ستگای قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی خه‌رجی ده‌رمان و ددانسازی) که ده‌رمانه‌که په‌سند بکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی بچێتە لیستی ئه‌و ده‌رمانانه‌وه که وه‌به‌ر قه‌ره‌بووی حکوومه‌تی ده‌که‌ون. پێویسته بگوترێ که خه‌رجی ده‌رمان له سوید ئه‌گه‌ر بێت و ده‌رمانه‌کان لەلایه‌ن “تێ ئێل ڤێ” په‌سند کرابێ خەرجییەکەی بۆ نەخۆش له ڕاده‌یه‌کی دیاریکراو لە ماوه‌ی ساڵێک دا تێ ناپه‌ڕێ. له سه‌ره‌تای ساڵی ۲۰۱۲ه‌وه ئه‌و بڕه خەرجییە بۆ نەخۆش لەماوەی ساڵێکدا ۲۲۰۰ کڕۆن دیاری کراوه. واته پێداویستی به ده‌رمان هه‌رچه‌نده‌ش زۆر بێ، زیاتر له ۲۲۰۰ کڕۆن لەسەر نەخۆش ناکەوێ، واته نەخۆش هەرچەند پێویستی بەدەرمان بێت، ساڵانە دەبێت نزیکه‌ی ۳۵۰ دۆلارخەرج بکات، زیاتر لەوە دەبێت بەبێ پارە پێی بدرێ، قەرەبوی ئەو دەرمانەش کە بەبێ پارە بەنەخۆش دەدرێت، بۆ شەریکەی دەرمانەکە ئەو دەزگایەی کە باسمانکرد قەرەبووی دەکاتەوە.
رزگار رەزا چوچانی: کۆنترۆڵی دەرمان چۆن دەکرێت، ئەو دەزگایانەی تایبەتن بەو لایەنە چین و چۆن کار دەکەن؟
د. ئالان فتووحی : له سوید و زۆربه‌ی وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌ورووپایی دوو چه‌شنه ده‌رمان فرۆشتن بوونی هه‌یه: ڕه‌چه‌ته (نوسخه) خواز، واتە ئەو دەرمانەی کە دەبێت پزیش دیاری بکات، بڕیاری لەسەر بدات بۆ نەخۆش، و هەروەها دەرمانی ڕه‌چه‌ته‌نه‌ویست. ده‌رمانی ڕهچهتهخواز ته‌نیا له ده‌رمانخانه ده‌فرۆشرێ، به‌ڵام ده‌رمانی ڕه‌چه‌ته‌نه‌ویست له زۆر شوێن وه ده‌ست ده‌که‌ون، بۆ وێنه له سوپێرمارکێتان و ته‌نانه‌ت له به‌نزینخانەکان. دیاره ته‌واوی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له سوید ده‌فرۆشرێن ده‌بێ له‌لایه‌ن ده‌ستگای چاوه‌دێریی به‌رهه‌می ده‌رمانی په‌سند کرابن. درمانخانهکانیش گشتیان نێونووسکراون و هه‌مووشیان ده‌بێ کادری خوێنده‌واری بواری ده‌رمانیان هه‌بێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌رمان له ده‌رمانخانه‌کان که شوێنی باوه‌ڕپێکراون ده‌کڕن، ئیدی کێشه‌ی مه‌ترسی کڕینی ده‌رمانی ماوه به‌سه‌رچوو، یان ساخته بوونی نییه. ئه‌گه‌ر بێت‌و کێشه‌یه‌کیش له ده‌رمانه‌کانی ڕه‌چه‌ته‌نه‌ویست دا به‌دی بکرێ ئه‌وه خه‌ڵک ده‌توانن به ده‌زگای پشتگیری له سهرفكاران ڕابگه‌یه‌نن بۆ لێکۆڵینه‌وه له سه‌ری.
