ئەسعەد مورادی
بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر رایدەگەیەنێت، شایستە دارییەکانی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان گەیشتووە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئەوە لەكاتێكدایە ھێشتا حكوومەتی عێراق پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ھەر سێ ساڵی 2014 و 2015 و 2016 خەرج نەكردووە.
لە لێدوانێی تایبەت بە نوچە، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێم رایگەیاند: موژدە بە جووتیاران دەدەین، قۆناغی دووەمی شایستە دارییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2020، کە بڕی 8 ملیار و 85 ملیۆن دینارە، گەیشتووە و لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی دەکرێت.
لەبارەی شایستە داراییەكانی ھەرسێ ساڵی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان كە لەلایەن حكومەتی عێراق خەرج نەكراوە، هێمن سەید موراد گوتی “حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵی بەردەوام دایە لەگەڵ حكومەتی عێراق و خودی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵەكانی بۆ ئەم مەبەستە چڕكردووەتە”.
لەوبارەیەوە نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم رایگەیاندووە “پارەی گەنمی جووتیاران لە ساڵی 2014دا 89%، لە ساڵی 2015دا لە 67%، لە 2016دا لە 55% وەرگیراون و بەڵام ئەوەی كە ماوە بە بەهای 554 ملیار و 885 ملیۆن دیناره، بەڵام ئێستا بەغدا 267 ملیۆن دەدات و بڕی 287 ملیۆن دینار لە پارەی گەنمی جووتیاران دەبڕێت”.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت “ئەنجوومەنی وەزیران و یەكێتیی جووتیاران بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریان كردینەوە كە ئەو پارەیە وەرنەگرین، تاكو چارەسەری كێشەكە دەكرێت”.