رێدار محەمەد ئەمین. پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان
سۆشیال میدیا یەکێکە لەو کەناڵانەی راگەیاندن، کە زۆرینەی خەڵک تێیدا بەشدارە، چونکە لە سۆشیال میدیا خەڵک تەنها تەماشاکارنییە، بەڵکو بەشداریکارە و راوبۆچوون دەگۆڕێتەوە. ئەمەش لە کەناڵەکانی تری راگەیاندن وەک تەلەفزیۆن، رادیۆ، رۆژنامەو سەرچاوەکانی تری ئینتەرنێت جیای دەکاتەوە کە لەوێ جگە لە تەماشاکارێک زیاترنییە.
بۆیە ئەگەر بتەوێ رای زۆرینەی خەڵک بە رۆشنبیر، بێ سەواد، خوێندەوار و نەخوێندەوار، دەوڵەمەند و هەژار ، بزانیت ئەوا باشترین شوێن سۆشیال میدیایە.
لەم ماوەیەی رابردوو لە سۆشیال میدیاوە خەڵکێکی زۆر ناڕەزایی لە خەڵکێکی زۆر دەردەبڕی، بەوەی کە لەکاتی قەیرانەکاندا نابەرپرسانە رەفتاردەکەن، تەماعکارن، چاوچنۆکن، برسین، ترسنۆکن، لاتەو پاتن و چەندین نازناوی ناشیرینی تر.
گوایە هێشتا قەیران دروست نەبووە ئەوان قەیران دروست دەکەن، بۆ نموونە هێشتا بەنزین گران نەبووە نۆرەی بەنزین دەگرن، خواردن بەشی چەندین مانگ دەکات ئەوان بە پیکاب دەکڕن و دەیبەنەوە ماڵەوە. تەنانەت گەیشتۆتە ئەوەی بەشی هەفتەیەک سەمون و چەرەز بکڕن…
ئەگەر هەڕەمەکی و بێ هیچ راڤەیەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی سەیری ئەو دیاردەیە بکەین، رەنگە ئێمەش هەمان قسەبکەین، هەمان رامان هەبێت، بەڵام ئەگەر وەک کەسێکی پسپۆڕ بێینە گۆ، بێگومان هۆکاری پشت ئەم دیاردەیە دەدۆزیتەوە، ئەم دیاردەیەی کە پێمانوایە، تەنها بەرۆکی میللەتی کوردی”بێ حەشر و نەشری گرتووە” کەچی لە راستیدا دیاردەیەکی جیهانییەو هەموو جیهان لەسەر هەمان رەفتارە…
دوو هۆکاری پشت ئەم دیاردەیەی تاکگەرایی و سەرمایەدارین.
یەکەم: تاکگەرایی، لە تاکگەرایی سنوری ئازادی مرۆڤەکان فراوان دەبن.چیتر کەس لە جیاتت بڕیار نادات، کەس پۆلیس و چاودێر نییە بەسەرتەوە. خۆت ئازادی بڕیاری چی دەدەی، ئەم چەمکە لەسەدەی ڕابردوودا سەری هەڵدا بەڵام زیاتر لە دوای جەنگی جیهانی دووەم زەقتر بۆوە و وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ چەمکی کۆمەڵگەرایی، کە تێیدا کەسانیتر بەرپرسن لێت، لە جیاتی تۆ بڕیار دەدەن.
تاکگەرایی بواری داهێنان و بیرکردنەوەی مرۆڤی فراوانترکرد، بەڵام لە کۆمەڵگەی دابڕی، ئەگەرچی سیستەمێک هەبوو کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەی بەیەکەوە دەبەستەوە، بەڵام هەر تێکچوونێک لەم سیستەمە وای لە تاککرد هەست بە تەنهایی بکات.
لە سیستەمی کۆمەڵگەیی، هەرچەندە ئازادی تاک سنوردارکراوە هەموو دەم کەسانێک هەن رێگە بە خۆیان دەدەن بێنە ناو ژیانت و بڕیاری گرنگ لە جیاتت بدەن، وەک:
لە جیاتی تۆ بڕیار دەدەن کەی هاوسەرگیری بکەیت، کەی بخوێنی، لە کوێ کاربکەی، نەک هەر خێزان بەڵكو دراوسێش مافەکانی خۆیت لەسەر پراکتیزە دەکات! ئەمەش رێگا خۆشکارە بۆ حکومەتی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری، بەڵام چەندین خاڵی پۆزەتیڤی هەیە، بەوەی تاک هەست ناکات بە تەنهایە و بگرە لەکاتی قەیران و پشێوی و تێکچوونی سیستەمی بەڕێوەبردن، هەستی کۆمەڵگەیی و یەکگرتووی بەهێزتردەبێت.