رزگار رەزا چوچانی: چۆن هۆشیاری بەکارهێنانی دەرمان لەم وڵاتە دروست دەکرێت، هاوڵاتی تاچەند ئاگادارە لە جۆر‌و شێوەو کاریگەری دەرمان، یان چۆن ئاگادار دەکرێت؟
د. ئالان فتووحی : ده‌رمانه‌کان به گشتی بڕۆشوریان له‌گه‌ڵه، هه‌روه‌ها دوکتۆره‌کان کاتێک ده‌رمان ده‌نووسن بۆ نه‌خۆش کاتێکی باش ته‌رخان ده‌که‌ن بۆ شی کردنه‌وه‌ی ده‌رمانه‌که و شێوازی مه‌ترسییه‌کانی، دوکتۆره‌کان ته‌نانه‌ت ده‌رمانه‌کانی دیکه‌ش (ئه‌گه‌ر بێتوو بوونیان هه‌بێ) یان شێوازه‌کانی دیکه‌ی ده‌رمان بۆ نه‌خۆش شی دەکه‌نه‌وه، و نه‌خۆش سه‌ربه‌سته که خۆی بڕیار بدا ده‌رمانی پێشنیاز کراو به‌کاردەهێنێت، یان یه‌کێ له ئالترناتیوهکانی دیکه. بێجگه‌له‌وه، له ده‌رمانخانه‌ش زانیاری سه‌باره‌ت به ده‌رمان پێشکه‌ش به نه‌خۆش ده‌کرێ. هه‌روه‌ها خه‌لکی سوید ئاستی خوێندهواریا ن به‌رزه، ئەوەش یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی وشیار بن سه‌باره‌ت به ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌یاندرێتێ و خۆشیان زانیاری زیادتر کۆکه‌نه‌وه. بێجگهلهوانهش سایتی ئینته‌رنێتی وا هه‌ن که سه‌باره‌ت به ده‌رمانه‌کان و نه‌خۆشیه‌کان زانیاری باشیان تێدایه. ده‌ستگاکانی ڕاگه‌یاندنی وه‌ک ته‌له‌ڤیزیۆن و ڕادیۆ و رۆژنامه‌کانیش هه‌ستیاری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، له‌مه‌ر پرسی ساخڵهمهتی و ده‌رمان، و هه‌ر که هه‌واڵێکی گرینگ له‌م بوارانه دا وه‌ده‌ستخه‌ن، زۆر به گرنگی و به‌ربڵاوی ده‌یخه‌نه به‌رده‌ست.
رزگار رەزا چوچانی : سیستەمی دەرمانخانەکان چۆن رێکدەخرێت، نرخ چۆن دیاری دەکرێت و چۆن کۆنترۆڵی نرخ دەکرێت؟
د. ئالان فتووحی : له سوید ده‌رمانخانه‌کان ۶۰۰ ساڵه هه‌ن. تا ۱۹۷۰ که‌سانێک که ئیمتیازی ده‌رمانفرۆشتنیان وه‌رگرتبا بۆیان هه‌بوو ده‌رمانخانه بکه‌نه‌وه و ده‌ست بکه‌ن به ده‌رمان فرۆشتن. له‌م ساڵه ڕا که‌رتی ده‌رمان فرۆشتن نه‌ته‌وه‌یی کرا و له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه درا به شه‌ریکه‌یه ک به ناوی ئاپۆتێکێت ئا بێ. له ساڵی ۲۰۰۶هوه ڕێگا دراوه به به‌شی خسوسیش که بێنه ناو بازاڕی ده‌رمانه‌وه و هه‌ر ئێستا ۸ شه‌ریکه‌ی جیاواز له‌م بواره دا چالاکن و هه‌رکامه‌ی زنجیره ده‌رمانخانه‌ی خۆی هه‌یه. دیاره هه‌موو ئه‌م زنجیره ده‌رمانخانانه ده‌بێ ڕه‌چاوی یاساکانی ده‌رمان فرۆشتن بکه‌ن. نرخی ده‌رمان له لایه‌ن شه‌ریکه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانه‌وه داده‌ندرێ و شه‌ریکه‌کان ئازادن به هه‌ر چه‌ندی پێیان خۆشه ده‌رمانه‌کانیان بفرۆشن. به‌ڵام یاساکانی بازاڕی ئازاد و هه‌روه‌ها حه‌ول دان بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازی قه‌ره‌بووی حکوومه‌تی له لایه‌ن تێ ئێل ڤێ که پێشتر باسم کرد، ده‌بێته هۆی ئه‌وه که نرخه‌کان له ڕاده‌یه‌ک دا بمێننه‌وه. دیاره ده‌رمانێک که ئیمتیازی تێ ئێل ڤێ وه‌ربگرێ بۆ نه‌خۆش زۆر هه‌رزانتر ده‌که‌وێ، چونکه هه‌روه‌کی باسمان کرد ئه‌گه‌ر نه‌خۆش له‌م تاقمه ده‌رمانانه بکڕێ هه‌رگیز لە ساڵێکدا زیادتر ۲۲۰۰ کڕۆن (نزیک ۳۵۰ دۆڵاری ئه‌مریکایی) بۆ ده‌رمان خه‌رج ناکا. کاتێک نه‌خۆش بۆ کڕینی ده‌رمان سه‌ردانی ده‌رمانخانه ده‌کا، یاسا ده‌ڵێ که ئه‌گه‌ر ده‌رمانێک له هه‌مان نه‌وع (پێیان ده‌کوترێ جێنێریک) به‌ڵام ههرزانترههیه، ده‌بێ نه‌خۆش ئاگادار بکرێته‌وه، و نه‌خۆش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌گه‌ر حه‌زی لێیه خۆی بڕیار بدا ده‌رمانه ههرزانترهکه بکڕێ.
