لانە ئاسۆ : دڵم مـه‌مله‌كـه‌تی تۆیه
هاتی له‌سه‌ر
عه‌رشی دڵم دانیشتی
خۆشحال بـووم
دڵم كرده ته‌ختی پادشاییت
جه‌سته‌م كرده كه‌نیزه‌ك
ڕۆحم كرده ئه‌وه‌ی هه‌موو كاتێك
داوای نزا و پاڕانه‌وه‌ت لێبكات
له‌چی تووڕه‌ی
له‌چی تۆراوی؟
دڵم و عه‌رشم بۆت بچووك بوون؟
یا كه‌نیزه‌ك
له‌باوه‌شتدا نه‌خه‌وت …و
به گوێی نه‌كردی؟
یا نزاكانی ڕۆحم بۆ مانه‌وه‌ت
له‌عه‌رشی دڵ ئازاری دای؟
ده مه‌تۆرێ
من فێر بووم
چیتر بێ‌تۆ ئۆقره نه‌گرم
منت كرد به منداڵ …و
چیتر بێ‌بۆنی تۆ ژیر نابمه‌وه
ده مه‌تۆرێ
چیتر عه‌رشی دڵ زیزت ناكات
ڕۆح پاڕانه‌وه‌ی زیاترت بۆ ده‌كات
نزای هه‌تا هه‌تاییت بۆ ده‌كات
مه‌مسوتێنه …مه‌مڕه‌نجینه
نه خۆت بكه به‌سه‌ڕاب …و
نه منیش به خه‌یال.