ئه‌سعه‌د مورادى، تایبەت بە نوچه‌نێت
دوێنێ له په‌رله‌مانى عێراق، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاساییه‌كى تایبه‌ت به ئێزدییه‌كان كرا كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ڕووى مادى و مه‌عنه‌وییه‌وه بۆ ئێزدییه‌كان گرنگ بێت.
خالیده خه‌لیل ره‌شۆ په‌رله‌مانتارى ئێزدى له په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى تایبەت به نوچه‌نێتى راگه‌یاند، دوێنێ شه‌موو 24ى تشرینى یه‌كه‌م له په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پرۆژه یاساى به جینۆساید ناساندنى دۆسیه‌ى ئێزدییه‌كان كراوه.
ئه‌و باسى له‌وه كرد دواى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه تێبینى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بدرێت.
خالیده خه‌لیل باسى له‌وه كرد چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و پرۆژه یاساییه‌یان به په‌رله‌مانى عێراق داوه و پرۆژه‌كه جه‌خت له‌سه‌ر دوو لایه‌ن ده‌كاته‌وه، یه‌كه‌میان بابه‌تى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئێزدییه‌كان بۆ ئه‌و زیانه به‌هۆى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه تووشیان بووه.
دووه‌میشیان مه‌سه‌لى ناساندنى تاوانه‌كه‌یه وه‌ك جینۆسایدى ئێزدییه‌كان. جیا له‌م دوو تهوهرهیش باس له‌وه كراوه ده‌بێت تاوانباران بدرێنه دادگا.