رزگار رەزا چوچانی: لەو ماوانەی رابردودا ئێوە سەردانی کوردستانتان کردووە، دۆخی دەرمان لەکوردستان چۆن دەبینی، تاچەند بەڕێگا دروستەکە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکرێت، بەگشتی راو تێبینیت لەو بارەوە چییە؟
د. ئالان فتووحی : به داخه‌وه سه‌ره‌ڕای هه‌وڵێکی زۆری له لایه‌ن ئۆرگانه به‌رپرسه‌کانه‌وه کە بۆ کۆنتڕۆڵی ده‌رمان دراوه، ئێستاش هه‌ر جار نا جارێ هه‌واڵی مردن و کوێر بوون و به‌ڵای دڵته‌زێنی دیکه‌مان به هۆی بەکاربردنی ده‌رمانی ماوه به‌سه‌رچوو یان ساخته به گوێ ده‌گا. هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه‌ش باس بکرێ که ئه‌م هه‌واڵانه ته‌نیا به‌شه دیاره‌که‌ی کێوه سه‌هۆڵه‌که‌ی کێشه‌ی ده‌رمانن، و به دڵنیاییه‌وه کێشه‌کانی بەکارهێنانی ده‌رمانی غه‌ڵه‌ت و هه‌روه‌ها غه‌ڵه‌ت بەکارهێنانی ده‌رمان زۆر له‌وه زیادترن که به ڕواڵه‌ت به‌دی ده‌کرێن. ئاسه‌واره درێژ خایه‌نه‌کان، ڕووداوه که‌متر دیاره‌کانی وه‌ک هه‌سته‌وه‌ری و ئازار و ناڕه‌حه‌تی له‌م چه‌شنه هه‌ن و ڕوو ده‌ده‌ن، به‌ڵام زۆر نایه‌نه به‌رچاو. به‌داخه‌وه کێشه‌ی که‌رتی ده‌رمان له کوردستان زۆر قووڵه. ده‌رمان قاچاغ ده‌کرێ و ده‌هێندرێته ناو کوردستان، که‌سانێک له سه‌ر شه‌قامان و له کۆڵانان ده‌رمان ده‌فرۆشن، که ڕه‌نگه بچوکترین شاره‌زاییان ده‌م بواره دا نه‌بێ، خه‌ڵک له هه‌ر شوێنێک تووشی ده‌رمان بن ده‌یکڕن. ئه‌مانه هه‌مووی کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تین که به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه باسی چلۆنایه‌تی فرۆشتن و ناسین و بەکاربردنی ده‌رمان به شێوازی زانستی و دروست، ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێن. به خۆشییه‌وه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌شی کوالیتی کۆنتڕۆڵی دامه‌زراندووه که بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رمانانه‌ی له بازاڕ ده‌فرۆشترێن ههنگاوێکی زۆر باشه، به‌ڵام جارێ هه‌ر ناوه‌ندێکی بچووکه و پێم وانییه بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و بازاڕه به‌ربڵاوه‌ی ده‌رمان بداته‌وه.
رزگار رەزا چوچانی: چ خەتەرێک لەسەر تەندروستی خەڵکی کوردستان بەدی دەکەیت، لەڕێگای دەرمان و بازرگانیکردن بەدەرمانەوە؟
د. ئالان فتووحی : مه‌ترسییه‌کانی بەکارهێنانی ده‌رمانی ماوه به‌سه‌رچوو، یان ساخته له سفره‌وه ده‌ست پێده‌کا تا مردن. زۆربه‌ی جاران که ماوه‌ی ده‌رمانێک به‌سه‌ر ده‌چێ، ده‌رمانه‌که بێ که‌لک ده‌بێ و ئه‌و شوێنه‌ی لێی چاوه‌ڕوان ده‌کرێ داینانێ و کاریگه‌ری نامێنێ. به‌ڵام به ده‌گمه‌ن دیتراوه که ئاسه‌واری خه‌راپیشی لێ ده‌که‌وێته‌وه. هه‌روه‌ها که ده‌رمان گزی تێدا بکرێ له‌وانه‌یه مادده‌یه‌کی تێدا بێ که بۆ له‌ش مه‌ترسیدار بێ.
