دڵنیام گەرانەوەیەک چاوەرێمە
لێگەرێ با لە نیوەی رێگەکەوە بگەرێمەوە
ئەو نیوەیەی بە گوڵی وشەکانمان رازەوەیە
ئاخر وشەکان بەرەشەبای بیر چوونەوە هەڵ ئەوەرن
گەرانەوە لە کۆتایی رێگەوە
ماندووم ئەکا
دڵم بەرگەی ماندووبوون ناگرێ.
نامەی مەست بەعشق مەنێرە بۆ دارپرتەقاڵی غەمزەدە
ئەزانم کاتێ ئەتەوێ سەرخەوێ بشکێنی
لەسایەی دار هەنارێکی بەژن سوورا
سەر ئەکەیتە سەر باوەشی ژنێک
ئەو ژنەش من نیم.
سۆزەی دەنگت بە بادا مەنێرە بۆ لای تارماییە ک لە وەهم
ئەزانم کاتێ لە باوەشی شەوا جوانترین گۆرانیەکانت ئەڵێی
سەرت لەسەر شانی ژنێکە
ئەو ژنەش من نیم.
چیدی گوڵەکانی موحیبەت ئاو مەدە با لەوە زیاتر نەگەشێنەوە
ئەزانم کاتێ لەگەڵ بەهارا ئەچی بۆ زەماوەندی گوڵەکان
تا ئەوپەری مەستی لەگەڵ ژنێکا سەما ئەکەی
ئەو ژنەش من نیم.
تۆ چاوەروانی باران ئەکەی
منیش چاوەرێی هەڵوەرین
ئەزانم کاتێ لەسەر شۆستەکانی باران پیاسە ئەکەی
لە ژێر چەترەکەتا ژنێک ئەشاریتەوە
ئەو ژنەش من نیم
لێگەرێ با لەم نیوە رێیەوە بگەرێمەوە
دڵنیام گەرانەوەیەک چاوەرێمە.