سەركردەیەكی پارتی بۆ نوچەنێت: لە ژێر پەردەی تیرۆردا، شەڕی سووننە ناكەین
نوچەنێت: هەولێر
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئاشكرای دەكات، كە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت رێنماییان كردوون، بەشداری هیچ شەڕێكی مەزهەبی لە عێراقدا نەكەن، وتیشی “لە ژێر پەردەی تیرۆردا، شەڕی سوننە ناكەین”.
عەلی حوسێن كە بەرپرسی لقی دووی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت، ئاشكرای كرد، كە بە تەوجیهاتی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم، بەشداری هیچ شەڕێكی تائیفی ناكەن، ئەو بەرپرسەی پارتی وتی “ئەوەی لە عێراق روودەدات، بەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی مالیكییە و ناڕەزاییەكانی شەقامی سوننەیە، بۆیە رەنگە داعشیش بەشێك بێت لەو دۆخە، چونكە راستە داعش رێكخراوێكی تیرۆریستییە زیانی بە ئێمەیش گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەو رێكخراوە دیار نیە، بۆیە ئێمە بەشێك نین لە ململانێی شیعە و سوننە و لە ژێر پەردەی تیرۆریش شەڕی سوننە ناكەین، چونكە ئەوە تەوجیهاتی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتەی هەرێمی كوردستانە و وەك پارتیش ئیلتیزامی پێوە دەكەین”.
بەرپرسەكەی پارتی دەربارەی چوونی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان وتی “ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەپارێزن و هیچ جیاوازییەكیش ناكەن لە نێوان سوننە و شیعەكانی ئەو دەڤەرانە، چونكە پێشمەرگە بۆ پارێزگاری كردن چۆتە ئەو ناوچانە و هێرش ناكاتە سەر كەس”.