سەرۆکی کوردستان گەڕانەوەی کەرکوکی بۆ باوەشی کوردستان راگەیاند
نوچە.نیت
لەسەردانەکەیدا بۆ شاری کەرکوک، سەرۆکی کوردستان گەڕانەوەی ئەو شارەی بۆ باوەشی کوردستان راگەیاند، وتیشی هەموو هێزێک ئامادەیە بۆ پاراستنی شاری کەرکوک، و “خۆشم ئامادەم وەک پێشمەرگەیەک بێم لە کەرکووک چەک هەڵگرم”
ئەمرۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی باڵای حکومی و سەربازی و ئەمنی، سەردانی شاری کەرکووکی کرد، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرپرسانی حکوومی و حزبی و لیژنەی سەربازی و ئەمنیی شاری کەرکووک کۆبۆوە، هەر لەسەردانەکەیدا گەڕانەوەی کەرکوکی بۆ باوەشی کوردساتان راگەیاند و وتی”روشمی پیرۆزی شۆرشی ئەیلوول بریتی بوو لە “کوردستان یان نەمان”، تا ئەمڕۆ بەشەکەی ئێمە نەمان بوو، ئەمڕۆ کوردستان هاتە دەست، ئیتر دەبێ بیپارێزین”.
هەروەها سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کەرکووکی کرد کە هەمیشە ئامانجی تیرۆریستان بوونە و ڕایگەیاند”من زۆر ئومێدم هەیە کە ئیتر کۆتایی ناخۆشییەکان بێت و هەموو پێکەوە بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و داهاتوویەکی خۆشتر بچین”.
بارزانی سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و سوپاسی محەمەدی حاجی مەحمودی سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانی کرد و وتی”زۆر سوپاسی کاکە حەمە دەکەم کە زۆر بەدەستوبرد تەشریفی هێنا بۆ ئێرە، میحوەرەکان هەر کەسەو ئیشی خۆی دەزانێ، بۆ ناوخودی شاری کەرکوک وەکو هێزێکی دەستوەشێن، داوامان کردووە کە کاکە حەمە تەشریف بهێنێ، بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم هەرچی هێزی پێویست بێ بۆ پاراستنی کەرکووک و ئامادەیە، خۆشم ئامادەم وەک پێشمەرگەیەک بێم لە کەرکووک چەک هەڵگرم”.