رزگار رەزا چوچانی: چین ئەو دەزگاو سیستەمەی لەوڵاتی سوید بەدی دەکەیت و لەکوردستان گرنگی پێ نادرێت لەبواری دەرماندا؟ یان دەبێت چی بکرێت؟
د. ئالان فتووحی : ده‌زگاکانی په‌یوه‌ندیدار به ده‌رمان له سوید به گشتی ئه‌م ئه‌رکانه‌یان به ئه‌ستۆوه‌یه: هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردکردنی شێوازه‌کانی ده‌رمان و نووسین له سه‌ریان کە (ئۆڕگانێک ده‌یکا به نێوی ئێس بێ ئو)، په‌سند کردنی ده‌رمان بۆ بەکارهێنان له لایه‌ن نه‌خۆشی سویدییه‌وه کە (ده‌ستگای چاوه‌دێریی به‌رهه‌می ده‌رمانی ده‌یکا)، به‌دواداچوونه‌وه و چاوه‌دێری ئاسه‌واری ئه‌رێنی و نه‌رێنی ده‌رمان، کۆ کردنه‌وه‌ی زانیاری سه‌باره‌ت به ئاسه‌واره ده‌گمه‌ن و درێژ خایههکانی ده‌رمان که ڕه‌نگه کاتی په‌سند کردنی ده‌رمان خۆیان ده‌رنه‌خستبێ، بڕیاردان له‌سه‌ر دانی قه‌ره‌بووی ده‌رمانه‌که به نه‌خۆش (ده‌ستگای قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی خه‌رجی ده‌رمان و ددانسازی ده‌یکا)، به‌راورد کردنی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی تازه په‌سند ده‌کرێن له‌گه‌ڵ ده‌رمانه‌کانی دیکه که هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دەهێنرێن، کاری به‌رده‌وام بۆ دیتنه‌وه‌ی باشترین شێوازی بەکارهێنانی ده‌رمان بۆ تاقمه جیاوازه‌کانی نه‌خۆشه‌کان. له کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بپارێزین له مه‌ترسی ده‌رمانی هه‌ڵه و ساخته، له‌پێشدا ده‌بێ مافیای قاچاغی ده‌رمان بنبڕ بکرێ. ئه‌و ده‌رمانانه‌ی دێنه ناو وڵات و مافی فرۆشتنیان پێ ده‌درێ ده‌بێ دیاری بکرێن (بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌کرێ سه‌ره‌تا کۆپی بکرێ له لیسته‌ی ده‌رمانی وڵاتانێک که سیستێمی کۆنتڕۆڵی هاورده‌ی ده‌رمانیان سه‌رکه‌وتوو بووه، له داهاتووش دا ده‌کرێ ئۆرگانێکی حکومی به ڕه‌چاو کردنی ڕێنوێنیه‌کانی سازمانی ته‌ندروستی جیهانی که بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌ڵاله کراوه، ئه‌م ئه‌رکه بگرێته ئه‌ستۆ.). مافی کڕین و فرۆشتنی ده‌رمان نه‌ته‌وه‌یی بکرێ و بدرێ به ڕێکخراوه‌یه‌کی حوکمی، بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کان به ڕونی بکرێن و داهاتی هاورده کردن و فرۆشتنی ده‌رمان بۆ خه‌ڵک بێ، که‌س نه‌توانێ بازرگانی به سەلامه‌تی و گیانی خه‌ڵکەوە بکات. شوێنی ده‌رمان فرۆشتن به‌ربه‌ست بکرێ به ده‌رمانخانه و ته‌نیا که‌سانێک بۆیان هه‌بێ ده‌رمان بفرۆشن، که خوێنده‌واری تایبه‌تیان هه‌بێ بۆ ئه‌م کاره. خه‌ڵک وشیار بکرێنه‌وه که ده‌رمان به‌س له ئه‌م شوێنانه بکڕن.
رزگار رەزا چوچانی: لە وڵاتانی ئەورپا زۆر کوردی پسپۆڕ لەبوارە جیاجیاکاندا هەن، بۆچی ئەو خەڵکە شارەزو پسپۆڕە هاوکاری کوردستان ناکەن لەم کاتەدا کە وڵات بنیاتدەنرێت؟، بۆ نمونە ئێوە پسپۆریتان لەبوارێکی حەساسی وەکو دەرمان هەیە، بۆچی ئەم ئەزمونە ناگوازیتەوە کوردستان؟ هەوڵتان داوە یان نا؟، ئەگەر هەوڵتان داوە چی رێگر بووە لەبەردەمتان؟
د. ئالان فتوحی: ڕێم بده به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که‌ت بگۆڕم ! و به‌م شێوه‌یه بیهێنمه ئارا: چ به‌ربه‌ستێک هه‌یه که ڕێگر ده‌بێ له‌وه‌ی پسپۆڕانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به شێوه‌یه‌کی تۆکمه و کارا به‌شدار بن له ڕه‌وتی بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات دا؟ من وای دەبینم خه‌تای نه‌بوونی هاوکاری پێویستە له نێوان پسپۆڕی ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ نێوخۆی کوردستان، با به ته‌نیا ئەوە نه‌خه‌ینه سه‌رشانی دانیشتوانی ده‌ره‌وه. پێکنه‌هاتنی هاوکاری سیستێماتیک و به به‌رنامه و ئوسولی هۆی سه‌ره‌کییه، دەبێ بپرسین ئەو بنه‌مایانه چین کە ئەم پەیوەندیە دروست دەکات، ئه‌وه‌نده‌ی بتوانین لێره دا لێکی ده‌ده‌ینه‌وه. سه‌رده‌مێک بوو باشووری کوردستان تووشی شه‌ڕ و نه‌هامه‌ت و نه‌بوونی و بێ سه‌ره‌و به‌ره‌ییه‌کی ته‌واو بووبوو. ده‌سه‌ڵاتێکی کارامه و به‌توانا و به ئیمکانات بوونی نه‌بوو. به کورتی سه‌رده‌می شاخ بوو، نه وه ک ئێستا سه‌رده‌می شار. پێوه‌ندی کوردی تاراوگه له‌گه‌ڵ نێوخۆی وڵات پێوه‌ندییه‌کی ته‌نیا و ته‌نیا ڕۆمانتیک و له سه‌ر بنه‌مای هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و ویستی له خۆبردوویی بوو بۆ وڵات. ئه‌گه‌ر که‌سێک ویستبای یارمه‌تییه‌کی وڵات بکا، ده‌بوا بۆ وێنه ڕاسته‌وخۆ پاره و که‌لوپه‌لی ناردباوه، یاخود به هه‌ر چه‌رمه‌سه‌رییه‌ک با سه‌فه‌ری کردبا و ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هاتبا بکردایه. ئه‌گه‌ر بیرۆکه‌یه‌ک یان پلانێکی هه‌بوایە ده‌بوایە خۆی به ته‌نیا یان ده‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی هاوبیر و هاوکاری خۆی، قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیبا. واته سیستێمێکی کارا بوونی نه‌بوو.
هه‌لومه‌رجی ئێستا یه‌کجار جیاوازه، ئێستا له سه‌رده‌می شار داین، حکومه‌تێکی سه‌قامگیر هه‌یه که کار و به‌رپرسیاره‌تییه‌کانی له زۆر بوار دا به شێوه‌یه‌کی ڕوون به سه‌ر دائیرات و به‌رپرسان و کارمه‌ندانی تایبه‌ت بۆ هه‌ر که‌رتێک دابه‌ش کردووه. داهات هه‌یه، سیستێم هه‌یه، نه‌زم و سه‌قامگیری هه‌یه. به‌ڵام که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌م پۆتانسیه‌له که‌م وێنه‌یه‌ی که کورد له چاو نه‌ته‌وه‌کانی تر هه‌یه‌تی، و ئه‌ویش ده‌ریایه‌ک خه‌ڵکی زانستوان و پسپۆڕ و لێهاتووی نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ پلانێکی تۆکمه و ڕوون نییه بۆ په‌یوه‌ندی گرتن و ناسین و لێ تێگه‌یشتن و ئیستفاده کردن له‌و کانگا که‌م وێنه‌یه‌ی زانست. خۆ ئه‌گه‌ر پسپۆڕێک کهمایسییهک ببینێ له نێوخۆی وڵات دا، و ته‌نانه‌ت بزانێ که چاره‌ی کهمایهسییهکهشی پێ ده‌کرێ، زۆربه‌ی جاران ده‌ستگایه‌ک، ناوه‌ندێک، مێکانیسمێکی ڕون بوونی نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پسپۆڕه بتوانێ بیرۆکه‌که‌ی خۆی گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌م شوێنه بکا و بیهێنێته به‌ر چاوی شاره‌زایان. ده‌ی ئه‌دی چی بکا؟ ده‌بێ له ڕێگای دۆست و براده‌ر و ناسیاوان حه‌ول بدا ئه‌م مه‌سئول و ئه‌و مه‌سئول ببینێ تا بتوانێ قسه‌که‌ی بگه‌یێنێ، ئه‌ویش به دیتنی ڕاسته‌و خۆ، ده‌نا خۆ به ئیمێیل و ته‌له‌فۆن و… هه‌ر باسی مه‌که. ده‌ی! بۆ که‌سێکی دانیشتووی وڵاتێکی ئه‌ورووپی که ساڵێ ۴-۵ حه‌وتووی پشوودان هه‌یه، و بۆخوی سه‌د لە سه‌د سه‌رقاڵی ئیش و کار و ماڵ و منداڵی خۆیه‌تی، که‌ی ئه‌و کاته هه‌یه و بەدوای ئەو هەموو رێگادابگەڕێ چۆن ئه‌م کاره سه‌رده‌گرێ؟ هه‌ڵبه‌ت ناکرێ بڵێین هیچ ناکرێ، زۆر کار کراوه، به‌ڵام مه‌ودای هه‌وڵ و تێکۆشانه‌کان زۆر به‌رته‌سک ده‌بنه‌وه، بەو هۆیانەوە کەباسکرا.
