راگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی “بارزانی”ەوە بۆ کەرکوک
سەرۆک بارزانی سەردانی شاری کەرکووکی کرد
سەرۆک بارزانی: پێویستە کەرکووک ببێتە شاری ئاشتی و برایەتی و نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی ٦ـی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کەرکووکی کرد. لەو سەردانەدا کە شاندێکی پایەبەرزی حکوومی و سەربازی و ئەمنی، یاوەری سەرۆک بارزانی بوون، سەرەتا لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: هاتووم بۆ کەرکووکی خۆشەویست بۆ ئەوەی سەردانتان بکەین و بەخێرهاتنتان بکەین و هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان بکەین بۆ ئەم دەستکەوتە مەزنەی کە ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ دەکەین و خوێنی بۆ دەدەین.
هەروەها سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: دروشمی پیرۆزی شۆرشی ئەیلوول بریتی بوو لە “کوردستان یان نەمان”، تا ئەمڕۆ بەشەکەی ئێمە نەمان بوو، ئەمڕۆ کوردستان هاتە دەست، ئیتر دەبێ بیپارێزین.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستە ئێمەی کورد بەرانبەر خوشک و برایانمان لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکانی تر کراوە بین، هەمیشە دەمانگوت با ناسنامەی کەرکووک بگەڕێتەوە ئەوکاتە دەبینن سەخاوەتی کورد چەندە و دەبینن دڵی کورد چەند گەورە و فراوانە، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە و پشت بەخوا ئەم سەرکەوتنە دەپارێزین.
سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە دوای ئەوەی کەرکووک پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گەڕایەوە، ئیتر پێویستە کەرکووک ببێتە شاری ئاشتی و برایەتی و نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کەرکووکی کرد کە هەمیشە ئامانجی تیرۆریستان بوونە و ڕایگەیاند: من زۆر ئومێدم هەیە کە ئیتر کۆتایی ناخۆشییەکان بێت و هەموو پێکەوە بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و داهاتوویەکی خۆشتر بچین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە هەموو هێزێک بۆ پاراستنی کەرکووک و پاراستنی ئاسایشی شاری کەرکووک ئامادەیە و خۆشم ئامادەم وەک پێشمەرگەیەک بێم لە کەرکووک چەک هەڵگرم.
سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانی کوردستانیشی کرد کە لە پاراستنی کەرکووک ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە. هەر ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حزبی و لیژنەی سەربازی و ئەمنیی شاری کەرکووک کۆبۆوە. کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێ کردنی پلانێکی تۆکمەی سەربازی و ئەمنی بۆ پاراستنی کەرکووک و بۆ ئەو مەبەستەیش بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتی کردنی ئەو پلانە ڕاسپێردرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕاسپارد کە پێویستە بە یەکسانی ڕێز لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی شارەکە بگرن و هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی ژیان و ئارامیی هاووڵاتیان و تەئیکیدی کردەوە کە پێویستە سەروماڵی سەرجەم دانیشتوانی شارەکە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بپارێزرێت و نموونەیەکی زۆر جوانی پێکەوەژیان پێشکەش بکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تیرۆریستان ناتوانن بەسەر ئیرادەی پێکەوەژیان و ئاشتیدا زاڵ بن. لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ کەرکووک، سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە کوردستانییەکان و لایەنە سیاسییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبۆوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە پێشمەرگە پارێزەری هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی شارەکەن بێ هیچ جیاوازییەک و داوای لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک کرد کە بە هاوکاری و تەبایی ببنە داکۆکیکاری مافی هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک و دەبێ نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی پێشکەش بکەن و کەرکووک ببێتە شاری ئاشتی و برایەتی.