کازمی سوپاسی مەسروور بارزانی دەکات

0

نوچە

سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئاسایش دەکات لە بەرامبەر هاوکاریکردنی هێزەکانی فیدرالی و دەستگیرکردنی بکوژی خێزانە کوردەکەی ناوچەی مەنسوری شاری بەغدا.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری خۆیدا رایگەیاندووە، سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەکانی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە “لەو تاوانە قێزەونە، کە تاوانبارێک دەرهەق بە خێزانێکی بەغدای ئەنجامداوە تاوەکو تاوانکارەکەیان دەستگیرکردووە”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت “سوپاسی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەرێم دەکەم بۆ ئەو هاوکارییە بەرهەمدارە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی فیدرالی کە بەو خێراییە و بە ماوەیەکی پێوانەیی تاوانکارەکەیان دەستگیرکرد”.

بکوژی خێزانەکە ناوی (مەهدی حوسێن ناسر مەتەر)ە، بەپێی ڤیدیۆی دانپێدانانەکەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دەڵێت، پێش چوار ساڵ ئەو خێزانە کوردەی ناسیوە و دوو رۆژ لەمەوپێش داوای پارەی لە باوکی د. شیلان کردووە واتە دارا رەئووف، بەڵام پێینەداوە و لەسەر ئەوەش بووە بە دەمەقاڵەیان، بۆیە دواتر باوکی شیلان بە چەقۆ دەکوژێت، پاشان هاوژینەکەی دێتەوە ماڵەوە و ئەویش بە چەقۆ دەکوژێت، دواتریش سەرینێکی خستووەتە سەر سەری کچەکە و ئەویشی کوشتووە.

هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی ئەو خێزانە کوردە بڵاوکردەوە و گوتی “تاوانباری سەرەکیی ئەو تاوانە دڕندانە، دەستگیرکراوە”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی لە کەسوکاری ئەو خێزانە کوردە کردووە و رایگەیاند، بەشێوەیەکی “دڕندانە شەهیدکراون” و دەستخۆشیی لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت “جێی شانازیی ئێمەن”.

شەوی رابردووش حکومەتی هەرێمی کوردستان بکوژەکەی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com