رزگار رەزا چوچانی: ئه‌دی چاره چییه؟
د. ئالان فووتحی: ئه‌وه‌ی پێویسته هه‌بێ ده‌ستگایه‌کی حکومی به‌هێز و به‌ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌ت به په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ کووردی تاراوگه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بلوێ ڕه‌نگه باشترین شێوه ئه‌مه بێ که وه‌ک چه‌ند وڵاتی دیکه که ئه‌م کاره‌یان به باشی ڕاپه‌ڕاندووه، وه‌زاره‌تخانه‌یه‌کی دیاسپۆڕا (کۆمه‌ڵگای نیشته‌جێی تاراوگه) هه‌بێ هەستکردن بە زەرورەتی هەبوونی ئەو دەزگایەشە وایکردووە، کە ئێمە له‌گه‌ڵ چه‌ند دۆستی دیکه بۆ دروستکردنی ئەو دەزگایە پێشنارمان وه‌ک نامه‌یه‌ک ناردووه بۆ جه‌نابی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هیوامان خواستووه که به موسبه‌ت وه‌ربگیرێ، و ئێستاکه‌ش چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامین. چالاکییه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌م ناوه‌نده دۆزینه‌وه، په‌یوه‌ندی گرتن و نێونووسی کردنی کوورده‌کانی تاراوگه، و ئاسانکاری بۆ دروست کردنی تۆڕی په‌یوه‌ندی له نێوان پسپۆڕانی کورد ده‌بێ، واته له نێوان کوردانی دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌گه‌ڵ یه‌کتر و هه‌روه‌ها له نێوان پسپۆڕانی ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ پسپۆڕانی ناوخۆ. ئه‌رکه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ده‌ستگایه، کە ده‌کرێ ئه‌مانه بن: تاو‌و توێ کردنی بیرۆکه‌کان و پڕۆژه‌کان، هه‌لسه‌نگاندن و هه‌وڵ دان و ڕێگه خۆشکردن بۆ به‌ره‌و پێش بردنیان. به له‌به‌رده‌ست بوونی زانیاری ته‌واو له سه‌ر پۆتانسیه‌لی مه‌وجود پلان داڕشتن بۆ پڕۆژه‌کان ئاسانتر و واقعبینانه‌تر ده‌بێ.
رزگار رەزا چوچانی: ئەگەر بپرسین خۆت هەوڵتداوە، تا نەبوونی ئەو هاوکارییە رێگر بێت؟
د. ئالان فتووحی : به‌ڵێ حه‌ولم داوه و تا ڕاده‌یه‌کی پێشوهچوونیشم هه‌بووه. ساڵی ۲۰۰۶ من و چه‌ند که‌س له دۆستانی لێکۆڵه‌وه‌ری بواری پزیشکی دانیشتووی سوید و دانماڕک له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ڕێکخراوه‌یه‌کی توێژینه‌وه‌ی پزیشکی ساغ بووینه‌وه . ڕێکخراوه‌که‌مان نێو نا ڕێکخراوه‌ی کوردی توێژینه‌وه‌ی پزیشکی که کورت کراوه‌ی ناوه ئینگلیسییه‌که‌ی ده‌بێته کۆمار. ئامانجی سەرەکیشمان یارمەتیدان بەبنیادنانەوه وپەرە پێ دان و بەرەو پێش بردنی رەوشی لێکۆلینەوەی پزشکی لە کوردستان بووه. به هاوکاری زانکۆ پزشکییه‌کانی هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانی ده‌ستمان کرد به دانانی وۆڕکشۆپ، به‌شداری چالاکانه له کۆبوونه‌وه زانستیه‌کاندا و سازکردنی په‌یوه‌ندی له نێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆی پزشکی به‌نێوبانگی کاڕۆلینسکا. دابینکردنی خوێندن بۆ پله‌ی دوکتۆڕای لێکۆڵینه‌وه (پی ئێچ دی) بۆ نزیک به ۴۰ پزیشکی کورد له وڵاته‌کانی ئەسکەندەنافیا، به هاوکاری وه‌زاره‌ته‌کانی خوێندنی باڵا و ته‌ندروستی، یه‌کێکه له‌و کارانه‌ی کۆمار کردوویه‌تی و من هه‌میشه شانازی پێوه ده‌که‌م. چه‌ند که‌س له‌م خوێندکارانه سه‌رکه‌وتوانه دوکتۆڕایان وه‌رگرتووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه کوردستان.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئێستا وه‌ک ڕێگر هه‌ستی پێ ده‌که‌م، هه‌ر ئه‌م به‌ربه‌ستانه‌یه که پێشتر باسم لێوه کرد. کۆسپی سه‌ره‌کی نه‌بوونی سیستێمی تایبه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌یه. بۆ وێنه کاتێک مانگی ئۆکتۆبری ۲۰۱۲ بۆ به‌شداری له دووهه‌م کۆنگره‌ی زانستی جیهانی کورد دا چووبوومه‌وه کوردستان، کۆمه‌ڵێک پێشنیارم له بواری ده‌رمان دا خسته به‌رباس. به خۆشییه‌وه باسه‌کان که‌وته به‌ر سەرنجی جه‌نابی وه‌زیری ته‌ندروستییه‌وه و له دانیشتنێک دا که له‌گه‌ڵ به‌ڕێزی هه‌مان بوو (من و چه‌ند دۆستی دیکه‌ی دامه‌زرێنه‌ری ڕێکخراوه‌ی کۆمار به‌شدار بوین) دیسان جه‌خت کرایه‌وه له سه‌ر گرینگی پێشنیاره‌کانی که درابوون بۆ چاکسازی بواری ده‌رمان له کوردستان. له نێو ئه‌مانه دا تهوسییهیهک هه‌بوو سه‌باره‌ت به گرینگی هه‌بوونی تاقیگه‌یه‌کی پێوانی پله‌ی ده‌رمان، بۆ کۆنتڕۆڵی باشتر، له سه‌ر ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ڕاده‌ی که‌م یان زۆریان ده‌توانێ بۆ نه‌خۆش مه‌ترسی هێنه‌ر بێ، یان خود کاریگه‌ری ده‌رمان که‌م بکاته‌وه. گه‌ڵاڵه‌که زۆر پێشوازی لێ کرا و به دوای ئه‌م کۆبوونه‌وه‌ش دا چه‌ند جار په‌یام و نامه گواستراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به کرده‌وه ئێستاش که ۷ مانگ له‌م ڕێکه‌وته تێده‌په‌ڕێ هیچ بڕیارێک نه‌دراوه و له پڕاکتیک دا هیچ نه‌کراوه!، هۆیه‌که‌شی هه‌ر ئه‌وه ده‌زانم که پێشتر باسم کرد.
