سەلاح جەلیلەیی بەرپرسی لقی هەندەرانی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی:
گۆڕان کاتێک سەیری وروژمی جەماوەری کردووە لە تونس و میسر کە چۆن پەلاماریان دەداو هوتافیان دەکێشا حەماس گرتونی و ئەو بەیاننامەیان نوسیوە
لە % ٨٥ ی ئەو پێشمەرگانەی کە ئێستا لەدەرەوە دەژین ژیانی دەرەوەمان قبوڵ نییە
رزگار رەزا چوچانی / سوید
سەلاح حاجی حسەین جەلیلەیی، لەم دیمانەی لەگەڵ سڤیل وەک خۆی دەڵێت، لەساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بەڕێکخستنەکانی یەکێتی کردووە، لەساڵی ١٩٨٢ بووەتە سەرپەرشتیاری رێکخستنەکانی چەند کۆمیتەیەک لەهەڵەبجە، لەساڵی ١٩٨٦ پەیوەندی بەشاخەوە دەکات و بەردەوام بووە لە پێشمەرگایەتی و چەند جارێکیش بەسەختی بریندار بووە و بەشێک لە سییەکانی بە کیمیایی دەسوتێ، ساڵی ١٩٩٩ وڵات بەجێ دەهێڵێ و تا ئێستا لەوڵاتی سوید دەژی لەدەرەوە لەگەڵ بزوتنەوەی ریفراندۆم، دەست بەچالاکی دەکات و دەبێتە بەرپرسی کۆمیتەی باڵای سویدی بزوتنەوەکە و ئێستاش بەرپرسی لقی هەندەرانی پێشمەرگە دیرینەکانی یەکێتی یە، کارەکانی لقی هەندەرانی پێشمەرگە دێرینەکان سەرجەم وڵاتانی خۆرئاوا و ئەوروپا دەگرێتەوە.
* تۆ بەرپرسیاری کاری پێشمەرگە دێرینەکانت لە ئەستۆیە، ئەو کەسانەی پێشمەرگەبوون لە کاتە سەختەکان کە تاکو ئەمڕۆش لە کاتی ئازادی هەر ئاوارەی دوورە وڵاتن، گلەیی و رەخنەی ئەو پێشمەرگە دێرینانە چییە ئەمڕۆ لە دەسەڵات و لەیەکێتی؟
– پێشمەرگە دێرینەکان لە رۆژە سەختەکانی خەباتدا بەگژ دڕندەترین رژێمدا چونەتەوە، لەپێناو مافی میللەتەکەیان و ئازادی وڵاتەکەیان، لەو سەردەمەشدا پێشمەرگە هیچی کیسەی نەدوری بوو، یان خۆی ئامادە نەکردبوو بۆ خەڵات و شاباش لەبەرانبەر خەباتەکەی، دواتریش بەدەست و بازوی پێشمەرگە و جەماوەری کوردستان سەرکەوتنی گەورە بەدەست هات، ئەمرۆش ئەوەی خواستی پێشمەرگەیە ئەوەیە کە بتوانین پارێزگاری لەو دەستکەوتە بکەین، کە بەرهەمی خەبات و قوربانی دانمانە، ئاواتمانە بتوانین دەسەڵاتێکی دیموکراسی راستەقینە لەناوچەکەدا دروست ببێت، هەرچەند لەمکاتەدا کەهەموو دەروروبەرمان وڵاتی نادیموکراسین، کارێکی ئاستەمە بۆ کورد دەسەڵاتێکی تەواو دیموکراسی بنیات بنێت، بەڵام ئەوەی تموح و ئاواتی پێشمەرگە دێرینەکانە لەئەمڕۆدا، دوو شتە. یەک بەرقەرار بونی ئاشتی و دیموکراتی و هێنانەدی ئاواتەکانی شەهیدان، دوو رێزگرتن لە پێشمەرگە. بێگومان کەم تازۆریش لەناو پێشمەرگە دێرینەکان رەخنە هەیە، وەک ئەوانەیان کە تاکو ئێستا خانەنشین نەکراون رەخنەیان هەیە، کەبۆچی خانەنشین نەکراون، یان نەکرێن؟ هەندێکیان رەنگە گلەیی ئەوەیان هەبێ پلەی خانەنشینیان کەمە، بەڵام ئەتوانم بڵێم ئەوانە ژمارەیەکی زۆر نین، لەم ماوەشدا لەگەڵ پێشمەرگەدێرینەکان لە وڵاتانی بەریتانیا، سویسرا، هۆڵەندا، سوید، کۆبوینەوە لەناو هۆڵێکی ١٠٠ کەسی، ٨ -٩ کەس، لەو بارانەوە گلەی و سکاڵایان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای رێزو پێزانینە هەڵوێستی هەمیشە پێشمەرگانەی ئەو بەڕێزانەیە، کە لەگەڵ هەموو رەخنەو سکاڵاکانیان، ئەوە تەئکید دەکەنەوە کە لەئەنجامی کار بۆ نەکردنیان، راستە خۆیان نا ئومێد دەبن، بەڵام گەورەترین کار بۆ ئەوان سەرکەوتنی ئەزمونی کوردستانە.
