كیری پاڵپشتی عێراق دەكات، بارزانیش ئاگاداری دەكاتەوە

0

كیری پاڵپشتی عێراق دەكات، بارزانیش ئاگاداری دەكاتەوە

نوچەنێت: تایبەت2288322C-5836-4CF5-AC69-0827529E6364_mw1024_s_n

جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە هەرێمی كوردستانە و لەگەڵ بارزانی و نەوشیروان مستەفا كۆ دەبێتەوە، بە گوێرەی زانیارییەكان، بارزانی ئاگاداری دەكاتەوە، كە كورد ویلایەتی سێهەمی مالیكی قبوڵ ناكات، كیریش پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ عێراق دووپات دەكاتەوە.
ئەمڕۆ جۆن كیری گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەر یەكە لە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەر یەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری و دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سكرتێری دووەمی یەكێتی ئامادەی بوون، بە گوێرەی زانیارییەكان، بارزانی كیری ئاگادار دەكاتەوە، كە كورد ویلایەتی سێهەمی نوری مالیكی قبوڵ نیە.

كۆبوونەوەكەی جۆن كیری و بارزانی و نەوشیروان مستەفا، لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، كیری لە دەفتەری یادەوەرییەكاندا نووسیوتی “خۆشحاڵییەکی گەورەیە سەردانی کوردستانی عێراق بکەم. سوپاسم بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە. بەڕاستی ئەو پێشکەوتنانەی کە لەم ماوەیەدا بەدەستهاتوون جێگەی سەڕسوڕمانە”.
سەردانەكەی كیری لە كاتێكدایە، كە دوێنی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق كۆبووەوە، دواتریش بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، وڵاتەكەی پاڵپشتی عێراق دەكات.

ئەوەیشی لە بارەی چەكدارانی داعشیشەوە وتی “چەكدارانی رێكخراوی داعش و گروپە چەكداریەكانی دیكەش كە هێرشیان كردوەتە سەر چەندین شار لەباكووری عێراق و كۆنترۆڵیان كردوون، ئەوانە مایەی هەڕەشەی راستەقینەن بۆسەر ئەو وڵاتە”، وتیشی “هاوكاری و پاڵپشتیەكانمان بۆ عێراق چڕوپڕو بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەو پاڵپشتیانە كاریگەری ئەوتۆیان نابێت گەر بێتو هەنگاوی پێویست لەپێناو یەكخستنی وڵاتدا نەگیرێتەبەر”.
كیری رەتی كردەوە كە وڵاتەكەی پاڵپشتی هیچ كام لە سیاسییە عێراقییەكان بكات، بۆ گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات، چونكە وەك ئەو وتی “هیچ وڵاتێكی جیهان، تەنانەت ئەمریكاش، مافی ئەوەی نییە سەركردە بۆ عێراق هەڵبژێرێت، بەڵكو تەنها عێراقیەكان ئەو مافەیان هەیە”.
هەروەها ئەوەیشی راگەیاند، كە لە چەند رۆژێكی داهاتوودا، مالیكی كابینەیەكی نوێی حكومەت درووست دەكات.

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com