رزگار رەزا چوچانی: کۆنگرەی زانستی کورد لەلایەن خەڵکانی ئەکادیمی کوردەوە، بەتایبەت ئەوانی دەرەوەی وڵات بۆ دوو جار سازکراوە، ئێوە بەشدار بوون، کاریگەری ئەو کۆنگرە بۆ گواستنەوەی رای ئەکادیمیەکانی کورد لەدەرەوە بۆ کوردستان تاچەند دەبینی، تاچەند لەو ئاستەدا بووە؟
د. ئالان فتووحی : وه‌ک باسم کرد من له کۆنگره‌ی دووهه‌م دا به‌شدار بووم و باسه‌که‌ی خۆم پێشکه‌ش کرد. دیاره دانانی کۆڕ و کۆمه‌ڵی زانستی کارێکی ئه‌رێنییه و ده‌بێ پشتگیری لێ بکرێ. به تایبه‌ت که ڕوی قسه‌ی زانستپهروهرهکان ڕاسته‌و خۆ له کوردستان بێ و ئامانج یارمه‌تیدان به ڕه‌وتی پێشوه‌چوونی وڵات بێ. هه‌ڵبه‌ت کۆبوونه‌وه‌ی له‌م شێوه به تۆزێک جیاوازییه‌وه پێشتریش به‌ڕێوه چووبوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که کۆنگره زانستی کوردی جیاواز کردبوو کۆکردنه‌وه‌ی زانستوانانی کورد بوو له بواری جیاواز دا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن یه‌کتر بناسن و له زانست و ته‌جره‌به‌ی یه‌کتر ئاگادار بن و که‌ڵک وه‌ربگرن.
به‌شدار بوونی نزیک به ۶۰۰ پسپۆڕ له وڵاتانی ده‌ره‌وه، کۆنگره‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند کردبوو. حکومه‌تی هه‌رێمیش به دابینکردنی خه‌رجی کۆنگره، به میواندارییه‌کی زۆر ته‌سه‌ل و به‌شداری له به‌ڕێوه‌بردن دا، پشتیوانیه کی باشی له کۆنگره کرد، که به‌ڕاستی جیگای ڕێز و پێ زانینه.
دیاره زۆر باسی باش هاتنه گۆڕێ و زۆر دیدار پێک هات و ته‌نانه‌ت کۆڕی زانستی نوێ چێ کران، که هه‌مووی نیشانه‌ی ئه‌رێنی بوونی پێکهێنانی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆیه. به‌ڵام به‌داخه‌وه به هۆی ئه‌وه که مێکانیسمێکی دیاریکراو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچوونه‌وه‌ی باسه‌کان و پێشنیاره‌کان بوونی نه‌بوو، کاریگه‌ری کۆبوونه‌وه‌که تا ڕاده‌یه‌ک نزم ببۆوه.
رزگار رەزا چوچانی: رەخنە لەشێوەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە هەیە، تۆ ڕات چییە؟
د. ئالان فتووحی : دیاره ئه‌م کۆنگره‌یه‌ش وه‌ک هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌کی دیکه که‌م و کورتی خۆی هه‌بوو، و ده‌کرا باشتر به‌ڕێوه بچێ. لێره ئاماژه به چه‌ند خاڵ ده‌که‌م که به بڕوای من ئه‌گه‌ر له‌به‌رچاو گیرابان کۆنگره‌که زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بوو:
۱. ژماره‌ی پسپۆڕانی نێوخۆی وڵات له کۆنگره دا زۆر که‌م بوو. مادام ئامانج ئاڵ و گۆڕی زانست و بیر و بۆچوون له‌گه‌ڵ زانستوانانی نێوخۆیه، ده‌بوو ژماره‌یه‌کی زۆرتر له‌م به‌ڕێزانه بانگێشتن کرابان.
