دڵشاد شەعبان بۆ نوچە: تا ئێستا بایی نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار نەوتی هەرێم فرۆشراوە یەك دۆلاریشی بە عێراق نادرێت
لە سەدا سەدی پارەی نەوتی فرۆشراو دێـتە هەرێمی كوردستانەوە و یەك دۆلاری بە عێراق نادرێت
تەنها سێ كەس رێیان پێدراوە قەرز لە دەرەوە وەربگرن، ئەوانیش سەرۆكی حكومەت كە لە پارتییە و جێگری سەرۆكی حكومەت كە لە یەكێتییە و هەروەها وەزیری دارایی كە لە بزووتنەوەی گۆڕانە
بۆ موچەی ساڵێكی فەرمانبەران، پێویستیمان بە نزیكەی 700 ملیۆن دۆلارە
داهاتی ناوخۆی هەرێم لە ساڵێكدا 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە
نوچە: هەولێر
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لەم دیمانە رۆژنامەوانییەی لەگەڵ نوچە، باس لە داهاتی نەوت دەكات، هەروەها باس لە كێشەی كێشە نەوتییەكەی هەرێم دەكات لە ویلایەتی تەكساس و پێیوایە، كەیسەكە لە بەرژوەندی كورد تەواو دەبێت، هەروەها دەڵێت، كەیسەكە دووجار لە بەرژەوەندی ئەو كۆمپانیا ئەمریكییەش تەواو دەبێت، كە نەوتەكە دەگوازێتەوە بۆ ئەمریكا.
نوچە: لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راتگەیاندووە، كە ئەگەر كێشەی كەشتییە نەوتییەكەی هەرێم لە تەكساس لە رێی یاساوە بڕیاری لەسەر بدرێت، لە بەرژەوەندی كورد یەكلایی دەبێتەوە، ئایا ئێوە بەچی پشت ئەستوورن؟
دڵشاد شەعبان: بەوە پشت ئەستوورین كە ئەمە سكاڵای یەكەم نیە كە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، لەسەر پرسی نەوت دژی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێت، پێشتریش سكاڵایەكی تریان لەسەر حكومەتی توركیا تۆمار كرد گوایە حكومەتی توركیا بە قاچاخ نەوتی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی تری ئەوروپی دەفرۆشێت، بەڵام ئەو سكاڵایە هیچ ئەنجامێكی نەبوو، دواتر سكاڵایەكی تریان لە دژی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی لە بەغدا تۆمار كرد، ئەنجامی ئەو سكاڵایەش لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بوو، چوكە مافی بە هەرێمی كوردستاندا و فرۆشتنی نەوتی بە شتێكی یاساییان زانی، ئێستایش ئەو سكاڵا یاساییەی كە لە ویلایەتی تەكساس تۆمارییان كردووە، بە كە گوایە ئەو نەوتەی لەو كەشتییەدایە، بە رێگای قاچاخ لە بۆرییەكانی توركیاوە هاتۆتە ئەو ویلایەتەوە، كە ئەوەیش هیچ بنەمایەكی نیە، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە بە بەڵگەوە و بە تەحلیلی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە، بە تایبەتی ئەو ماددانەی كە پەیوەستن بە سیاسەتی نەوت و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، سكاڵایەكیان لەسەر حكومەتی عێراق تۆمار كردووە، لە هەمان دادگا، هەروەها ئەو كۆمپانیا ئەمریكییەش كە نەوتەكە دەگوازێتەوە، ئەوانیش سكاڵایان تۆمار كردووە، چونكە ئەو كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی گەورە و بە ناوبانگ و بە سومعەی ئەمریكییە و لە بواری گوساتنەوەی نەوتدا كار دەكات.
ئێستا دادگاكە داوای لە بەغدا كردووە وەك هەرێمی كوردستان بە بەڵگە بیسەلمێنێت كە ئەو نەوتە بە قاچاغ چۆتە سنووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم كەیسە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت، چونكە كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، لە ناو سنووری عێراقدا كێشەیەكی سیاسییە، بەڵام كاتێك ئەم كێشەیە دەچێتە دەرەوەی عێراق و بە تایبەتی دەچێتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كێشەكە دەبێتە كێشەیەكی یاسایی.