* لەم ماوەدا کە ئاڵۆزیەکی سیاسی لەکوردستان هەیە، لەدوای بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئێوە لەکۆبونەوەی بەردەوام بوون لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان لە تاراوگە، رای ئەوان لەسەر بەیاننامەکە چی بوو؟ ئایا ئەوانیش پێیان وایە پەڕلەمان و حکومەتی کوردستان شەرعیەتی نەماوە؟
– من لەم ماوەدا کە لەکۆبونەوەکانمان لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان، گوێبیستی راکانیان بووم، یان بەهۆی ئەو تەلەفۆن و ئیمەیل و پەیوەندیانەی لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان هەمە، ئەتوانم بڵێم بە بیستنی ئەو بەیاننامەیە راچڵەکان روی تێکردین، ئێمە وەک پێشمەرگە دێرینەکان، بونی ئۆپۆزسێۆنمان پێ باش بووە، چونکە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن هەبێت کێ بەرکێی خزمەتگوزاری دەبێت لەوڵات، بەڵام کامە ئۆپۆزسیۆن، کارەکانی ئەم ئەنجامەی لێ دەکەوێتەوە؟ بێ گومان ئەو ئۆپۆزسیۆنەی رەخنەی لەکاری خراپ هەبێت و دەستخۆشی بۆ کاری باش هەبێت، نەک ئەو ئۆپۆزسیۆنەی بەیانێک دەربکات و داوا بکات وەک وڵاتانی دیکتاتۆری بەگژی حکومەت و پەڕلەمانی وڵاتەکەی خۆماندا بچینەوە، من لێرەدا یەک پرسیار لەبزوتنەوەی گۆڕان دەکەم. ئەگەر چی بەداخم بەو شێوە قسەیان لەسەر دەکەم، چونکە ئەوان بەشێک بوون لە جەستەی ئێمە وەک یەکێتی، بەڵام ئایا بزوتنەوەی گۆڕان تاکو ئێستا نەیتوانیوە سەرکردایەتیەک بۆ بزوتنەوەکەی خۆی دروست بکات، تا ئێستا نەیتوانیوە پەیڕەووپڕۆگرام یان بەرنامەیەکی کار بۆخۆی و سەرکردایەتیەکەی بنوسێت، چۆن ئەتوانێ داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەڕلەمان بکات، ئایا خۆی کەنەتوانێ بزوتنەوەکەی خۆی ڕێکبخات دواجار چی بۆ وڵات دەکات کە حکومەت و پەڕلەمان هەڵوەشایەوە؟ چۆن دەتوانێ داوای هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمانێک بکات، کە خۆی ٢٥ کورسی هەیە لەناویدا، ئەگەر ئەو پەڕلەمانە بە ناشەرعی دەزانێ، بۆچی ٢٥ کورسیەکە چۆڵ ناکات و ئەندامەکانی ناگێڕێتەوە ناو بزوتنەوەکەی خۆی، ئەوکات بڵێ ئیمانم بەو پەڕلەمانە نییە، گۆڕان ئێستا دەڵێ پەڕلەمان شەرعیەتی نەماوە، بەڵام کاتێک ئەندام پەڕلەمانەکانی موچەی ٥ ملیۆن دیناری وەردەگرن، بەزەوق و گەشەوە ئیمانیان بەبونی پەڕلەمان هەیە.
من نازانم واقیع بینی ئەم برادەرانە لەکوێدایە کە لەناو دۆخی ئێستای عێراق و کێشەکانی دەوروبەرمان داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەڕلەمان بکەن، باشە حکومەت و پەڕلەمان هەڵدەوەشێننەوە، بەچی دروستی دەکەنەوە، بۆیە بەڕاستی ئەو رۆژەی بەیاننامەکە دەرچوو ئێمە وەک پێشمەرگە دێرینەکان دڵخورپەمان بوو، چونکە ئێمە قوربانیمان داوە بۆ دروست بونی ئەمڕۆی کوردستان، خەم لەئارامی ئەو وڵاتە دەخۆین، زۆرێک لە پێشمەرگە دێرینەکان ئەم نیگەرانییەی خۆیان لەگەڵ من باسکرد و ترسیان هەبوو ، بەڵام من هەر ئەوکات دڵنیام کردنەوە، ئێستاش دەڵێم کەشتی وەک تونس و میسر روونادات لەکوردستان، ئەوان دەزانن کە حکومەتی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانی ئەوانە و ئەو حکومەتە کاری کردووە، خزمەتی کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانین گەندەڵی و کەموکوڕی هەیە، بەڵام ئەوەی ئەو حکومەتە کردویەتی بەبەراورد بە وڵاتانەی دەوروربەرمان، کاری زۆر باشی کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین ساڵ شەڕی نەگریسی ناوخۆ بڕبڕە پشتی ئێمەی شکاندبوو، هەم وەک دەسەڵات و هەمیش وەک پێشمەرگە دێرینەکان، بەڵام خۆش بەختانە ئەمڕۆ ئاسودەین بەوە کە دوور کەوتوینەتەوە لە شەڕی ناوخۆ، کە بەهیچ شێوەیەک لە کوردستاندا دروست نابێتەوە، هیوادارم بزوتنەوەی گۆڕانیش بەخۆیاندا بچنەوە و جارێکی تر هەموو شتێک زەڕبی سفر نەکەن، با رەخنەیان هەبێ لەکاری خراپ، وەک ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە کار بکەن، ئێمەش دەستخۆشیان لێ دەکەین چونکە بێ گومان ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت دەسەڵات دەبێتە دیکتاتۆر.
* تاچەند بڕوات بەوە هەیە کە دەوترێت دیموکراتیەت لەکوردستاندا نییە؟، بۆیەش هەڵبژاردنی بێگەرد ناکرێت؟
– چۆن دیموکراتیەت نییە لەکوردستاندا؟ لەم هەڵبژاردنەی رابردوو پارتی یەکێتی بەهەموو قودرەتیانەوە لە ١١١ کورسی توانیویانە ٥٩ کورسی بەدەست بهێنن، ئەولای بۆ لایەنەکانی تر بووە، ئایا دەسەڵاتی دیکتاتۆر رێگە بەوە دەدات بەرانبەرەکانی ئەوەندە کورسی بهێنن؟ کەوایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەیسەلمێنن کە دیموکراسی وێڕای کەموکوڕییەکان بونی هەیە و دەسەڵاتیش دەسەڵاتێکی دیموکراتە لەکوردستان.
* ئەگەر ئەو دیموکراتیەتە هەیە کەباسی دەکەن، بەڕای تۆ هۆکاری بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و گرژییەکان چی یە؟
– پێموایە گۆڕان کاتێک سەیری وروژمی جەماوەری کردووە، لە تونس و میسر کە چۆن پەلاماریان دەداو هوتافیان دەکێشا، بەخەیاڵی خۆیان چونەتە ناو ئەو جەماوەرەوەو حەماس گرتونی لەو کاتەدا ئەو بەیاننامەیان نوسیووە، کە دەبێت ئێستا لەکوردستانیش ئەوە دروست ببێت، ئیتر بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئێمە دەسەڵاتی خۆمان روخان، چۆن لەناو ئەهەموو پیلانەی دژ بەکورد، خۆمان بگرینەوە جارێکی تر؟ بۆیە هەمان هوتافەکانی ئەوێیان وتەوە.
