“خۆ خەڵک ناخی من نابینێت!”
بەهرە حەمەڕەش
لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، پێشکەشکارەکە لە کچێکی گەنجی پرسی، ئایا جوانی ناخت بەلاوە گرنگە یان جوانی روخسار و لەشولار؟ کچە گەنجەکە بە راشکاوی گوتی: “خۆ خەڵک ناخی من نابینن، بێگومان جوانی روخسار و لەشولارم بەلاوە گرنگترینە”!
بۆ کارێکی رۆژنامەوانی سەردانی سەنتەرێکی جوانکاریم کرد. زۆربەی سەردانیکارانی سەنتەر و دکتۆرەکانی جوانکاری، کەسانی گەنجن لە هەردوو رەگەز، بەڵام لە رەگەزی مێ زیاتر. هەندێ کچ بۆ نۆرەگرتنی نەشتەگەری جوانکاری لوت لەوێبوون، کە جگە لە وەی پێویستیان پێ نەبوو، هێشتا تەمەنیان هەژدە ساڵ و خوارتریش بوو. پرسیارم لە یەکێکیان کرد، کە تۆ لوتت زۆر جوانە، بۆچی نەشتەرگەری دەکەی؟ گوتی، دەمەوێ جوانتر بێ!
کاتێک لە دکتۆرم پرسی، کە ئایا قەیرانی ئابووری هیچ کاریگەری لە سەر کارەکەی ئێوە هەیە؟ گوتی نەخێر، کارەکەی ئێمە زیاتربووە و سەنتەرەکەم قەرەباڵخترە لە جاران.
خۆجوانکردن و گرنگیدان بە روکەش و جوانی، مافی هەموو مرۆڤێکە بەڵام لەتەمەنێکی گونجاو و بەپێی پێویست، بەپێچەوانەوە لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوەو بۆی هەیە گەنجان گیرۆدەی روکەش بن و شتە جەوهەرییەکان وەلا بنێن. بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە ئایا دەبێ هاندەری ئەوە چی بێت؟ کەسێک بەبێ ئەوەی پێویستی بێت، خۆی دەخاتە بەر بەنج و چەقۆ، کە بۆی هەیە ژیانی تێدا لە دەست بدات!
ئایا کۆمەڵگە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، کە هەموان سەرنجیان لە سەر روکەش بێت و زۆرینە ناخ و هزری بەلاوە گرنگ نەبێت؟ کاتێک تەوژمی گەنج هیزی کۆمەڵگا بێت و ئەم هێزەش خەریکی نەشتەگەری، جوانکاری، قژ و برۆی سناعی بێت. زۆربەی کاتەکانیان بە ڤیدیۆی تیکتۆک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەبێ ئامانج بەسەردەبەن. ئایا بەمشێوەیە، رەوشی کۆمەڵگە بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئەم لێشاوی رووکردنە نەشتەرگەری جوانکاری و زیادەڕۆیی لە گرنگیدان بە روکەش، گوزارشت لە دوو نەخۆشی کۆمەڵگا دەکات، کە یەکەمیان گەنجەکانمان لە دەست بەتاڵی هەموو دیقەتێکیان لە سەر جوانکاری روکەشە. دووەم، وەک ئەو کچە گەنجە دەڵێت، کۆمەڵگە تەنیا سەرنجی لە سەر دیمەن و روکەشە!
دیارە پاشخان و ئەگەرەکانی ئەم جۆرە دیاردانە زۆرن، بەڵام بەکورتی چەند فاکتەرێک دەخەینە بەرچاو. دوای نەمانی شەڕی ساردی/ “1947 ــ 1989” نێوان هەردوو بلۆکی سۆشیالیزم و کاپیتاڵیزم، ئاستی ململانێ لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە بەلای کاپیتاڵیزمدا شکایەوە. لایەنگر و باوەڕدارانی سۆشیالیزم، بەدوای سەرچاوەیەکی تری فکریدا دەگەڕان، بۆ ئەوەی درێژە بەبیروباوەڕی خۆیان لە چوارچێوەیەکی تردا بدەن، چونکە لایەنگرانی ئەم بلۆکە، لە هەموو جیهان بەگشی و لە رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت، کە بۆشایی فکری زیاترە، کاریگەرتر بوون.