نوچە: ئەگەر ئەو كەیسە لە بەرژەوەندی كورد تەواو ببێت، ئایا كورد دەتوانێت داوای قەرەبوو بكاتەوە، یان لە بەرنامەیدا هەیە داوای قەرەبوو لە دەوڵەتی عێراقی بكاتەوە؟
دڵشاد شەعبان: حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت داوای قەرەبوو بكاتەوە، چونكە ئەوە تەشهیرە بە سومعەی هەرێم، هەروەها كۆمپانیا ئەمریكییەكەیش دەتوانێت داوای قەرەبوو بكاتەوە، بۆیە من دڵنیام ئەگەر حكومەتی هەرێمیش داوای قەرەبوو نەكاتەوە، ئەوا كۆمپانیا ئەمریكییەكە داوای دەكات، بۆیە كۆمپانیاكە دووجار قازانج دەكات، یەكەمیان ئەوەیە كە پارەی گواستنەوەی نەوتەكە لە هەرێم وەردەگرێت، دوو هەمیشیان ئەوەیە كە كەیسەكە دەباتەوە و پارەی قەرەبووەكە لە حكومەتی عێراق وەردەگرێتەوە.
نوچە: ئێوە تاچەند ئاگاداری داهاتی نەوتن، ئایا دەزانن بڕی پارەی نەوتی فرۆشراو چەندە و لە كوێیە؟
دڵشاد شەعبان: هەر نەوتێك دەفرۆشرێت پارەكەی دێـە هەرێمی كوردستانەوە، تا موچەی فەرمانبەرانی پێ بدرێت، چونكە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ دابین ناكرێت، داهاتی ناوخۆی هەرێم لە ساڵێكدا 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە، بەڵام ئێمە بۆ موچەی ساڵێكی فەرمانبەران، پێویستیمان بە نزیكەی 700 ملیۆن دۆلارە، بۆیە پارەی نەوتی فرۆشراو دراوە بە موچە.
نوچە: بەڵام پارەی نەوتی فرۆشراو هەمووی دێتە هەرێمی كوردستان، یان سەدا حەڤدەی دێت؟
دڵشاد شەعبان: لە سەدا سەدی پارەی نەوتی فرۆشراو دێـتە هەرێمی كوردستانەوە و یەك دۆلاری بە عێراق نادرێت، چونكە كاتێك سەدا حەڤدەی لێهەڵدەگیرێت، كە حكومەتی عێراق ئیلتیزامی تەواو بەو لە سەدا حەڤدەیەوە بكات، ئێستا كە حكومەتی مالیكی ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان داناوە و موچەی فەرمانبەران نانێرێت، هەرێمی كوردستان مولزەم نیە بە ناردنی پارە و یەك دۆلاری پارەی نەوتی فرۆشراو بۆ عێراق نانێرێت.
نوچە: ئایا ئێوە ئاگادارن تا ئێستا چەند پارەی نەوتی فرۆشراو هاتۆتە هەرێمی كوردستانەوە؟
دڵشاد شەعبان: ئەوەی ئێمە ئاگادار بین تا ئێستا بایی نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار نەوتی هەرێم فرۆشراوە، بەشێك لەو پارەیە هاتووە و بەشێكیشی ئە قەرزەی پێدراوەتەوە، كە حكومەت بۆ موچەی فەرمانبەران قەرزی كردووە.
نوچە: ئێوە نازانن كە پارەی قەرزكراو چەندە؟
دڵشاد شەعبان: تا ئێستا بەدواداچوونمان بۆ ئەوە نەكردووە، بەڵام دڵنیاین كە ئالیەتێكی باش دانراوە بۆ ئەو قەرزە و شەفافییەتی زۆری تێدایە، چونكە تەنها سێ كەس رێیان پێدراوە قەرز لە دەرەوە وەربگرن، ئەوانیش سەرۆكی حكومەت كە لە پارتییە و جێگری سەرۆكی حكومەت كە لە یەكێتییە و هەروەها وەزیری دارایی كە لە بزووتنەوەی گۆڕانە، بۆیە ئێمە لە شەفافییەتی ئەو پرۆسەیە دڵنیاین.