سەرۆک کۆمارو گرفتەکانی کەرکوک

0

عادل عەلی

هەتا مام جەلال لە ژیاندا بوو ئەو کاتانەی ئاریشەو گرفتەکانی کەرکوک ئەگەیشتە گرێ کوێرەو رێگای چارەسەر بزر دەبوو،ئەو لەوێ بوو..لەوێ بوونێک دەبووە کە دەبووە ماییەی دڵنیایی و هەمووان کوردو تورکمان و عەرەب گوێیان لێ ئەگرت..لەوێ بوونی ئەو تەکانێکی بەرچاوی ئەدایە پرۆسەی سیاسی لەو شارە کە لە خزمەت قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ماددەی(۱٤٠) دا بوو بەتایبەتی بۆ هەنگاوەکانی ئاسایی کردنەوە.. لەدوای نەمانی مام چارەنوسی کەرکوک زێدەتر بەرەو نادیاری رۆیشتووەو هەتا دێت گرێ کوێرەکان کوێر تر دەبنەوە… پرسی ریفڕاندۆم و هەڵوێست و مامەڵەی ناواقیعی و نادروست لەهەمبەر کەرکوک و کێشەکانی لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە نە خزمەتی بە کەرکوک و پرسەکەی نەکردووە ،بەڵکو لە راستیدا پاشەکشەیەکی ئەوتۆی کردووە کە لەچەند دەیەی رابردودا نمونەی نەبووە..لە ئێستادا شاڵاوی تەعریب نەک ساڵانە ئامار دەکرێت بەڵکو رۆژانە دەبێت بەدوا دا چوون بۆ ئامارەکان بکەین و شۆڤینیزمی عەرەبی هەتا دێ سنگ و پێگەی زیاتر لەو پارێزگایە دائەکوتێ و هیچ بەربەستێکیش بۆ راگرتن و رووبەروو بوونەوە نییەو دا دێت نیازیانە باری دیموگرافیای کەرکوک بە قازانجی تەعریب و تەنانەت تەتریکیش بگۆڕن…ئەوەی لەهەمووی زێدەتر جێگای نیگەرانییە پێگەو بوونی کوردە لە چەقی حوکمڕانی لە بەغدا کە نەیتوانیوە کاریگەری دروست بکات یاخود هەیبێت لە کەرکوک. بەو ژمارە وەزیرو پەرلەمانتارەوە لەسەرو هەموویانەوە سەرۆک کۆمار کە ئێستا لەهەڕەمی دەسەڵاتە،ئەگەرچی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی کۆمار سنوردارە بە پێی دەستور بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی کە کەسایەتی سەرۆک کۆمار لە هەمبەر پرسی کەرکوک بێ دەنگو بێ هەڵوێست و بێ دەربەست بێت..لە هەنووکەداهاتنەسەر خەتی سەرۆک کۆمار بۆ گرفتەکانی کەرکوک و ئەو شاڵاوە چڕو پڕەی لە ئیستادا بوونی هەیە رەنگە کاریگەری ماددی و مەعنەوی زۆری هەبێت..هاتن وسەردانی کردنی سەرۆک کۆمار بۆ کەرکوک و کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی بەدڵنیاییەوە دەرئەنجامێکی هەر دەبێت ..ئەوەی لەرابردودا مام کردویەتی دەکرێت دکتۆر بەرهەمیش بیکات..نەکردن و بێ هەڵویستی و بێ دەنگی لە ئاستی شاڵاوەکانی ئیستای تەتریک و تەعریبی کەرکوک پرسیاری گەورە دروست دەکات، لە کاتێکدا سەرۆک کۆمار کوردەو لەناو کوردیشدا لەسەر یەکێتی حسابەو لەو شارەشداو لە دوایین هەڵبژاردندا یەکێتی دەنگی یەکەمینی هێناوە..هەربۆیە خەڵکی کەرکوک حەقی خۆیانە کەسایەتیە دەسەڵاتدارەکانی کوردی بەغداو لەسەروو هەموویانەوە دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆماری عێراق بخەنە ژێر پرسیارەوە دەرحەق بەبێ هەڵوێستی و بێ دەنگیان بۆ گرفتەکانی ئێستای کەرکوک…خەلكی کەرکوک حەقی خۆیانە بە کوردەکانی بەغدا لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار ئیتر نەڵێن کاکە ..وەک پەندە کوردییەکە ئەڵێ: بۆیە پێت ئەڵێم کاکە هەتا چۆلەکەم بۆ بگریت..ئێستا ئیدی ئەوانەی لە بەغدان نە چۆلەکەیەک بۆ خەڵکی کەرکوک ئەگرن و نە دەنگێکیان لێوە دێت ،کە دەنگێک بێت هیچ نەبێت ئیستێک بەو شاڵاوە بەرفراوانە سیستماتیکیە بهێنن کە شۆڤینیزمی عەرەبی و تورکی دەیانەوێ واقیعی جوگرافی و دیموگرافی کەرکوک بگۆڕن….هیچ نەبێت گەر سەرۆک کۆمار ناتوانێت سەردانی کەرکوک بکات، خۆ هیچ نەبێت دەتوانێت لە کۆشکی کۆمارییەکەیدا سەرجەم پێکهاتەو حزب و لایەنە سیاسیەکان کۆبکاتەوەو مەترسی پێڕەو کردنی ئەو سیاسەتەی ئیستای کەرکوک بخاتە روو..ئەگەر لە موسڵ بەلەمێک غەرق بوو دەیان کەس مردن و بریندار بوون لە پای ئەوە سەرۆک کۆمار زوو بەزوو سەردانی شاری موسڵی کردو سەرەخۆشی لەکەس وکارو شاری موسڵ کرد ئەوا ئیستا ئیدی هەرەشەی غەرقبوونی شارێک و دەوروبەرەکەی لە ئارادایە،خۆ ناکرێت کە تەواو غەرقبوو پرسەنامە بنێرێت… بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی کورد دەسەلاتدار لەبەغدا هەموومان ئەخاتە گومانەوەو حەقی خۆمانە پرسیار لە سەر بوون و مانەوەی سەرۆک کۆمارو ئەوانی تر دابنێین بڵێین لەوێ لەچەقی حوکمڕانی چی دەکەن…؟!

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com