زۆرجار دراوسێ لە هەستی بەرپرسیارێتی کێشەکانی دراوسێکەی چارەسەر دەکات. گەڕەک بە دەستەجەمعی بەهانای یەکترەوە دەچن.
لە سیستەمی تاکگەرایی، گیانی خۆپەرستی و هەست بە تەنهایی زاڵە، من سنورم بۆ خەڵک داناوە تا تێکەڵی ژیانی من نەبن. خۆم بەرپرسی خۆمم و چاوەڕێ ناکەم لە کاتی قەیراندا کەس بە هانامەوە بێت.
خۆم بە تەنها دەبینم لە نێو کۆمەڵگەدا و ئەوانیش خۆیان بە تەنها دەبینن!
بەمجۆرە ئەگەر خۆم بە هانای خۆمەوە نەیەم کەس بە هانامەوە نایەت. هەرکاتێک قەیرانێک دروست بوو یان خەریکە دروست بێت بە پەلە پڕوزێ هەوڵدەدەم پێداویستییەکانی خۆم بۆخۆم دابین بکەم، بۆیە لێرەدا گیانی خۆپەرستی بەسەر گیانی کۆمەڵگەویستی زاڵ دەبێت. گرنگ ئەوەیە من بژیم، چ باکم بە کەسانیتر نییە، ئامادەم پێداویستی ساڵێک ئەمباربکەم خەڵک کەیفی خۆیەتی ئەگەر بۆ بەیانی هیچ لە مەڵەکەیدا نەبێت. بڕوام بەم قسەیە نییە ئێمە هەموومان لە ناو بەلەمێکداین من چوپی خۆرزگارکردن بۆخۆم دابین دەکەم، بۆ خۆم و بەس.
ئەمەش لەراستیدا قەیرانێکە، قەیرانی فیکری، ئەخلاقی، ویژدانی، ئاینی و کۆمەڵایەتی کە زۆر لە قەیرانە ئابورییەکە مەترسیدارترە.
هۆکاری دووەم، سەرمایەدارییە. کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زۆرترین سەرمایە بەهەر هۆکارێك و شێوازێک بێت، سەرمایەداری پشت لە بەها، ئەخلاق و- ویژدان دەکات تەنها سەرمایە دەناسێت، ئەگەر رێز لە زانست دەگرێت بۆ خاتری خودی زانست نییە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە زانست هۆکارێکە بۆ گەشەکردنی سەرمایە.
زانست کە لە بنەمادا بۆ بەختەوەری و ئاسودەیی مرۆڤ هاتۆتە کایەوە، سەرمایەدارێک وەک دڕندەیەکی برسی گازی لێدەدات و بۆ مەرامە گەندەڵەکانی دەیشێوێنێت.
سەرمایەداری کە لە روکەشدا بانگەشەی خزمەتکردنی مرۆڤ دەکات، بەڵام لە زیادکردنی بەدبەختی و پەرێشانی هیچیتری بەرهەم نەهێناوە.
ئێمە داوای بەختەوەریمان لە سەرمایەداری کرد، ئەو خۆشگوزەرانی بۆ هێناین، داوای ئارامیمان کرد ئەو دڵنیایی پێداین، داوای تەندروستیمان کرد ئەو نەخۆشخانەی بۆ دروستکردین، داوای خەوێکی خۆشمان کرد ئەو حەبی نوستنی بۆ دروستکردین، داوای بینینی خۆشەویستانمان کرد ئەو مۆبایل و ڤیدیۆکۆڵی پێداین، لە جێگای هەر داواکارییەکی پێداویستییەکی تری پێبەخشین.
هەڵپەی کەمی کاتمان بوو، بەناوی کات بە فیڕۆنەدان کاتەکانی هەموو لێدزین، کاتی خواردن دروستکردنمان نەبوو، فاست فودی بۆ هێناین، لە ماڵەوە کاتی دروستکردنی نان و سەمونمان نییە، سەمونخانەی مۆدێرنی لە نزیک ماڵ بۆ داناین، پێویستی نەدەکرد شەو دانیشی کتێب بخوێنیتەوە، کتێبەکانی کردە پی دی ئێف و خستییە ناو ئایپادەکەت تا لەسەر جێگا بیخوێنیتەوە.
پێویست ناکا لەدەرەوە وەرزش بکەی هەر لەماڵی خۆت، ئامێری وەرزشکردنی بۆ دابینکردی، پێویست ناکات چارەک یان بیست خولەک خەریکی گەرمکردنەوەی خواردن بی، مایکرۆ وەیڤ بە چەند خولەکێکی کەم ئەم کارە دەکات.
دڵتەنگی یان ئازارت هەیە؟ دەرمانمان هەیە! بێزاری و نازانی چؤن کات بەسەر ببەی؟ پێویست ناکات بڕۆیتە دەرەوەو کەس بێزار بکەی، سەیری تەلەفزیۆن بکە. یاری ئەتاری و پلەی ستیشن بکە، لە رواڵەتدا سەرمایەدارە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بەخشندە دیارە، بەڵام لە دزێکی بەدکار زیاتر هیچیتر نییە.
دزێک کە جگە لەوەی هەمیشە گیرفانەکانمان بەتاڵ دەکات، کات و چێژ و ئاسودەیی و مانای ژیانیشی لێدزین!
لە هەموو ئەوانەش خراپتر مرۆڤی کردە مەخلوقێکی بێ ئیرادە و چەموش، کە بەبێ تەکنەلۆژیا ناتوانێ یەک سات بژی!
ئەم بێ ئیرادەییەی مرۆڤ لە دوای تەکنەلۆژیا وای لە مرۆڤ کرد، لە کاتی قەیراندا بیر تەسک و پەشێو و شڵەژاو بێت. ئەگەر جاران ئازوقەی شەش مانگی لە ماڵ بوو، ئەگەر ئەمڕۆ سەمونخانە دابخرێت زیڕە دەکات کە چۆن نان پەیدابکات!
ئەگەر جاران هەر بۆ حەزی خۆی چەند کاتژمێرێک بەپێ دەڕۆیشت، ئەمڕۆکە قەدەغەی هاتووچۆ تەنگی پێ هەڵچنیوە کە چۆن بەپێ دەگاتە شوێنی کار، ئەگەر جاران لەبەرامبەر مۆم و فانۆس و لامپایەک خەریکی خوێندنەوە بوو، رادیۆیەکی لات و پاتی هەبوو خۆی بە شاهی عالەم نەدەگۆڕیەوە، ئەمڕۆکە لە کاتژمێرێک بێ کارەبا و تەلەفزیۆن و مۆبایل، خەریکە وەڕس و بێهێزدەبێت.
تەکنەلۆجیا فێری کرد بەرگەی بە کۆمەڵ دانیشتن نەگرێ، چ لە قسەو گفتوگۆ و چەلەحانێ بکات!
ئەمانە هەمووی هۆکارن کە مرۆڤی نوێ، بەرگەی قەیران نەگرێ، نەتوانێ خۆی بژیەنێت، بۆیە بەر لە قەیران خۆی قەیران بوو، شتێکی ئاسایی بوو کە بۆ چەندین کاتژمێر لە نۆرەی سەمونخانە و مارکێت و بەنزینخانە بوەستێ(ئەوانەی جاران ئامادەنەبوو، یەک خولەک زیاتر لێیان بوەستێ و بێزاردەبوو).
ئەگەر ئەم قەیرانە دەرەنجامی ئەم هۆکارەی سەرەوەبێت، بێگومان چارەسەریش لە چۆنێتی مامەڵەکردنە لەگەڵیاندا.
دەبێ ئێستا پرسیارێک بکەین، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بە چەمکی تاکگەراییدا بچێنەوە و هەمواری بکەینەوە کە ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، چیتر خۆمان نەکەینە دیلی سەرمایەداری و لە فرت و فێڵەکانی تێبگەین، بەدوای حەز و چێژ ی لە بن نەهاتوو نەکەوین، کاتی ئەوە نەهاتووە لە جیاتی دیکۆرکردنی مەتبەخی ماڵەکانمان ئاوەدانی بکەینەوە. تەپوتۆز لە سەر ژووری میوان لابدەین و بیکەینەوە. باخچەی ماڵ و گەڕەک فراوانتربکەین و درەخت بچێنین تا منداڵان یاری تێدابکەن؟
بەپێ لە شەقامەکاندا بڕۆین نەک بە گڕەگڕی ئۆتۆمبیل و دوکەڵی ئەگزۆز. لە جیاتی کافتریا و گازینۆ کتێبخانەکان روناک بکەینەوە.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بگەڕێینەوە بۆ سروست؟ ببینەوە بە مرۆڤ؟!