عەبدوڵا پەشێو : جوانەله تۆ
جوانی ئەفسووناوی
هەموو شتێک جوانە لە تۆ
نازکردن….تاسە…. گفتوگۆ
بەڵێن دان…سەردان…..هاتوچۆ
چەندە جوانە..
شەپۆلی پێکەنینی ناز
کە ختۆکەی گیانم دەدات
بەسەد ئاواز
لایەلایەیە بۆ خەوتنم
لە باوەشی گەرمی مراز
ئای چەند جوانە…..
رەوتت بەرەو قوتابخانە
بەهەنگاوی ووردیلەی سووک
وەک پەپولە،لەنجە بکات
بۆ ماچیکی لێوی گوڵێک
هەمووشتیک جوانە لە تۆ
سۆزی گەرم،بزەی نەرم
دڵتەڕیت و چەشەی ناسک
جار جار چرپەی،تێکەڵ شەرم
چەندە جوانە…….
پەنجەی لە خۆوە نەرم و شل
تاڤگەکەزی ئارموشینی
پەخش و باوی سەر شان و مل
چەندە جوانە…….
داو داو،قژی سەر ناوچەوان
کە وەکو تەم سەما ئەکەن
لە سەر بەفر و گوڵ ئەرخەوان
هەموو شتێک جوانە لە تۆ
ووردە نیگا،چاوو برۆ
گێڕنەوەی بیرەوەریت
باسی خۆشی و دەردە سەریت
باسی دەستە خوشکانی خۆت
باسی دواڕۆژ باسی ناوماڵ
باسی ناوی یەکەم مناڵ!