سالار عەزیز باسی”كودەتای كتوپڕ و خەنجەری ژەهراوی نەوشیروان موستەفا” دەکات

0

SONY DSCسالار عەزیز وەک یەکێک لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لەم راگەیەنراوەدا هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەبزوتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنێت.
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی خوشەویست
لە مانگی 1ی 2007 پێنج كەس بوین، بڕیارماندا وەكو مینبەرێكی ئاشكرا لە پێناوی چاكسازی و بریاری سیاسی دروست، لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا،  پێكەوە كار بكەین. شوێنی كاریش سەر گردەكەی زەرگەتەی شاری سلێمانی بوو.
كە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 بۆ پەرلەمانی كوردستان نزیك بۆوە ئاپورەی خەڵك بەرەو گردەكە وای لێ كردین بڕیار بدەین بە لیستێكی سەربەخۆ بەناوی لیستی گۆڕانەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەین. بەڵێنمان بە خەڵك دا كە لە پێناوی هێنانەدی سیستمێكی دیموكراتی و گۆڕینی ئەم سیستمە و لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سەروەری یاسادا تێ بكۆشین.
سەدان هەزار كەس بۆ هێنانەدی ئەو دروشمانە دەنگیان بە گۆڕان دا. دەسەڵات هەمیشە داوای لە گۆڕان كردووە كە بەشداری لە حكومەتدا بكات و ئێمە رەفزمان كردووە چونكە گۆڕان بۆ گۆڕانكاری لە سیستم دا هاتۆتە كایەوە نەك بۆ بەشداری لە هەمان سیستم دا.
جا ئەگەر گۆڕان ئامانجەكەی چوونە ناو سیستمێكی وایە ئەوا با هەر لەناو یەكێتی دا كارمان بكردایە و ئەوكات سەنگ و قورساییمان لە بەرامبەر هێزەكانی تردا باڵاتر دەبو.. راگەیاندنەكانی گۆڕانیش تا ئێستا لە گوێی كۆمەڵانی خەڵكدا دەزرنگێتەوە كە هەموی هێرشە لەسەر سیستم و حزبەكانی دەسەڵات بەتایبەتی بۆ سەر پارتی… بەڵام ئێستا حەملە تەنها لە دژی یەكێتی چڕ كراوەتەوە. لەگەڵ پارتی دا بونەتە (شەریك).
لە كاتێكدا ئەو حزبە لە جاران بەدەسەڵاتتر و بەهێزترەوهەموئەركانەكانی بەرێوەبردنی.وڵات بەدەستی ئەوەوەیە.ئەبو لەباتی ئەم بادانەوە و خۆ بەدەستەوەدانە لەسەر هەمان ئەو سیاسەتەی كە لەدوای كۆبونەوەكەی دەباشانەوە بڕیارمان لێدا و بڕوامان وابو بۆ بەهێزكردنەوەی ئەم ناوچەیە و ڕاستكردنەوەی تەرازووی هێز لەگەڵ یەكێتیدابسازێین..بڕیارمانداكە بەهەستێكی بەرزی لێپرسراوییەوەوبەسەبرو تەحەمولێكی زۆرەوە، لەم هەلومەرجە سیاسییەی كوردستاندا دریژەبەم سیاسەتە بدەین، ژمارەیەكی زۆریش لەهە ڵسوراوانی گوڕان لەگەل ئەم سیاسەتە دروستەدابون.. كودەتا كتوپڕەكەی رێكخەری بزوتنەوەكە و خەنجەری ژەهراوی بۆ گیانی هاوڕێیان و جەستەی هەمو پرنسیپە دیموكراتی و ئەخلاقییەكانی ناو گۆڕان، بەدەستەوە گرتنی هەمو سەرەداوەكانی بڕیاری سیاسی و ئابووری و رێكخستن بەدەست تەنها یەك كەسەوە، زەمینەیەكی نوێی خوڵقاند بۆ پشت كردنە بەرنامە سیاسییەكەی گۆڕان و پیادەكردنی سیاسەتی میزاجی و حقد و تۆڵەسەندنەوە و بەرژەوەندیی تایبەت.
كە مام جەلال نەخۆش كەوت لەباتی ئەوەی وەك سەركردەیەكی واقیعبین و میهرەبان و دڵگەورە و لێبوردە رەفتار بكات كەچی فكر و هۆشی خۆی لە ئومێدێكی بۆش و بێ بناغەدا، لە هەوڵدان بۆ هەڵوەرین و لێكترازانی ریزەكانی یەكێتی و هێزی پێشمەرگە و هێزی چەكداری یەكێتیدا چڕكردەوە.
ئەم سیاسەتە چەوتە كە سەرچاوەكەی تاكڕەوی و نائەقڵانییەتە و دوورە لە بیرو باوەڕ و بەرنامەی گۆڕان تەنها لە دوكانێكی ئیقتیسادی و بەرژەوەندی تایبەتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمڕۆ بێ یا سبەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لێی بە ئاگا دەبنەوە. ئۆباڵەكەشی ئەكەوێتە ئەستۆی هەمو ئەوانەی ئەمە قبوڵ ئەكەن.
