عادل عەلی
کاتی خۆی عوسمانی کوڕی عەففان کە خەلیفەی سێیەمی موسڵمانان بوو کوژا. قەمیسە خوێناوییەکەیان هەڵگرت و پاراستیان .لە جەنگی (صفین)ی نێوان مەعاویەو عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب دوا خەلیفەی راشدین، ئەو قەمیسە بوو بە کەرەسەیەکی گرنگی هاندانی سەربازەکانی بەرەی مەعاوییە بۆ بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی لەشکرەکەیان دژی لەشکری بەرامبەر بۆ تۆڵە کردنەوە..
لەو ساوە لە نێو کولتووری عەرەبدا ئەو قەمیسە وەکو ئیدیۆمێک بەکار ئەهێنرێ بۆ بیانووهێنانەوەو بۆ نەبڕانەوەی گرفتێک و چارەسەر نەکردنی. چەند رۆژێکە تۆڕە کۆمەڵایەتیيەکان سیخناخ کراوە بە باسی ژنە پەرلەمانتارێکی پێشوو، کە گوایە هەموو رۆژێ بۆ دەوام و دانیشتنەکانی پەرلەمان کراسی دوبارە نەکردۆتەوە. دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکەی ئێڤار، هەرچی هەیەو نیيە بۆ ئەو باسە بووە بە ماتماتیک و زانای بیرکاری و جەمع و تەرح ئەکەن تاکو بزانن لەماوەی چوار ساڵدا چەند کراسی سەرف کردووەو هەندێکیش دەڵێن، ژمارەی کراسەکانی ئێستا هێندە زۆرە ناچار دوکانی کراس فرۆشی داناوە.
لەڕاستیدا پۆشيتی جل وبەرگ هەم لەڕەنگ و هەم لە ستایل، جگە لەوەی پیویستە پەیڕەوی ئەتەکێت بکریت بە پێی جێگاو شوێن و بۆنەکان، پرسێکی شەخسییەو هیچ کەسێک مافی دەستێوەردانی نییە. بەڵام لەڕاستیدا مەسەلەی کراسەکەی ئێڤارو زۆری بەکارهێنانەکەی نییە، بە قەد ئەوەی وەک قەمیسەکەی عوسمان، بیانووەیەکە بۆ قسەکردن لەسەر میتۆدی گۆڕان و رەخنەگرتن لە ئەو دروشمانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرزیکردۆتەوەو ئیستا پاشەکشەی کردووە، بە بیانووی بەشدارییان لەحکومەت.
رەخنەگرتن لە مۆراڵی ئیستای گۆڕان، بەراورد بە جموجوڵ و کارو کردەوە پۆپۆلستیەکانی ڕابردوویان و کراسەکەی ئێڤار کردن بە بیانووە یان کراوەتە بەهانەیەک بۆ لێدان و خستنە ژێر پرسیاری پلانەکانی گۆڕان لەم قۆناغەدا. ئەم هەڵمەتە ستایلێکی دواکەوتوانەو بێ بەرهەمە، جگە لەوەی کە هیچی لێ سەوز نابێت، دوا جار دەچێتە خانەی ناوزراندن و دەستبردن بۆ ئازادی تاکە کەس لە پۆشینی جل وبەرگدا.. ئەوانەی کراسەکەی ئێڤارییان کردۆتە پرس و لە تۆڕە کۆمەڵایەتيیەکان قسەی لەسەر دەکەن، با چەند ڕاستیەک هەیە بزانن. هەموو ئەندامانی پەرلەمانی ئەو خولەی ئێڤار تێیدا بەشدار بووە، وەکو ئێڤار هەموویان مووچەیان وەرگرتووەو موچەکەشیان وەکو ئێڤار بووە. کەسیش ئەوانی نەخستۆتە ژێر پرسیار تاکو بزانن مووچەکەیان چۆن سەرفکردووەو داوییانە بەچی. لەهیچ سیستەمێکی دنیادا نیيە کە سەرفی مووچە مل کەچ بێت بۆ چاودێری دارایی و وردبینی بکرێت..
خۆگەر قسەکردنیشە لەسەر مووچەی پەرلەمانتارانی گۆڕان ئەوا کەسانی تر زۆرن هەم لە بەغداو هەم لە هەرێم کە وەک کۆمپانیا مامەڵەیان کردوەو تییاندا هەبووە، کاتی خۆی بە نەفەرات چووە بۆ سەیران ئێستا کابینەی پڕ لە کەرەسەو پیداویستی بەدوایەوە کە تەشریف ئەبا گەشت و سەیران. رەنگە ئێڤار لاوازترین ئەلقەی ئەو هەموو ئیمتیازە بێت لەژێر سایەی دروشمی پۆپۆلیستی (ئەیگۆڕین). کەواتە دەستبردن یاخود قسەکردن لەسەر شتیکی ئاوا دەستیوردانە لە کاروبارو پرسی تاکە کەس. هەر بۆیە باشتر وایە سنووریک بۆ ئەو جۆرە شاڵاوانە دابنرێت. ئەو هێرشە هێرشێکی نەزۆکە بۆ سەر چالاکوانێکی ژنان و کارەکتەرێکی ژن، بەدەر لەوەی ئەو میتۆدە سیاسیەی ئێڤار ئێمە لەگەڵی بین یاخود دژی بین…ئیتر ئاوایە ئەو مووچەکەی لە کراس و جوانکارییا سەرف کردووەو هەشە باخ و ڤێلای پێکڕیوەو سەرفی شاهانەی پێکردووەو هەش بووە بەشێک لە مووچەکەی داوە خێزانەنەدارەکان و دەستی هەندێک خوێندکاری پێگرتووە بۆ تەواو کردنی خوێندن.
ئەمە بۆ تەواوی پەرلەمانتارەکانی هەموو فراکسیۆنەکان ڕاستە. بەردەوام بوونی ئەم پرسە،( کراسەکەی ئێڤارو قەمیسەکەی عوسمان) دەکاتە بیانوویەک بۆ بەریەککەوتنە ناخۆش و بێ بەرهەمەکانی کۆمەڵگەی کوردی .هەروەک ئەزموونەکانیش لە ماوەی ڕابردوودا سەلماندوویەتی ئەم جۆرە کەمپەینانە هیچی لێ سەوز نەبووە، جگە لەوەی سپەیسی نێوان پێکهاتەو ئاراستەکانی زیاد کردووەو کاریگەریی نیگەتیڤیشی دروست کردووە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی.