شلیر سەعید
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر راگەیاندنەكانی ئێران لە زاری بەرپرسانی ئێران بڵاویان كردەوە، كە عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەی عێراق، یەك ملیار دۆلاری بەخشیوە بە ئێران بۆ توشبووانی كۆرۆنا.
ئێران بڵاوی كردۆتەوە، كە حسێن عەلی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی ئێران گوتوویەتی، نوسینگەی عەلی سیستانی، یەک ملیاری بەخشیوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
سەرچاوەكان لە شوێنێكی دی باسی ئەوەیان كردووە، كە مەرجەعی ئایینی باڵای شیعەی عێراق، عەلی سیستانی یەك ملیار دۆلار و نیوی بۆ نەخۆشخانەی دڵ تەرخان كردووە و لەلایەكی دیکە یەك ملیاری داوە بە ئێران، ئەوەش بۆتە جێی نیگەرانی خەڵك، بەتایبەت عەرەبە سوننەكان و دەپرسن بۆچی ئەو پارەی بۆ بنەماڵەی شەهیدانی عێراق خەرج ناكات یان بۆ نەخۆشخانەیەك بۆ هەژارانی عێراق دروست ناكات.
نوسینگەی مەرجەعی دینی شیعە، هەواڵەكەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە درۆ دەخاتەوە كە گوایا ملیارێك دۆلاریان بە وڵاتی ئێران بەخشیوە.
لەو بەیانامەی نوسینگەی سیستانی، كە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بڵاوی كردەوە دەڵێت، ئەوەی بڵاوبۆتەوە ڕاست نیە و ئێمە پارەمان نەبەخشیوە بە ئێران، تەنها هەندێك كەلو پەلەمان بەخشێوە بۆتوشبوانی كۆرۆنا لە ئێران كە لەلایەن خۆبەخشانەوە بەخشیویانە لە ڕیگەی نوسینگەكەی ئێمەوە، كە هەموی نرخی دەگاتە یەك ملیۆن و نیو دۆلار. بەڵام لە روونكردنەوەكەی نوسینگەی سیستانی باسی نەخۆشخانەكان نەكراوە.
لەم بارەوە لە لێدوانێكی تایبەتدا حامد موتڵەگ، سوننە مەزهەب، ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەنوچەی ڕاگەیاند: من ڕاستی ئەو هەواڵە نازانم، بەڵام ئەگەر ئەو زانیارییانە ڕاست بن، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە ئەو بڕە پارەی بە ئێران بە خشیبێت یان نەخۆشخانەی دروست كرد بێت، من دەڵێم خەڵكی عێراق لە پێشترن بۆ ئەو بەخشین و هاوكارییە.
حامد موتڵەگ دەشڵێت، دەبو گەلی عێراق لە پێشەوەی گەلانی دیكە بن بەتایبەت لەم بارودۆخە سەختەی ئێستا لە ڕوی ئابوری و تەندروستی.
بەهۆی ئەو نەخۆشخانەی لە ئێران دروستكراوە لەلایەن سیستانی رووبەری ڕەخنەی زۆری خەڵكی عێراق بۆیە.
ئەحمەد ئەبو زەهرا، چالاكوان لە بەسرا لە کۆمێنت بۆی نوسیوە و دەڵێت، بەسرا زۆر زیاتر پێویستی بە نەخۆشخانەیە، بۆچی بە پارەی خۆمان بۆ ئێران نەخۆشخانە دروست دەكرێت و خۆمان پێویستمانە.
هاوكات لە 22-4-2020 نوسینگەی سیستانی بڵاوی كردەوە، كە هەستاون بە بەخشینی یەك ملیۆن و نیو دۆلار بۆ چارەسەری نەخۆشی دڵ لە شاری قوم لە ئێران.
بەپێی ئەو سەرچاوە هەواڵەی ئاژانسی ئیران نوسینگەی سیستانی لە قوم، كە جەواد شەهرستانی، سەرۆكایەتی دەكات گوتوویەتی، ئەو بڕە پارە بۆ نەخۆشەكانی دڵ و دابین كردنی پێداویستی نەخۆشخانەكەیە.
بڕیارە نوسینگەی سیستانی لە شاری قوم گەورەترین نەخۆشخانە دروستبكات بەناوی نەخۆشخانەی نور، كە 350 قەروێڵە لەخۆ دەگرێت و ناوەندێكیشی تێدا دەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە و بەشێك تایبەت بە توبی نەبەوی و ڕووبەری نەخۆشخانەكە 75.000 مەترە چوارگۆشەیە بە 60.000 متر چوارگۆشەی ژێرخان.
پێشوتریش بەپێی هەواڵێك، كە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاوبۆتەوە، کە سیستانی نەخۆشخانەیەكی دروستكردووە بۆ خەڵكی شاری خوڕەمشەهر، وەك لە ڕاپۆرتی كەناڵێکی ئێرانیدا هاتووە، نەخۆشخانەكە بەشێوەكی زۆر پێشكەوتوو دروستكراوە بەهەموو پێداویستییەكانیەوە و پارێزگاری شارەكەش دەڵێت، ئەو نەخۆشخانە دەگمەنە و یەكەم نەخۆشخانەیە بەم شێوە دروستبكرێت، كە زۆر پێشكەوتووە.
“https://www.youtube.com/watch?v=Shluvrvi5wY
https://www.rudaw.net/arabic/middleeast/iran/22042020
https://yaum8.com/2020/08/10/هام-المرجع-السيستاني-يتبرع-لايران-بمب/
https://yaum8.com/2020/08/11/عاجل-توضيح-من-مكتب-السيستاني-حول-ما-نقل/