” ناوچە سوننەنشینەكەی عیراق، بەرەو ئەوە هەنگاودەنێ، ببێتە گەورەترین مەكۆی قاعیدە”
نوچەنێت: ك ن
لە وتارێكدا كە بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێی نووسیوە، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، باس لە فراوانبوونی چالاكییەكانی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان دەكات لە عێراق و دەنووسێت “هەموو پێشبینییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە عێراق و وردتر ناوچە سوننەنشینەكەی عیراق، بەرەو ئەوە هەنگاودەنێ كە بەهۆی داعشەوە ببێتە گەورەترین مەكۆی رێكخراوی قاعیدە لەجیهاندا”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی، كە هاوكات سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژییە، لە درێژەی وتارەكەیدا نووسیویشیەتی “گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە خەریكە بەو سەرەنجامە دەگا كە ناوەندی چالاكییە جیهانییەكانی قاعیدەی بگوازێتەوە بۆ عیراق و ئەبوبەكری بەغدادیی سەرۆكی داعش جێی ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی سەركردایەتیی جیهانیی قاعیدە بگرێتەوە”.
هەروەها نووسیویەتی “خودی داعش بەلقێكی یاخی لەسەركردایەتی زەواهیری دادەنرێ. لەساڵی 2013 دا بەغدادی كە چالاكییەكانی بۆ ناوخۆی سوریا گواستبۆوە، لەبەرەی نوسرە جیابۆوە، خودی جیابوونەوەكە بەجیابوونەوە لەڕێكخراوی قاعیدە دەژمێردرێ، چونكە بەرەی نوسرە خۆی بەلقی سوریای قاعیدە دادەنا. لەگەڵ جیابوونەوەی بەغدادی و پێكهێنانی داعش، ژمارەیەكی زۆری چەكدارە بیانییەكانی سوریا وازیان لەبەرەی نوسرە هێنا و پەیوەندییان بەداعشەوە كرد، چونكە پێیان وابوو داعش سیستماتیكتر و رێكوپێكتر كار دەكات”.