۲. پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشکه‌شکه‌رانی باسه‌کان ڕون نه‌بوو، یان کاری پێ نه‌کرابوو. که‌سانێک وه‌ک میوان به‌شدار ببوون که نه باسێکیان پێشکه‌ش کرد، نه به هیچ چه‌شنێکی دیکه یارمه‌تی کۆنگره‌یان دا. نابێ له‌بیرمان بچێ که کۆنگره‌که پاره‌یه‌کی زۆری تێچوو، و جێی خۆیه‌تی که پرسیار بکه‌ین بۆ ئه‌م خه‌ڵکه بانگێشتن کرابوون؟!
۳. بڕیاره‌کانی چلۆنایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره به‌ربه‌ست کرابوو له ده‌ست یه‌ک دوو که‌س دا، زۆر جار هه‌بوو پرسیار ده‌هاته گۆڕێ سه‌باره‌ت به پڕۆگڕامهکان، به‌ڵام که ڕوت ده‌کرده یه‌کێک له‌و به‌ڕێزانه‌ی کە “به‌ڕێوه‌به‌ر” بوون وه‌ڵامێکیان نه‌بوو، چوون ئاگایان له بڕیاره‌کان نه‌بوو. ئه‌مه به پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه و په‌یڕه‌وی کۆنگره و ڕواڵه‌تێکی دێمۆکڕاتیکه که له سایتی کۆنگره دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
۴. هه‌ڵسووکه‌وتی سه‌رۆکی کۆنگره زۆر جار شیاوی ئه‌م پله‌یه نه‌بوو (پێویست ناکا بچینه ورده‌کارییه‌کانه‌وه).
۵. ئیمکاناتی وه‌ک پرینتێر و کامپیوتێر و ئینتێرنێت ده‌با له شوێنی کۆنگره هه با، کە نەبوو.
۶. پۆستێڕهکان زۆر به ناڕێکی ههڵواسڕان و دیار نه‌بوو کێ به‌رپرسه لێیان، ته‌نانه‌ت دیار نه‌بوو که‌ی کاتی چاو له پۆستێر کردنه.
۷. له به‌ر ئه‌وه که باسه‌کان له بواری زۆر جیاواز دا بوون، باشتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر چه‌ند شوێن بۆ پێشکه‌شکردنی باسه‌کان ته‌رخان کرابان، هه‌تا هه‌ر که‌سه‌ی بتوانێ له‌م بابه‌تانه دا به‌شدار بێ که ڕای لێیه و پێوه‌ندی به کاره‌که‌یه‌وه هه‌یه. ده‌کرا ته‌نیا بۆ ئه‌م باسانه که گشتگیر بوون هه‌موو به‌شدار بووه‌کان له شوێنێک کۆ کرابانه‌وه.
۸. کۆنگره به پێی به‌رنامه و په‌یڕه‌وی خۆی که بڵاو کراوه‌ی خۆیه‌تی، هه‌ڵسوو که‌وتی نه‌کردووه و پڕۆسه دێمۆکڕاتیکه‌کانی (وه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه، هه‌ر دووساڵ جارێک و هه‌ڵبژادنه‌کان و ئه‌ندام وه‌رگرتن) به‌ڕێوه نه‌بردووه.
ئه‌من به‌شێک له ئه‌م ڕه‌خنانه‌م ڕۆژی ئاخری کۆنگره گه‌ڵاڵه کرد، دوای ئه‌وه‌ی نیشانی چه‌ند که‌سێکی دیکه‌شم دا و ئه‌وانیش په‌سندیان کرد و ژێریان نووسی ناردم بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆنگره، به‌ڵام به داخه‌وه ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ، نه وه‌ڵامێکمان وه‌رگرته‌وه و نه‌زانیمان چ هه‌ڵوێستێکیان هه‌بووه و ڕه‌خنه‌کان چۆن وه‌رگیراون و چ کارتێکه‌رییه‌کی هه‌بووه له سه‌ر بڕیاره‌کانی کۆنگره بۆ پلانه‌کانی داهاتوو.
هیوادارم ده داهاتوو دا، کۆنگره‌ی زانستی کورد به له‌به‌رچاو گرتنی ڕه‌خنه‌و بۆچوونه‌کانی به‌شداربوان و زانستپه‌روه‌ران و به دێمۆکڕاتیزه کردنی خۆی و کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکانی و که‌ڵک وه‌رگرتن له تواناییه‌کانی، پسپۆڕانێکی زیاتربتوانێ چالاکی باشتر و پوختتر و کارامه‌تر بنوێنێ.