* بەڕای تۆ جیابونەوەی سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی، تاچەند لەخزمەتی پرۆسەی سیاسی کوردستاندا بوو؟
– من دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، یەکەم کەس بووم پیرۆزباییم لێکردن، بەڵام کاتێک هەڵبژاردنی عێراق کرا، هەموومان دەزانین زۆر هەوڵ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان درا، کە بەیەک لیست لەناوچە دابڕاوەکان وەکو کورد بەشداری بکەین، ئەوان ڕازی نەبوون و ئاشکرایە چ زیانێک بە دەنگەکانی کورد گەشت لە ناوچە دابڕاوەکان بەهۆی ئەو جیابونەوەیە، کاتێک دەنگ بۆ سەرۆک کۆمار درا ئەوان رای دژیان دەدا، دەڵێن دەنگمان بە سەرۆک کۆمار داوە، بەڵام دیار نییە تاچەند راستە و دەنگیان دابێ یان نا، دواتر وتیان لەگەڵ لیستی کوردستاندا ناچینە بەغدا و بەتەنیا دەچین بەوە خۆشیان زیانیان کردوو زیانیان بە یەک ریزی کوردیش گەیاند، لەوانەوەو لە بەیاننامەکەو کارەکانی تریان سەیریان بکە، ئەگەر ئەوە گۆڕانکارییەکانیان بێ کەباسی دەکەن، بێگومان زیانیان بۆ پرۆسەی سیاسی کوردستان هەبووە، بۆیە حەقی خۆیەتی پیاچونەوە بەکردەوەکانی خۆیاندا بکەن.
* ئەگەر دور لە حەساسیەتی حزبی وەک پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتی، رات چییە لەسەر بە ئۆپۆزسیۆن بونی گۆڕان و کارە باشەکانیان چۆن دەبینی؟
– من حەساسیەتی حزبیم نییەو بونی ئۆپۆزسیۆنیش زۆر بە پیویست دەزانم، حەزم دەکرد گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست بونایە، بەڵام بەداخەوە هەرگیز بە ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست ئەوان نابینم، چونکە ئەگەر سەیری هەموو دانیشتن و لێدوانەکانیان بکەی نیشانەی چەپ و راست نەبێ هیچ بەرنامەیەکی تریان نیە، باش و خراپ ئەوان هەر نیشانەی چەپ و راست بەکارەکاندا دەهێنن، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست نین.
* لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی، کاک نەوشیروان پێی وابوو دەرفەتی کار بۆ ئەوان نەهێڵراوەتەوە، لەلایەن حزبەکانی ناو دەسەڵات، هەم ئیداری و هەم راگەیاندن و هەتادوایی تۆ رات چییە؟
– من رێزم بۆ بەڕێزیان هەیە، کاک نەوشیروان کاتێک ئەو قسە دەکات کە کەناڵی کەی KNN ئەوەی ناوترێت ئەوان دەیڵێن، هەموو ئەو سایت و گۆڤارو رۆژنامانەی سەر بەئەوانن، ئەوەی ناوترێت ئەوان دەیڵێن، ئەگەر ئازادی و مەجالی راگەیاندن نییە، ئەم قسانە چۆن دەکەن و ئەو راگەیاندنانەی سەر بەئەوانن ئەهەموو شتە چۆن بڵاو دەکەنەوە؟ ئەگەر ئازادی و مەجالی کاری رێکخراوەیی نییە، گۆڕان چۆن دەرفەتی بۆ خولقا لەماوەی چەند مانگێکدا ٢٥ کورسی بەدەست بهێنێت، چۆن دەرفەت بە ئەندام پەڕلەمانەکانیان دەدرێت ئەوەی بەدەمیاندا هات بیڵێن، من نازانم کاک نەوشیروان کە دەرفەتی بۆ نەرەخسابێ، بەماوەیەکی کەم ئەوەندە دەنگی هەبێ و ئەوەندە بە ئازادی رەخەنەیان هەبێ، چی یان دەوێ، ئیلا دەیەوێ حکومەت و پەڕلەمان بڕوخێت و دروستی کاتەوە یان چی؟.
