لە سوید هاوکاری یاسایی ئەو پەنابەرانە دەکرێت کە داوای پەنابەرییان رەدکراوەتەوە

0

لە سوید هاوکاری یاسایی ئەو پەنابەرانە دەکرێت کە داوای پەنابەرییان رەدکراوەتەوە

نوچەنێت / سوید

لە وڵاتی سوید بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران بەردەوامە،رێکخراوی داکۆکی لەمافەکانی ژنان “سەنتەری نینا” و فیدراسیۆنی پەنابەران، هاوکاری یاسایی پێشکەشی پەنابەران دەکەن و داوادەکەن، هەر پەنابەرێک وەڵامی رەتکردنەوەی وەرگرتووە، پەیوەندییان پێوە بکات.

لەساڵی ٢٠٠٨ حکومەتی عێراق لەگەڵ چەند ولاتێکی ئەورپا رێکەوت، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی بەزۆر رەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە، وڵاتی سویدیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەردەوامە لەبەزۆر ناردنەوەی پانەبەران و بەو هۆیەشەوە چەندین پەنابەری کوردستانی و عێراقی بەشێوەی نایاسایی دەژین لەو سوید و خۆیان لە دامودەزگا سویدیەکانیش دەشارنەوە، لە ترسی بەزۆر ناردنەوەیان، ڕێکخراوی داکۆکی لەمافەکانی ژنان”سەنتەری نینا” بەهەماهەنگی فیدرایسۆنی پەنابەران لەوڵاتی سوید، دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش، بۆ هاوکاریی یاسایی پەنابەران، بەمەبەستی وەرگرتنی دەرفەتی مانەوەی ئەو پەنابەرانەی کە وەڵامی نەرێیان پێ دراوە لەداواکردنی مافی پەنابەرییان، شەرمین بەڵاتە، لە سەنتەری نینا، لەو بارەیەوە بەسیڤیلی راگەیاند” ئێمە لەگەڵ فیدراسێۆنی پەنابەران لەوڵاتی سوید، ئیستا بەرنامەیەکمان داناوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو پەنابەرانەی لەم وڵاتە دەژین و داواکردنی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە پارێزەری تایبەتمان هەیە و رۆژانی هەینی لەگەڵ ئەو پەنابەرانە دادەنیشێ هاوکاری و کۆمەکی یاساییان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانن مافی مانەوە لەم وڵاتەدا وەر بگرن”.

بەڵاتە ئەوەشی وت ” ئێمە بێ هیچ بەرانبەرێک کۆمەکی ئەو پەنابەرانە دەکەین، لەکاتێکدا ئەگەر بۆخۆیان سەردانی نوسینگەی پاریزەرێک بکەن، دەبێ بۆ هەر کاتژمێرێک زیاتر لە ٢٥٠٠ کرۆنی سویدی خەرج بکەن، تا راوێژی قانونی بکەن لەگەڵ پارێزەرێک” شەرمین، هۆکاری هاوکارییەکانیان بۆ ئەو پەنابەرانە بۆ سڤیل باسکردو وتی”ئێمە رێكخراوێکین داکۆکی لەمافەکانی ژنان دەکەین و لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاری خێزانە پەنابەرەکان دەکەین، لە کێشەکانیان و هاوکاری ئینسانی هەموو ئەوانەش دەکەین گرفتیان هەیە، گەر بزانین لەتواناماندا هەیە هاوکار بین، ئێمە دەبینین زۆر کەس لەم وڵاتە بەڕەش دەژی، هیچ مافێکی مانەوەی نیە و مافی کاریشی نیە و لەدۆخێکی خراپدایە، بۆیە وەک سەنتەری نینا، ئەو پەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین هاوکاریان بین، ئەم هاوکاریەی ئێستاشمان، هاوکارییەکی یاساییە، بەهەماهەنگی فیدراسیۆنی پەنابەران و پارێزەرەکانمان دەیکەین”

لەلای خۆشییەوە، بابان عوسمان لە فیدراسیۆنی پەنابەران لە وڵاتی سوید، بە سڤیلی وت” ئێمە وەک فیدراسیۆنی پەنابەران، بۆ باشتر کردنی ژیانی پەنابەران لە وڵاتی سوید و لەبەشێکی تر لەولاتانی ئەوروپا، تائەوکاتی ئەتوانین کۆمەک و هاریکاری بەسەرجەم ئەو پەنابەرانە دەکەین، پێویستیان بەکۆمەکە، لە سوید لەگەڵ ریکخراوی داکۆکی لەمافەکانی ژنان، کە زۆر کاری مەدەنی هاوبەش دەکەین پێکەوە، هەوڵی جدی دەدەین بەهاوکاری پارێزەرەکەمان، داکۆکی باشتر و هەم ڕێنمایی زیاتری یاسایی بدەین، بەو پەناخوازانەی کە ئێستا لەوڵاتی سویدن و داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە، بەشێکی زۆریان بەڕەش دەژین و بەشیکشیان لە چاوەڕوانی ئەوەدان رەوانەی وڵاتی خۆیانیان بکەنەوەو کەیسەکانیان دراوە بە پۆلیس”.

بابان ئەوەشی ئاشکراکرد کە”تائێستا لەڕێگای پارێزەرەکەمانەوە، توانیومانە مافی مانەوە بۆ چەند پەنابەرێک وەربگرین و رزگاری بکەین لە بەزۆر ناردنەوە و هەوڵی تەواو دەدەین بەوپەڕی توانا هاوکاری هەر پەنابەرێک بکەین، کە پێویستی بەهاوکاری بێت”.

بابان عوسمان لە فیدراسیۆنی پەنابەران لە سوید، هۆکاری بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی بۆ ئەو ڕێککەوتنە گێڕایەوە، کە چەند ساڵ لەمەوبەر حکومەتی عێراقی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا کردویەتی، بۆ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران و وتی” تائێستاش بەزۆر ناردنەوە بەردەوامە، ئەم بەزۆر ناردنەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە دەگەڕێتەوە، کە ١٩/٢/٢٠٠٨ حکومەتی عێراق بەپاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی سوید مۆریانکردووە، ئەگەرچی کابینەی حکومەتی عێراق گۆڕاوە، بەڵام رێککەوتنەکان بۆ ناردنەوەی پەنابەران بەردەوامە، لەم ماوەیەشدا کۆمەڵێک پەنابەری عێراقی بەزۆرەملێ دیپۆرتی فرۆکەخانەی بەغدا کرانەوە، حکومەتی عێراقیش وەک جارەکانی تر بە ئاسانی وەریگرتنەوە”.

ئەو بەرپرسەی فیدراسیۆنی پەنابەران لە وڵاتی سوید، لەدرێژەی قسەکانی بۆ سڤیل وتیشی” حکومەتی عێراق  بەتەنگی گوزەرانی خەڵکەوە نیە لەناوخۆدا ژیانیان باش بکات و رێز لەوپەنابەرانەش ناگرێت، کە لەدەرەوە دەژین، بۆیە پێم وانیە تا پاڵەپەستۆ نەخرێتە سەر حکومەتی عیراقی کارێک ناکات دژی ئەو رێککەوتنەی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران بێت و بەردەوامیش دەبێت لەوەرگرتنەوەی پەنابەران”.

رێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی ژنان و فیدراسیۆنی پەنابەران لەسوید داوا لەسەرجەم پەنابەران دەکەن ئەوانەی لەوڵاتی سوید وەڵامی نێگەتیڤیان وەرگرتووە لەمافی پەنابەری، سەردانیان بکەن، تا هاوکاری یاسایی بۆ کەیسەکانیان بەدەست بهێنن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com