نوچە
سوپای توركیا و گروپە چەكدارە بەکرێگیراوەکانی سوریا، بارەگاكانی ھەسەدە و رژێمی سوریا و خەڵكی سڤیلیان لە گرێسپی و حەلەب تۆپباران کرد.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 16-9-2020، ھێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی، گوندی سارۆنجیان لە دەورووبەری گرێسپی تۆپباران كرد. ھەروەھا ماڵی خەڵكی سڤیل و بنكەكانی حكومەتی سوریایشان لە ناوچەكە كردووەتە ئامانج، بەڵام زیانە گیانییەكانی تۆپبارانەكە دیار نییە.
روانگەکە ئاماژەی بەوەش كردووە، کە ھێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی، گوندەكانی مرعناز و عەقلەمیەیان لە دەورووبەری شەرا تۆپباران كردووە كە ناوچەكە لە دەستی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـدایە.
بەپێی زانیارییەکان، ھێرشەكانی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان، بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە و حكومەتی سوریا هەفتەیەکە بەردەوامە.