* وەک بەرپرسی پێشمەرگە دێرینەکان لە هەندەران، پەیامت چیە بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە هەست بە پشتگوێ خستن دەکەن؟
– وەک ئەو متمانەی پێشمەرگە دێرینەکان کە منیان داوەو لەهەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بەزۆرینەی دەنگ منیان هەڵبژاردووە، بەبەرپرسی لقی هەندەران، بەڵێنم داونەتێ و بەڵێنیشیان پێ ئەدەم، تێبکۆشم بۆ پاراستنی سیمبوڵیەتی پێشمەرگەو هێنانەدی و پاراستنی ئاواتەکانی رابردوومان، بۆ بەدەستهێنانی مافەسەرەتاییەکانی پێشمەرگە، بەهیوام برایانی پێشمەرگەش لەم وڵاتانەی کەلێی دەژین، خۆیان شارەزای سیستەم و عیلمیان بکەن و بیبەنەوە وڵاتەکەی خۆیان، هەروەک چۆن بەردەوام رەخنەیان هەبووە لەکاری خراپ، ئاواش بەردەوام بن لە رخنەگرتن، بەڵام خۆیان بپارێزن لە زمانی زبر.
*پێشمەرگە دێرینەکان لەسەردەمی ژێر دەستی هاتونەتە دەرەوە، ئێستاش دوای بەرپابونی ئەو ئازادی و دیموکراسیەتەی کە باسی دەکەی. لە تاراوگە دەژین. هۆی چییە؟
– لە % ٨٥ ی ئەو پێشمەرگانەی کە ئێستا لەدەرەوە دەژین، ژیانی دەرەوەمان قبوڵ نییە، بەڵام زۆربەمان کە هاتوینەتە دەرەوە بەهۆی نەخۆشی و برینداری و کەمئەندامی و ناتەواوی جەستەیی بووە رومان لەم وڵاتانە کردووە، هاتوین بۆ چارەسەر، من بەش بەحاڵی خۆم ئەتوانم بڵێم لەش و لارم لەزۆربەی پێشمەرگەکانی تر باشترە کەسەیرم دەکەی، هیچ ئاسەوارێک نابینی، بەڵام سەرم پێنج پارچەی تیا بووە، پشتم دوو پارچەی تیایە، دەستی چەپم سەقەتە، لە % ٣٠ ی سییەکانم بەکیمیاوی سوتاوە، ئەوانە هۆکاربوون کە پاڵیان پێوە ناوم بێمە دەرەوە، تابزانم ئایا چارەسەرێکم هەیە؟ بەشی زۆریشمان دوای شەڕی ناوخۆو کارەساتە ناخۆشەکان هاتوینەتە دەرەوە، من بەشبەحاڵی خۆم مناڵم لە ئێران هەڵکەند هێنانمەوە بۆ کوردستان، لەکوردستان هێناونم بۆ خاریج، ئێستاش ئەگەر جارێکی تر هەڵیانکەنمەوە بیانبەمەوە بۆ ئەوێ مستەقبەلیان دەسوتێ، بۆیە بڕیارم داوە، تا بڕوانامەیەک بەدەست دەهێنن لەخزمەتی مناڵەکانم بم، کەی گەشتنە قۆناغی خۆیان، یەک چرکە سات لەئەوروپا نابم، ئەوە بڕیارو کێشەی زۆربەی پێشمەرگەدێرینەکانی تریشە، ئێستا نەک بە قسەی من، بەقسەی زۆرینەی پێشمەرگە دێرینەکان، ژیانی کوردستان بۆ ئێمە گونجاو ترە تا دەرەوەی وڵات، من ئێستا رۆژی ٩ سەعات کار دەکەم، ئەگەر ئەوەندە کات لەکوردستان کار بکەین، دڵنیام ئەتوانین زۆر باشترلێرە بژین، زۆرێک لەپێشمەرگە دێرینەکان وەک وتم هەمان کێشەی منیان هەیە بۆ نەگەڕانەوەیان، زۆرێکیشیان کەمئەندامن، خۆشت دەزانی کەمئەندام ئەوانەی توانای ڕێگا رۆشتنیان نییە و لەژێر عیلاجی هەمیشەییدان رەنگە ئەم وڵاتانە بۆ ئەوان باشتر بێت.