میدیاكانى عێراق ئەمڕۆ بەگرنگییەوە باسى سەردانەكانى نێچیرڤان بارزانیان بۆ بەغدا و توركیا كردووە، رۆژنامەى سەباحى عێراقى نوسیویەتی، سەردانەكانى نێچیرڤان بارزانى لە بەرژوەندى هەرێم و عێراق بوو. سەركردەیەكى سیاسى سوننەیش دەڵێ، “دواى سەردانەكەى ماكرۆن، هەرێمى كوردستان لە شەمەندەرەى ئایندە كورسى خۆى گرتووە”.
ئەمڕۆ رۆژنامەیەك و ماڵپەڕێكى عێراقى باسیان لە سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كردووە، كە لە كۆتایى هەفتەى رابردوو بۆ هەر یەكە لە بەغدا و توركیا ئەنجامى داوە.
رۆژنامەى “سەباح” كە رۆژنامەیەكى فەرمى عێراقییە، لە راپۆرتێكدا دەڵێ، سیاسەتمەدارەكان سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا و توركیا بە سەركەوتوو وەسف دەكەن، بە شێوەیەك لە بەرژوەندى هەرێم و عێراق بووە.
ماڵپەڕى شەفەق نیوزیش بە زمانى عەرەبى راپۆرتێكى لەسەر سەردانەكانى نێچیرڤان بارزانى بڵاوكردووەتەوە بە ناونیشانى “نێچیرڤان بارزانى پیاوى ساتە سەختەكانى نێوان بەغدا و ئەنكەرە”.
لە راپۆرتەكە جیا لەوەى باس لە دیپلۆماسییەتى نێچیرڤان بارزانى كراوە و پەیوەندییەكەى لەگەڵ توركیا بە “هێمن” وەسف كراوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تایبەتمەندى سەرۆكى هەرێمى كوردستان پەیوەندییە دیپلۆماسییەكەیەتى لەگەڵ وڵاتانى هەرێمەكە و ئەوروپا و ئەمریكا. کە پشت بە سیاسەتێك دەبەستێ وەستانە بە یەك مەوداى دووریى لەگەڵ هەموو وڵاتان. ئەمەیش وایكردووە نوێنەرایەتیەكى فراوانى ئەو دەوڵەتانە لە هەرێمى كوردستان هەبێت.
ئەسیل نوجەیفى سەركردە لە بەرەى رزگاركردن و گەشەپێدانى سوننە، باسى هەوڵەكانى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی كردووە و بە كارێكى ئەرێنى وەسف كردووە.
ئەسیل نوجەیفى لە راپۆرتەكە گوتوویەتى، دواى سەردانەكەى ئیمانوێل ماكرۆنى سەرۆكى فڕەنسا بۆ عێراق، هەرێمى كوردستان لە شەمەندەفەرى ئایندە كورسى خۆى دابین كردووە.
ئەسیل پێیوایە، نێچیرڤان بارزانى كارێكى چاكى كرد، كە دواى دیدارەكەى ماكرۆن سەردانى ئەنكەرەی کرد، چونكە فەڕەنسا گرژییەكى زۆرى لەگەڵ توركیا هەیە و دەشزانێ دواى شكستهێنانى هەژموونى ئێران، توركیا گونجاوترین هێزە كە بۆشاییەكە پڕ بكاتەوە.
بەبڕوای نوجێفی فەڕەنسا نایەوێ توركیا لە عێراق هەژموونى زیاتر بێت، بۆیە ماكرۆن پرۆژەى تر گەڵاڵە دەكات.
ئەو سەركردەیەى سوننە دڵنیایە لەوەی هەوڵەكانى فڕەنسا بۆ ئەمە سەركەوتوو نابێ، بۆیە سەردانی سەرۆكى هەرێم بۆ ئەنكەرە بەباش دەزانێت و پێی وایە سەرۆکی هەرێم وێنەى پەیوەندى هەرێم و توركیا دەكێشێتەوە و رێگە نادا بەریەککەوتن رووبدات.