فراكسیۆنی پارتی ئاگاداری ناوەڕۆكی وتارەكەی سەرۆكی هەرێم نیە
نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، فراكسیۆنەكەیان ئاگاداری ناوەڕۆكی وتارەكەی سەرۆكی هەرێم نین و نازانن بە وردی چی باس دەكات.
شوان شێخ ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، فراكسیۆنەكەیان ئاگاداری ناوەرۆكی وتارەكەی سەرۆكی هەرێم نین، شوان وتیشی “ئەوەی ئێمەیش بیستوومانە، تەنها ئەوەیە كە لە راگەیاندنەكان باس دەكرێت، جگە لەوە ئاگاداری وردەكاری و ناوەرۆكی وتارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانین”.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی، بە دووری زانی، كە سەرۆكی فراكسیۆنەكەشیان ئاگاداری ناوەرۆكی وتارەكە بێت، وتیشی “هەموومان چاوەڕوانین، بزانین سەرۆكی هەرێم لە وتارەكەیدا باسی چی دەكات”.
بریارە ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بچێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و وتارێك پێشكەش بكات، كە پێشبینی دەكرێت باس لە پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی و جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان بكات، لە كوماری عێراق.