شیعەكانی باشوور، دەوڵەتێكی شیعەیان دەوێت و رێز لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیش دەگرن
بزووتنەوەی نیشتمانی باشور، كە بزووتنەوەیەكی شیعەیە، داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی شیعە دەكات و پشتیوانی خۆیشی بۆ گەڕاندنەوەی كەركوك بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیش راگەیاند.
لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیی نوسینگەی راگەیاندنی بزووتنەوەی نیشتمانی باشور، كە ئەمڕۆ سێ شەممە، رێككەوتی (29/6/2014) بڵاو كراوەتەوە، بزووتنەوەكە داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی شیعە دەكات، كە رووبەرەكەی لە شاری سامەڕاوە دەست پێدەكات و تا شارۆچكەی فاو درێژ دەبێتەوە، بەیاننامەكە داوا لە شیعەكانی باشوری عێراق دەكات، نەكەونە دوای خواستی سیاسییەكان، كە خواستی پێكهێنانەوەی عێراقی یەكگرتووە.
بەیاننامەكە رایدەگەیەنێت، كە بزووتنەوەكە چییتر دان بە عێراقدا نانێت، وەك یەك نیشتیمان.
هەر لەو بەیاننامەدا هاتووە “رێز لە خواستەكانی گەلی كورد سەبارەت بەپێكهێنانی دەوڵەتێكی كوردی دەگرێت كە كەركوك بەشێك بێت لەو دەوڵەتە، هەروەك بەمافی سوننەكانیشی دەبینێت دەوڵەتی خۆیان لە ناوەڕاستی عیراق رابگەیەنن بەپێی سنوریی ناوچە سوننەنشینەكان كە لە باكوری پارێزگای سامەراوە دەستپێدەكات تا دەگاتە نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین”.