یەکێتی مامۆستایان لەسەر پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین تێبینی هەیە

0

ئەسعەد مورادی

ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان بەست، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایاننیش دەلێت، چەند پێشنیازێکمان هەیە بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ و تێبینیمان لەسەر پرۆسەی تەواوکاری لە خوێندن بە ‌شێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین هەیە.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: رۆژی 27ی ئەم مانگە خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەچنە هۆڵەكانی وانە خوێندن و پرۆسەی فێركردن دەستپێدەكات.

هەروەها ئەوەشی ئاشكراكرد، پۆلی 1 و 2-ی بنەڕەتی لە رۆژی 10ی مانگی داهاتوو دەست بە پرۆسەی خوێندن دەكەن و دەچنە قوتابخانەكانیان. سەبارەت بە پۆلی 3-ی بنەڕەتی تا 11-ی ئامادەیی، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە بەشێوازی ئەلیكترۆنی وانەكانیان بخوێنن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لەبارەی پرۆسەی خوێندن و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیاند: سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمجارەیان بەرلە پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2020 – 2021 بووە. ئێمە چەند پێشنیازێکمان هەیە بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەتایبەتی کە تێبینیمان لەسەر پرۆسەی تەواوکاری لە خوێندن بە ‌شێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین هەیە و پێمان وایە سیستەمی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان گرفتێکی زۆری دەبێت و بەو شێوەیە ئاسانە نابێت.

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەشڵێت “لەڕووی تەکنیکییەوە، نە مامۆستا خولێکی بۆ کراوەتەوە و نە لە هیچ شوێنێک بەشدار بووە، بۆیە زەحمەت و ئاستەم دەبێت، دەبوا پێشتر ئێمە ئامادەکاریی باشیان بۆ ئەم کارە بکردایە، تەنانەت ڕۆشنبیریی قوتابیان و کەسوکاری قوتابیانیش لەلایەکی دیکەوە ڕێگە نادات بەو شێوەیە پرۆسەکە بەڕێوە بچێت”.

ئەحمەد گەرمیانی ئاماژە بەوەش دەکات، کە “لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر دواکەوتنی مووچە و پرۆسەی پەروەردە دەکەین و بارودۆخەکە تاوتوێ دەکەین و بێگومان لە کۆتاییشدا بە چەند پێشنیازێک دەردەچین کە ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com