جا خوشك و برایان، پلانێك بۆ هەڵتەكاندن و نانەوەی ئاژاوەیەكی گەورە بۆ ئەم دەڤەرە بۆ سلێمانی سازكراوە. بۆ لاواز كردن و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و شكاندنی هەمو پیرۆزییەكان و تێك بەردانی یەكتر و لەبیرچونەوەی پێداگری لەسەر گەڕانەوەی دەستور و شكاندنی هەستی نەتەوایەتی و بەتایبەتی لێكترازان و هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئێستا یەكێتی رۆڵێكی گەورەی هەیە لە پشتیوانی كردنی رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستاندا… گورزەكەی رێكخەری بزوتنەوەكە بۆ سەری یەكێتییە. بیەوێ و نەیەوێ لە خزمەتی ئەم پلانە گڵاوەدایە.لەدوارۆشدا خوشی ئەگریتەوە.
من یەكێتی نیم بەڵام وەك كەسێك كە لە مناڵیمەوە لەگەڵ گەلەكەی خۆمدا بوم و یەكێكم لە دامەزرێنەری كۆمەڵە و یەكێكم لە یەكەمین لێپرسراوی دەستە چەكدارەكانی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و بە درێژایی تەمەنم كاری سیاسیم كردووە و لێپرسراوێتیم لەسەر شان بووە، هەرگیز چ لە شاخ یا لە شار بەرامبەر سیاسەتی هەڵە و لادان و خواروخێچییەكان بێدەنگ نەبوم تا ئێرەش بە پاك و بێگەردییم هێناوە.
بۆیە بە تاوانی ئەزانم بێدەنگی هەڵبژێرم و سەرئێشە بۆ خۆم دروست نەكەم. من چاوپۆشی لە هەڵەكانی یەكێتی ناكەم بەلام هیوا دارم بەخۆدا چوونەوەیەكی گەورە بكەن بەڵێنی راست بە خەڵك بدەن كە لە پێناوی عەدالەت و یەكسانی و سیستمێكی دیموكراتی و دەستورێكی دیموكراتی سەروەری یاسادا خەبات بكەن.
من لەدوای خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتەوە گەیشتمە ئەو قەناعەتەی كە هەوڵ بدەین لەگەڵ یەكێتیدا لێك نزیك بكەوینەوە و هەرگیز جارێكی دی دژایەتی یەكتر نەكەین پشكێكی گەورەش لە پێكهێنان و رێكەوتننامەی دەباشاندا بەر من ئەكەوێت.
هەمو ئەزمونەكانی هەڵبژاردن، دەنگی زۆر و كەم، واقیعی ئەم وڵاتە بە پاشخان و روداوەكانییەوە، بەو دەسەڵاتەی  ئەم وڵاتە بەڕێوە ئەبات فێری كردمەوە كە چەند دەنگی خەڵك بەنرخ و جێگەی رێزە بەڵام لەم جۆرە سیستمەدا دەنگی هێز و باڵانسی هێز كاریگەریی سەرەكی گۆڕانكارییە. ئەوەی لە 4 سالدا یەك تەنها پرۆژەی پی نەچەسپا ئەوا مەنتیقی هێز لەچەند ساتێكدا ئەتوانی هەمو موعادەلەكان بگۆڕێ بۆیە بەكەمگرتنی یەكێتی نیشتمانی و هەڵسەنگاندنی بە دەنگی كەم كە ئەمەش لە ئان و ساتدا قابیلی گۆڕانە، تێنەگەیشتنە لە واقیعەكە. یەكێتی لە هاوكێشە سیاسییەكاندا ئەتوانێ دەورێكی گەورە بگێڕێ.
چەواشەكردن و ناڕاستی لەگەڵ خەڵك بە هەڵگرتنی دروشمی بەرەو دەسەڵات كە ماناكەی لە رووی سیاسی و زانستییەوە هەر تەنها مانای دەسەڵات گرتنە دەستە نەك چوونە ناو حكومەت، كەچی بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك بەوە ئەچوێنرێ كە ئەمەیە بەرەو دەسەڵات.
یەكێ لە پرنسیپەكانی گۆڕان، گەڕانەوەی كیانوشەخسیەتی ئینسانی كوردو پەروەردەكردنەوەیەتی كەچی درۆی لەگەل ئەكرێوئەخەلەتێینری . بەشداری لەمجۆرە حوكمڕانییەدا بەو هیوایەی كە بەشدار ئەبیت لە بڕیاری سیاسی دا و ئەتوانیت گۆڕانكاری لە حوكمدا بكەیت بەڕاستی بەدرۆ خستنەوەی گۆڕان و هەمو ئەو قسانەیە كە تا ئێستا ئەوە شەش ساڵە لە راگەیاندنەكانی گۆڕانەوە ئەكرێ… بزوتنەوەكە لە دەستی یەك كەس دایە و بەپێی مەزاج و ئارەزووە ئیقتیسادی و سیاسی و نەفسییەكانی ئەو بەڕێوە ئەچێت.
دڵنیام كە بزوتنەوەكە بەرەو هەڵدێر ئەبات. بۆیە لێرەوە رایئەگەیەنم كە من هەمیشە لەگەڵ گۆڕانكارییدام بەڵام هیچ ئومێدێكم بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئەو بزوتنەوەیەوەنیەو و هیچ پەیوەندی وئیلتیزامێكم لەگەلیاندا نەماوە.

برای دلسوزتان
سالار عەزیز

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com