ئەسعەد مورادی: تایبەت بە نوچەنێت
رێکخراوێکی مافی مرۆڤ تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تاکو ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٤٧ کەس لە سێدارە دراون و ٣٤٠ کەسیش دەستگیر کراون.
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ٢٠١٦ هەتا ١٠ی ئۆکتۆبر ٢٠٢٠، لانیکەم حوکمی سێدارەی ٣٩١ هاووڵاتی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
ژیلا موستەئجری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی ئاماری لەسێدارەدان و دەستبەسەرکراوانی کورد لە ئێران، تایبەت بە نوچەنێت گوتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا لە ئێران ٢٠٩ کەس لە سێدارە دراون، ٤٧ کەسیان کوردن.
ژیلا موستەئجری ئەوەشی خستەڕوو، کە لەو ٤٧ کەسەی لەسێدارەدراون چوار کەسیان بە تۆمەتی سیاسی لەسێدارە دراوەن.
لەبارەی ئاماری دەستگیرکراوانی کورد لە ئێران، موستەئجری دەڵێت، هەر لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تاکو ئێستا ٣٢٤ کەس دەستگیر کراون، کە لەو ئامارەش ٢٦٤ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی، ٢٧ کەس مەزهەبی، ٢٢ چالاکی مەدەنی، ٨ چالاکی کرێکاری، ١٢ کۆڵبەر و کاسبکار و ئەوەی دەمێنێتەوە تۆمەتەکانیان نادیارە.