د.رێدار محەمەد ئەمین –پسپۆڕ لە نەخۆشییە دەرونییەکان
مێشکی مرۆڤ وا پڕۆگرام کراوە، کە هەمیشە هەواڵی خراپ و نیگەتیڤ زیاتر وەردەگرێ، دەرونناسان دەڵێن، لەسەدا هەشتای ئاخاوتنەکانی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا ئاخاوتنی نیگەتیڤن، بۆ نموونە کاتێک چەندجارێک تەلەفۆن بۆ ماڵەوە دەکەیت و وەڵام نییە، چی بەمێشکت دادێ؟ کاتێک دەتەوێت ئۆتۆمبیلەکەت بەکاربخەیت و سلف ناگێڕێ چەند بیرۆکە بەمێشکت دادێ؟ کاتێک کوڕەکەت، باوکت، هەرکەسێکت لە هاتنەوەی بۆ ماڵ دواکەوتووە بیر لە چی دەکەیتەوە؟ ئەمانە هەمووی بیرۆکەی نەرێنییەو رۆژانە لەشێوەی بۆمباباران کردن مێشکمان دەکوتن.
هەموو کات هەوڵدەدەین بیانووی لۆژیکی و دروستیان بۆ بهێنینەوەو خۆمان لە ترس و دڵەڕاوکێ رزگاربکەین، بەڵام ئایا لە کاتی ترس و نیگەرانیدا مێشکمان دەتوانێ هەمان کاربکات؟
زانایان دەڵێن: لەکاتی ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێدا، بیرکردنەوەی لۆژیکی مرۆڤ لاوازدەبێت و دانایی کەم دەبێتەوە. لە جیاتی ئەوەی هەوڵبدا مامەڵە لەگەڵ ترسدا بکات و چارەسەری بکات، بە ئاراستەی ئەو ئەگەرانەدا دەڕوات کە ترسەکەی زیاتر دەکەن. بەجۆرێک ئەگەر ترسەکەی زۆربوو هەمووقسەیەکی خراپ و نەرێنی بە دروست دەزانێت، چونکە ئەو پێیوایە ئەو ترسە دەرئەنجامی هەواڵەکانە نەک دەرئەنجامی بیرکردنەوەی خۆی.
بۆیەش زیاتر لەناو بازنەی ترسدا دەخولێتەوە و دەڵێت، من دەترسێم چونکە هۆکارێک هەیە بۆ ترس، هۆکارەکە مەترسیدارە، کەواتە دەبێت زیاتر بترسێم، دەبێت هەموو ئەگەرێکی هۆکارەکە وەربگرم، تاکو زیاتر ئامادەبم…ئەگەرنا ئەو حاڵەتە بەردەوام بێت ئەواترسەکەم دەبێتە وەسواسی، ئەگەر هەر بەردەوام بوو ئەوا دەبێتە وەهم کە خراپترین حاڵەتە، چونکە کاریگەری وەهم درێژخایەنە.
لە راستیدا هاوکێشەکە وانییە، من دەترسێم چونکە زانیاریم لەسەر شتە ترسێنەرەکە نییە، مرۆڤ هەمیشە لە نادیار دەترسێت، ئەو تارماییەی لە شەوی ئەنگوستەچاو وەکو ورچێک خۆی نیشان دەدات کە نزیک دەبێتەوە جگە لە فەردەیەک کا هیچێتر نییە!!!
کەواتە زانیاری سەرچاوەی رەواندنەوەی ترسە، چونکە لە رێگای زانیاری هەموو ئەو هۆکارانەمان بۆ دەستەبەر دەبێ کە بۆ سەلامەتیمان پێویستم نموونەیەک ئەوە رونتربکاتەوە لێخوڕینی ئۆتۆمبیلە، ئەگەر ئێمە بەر لە لێخوڕین سەیری ئامارەکانی مردن و رووداوەکانی هاتووچۆ بکەین، ئەوا بێگومان تووشی تۆقین و زارەترەک دەبین، بەڵام ئەگەر بزانین پابەند نەبوون بە هۆکارەکانی سەلامەتی لەم رووداوانە دوورمان دەخاتەوە ئەوا بێگومان ئەم ترسەمان نامێنێت، بۆ نموونە لێخوڕین لە سنوری دیاریکراو، بەستنی پشتێنی دڵنیایی، پێکردنی ئاماژە و فلاش لە کاتی پێویست، تێنەپەڕین لەو شوێنانەی کە رێگە پێنەدراوە…هتد.
پابەندبوون بەم رێنماییانە هۆکاری سەلامەتی و کەمترین ئەگەری رووداون.
هەمان رێکار بۆ کۆرۆنا تەواوە، ئەگەر ئێمە رۆژانە سەیری ئامار و قوربانییەکان بکەین. لەوە بکۆڵێنەوە کۆرۆنا چیمان لێدەکات ئەوا هەرگیز تووشی ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێ زۆر تا راددەی پانیک دەبین، بەڵام ئەگەر شارەزایی تەواومان لەسەر چۆنێتی خۆپاراستن هەبێت، وەک شوفێرە سەلامەتەکە دڵنیاو ئارام دەبین!
ئێمە لە رابردوو چەندین پەتای هاوشێوەی کۆرۆناو بگرە خراپتریشمان بەزاندووە، لە کاتێکدا ئەوەندە پڕ چەکی زانست و پێداویستی بەرەنگاربوونەوە نەبووین، دڵنیابن بە زانین و پابەندبوون بە رێنمایی و ئارامکردنەوەی دەرون ئەم پەتایەش تێدەپەڕێنین.