هۆکارێکیش بۆ پەیوەستبوونی خەڵکێک لەم ناوچەیە ئەوەبوو، کە بەدرێژایی سەدان ساڵ، لە ژێر چەتری ئیمپراتۆریەت و دەسەڵاتی ئایینیدا ژیاون. لە بەرئەوە هەبوونی بلۆکی سۆشیالیزم/ “1917 ــ 1989” بۆ ئەوان، ئەلتەرناتیڤێکی مەدەنیتر و پێشکەوتووتربوو. بۆیە خەڵکێک، کە وابەستەی ئەم ئایدۆلۆژیایە بوو، بەنەمانی کەوتنە ناو کۆمەڵێک بازنەی فکری و هەستیان بە بۆشایی دەکرد. لاوازبوونی بەرەی سۆشیالیزم لە لایەک و لاوازبوونی بزووتنەوەی نەتەوایەتی/ “لە کۆتای سەدەی بیستەم” لە لایەکیتر وایکرد، کە هزری پێشکەوتووخوازی پاشەکشە بکات و هزری کۆنەپەرستی هاتە پێشەوە. دواتر هێرشی هزری لیبرالیزم بە رێگای گلۆباڵ و تەکنەلۆژیا، شکستی بە پەرەسەندنی فکری ئاینی و کۆنەپەرستی هێنا. لێرەدا دیسان خەڵک کەوتنە بۆشایی فکرییەوە. بەتایبەت دوای کۆتای هاتنی سەدەی بیستەم، لەم بۆشاییە فکریەدا کۆمەڵێک کولتوور و نەریتی نوێ بە کۆمەڵێک کەناڵی جیاواز، بەبێ قوناغبەندی و ئامادەکاری و هاتن و جێیان گرت.
ئیتر لە جیاتی “خێزان، رێکخراو، حزب/ دەسەڵات و ئاین”، ئاراستە و پەروەردە، کەوتە مەیدانی هێرشی تەکنەلۆژیا. هەرکەس بووە خاوەن دەزگایەکی میدیایی خۆیی، کە کەناڵی بینراو، نوسراو و ڤیدیۆیی لە بەردەستدا بێت، بەبێ سانسۆر چی بوێت بڵاوی بکاتەوە. ئەمە وایکرد پاشەکشێی ئایدۆلۆژیا پێچەوانەکان دەستیپێکرد، ئەوانەی کە زیاتر تەنیا وەک هاوردە و چەمک بە عاتیفە کەوتوونە ناو ئایدۆلۆژیایەک، بەتایبەتی تەمەنی هەرزەکاری تووشی سەرگەردانی دەبن و کاتێک دەبینن، لە گێژاوێکدا خۆیان بە چڵەپوشێک لە شوێنێکی هەڵە گرتۆتەوە. لەم دۆخەدا، لۆژیک و مەنتق پاشەکشێ دەکات و روکەش و شتی هەڕەمەکی وەردەگیرێت و زاڵ دەبێت، تا کاتێک دەبینین دەبێتە باو و دیاردە.
ئەو کۆمەڵگەیانەی، کە لە سەر سامانی سروشتی دەژین، زیاتر دەست بەتاڵن، دینامیکیەتی کۆمەڵایەتییان لاوازە و لە بۆشاییدان، دێن وزەکانیان لە شوێنی هەڵە بەکاردەهێنن. لە جیاتی مرۆڤی بەرهەمهێن، مرۆڤ خۆی دەبێتە بەرهەم، هەروەها لە جیاتی بازاڕ دروست بکات، دەبێتە کاڵای بازاڕ!
رەهەندێکی تری ئەم هێرشەی گەنجان بۆ نەشتەرگەری جوانکاری، دەرئەنجامی چاولێکەرییەکی وەرگیراوی کوێرانەیە. کە لە ئەوروپا لە ئەنجامی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ناو نوخبەی هونەرمەند و نمایشکاران بەرێژەیەکی کەم دروست بووە، بەڵام لێرە هەموان بە هەردوو رەگەز و لە تەمەنی زۆر زووەوە “بە پێویست و نا پێویست” رویان کردۆتە ئەم جوانکارییە!
بەدیوێکی تردا، رەنگە ئەم هێرشە بۆ خۆدانە بەر چەقۆی جوانکاری، یان سوتانی تاتۆ و رەسمکردن لە سەر جەستە جۆرێک بێ لە بێکاری، بێزاری و خۆکوشتن، بەڵام کوشتنی فیزیکی نا، بەڵکو خۆکوشتنی بێهیوابوون، بێباوەڕی و مۆراڵی. هەروەها نەبوونی: “بەرپرسیارەتی/ ماف و ئەرک، ئینتیمای/ نەتەوە و دۆز، ئاراستە و پەروەردەکردنێکی تەندروست”، کەواتە ئێمە بووینە کۆمەڵگەیەکی کۆپی کە جۆرێکی تری کۆیلایەتیە!
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەهەند لەم دیاردەیە بڕوانن. رەوتی پەروەردە راست بکرێتەوە و لە هۆکارەکانی بکۆڵنەوە و بەدوای چارەسەری پراکتیکیدا بگەڕین. بزانن کە لێشاوێکی گەنجان و هێزی کۆمەڵگە، لە جیاتی هزر/ ناخ، دەموچاو جوان دەکات. ئەگەر کۆمەڵگە بەو سەلیقە و ریتمە بەردەوام بێت، ئەم نەخۆشییەی کۆمەڵگایە، جێ بە هەموو نەخۆشییەکانی تر لێژ دەکات و بەرەو کۆمەڵگایەکی بێ ئامانج و بینەرێکی تەمبەڵی مێژوویی کوشندە دەڕۆین!”